نەگبەتیی فەیلەسووفان

(3)

ئیبن سینای حەکیم (م427ک ـ 1037ز) دوای گەنگەشە و دەمەتەقێی دەگەڵ هێندێ لە مەلا و دیندارە دەربارەکان، داوایان لە ئەمیر کرد، له داری بدەن. بەسەر ماڵی بن سینایاندا دا، بەڵام خوا ڕەحمی ئەوەی پێ کرد لەوێ نەبوو، ئیدی کەلوپەل و شمەکی ماڵێیان لێ زەفت کرد، دووبارە داوای سەرپەڕاندنی بن سینایان لە میر کردەوە. بن سینا بە پیلانەکەی زانی، هەڵات، چل ڕۆژان لەکن هاوڕێیەکی بە ناوی ـ ابو سعد دخدوک ـ خۆی حەشار دا، هەر لەو ماوەیەشدا بەتەواوکردنی کتێبە ناودارەکەی (القانون) سەرقاڵ بوو.
ـ عبدالجواد، خیري. سیرة ابی علی بن سینا، منشورات الجمل، ص۱۲.
ئای لەم دواکەوتووییە، لەم بەجێمانە، هەر شتێکی نوو، لە داهێنانی زانستی و شیکاریی گەردوونی، بە سیحر و غەیب خوێندنەوە هەژمار بکەیت. نێوچەوانی ناوچەکەی مە، ڕۆژگاری خۆشەویستیش هەر وەها بوو، بەختی دەگەڵ چ نوێیەک نەبوو .
فەقیهـ و موتەکەلیمە توندڕۆیەکان، تیلەچاویان لەسەر بن سینا باش نەبوو، لەبەرچاوی ئەواندا، ساحیرێکی فاڵچی بوو.
ـ فیلیب، صانعوا التاریخ العربي ص۲٨٥.
حەفت ساڵ پێش مردنی بن سینا، ساڵی 421ک/1030ز، مەسعوودی غەزنەوی، شاری (ئەسفەهان)ی داگیر کرد. ماڵی بن سینا تاڵان کرا، لەم بێنەوبەردەیەدا، مەوسووعە زەخمەکەی فەوتێنرا. ئەو بەرهەمەی (کتاب الانصاف)ی ناو لێ نابوو، ۲۰ بەرگ بوو، بەسەر ۲٨۰۰۰ دەروازەدا پۆڵینی کردبوو. بن سینا، ئەو باسە قورسانەی تووشی فەیلەسووفەکان بووبوون، بە فەلسەفە تایبەتەکەی خۆی کە بە (الحکمة المشرقیة)ی دانابوو، بەراوردی دەکردن. لەم مەوسووعەیەی بن سینادا، بەشۆکەکی قوتار بووە، کە بەشێک لە شڕۆڤەی کتێبی (الربوبیة) و شڕۆڤەی کتێبی (ما ورا‌ء الطبیعة) و پەراوێز لەسەر کتێبی (النفس)ی ئەرستۆن. هێندێ جزمیش لە (منطق المشرقیین) بەبەر ئەو فەوتاندنە نەکەوتووە.
ـ کوربان، هنری. تاریخ الفلسفة‌ الٳسلامیة ص۲٦۹.
بە فەرمانی ـ خەلیفە المستنجد بن المقتفي (م566ک/1171ز) ـ لە ساڵی 544ک ـ 1150ز دا، کتێبەکانی بن سینا، لە بەغدا هاتنە سووتاندن. هەڵبەت کتێبەکانی شێخی ڕەیس، لەنێو کۆبەرهەمێکی فەلسەفەیی یەکێ لە قازییەکان بوو.۱
بەر لەم سووتاندنەش، بوحامیدی غەزالی، خۆی سەرپەرشتیی سووتاندنی کتێبەکانی بن سینای دەکرد. ۲ ـ دی بور، ت.ج، تاریخ الفلسفه‌ فی الٳسلام ص۱۹٤ـ۱۹٥
ـ هویدا، فریدون. الاسلام معطلاً العالم الاسلامي ومعضلة الفوات التاریخی، ت: حسین قبیسی. ص۷۹.
(خودا ڕاستی فەرموو، بن سینا درۆی کرد. صدق الله وكذب ابن سینا) فەقیهەکان هەر دەمیان دەکردەوە، لە بەرایی و پایانيی گوفتاریاندا، بە کینەوە ئەو قسەیان بۆ پتر سووککردنی لەنێو خەڵکی ڕەشۆکدا، دووبارە دەکردەوە.
ـ فاضل الٳنصاري، قصة‌ الطوائف ـ الاسلام بین المذهبیة‌ والطائفیة‌، ص۱۹٤.
بن حەزمی ئەندەلووسی (م456ک ـ 1064ز) بە زەندیق و گومڕا ناسێنرا، دوای ساڵێک له دژایەتی و ڕکابەریێتیی شەرعزانە توندڕۆیەکان، ساڵی 440ک ـ 1048ز لە شاری (میورقە) دەرپەڕێنرا.
ـ جب، هـ.ا.ر وكالمرز، ج.هـ. الموسوعة‌ الاسلامیة‌ المسیرة‌. ت: راشد البراوي، مكتبة‌ الانجلو المصریة‌، ج۱ ص۱۹.
بە فیتی مەلا دەربارەکان، لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی ـ ٲبی عمرو العبّاد بن محمد المعتضد بالله(ت461هـ/1069م) ـ هێندێ له کتێبەکانی بن (حەزمی ئەندەلووسی)یان دڕاند، دواجار هەموویان سووتێنران.
ـ مجموعة‌ من المؤلفین. دائرة‌ المعارف الاسلامیة‌ الكبری، ج۲ ص٦۹۰.
هۆمەری خەیام- عمر الخیام (526ک - 1131ز): هەرچەند دانیان بە دانایی و بلیمەتییەکەیدا دەنا، وەلێ بە ئیلحاد و زەندەقە و فەیلەسووفی دەهری، تۆمەتباریان دەکرد. میناکی تاریفی نەجمەدین بوبەکری ڕازی (620ک - 1223ز) له کتێبی (مرصاد العباد) بە زمانی فارسی.
ـ موسوعة‌ ٲعلام العلما‌ء والٲدبا‌ء العرب والمسلمین. ج۱ ص٦۳۰، ط۱، بیروت: دار الجیل، ۲۰۰٥م.
(لە سەتەی سێزدەمیندا، تیلەچاو ـ وجهه‌ النظر ـیان بۆ خەییام وا بوو، کە فەیلەسووفێکی زەندیقه)
ـ ریسلر، جاك. الحضارة‌ العربیة‌ ص۲٦۱.
(ابن هود)ی حاکمی (سرقسطه‌)، (ابن باجّە)ی فەیلەسووفی ڕاپێچی حەپسێ کرد. میری موڕابیتیی (بوئیسحاق برایمی یوسفی کوڕی تاشفین) بە تۆمەتی زەندیقیێتی، له سجنی کوتاوە. دەیانگوت: "فەلسەفەی بن باجە پێچەوانەی ڕۆحی ڕێنوێنیی ئیسلامییە" دواجار، بە نێوانگریی باوکی بن ڕوشدی فەیلەسووف کە (قاضي القضاة)ی شار بوو، بن باجە هاتە ئازادکردن.
ـ فهمي، حنا اسعد. تاریخ الفلسفة‌ من ٲقدم عصورها الی الان، ص۱٦٤.