کابینەی نۆ مژدە بەخشە؟!

 

لە دوای راپەرینە مەزنەکەی کوردان لەساڵی ١٩٩١ و ئازادکردنی بەشێکی خاکی باشووری کوردستان ، ئەوەبوو یەکەم کاری شۆرشگیران و حزبەکان دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت بوو و ئەگەر سەیری مێژووی وولاتان بکەین دەبینین بە کۆمەلێک نەھامەتی و ناخۆشی و قەیران و شەر و فرە ئیدارەیی بوونەتەوە و بەشێک لە کابینەکانی حکومەتی ھەرێم یش بەدەر نەبوو لەم ھۆکارانە کە دووچاری بوونەوە.

 

پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق لەھەرێمی کوردستان، کابینەیەکی یەکگرتوو دروستبوو بۆ ئەوسا بە باشترین بژاردە ھەژمار دەکرا، گەرچی تێبینی زۆر لەسەربوو، بەڵام تاڕادەیەک چەند ئامانجێکی پێکا، دواتر کابینەکانی (شەشەم، حەوتەم و ھەشتەم) دروستبوون و قۆناغێکی سەختیان تێپەر کرد و لەزۆر بوار، کەم و کورتییان زۆربوو و نەیانتوانی وەک پێویست داخوازییەکانی هاووڵاتییان تێر بکەن و لەزۆر سیکتەردا بێ بەرنامەیی و کەم ئەزموونی لە کارەکتەرەکاندا دەبینرا، ئەمە جگە لەوەی ئەم کابینانە نەیانتوانی کێشەکانی نێوان (ھەولێر و بەغدا) چارەسەر بکەن لەسەر (ماددەی ١٤٠، بودجە، نەوت و پێشمەرگە) کە ھەر کابینەیەک بە ھەڵپەسێرداوی بۆ ئەوی تر بەجێیھێشت و ئەمە وێرای (شەڕی داعش، بڕینی بودجە و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدەوە) کە تا ئێستاش ماونەتەوە بۆ ئەم کابینەیە...

 

سەبارەت بە (کابینەی نۆیەم) بە سەرۆکایەتی (مەسروور بارزانی)، ھەموو پێشھات و ئاماژەکان مژدەبەخشن، ئەمەش لەبەر ئەم ھۆکارانە:

 

یەکەم: خودی کەسایەتی بەرێز (مەسروور بارزانی) خاوەن روئیا و بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنی دەولەتمەدارییە، چونکە لە رابردوودا بە ئەندازیاری (سەقامگیری) ناسراو بووە، وەک ئاشکرایە بەبێ بوونی سەقامگیریی ئاسایش، ھیچ پێشکەوتنێک روونادات و ئەمە جگە لەوەی لە شەڕی دژی داعش رۆلێکی بەرچاوی ھەبوو لەپاراستنی ئاسایشی ھەرێم و رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان...

 

دووەم: ئەم کابینەیە پشتگیرییەکی بەھێزی خەڵکی کوردستان و (ئەندامانی پەرلەمان) لیستە جیاوازەکانی ھەیە، بەم پێیەش بێت، دەبێتە حکومەتێکی زۆرینە و دەتوانین بڵێین ئەم کابینەیە بە (سەقامگیریی سیاسی) تێپەڕ دەبێت و ئەوەشیان بە فاکتەرێکی گرنگی پێشکەوتن و خزمەتکردن و ئاوەدانی و دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکانی نێوان لایەنەکان...

 

سێیەم: لەپاش ھەلبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلوول تا ئێستا کە دەکاتە نزیکەی (شەش مانگ)، لیستی براوە کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) و سەرکردایەتییەکەشی ئامادەکاری و زەمینەسازی باشی کردووە، لەھەمبەر کێشەکانی نێوان (ھەولێر و بەغدا) کە ھەردوولا قۆناغی باشیان بڕیوە لەسەر کێشەکانی (بودجە، نەوت، پێشمەرگە، ماددەی ١٤٠ و کۆتایھێنان بە داگیرکاریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان)، بۆیە لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نۆ و دەست بەکاربوونیان، پەیوەندیی نێوان ھەردوولا دەچێتە قۆناغێکی گرنگ و لەسەر زۆربەی کێشەکان دەگەنە رێککەوتن، بەو پێیەش بێت، گۆڕانکاریی گەورە روودەدات کە سەرەتاکەی بە (نەمانی سیستەمی پاشەکەوت)ی مووچەی فەرمانبەران دەردەکەوێت و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دەبێت، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری و ئاوەدانی و رەخساندنی ھەلی کار و ھەنگاونان بەرەو بونیادنانی حکوومەتێکی دامەزراوەیی، ئەوەشیان داوای ھەموو لایەنە بەشداربووەکانی حکومەتەکەن...

 

چوارەم: سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی و دونیای دەرەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باش دایە، بۆیە ئەم کابینەیە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی ھەیە و چاوەروانی زیاتری لێ دەکرێت لە پەیوەندیی دیبلۆماسی و ئابووری و سیاسی و دوورخستنەوەی مەترسییە دەرەکییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەم کابینەیە لەرووی یاساییەوە پشت ئەستوورە بەو پشتگیرییە زۆرەی ھەیەتی، بۆیە جارێکی تر ئەوە روونادات کونسوڵی وڵاتێک بێتە ناو ھۆلی پەرلەمان و قسە لەسەر داھاتووی ھەرێم و دەرکردنی یاسا گرنگەکان بکات، ئەمەش بە خاڵی بەھێزی ئەم کابینەیە ھەژمار دەکرێ و دەتوانێت زۆربەی پڕۆژە یاساییەکان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان تێپەرێنێت، دوور لە دەست تێوەردان و ئەجێندای حزبی و دەرەکی...

 

لەکۆتاییدا ھەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە کابینەی نۆیەم، مژدەبەخش دەبێت لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی و لە سەرووی ھەموو کارەکانیەوە (نەمانی قەیرانی دارایی)یە...