گوتاری نێوخۆیی ئەنتی کوردبوون و سووکایەتی بە زمانی دایک

 

“زمان، وشە و مێژوو، کولتوور و ترادیسیۆن، ژیانی خەڵک، گۆشت و خوێن دەگوازێتەوە. زمان واتە گەل - سابین ئولیباری”


بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی شکست و تراژیدیاکان لەناو مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمەدا، لەناو مێژووی ململانێ و مامەڵەی پڕ هەڵبەز و دابەزی نێوان ئێمە و ئەوانی دیکەدا، تەنانەت لەنێوان هێز و گرووپە سیاسییەکانیشماندا، ئەوەمان پێ دەڵێ: پێش داگیرکەر و دوژمن، کورد خۆی سەری (کوردبوون)ی خواردووە و دەخوات!


ڕاستییەکەی، بەشێکی زۆری شکست و تراژیدیاکانمان، بەرهەمی زەین و دەستی کوردن، دووبارەبوونەوەشیان لە شوێنکات و قۆناغی جیاواز و لە سای هەلومەرجی جیاوازدا، پەیوەستە بە ئامادەیی ئەم گوتارە نێوخۆییەی ئەنتی کوردبوونە و جووڵەی بەردەوامی لە وجودماندا، هەروەها پەیوەستە بە نائامادەیی ئیرادە و هێز لە دوێنێ و ئەمڕۆی ئێمەدا. ئیرادە و هێزی خۆخوێندنەوە، ڕەخنە لەخۆگرتن، تێهەڵچوونەوە و خۆ بەرهەمهێنانەوە، دواجار ئیرادە و هێزی ڕیسواکردن و دەمکوتکردنی ئەم گوتارە و کاراکتەرە تەسلیمکارەکانی.


بەکورتی، زیندووێتیی ناپاکیی (خیانەت)، لەناو دوێنێ و ئەمڕۆ و ئەگەری سبەینێی ئێمەدا (کە هەنووکە لەناو دەستەبژێریشدا خەریکە دەبێتە کولتوور)، هۆکارێکی سەرەکیی دووبارەبوونەوەی شکست و تراژیدیاکانمانە.


هەر بۆ نموونە، کاتێک تیۆریسێنی (حکوومەتی ئینقاز!)، وەک هەوڵێک بۆ خۆشاردنەوە لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی.. وەک پاکانەیەکی شەرمن و سەرکزانەی ناپاکیی نەتەوەیی ١٦ی ئۆکتۆبەر.. وەک ویستی چڵێس و تەماعکارانەی بۆ دەسەڵات، مەرایی بۆ نەتەوەی سەردەست و دەستگرتن بە ئیمتیاز و کورسی، بە (حورمەتەوە!) لە میبنەرە جیهانییەکاندا دەڵێت: “کورد کەمینەیە!”.


یان ئەو دەمەی کۆمەڵێک لە دەربار دەبینی، عێراقچێتی، وەک دەسکەوت و شانازی، شاباش دەکەن. لەوەش ترسناکتر، هەندێکی دیکە، کە هەر لەو تەویلەیەدا کاوێژ دەکەن، دەیانبینی بە ئاشکرایی سووکایەتی بە زمانی کوردی دەکەن.


هاوکات کاتێ دەبینی، پێڕی مانیفێستچییەکان، ئەوانەی لە گەرمەی خیانەتکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، بە مانیفێستی شەرمەزاری، درۆ و دڕدۆنگی، دووڕوویی و ڕیسوایی “مانیفێستێک بۆ تێپەڕاندنی شکست!”، ڕەوایەتییان بە ئەتککردنی ئاڵا، خاک و کەرامەتی مرۆڤەکانی نیشتمان دا و ناپاکی و تاوانکارییەکەیان پاساو دایەوە و ئەمڕۆش بە شێوازی دیکە و بە میکانیزمی تر و لە دەرگا و دەریچەی جیاوازەوە، کەوتوونەتە وێزەی نەتەوە و نیشتمان و لێدان لە شووناس و بوونی نەتەوەیی.


هاوکات وا دەکەن، هەست بە مەترسییە شاراوەکانی ستراتیژییەتی هاوردەکراوی، پشتی گوتاری ناوخۆیی ئەنتی کوردبوون بکەیت و بزانیت، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شاڵاوە نێوخۆییەی لەکوردخستنە، ئەرکی لەپێشینەی هەنووکەیی و بەرپرسیارێتییەکی ویژدانی و ئەخلاقی و مێژووییە لە ئەستۆتدا.


لەم گۆشەنیگایەوەیە، بۆ ئەوەی داکۆکیی لە هزری نەتەوەیی و خەونی دەوڵەت - نەتەوە بکەین، پێویستمان بە جوینەوەی پێناسەی ناسیونالیزم، شەنوکەوی ڕوانگە جیاوازەکانی، خستنەوەڕووی بنەما تیۆری و فیکرییەکانی، باسکردن لە ڕەهەندە مێژووییەکانی و بیرخستنەوەی ئەزموونەکانی نییە، بەقەد ئەوەی پێویستە بەرپەرچی ئەو گوتارە نێوخۆییە ئەنتی کوردبوونە بدەینەوە، کە لەسەر هەموو ئاستەکاندا و بە بەرنامە، کار لەسەر لەکوردخستنی کورد دەکات.


گوتاری نێوخۆیی ئەنتی کوردبوون، کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی هاوردەکراوە و لەناوەوەدا بە هەموو توانایەکی ماددی و لۆجیستی پشتیوانی دەکرێ و کاراکتەرگەلی جیاواز و لە گۆشەی جیاوازدا، کار لەسەر سەرخستنی دەکەن. گوتارێک نییە هەر بە ناشیرینکردنی ناسیونالیزم و بەتاڵکردنەوەی چەمکی دەوڵەت - نەتەوە لە مانا و بەهاکانی بوەستێت، یان بە گاڵتەکردن بە ڕیفراندۆم، پاساودانەوەی خیانەت، دەهۆڵ کوتین بۆ عێراقچێتی، واز بهێنێت، بەڵکوو دەستدرێژی دەکاتە سەر هەرچی پیرۆزیی نەتەوەیی هەیە.


یەکێک لەو ئاست و ڕەهەندە ترسناکانەیش، کە گوتاری ئەنتی کوردبوون بە پلان و بەرنامە و لە ڕێگای هەڵەوەر و دەمگەرم و لیبۆکەکانییەوە دەیکات، سووکایەتی پێکردنی زمانە. ئەم گوتارە تەسلیمکار و دەربارە، دێت و هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ ئەوەی لەمیانی بە کەم سەیرکردنی زمانی دایک، گاڵتەپێکردنی دیالێکت و شێوەزار و دەڤۆکەکانی، بە شێواندنی ڕێنووسەکەی، وا لە مرۆڤی کورد و بەتایبەتی نەوەی نوێ بگەیەنێت، کە زمانی کوردی، زمانی خێڵ و ئەشکەوتە، هی سەردەم و زمانی شارستانییەت و زانست و تەکنەلۆژیا نییە.


ئەم ئاستەی کارکردنی گوتاری نێوخۆیی ئەنتی کوردبوون، زۆر زیاتر لە خیانەتی سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ، لە کەواسووریکردن بۆ لەشکری داگیرکەر، لە جاشایەتی و نۆکەری، ترسناک و کوشندەترە. چونکە ئاستێکی ستراتیژیی ئیشکردنە لەسەر سڕینەوەی نەتەوە و ناسنامە، بەو پێیەی لە پەیوەست بە پێکهاتی شوناسدا، زمان بناغە و بنەڕەتەکەیە، کۆڵەگە و ستوونەکەیە. چونکە پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بونیادییە.


لە ڕوانگەی فێردیناند دی سۆسێر، زمان و قسە دوو شتی جیاوازن. بەو پێیەی زمان سیستمێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆیە، بەڵام قسە بەرجەستەکردنی ئەو سیستەمەیە لە وێنە و هێمای دەنگیدا. تەنانەت ئەم ڕوانگەیەی دی سۆسێر بۆ دووانەی زمان و نووسینیش بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەمان شتە. ئەو پێیوایە زمان و نووسین، دوو سیستەمی هێمایی جیاوازن، دووەمیان ڕەنگدانەوە و بەرجەستەکردنی یەکەمیانە.


کرۆک و بناغە و کۆڵەگەی قسەکردن و نووسین، زمانە. واز لە خەڵکی ئاسایی بێنن، کە هەرگیز لە کاتی ئاخاوتنیاندا، لێیان نابیستیت، پێچەوانەی ڕێسای ناوچەیی، یان دەڤۆکی زمانی دایکی خۆیان بدوێن. لەڕاستیدا گرفتەکە لە ئاستێکی باڵاتری دەربڕین و نووسیندایە، کە ئەویش دەستەبژێرە. ئەو دەستەبژێرەی، نەک هەر لە زمانی دایکی کۆڵەوارە و دوو ڕستەی دروستی بۆ ناچنەوە سەر یەک و لە ڕێنووسدا دەستوپێ سپی و هەژارە، بەڵکوو لە سەروو ئەمەوە، سووکایەتیش بە زمانەکە دەکات و تیر و توانج لەوانە دەگرێت کە شەونخوونییان لەپێناو پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی کردووە و وەک شێوازێکی دیکەی بەرەنگاری و مانەوە، کردوویانەتە سەنگەری خەباتی نەتەوەیی.


بۆیە لەخۆوە نییە کە میلان کۆندێرا لەبارەی بایەخ و گرنگیی زمان و ڕۆڵی لە پاراستنی شووناس و مانەوەی نەتەوەدا، دەڵێ: “ یەکەم هەنگاو بۆ لەناوبردنی نەتەوەیەک، سڕینەوەی یادەوەرییەکەیەتی. بۆ ئەمەش دەبێ کتێبەکانی، کولتوورەکەی و زمانەکەی لەناو ببەیت. دەبێ کەسانێک هان بدەیت کتێبی تازەی بۆ بنووسن، کولتوورێکی ساختەی دەرخوارد بدەن، مێژوو و زمانێکی تازەی بۆ بدۆزنەوە. بەمەش لە ماوەیەکی کورتدا، ئەو گەلە خۆی لەبیر دەچێتەوە”.


ئاخر وێڕای ئەوەی کە نووسەرێک، ڕۆژنامەنووسێک، لە گوزارشتکردن بە زمانی دایکی، هەژار و لە ڕێزمان و ڕێنووسەکەی کۆڵەوار بوو، کارەساتێکە بۆ خۆی. وەکوتر کارەساتەکە لەوێدا گەرورەتر دەبێت، کاتێک ئەم بابایە دێت و بە پلان و بەرنامە، بە هاندان و دنەدان، دەبێتە بەشێک لە پڕۆژەی سڕینەوەی یادەوەریی نەتەوەکەی و وەک هەوڵێک بۆ سەلماندنی بچووکیی خۆی، لە بەهای زمانی دایکی کەم بکاتەوە، هەروەها لە ئاست زمانی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتی داگیرکەردا، بە کەم سەیری زمانەکەی دەکات و سووکایەتیی پێ دەکات.


بۆیە ئەو کاتەی بەناو دەستەبژێری کورد، بۆ خۆی، ئیرادەگەر و دڵخوازانە، لەژێر کاریگەریی عێراقچێتی و سەرسامبوون بە زمان و کولتووری نەتەوەی سەردەست، دەبێتە ماشەی دەستی دوژمن و داگیرکەر و لەبری ئەو، کار لەسەر بێبەهاکردنی زمان دەکات و گاڵتە بە ئاخێوەرەکانی دەکات. پێویست بەوە دەکات نقورچە نا، بەڵکوو نەقیزەیەک بە کەلەکەیدا بچەقێنیت و لە مەترسیی سیاسەتی دێزەیی خۆ هەڵدێران، بێداری بکەیتەوە و بیری بخەیتەوە، کە بە لەدەستدانی زمانی دایک، بەر لە ناسنامە نەتەوەییەکەی، ئەوا بوون و بەها و شکۆی مرۆیی سروشتکردی خۆی دەدۆڕێنێت. 
لەڕاستیدا بە تەنیشت جارێکی دیکەی دەستکێشی بۆ لەشکری داگیرکەر و باڵادەستکردنەوەی شۆڤینیەت و ڕەگاژۆکردنی عرووبە و تەعریب، هەروەها لەتەک بە مەبەست تێکەڵکردنی چەمکەکانی (وڵاتپارێزی و خیانەت، تاوان و دەرکەوتەکانی شەڕ)، هاوکات لێدان لە گوتاری نەتەوەیی، سووکایەتیکردن بە زمان و بەها کولتوورییەکانمان و دەمەزەدکردنەوەی عێراقچێتی لە لایەن کاراکتەرەکانی پڕۆژەی ئەنتی کوردبوونەوە، ئامانجێکی ناچیزە هەیە، ئەویش ڕاهێنانی نەوەی نوێی کوردە، لەسەر دەستبەرداربوون لە بوون و شکۆ و سەروەری و ناسنامەی خۆی و سوپاسگوزاربوون بۆ پاشکۆیەتی و شوێنکەوتەیی و برابچووکی و گوێڕایەڵیی عرووبە.


لەم ڕوانگەیەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم فاکت و ئەرگۆمێنتانە، لەپێناو خاوەنداری لە گوتاری نەتەوەیی و ئاراستەکردنی نەوەی نوێی کورد، بۆ ئەوەی شانازی بە بوون و شوناس و شکۆ و سەروەری و کوردبوونی خۆی بکات، پێویست دەکات لەسەر هەموو ئاستەکان، دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان، دەزگاکانی میدیا، ڕێکخراوە مەدەنی و نێوەندە ڕۆشنبیری و کولتووری و هونەرییەکان، بە پڕۆژە و وەک کارێکی دامەزراوەیی، ڕووبەڕووی گەردەلوول و باهۆزی مەترسیداری ئەم پڕۆژە و گوتاری ئەنتی کوردبوونەی ناوخۆ بدەینەوە و بە لایەنی کەمەوە، بەو زمان و بەلاغەتەی، کە سەرانی پڕۆژەی ئەنتی کوردبوون و لیبۆکەکانی عێراقچیێتی پێی سەرسام و مەست بوونە، بەبیریان بێنینەوە:
ومن يكن الغراب له دليلاً
يمر به على جيف الكلاب