یاساکانی چارەنووس

هه‌تا لایه‌نه‌کان یه‌ک نه‌گرن و نه‌بنه ناوکێک ده‌وڵه‌تێکی کوردی به‌رهه‌م نایه‌ت

ئه‌وانه‌ی که له سه‌رنه‌که‌وتنیان له ژیاندا و خراپیی ژیانیان و ته‌نانه‌ت له چاره‌نووسیشیان گله‌یی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن که هه‌میشه لەده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا بۆ هۆکار ده‌گه‌ڕێن و له گه‌ڕانیشیاندا جیهانێکی خراپ و دڵڕه‌ق ده‌دۆزنه‌وه. چه‌ند مرۆڤ گله‌یی زیاتر له‌م چاره‌نووسه بکات، هێنده زیاتر له ناسینه‌وه‌ی یاساکانی چاره‌نووس دوور ده‌که‌وێته‌وه. چاره‌نووس چه‌مکێکی ئایینی نییه، به‌ڵکوو ده‌روونناسییه. چاره‌نووسیش وه‌ک هه‌ر دیارده و یارییه‌کی تر خاوه‌نی یاسایه، یاسای تایبه‌تی خۆی. هه‌موومان به ڕۆژ و شه‌ودا تێده‌په‌ڕین، هه‌ندێک له ئێمه خاوه‌نی ده‌یان هه‌زار شه‌و و ڕۆژ بووه له ژیانیدا، که‌چی له هه‌موو شه‌و و ڕۆژه‌کانیدا هه‌مان دیارده و هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌کاته‌وه و دواجاریش گله‌یی له ژیان و له چاره‌نووس و له به‌ختی خۆی ده‌کات، یاخود پێی وایه، که ژیان غه‌دری بەرامبەر ده‌کات. مرۆڤ پێویسته شه‌و و خه‌وی شه‌وان وه‌ک شانسێکی نوێ ته‌ماشا بکات، بۆ ده‌ستپێکردنێکی نوێ له ڕۆژی ئاینده‌دا، چونکه مرۆڤ هه‌موو ڕۆژێک شانسێکی نوێی هه‌یه، که به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌ست پێ بکات، به ‌‌شێوه‌یه‌کی تر بیر بکاته‌وه، بڕیار بدات، پرۆژه‌یه‌ک ڕابگرێت، درێژه به پرۆژه‌یه‌ک بدات ...هتد. هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی مرۆڤ له جیهاندا بریتییه له‌وه‌ی، که ده‌ڵێ، مرۆڤ یه‌ک جار ده‌ژی. ئه‌مه گه‌وره‌تریین هه‌ڵه‌یه، که مرۆڤ له ژیاندا بیکات، چونکه مرۆڤ هه‌موو ڕۆژێک ده‌ژی، به ده‌یان هه‌زار ڕۆژ له ده‌یان ساڵدا، لێ مرۆڤ ته‌نیا یه‌ک جار له ژیانێکدا ده‌مرێت.


بیهێنه به‌رده‌می خۆت، که تۆ یاریزانێکی بۆکسێنیت، یاسای یارییه‌که‌ت وه‌هایه که تۆ لەنێوان چوار بۆ دوازده خولدا شانسی ئه‌وه‌ت هه‌یه بیبه‌یته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر له خولی یه‌که‌مدا پێت وابوو ده‌دۆڕێیت، ئه‌وا یان ناگه‌یته خولی دووه‌م یان دره‌نگترینی له خولی چواره‌مدا دۆڕاویت. لێره‌دا ته‌نیا و ته‌نیا بیرکردنه‌وه‌ی خۆت بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی یارییه‌که‌ت ده‌دات و که‌سی تر نا. بیهێنه به‌رده‌می خۆت که تۆ یاریزانێکی تۆپی پێیت و له‌گه‌ڵ ده یاریزانی تردا پێکه‌وه دژ به تیپێکی تر یاری ده‌که‌ن. له خولی یه‌که‌مدا دوو گۆڵتان لێ ده‌کرێت لێ له خولی دووه‌مدا چ شوێن ده‌گۆڕن و چ شانسێکی تریشتان هه‌یه بۆ یه‌کسانکردنه‌وه یاخود بۆ بردنه‌وه. لێره‌دا نه‌ک به ته‌نیا تۆ، به‌ڵکوو بیرکردنه‌وه‌ی هه‌مووتان پێکه‌وه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی یارییه‌که‌تان ده‌دات، بڕیار له‌سه‌ر بردنه‌وه و دۆڕاندنی یارییه‌که‌تان ده‌دات.


بۆچی من لێره‌دا قسه له‌سه‌ر یاساکانی چاره‌نووس ده‌که‌م و ده‌یبه‌ستمه‌وه به یه‌کگرتنی نێوان پارته سیاسییه‌کانی کورده‌وه؟ وه‌ڵام، چونکه کورد بەگشتی هه‌مووی به‌رپرسه له چاره‌نووسی خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سیاسییه، ئه‌گه‌ر کرێکاره، فه‌رمانبه‌ره، نووسه‌ره، ڕۆشنبیره، سه‌رکرده‌یه، نوێنه‌ره، ڕاوێژکاره .....هتد. چاره‌نووس به بیرکردنه‌وه کار ده‌کات، چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌کیش وا له ده‌ستی یه‌ک به یه‌کی ئه‌ندامه‌کانیدا. هه‌روه‌کوو چۆن ئه‌گه‌ر هاتوو چه‌ند یاریزانێکی تیپێکی تۆپی پێ، باش یاری نه‌که‌ن و باش بیر نه‌که‌وه و پۆزه‌تیڤ نه‌بن بەرامبەر به بردنه‌وه‌یان، ئه‌وا چه‌‌‌ندەی تیپێکی به‌هێزیش بن، هه‌ر ده‌دۆڕێن. ئه‌م ڕاستییه تیپی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ڵمانیا چه‌ندین جار له جامی ئه‌وروپا و جامی جیهانییدا دووباره‌ی کردووەته‌وه. بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی سه‌ربازه‌کانی گه‌وره‌ترین سوپا به گه‌وره‌ترین و چه‌ک و به به‌هێزترین چه‌که‌وه، ده‌توانێت سوپاکه بەرامبەر به گرۆیه‌کی چه‌کدار بشکێنێت. بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بەرامبەر به ئاینده‌یان، ئازادییان، سه‌ربه‌خۆبوون و ڕزگاربوونیان له ده‌ستی دوژمنی داگیرکار، ده‌توانێت بۆ هه‌تاهه‌تایه ژێرده‌ستیان بکات. دوژمنانی کورد ئاگاداری ئه‌م یاسایه‌ن، بۆیه به‌ده‌ر له هێرشی سه‌ربازی و ئاسمانی، چه‌ندین هێرشی ده‌روونییش ده‌که‌نه سه‌ر کورد، له ڕێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی وه‌ک، کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌مژه‌یه، بێ ئه‌قڵه، زانایان تێدا هه‌ڵناکه‌وێت، زیره‌ک نین، خۆخۆرن، ناتوانن خۆیان ڕێک بخه‌ن، ناتوانن ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت، چونکه نازانن ده‌وڵه‌ت چییه و چۆن ده‌برێت به ڕێگاوه. هه‌مان کاتیش دوژمنان به‌رده‌وام چه‌ند یاریزانێکی تیپه‌که به لاڕێدا ده‌به‌ن، به‌وه‌ی که هه‌ر ده‌دۆڕێن، ئیدی بۆچی خۆیان ماندوو بکه‌ن، به‌م شێوه‌یه ئه‌گه‌ر بێتو چه‌ند یاریزانێکی تریش خۆیان ماندوو بکه‌ن، لێ دواجار هه‌ر ده‌دۆڕێن، چونکه ئه‌وانیش به‌ر هێرشی بیرکردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی یاریزانه‌کانی تر ده‌که‌ون، که ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه‌ بوون، که هه‌وڵ بده‌ن بۆ بردنه‌وه. یاریی تۆپانێ به ته‌نها یارییه‌ک نییه، به‌ڵکوو فێنۆمێنێکی ده‌روونییشه.


گه‌ردوون خاوه‌نی چاوگه‌یه‌که، خاوه‌نی ناوکێکه که زانستی فیزیک ناوی ده‌نێت ماتریکس، ئه‌وه‌ی جیاوازی ده‌کاته نێوان ئایین و زانسته‌وه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که زانست ده‌زانێت چۆن ئه‌م چاوگه‌یه کار ده‌کات و چۆنیش ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌کانی گه‌ردوون له‌گه‌ڵ ئه‌م چاوگه‌یه‌دا له په‌یوه‌ندییدان، به‌ڵام ئایین نه‌خێر، چونکه ئایین یاسا چ بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر خودا داده‌نێت و چ یاساش بۆ په‌یڕه‌وکردنی ئایینه‌که داده‌نێت، به‌م شێوه‌یه ژیان هێنده‌ی پڕ ده‌بێت له گرفت، هێنده نیوه نابێت له خۆشبه‌ختی. ماتریکس گه‌وره‌ترین چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگیی گه‌ردوونه که چ په‌یوه‌ندیداره له‌گه‌ڵ ته‌واوی گه‌ردووندا و چ ته‌واوی ئه‌تۆمه‌کانی گه‌ردوونیش په‌یوه‌ندیداره له‌گه‌ڵ ئه‌ودا. له‌ناو گه‌ردووندا چه‌ندین بوونی تر هه‌یه له پلانێت و ئه‌ستێره‌کانه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو به‌کتریایه‌ک که ئه‌وانیش خاوه‌نی چه‌قن، خاوه‌نی چاوگه و خاوه‌نی ناوکێکن. بوونه‌کان بوونی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م ناوکه بنیات ده‌نێن. بۆ نموونه هه‌موو ئه‌تۆمێک خاوه‌نی چاوگێکن که پێکهاتووه له نۆیترۆن و پرۆتۆن. ئه‌م دوو پارتیکڵه یه‌کگرتوون و به‌ردی بناغه‌ی پێکهێنانی ئه‌تۆمه‌که‌ن، لەده‌ره‌وه‌ی ئه‌ماندا ئێلێکترۆنه‌کان هه‌یه، که توێکڵی یه‌که‌م و دووه‌می ده‌ره‌وه‌ی ناوک به‌رهه‌م دێنن. هه‌ندێک ئه‌تۆم خاوه‌نی یه‌ک توێکڵن و خاوه‌نی یه‌ک ئێلێکترۆنن وه‌ک هایدرۆجین و هه‌ندێکی تریش خاوه‌نی زیاترن، بۆ نموونه وه‌ک ناترۆجین، که خاوه‌نی دوو توێکڵ و حه‌وت ئێلێکترۆنه. ده‌مه‌وێت بڵێم، که هه‌میشه چه‌ق یه‌‌کبوونه و ئه‌وه‌ی لەده‌ره‌وه‌ی چه‌قدایه به‌رهه‌م و لێکه‌وته‌وه‌ی چه‌قه. ئه‌م تیۆرییه بگوێزه‌ره‌وه‌ بۆ بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان ئه‌وسا ده‌بینیت که درککردن به‌م یه‌کبوونه ته‌نها له ڕێگای ئاگاییه‌وه ده‌بێت. ده‌مه‌وێت بڵێم، هه‌تاوه‌کوو یه‌کبوونێک بوونی نه‌بێت، ئه‌وا لێبوونه‌وه‌یه‌ک له‌دایک نابێت. ڕه‌وانتر بڵێم، هه‌تا لایه‌نه‌کان یه‌ک نه‌گرن و نه‌بنه چاوگه‌یه‌ک، ئه‌وا حکوومه‌تێک به‌رهه‌م نایه‌ت. هه‌تا لایه‌نه‌کان یه‌ک نه‌گرن و نه‌بنه ناوکێک ده‌وڵه‌تێکی کوردی به‌رهه‌م نایه‌ت. یه‌کبوون لێره‌دا ته‌نها پرۆسه فیزیکییه‌که نییه به‌ڵکوو ڕۆحییه‌که‌شه. واته هه‌موو ئه‌ندامانی لایه‌نه‌کان، پێویسته خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی یه‌کبوون بن، هه‌تاوه‌کوو چاوگه‌یه‌کی ئه‌نه‌رگی له یه‌کبوونێک به‌رهه‌م بێت، به‌بێ ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه یه‌کبوونێک ئه‌گه‌ر ڕووش بدات، ئه‌وا ته‌نیا یه‌کبوونێکی فیزیکییه و بێ ئه‌نه‌رگییه. ئه‌وه‌ی گۆڕان و جووڵه دروست ده‌کات ئه‌نه‌رگییه. بۆ نموونه تۆ ده‌توانیت له کۆمه‌ڵێک پارچه، ئۆتۆمۆبیلێک دروست بکه‌یت، لێ به‌بێ ئه‌نه‌رگی (ئیدی به‌نزین بێت، گاز بێت، دیزڵ بێت یان کاره‌با) ناتوانیت بیجووڵێنیت، ناتوانێت بتگوێزێته‌وه له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر.


چاوگ هه‌میشه خاوه‌نی ئه‌نه‌رگییه که ڕووناکیی ده‌به‌خشێته‌وه. ڕووناکیی گڵۆپێک به‌رهه‌می ئه‌نه‌رگییه نه‌ک له خۆیه‌وه په‌یدا بێت، ڕووناکیی مۆمێکیش هه‌مان شێوه. واته ئه‌وه‌ی لەده‌ره‌وه ده‌بینرێت به‌رهه‌می ناوه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی لەسه‌ره‌وه ده‌بینرێت هه‌مان شێوه به‌رهه‌می خواره‌وه‌یه. کوردستانییبوونی پارتێک، به‌رهه‌می ناوه‌وه‌ی پارته‌که‌‌یه، پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌مان شته. ئه‌وه‌ی له ڕووی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌کاندا ده‌بینرێت، لێکه‌وتنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی پارته‌کانه. باوه‌ڕبوون به ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی به‌رهه‌می ناوه‌وه‌یه. واته هه‌موو تاکێک له خودی خۆیدا یان ئه‌وه‌تا باوه‌ڕی به ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، یان ئه‌وه‌تا باوه‌ڕی وایه هه‌تا دونیا دونیا‌یه کورد ژێرده‌ست و دیل و داگیرکراو ده‌بێت. کۆی ئه‌م تاکانه وه‌ک کۆی کۆمه‌ڵێک ئه‌تۆم له یه‌کتری نزیک ده‌بنه‌وه و ده‌بنه هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی چاوگه‌یه‌کی نادیار، که دواجار لێکه‌وتنه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی باوه‌ڕێک به ڕزگارنه‌بوون و ژێرده‌سته‌ییه‌کی هه‌تاهه‌تایی. لێ خۆشبه‌ختانه ڕیفراندۆم بووه هۆی خستنه‌وه‌ی ناوکێکی تر که لێکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤانه‌تری بۆ سه‌ر ئازادیی کورد هه‌یه، ئه‌ویش خستنه‌وه‌ی کێڵگه‌یه‌کی تری ئه‌نه‌رگییه، که ڕۆڵی دژه ڕه‌وتێک ده‌بینێت، ئه‌م کێڵگه‌ی ئه‌نه‌رگییه، ئه‌م چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگییه، به‌شێکی گه‌وره‌ی باشووری کوردستانی داگیر کردووه، که دواجار ڕووناکیی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی لێ ده‌که‌وێته‌وه، که کورد لەسایه‌یدا بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌خته‌وه‌ر بژی.


لێ له‌ کوێ ڕووناکی هه‌بوو له‌وێ تاریکییش هه‌یه. ڕووناکی وه‌ک تیشکێکی سپی که پێویستی به هیچ ڕه‌نگێکی تر نییه که ویستی نییه هیچ ڕه‌نگێکی تری هه‌بێت، چونکه خاوه‌نی هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه. لێ ئه‌م ڕه‌نگه سپییه نادیاره، ته‌ماشای په‌لکەزێڕینه بکه که له هه‌ناوی ڕه‌نگی سپییدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، لێ که‌س ڕه‌نگه سپییه‌که نابینێت. یه‌کبوون هه‌میشه چه‌قه، ناوکه و چاوگه‌یه، له هه‌ناوی ئه‌م ئه‌نه‌رگییه‌دا هه‌موو ڕه‌نگه‌کان ده‌بنه چه‌پکێک، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕووناکی به‌بێ تاریکی نابێت. تاریک وه‌ک ڕه‌ش. ڕه‌ش چونکه ڕه‌نگێکی ناته‌واوه، پێویستی به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانی تر هه‌یه، هه‌تاوه‌کوو ببێته خاوه‌ن ڕه‌نگ، هه‌ر بۆیه ڕه‌ش نه‌ک له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕه‌نگه‌کانی تردا تێکه‌ڵ ده‌بێت، به‌ڵکوو هه‌موو ڕه‌نگه‌کانی تر هه‌ڵده‌مژێت.


له ڕێککه‌وتی 02.03.2019 دا کاک ئازاد جوندیانی، دوو دیداری تێلێڤیزیۆنی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو که‌ناڵی (کوردستان 24) و (ڕووداو)دا ساز کرد. بۆ خودی خۆم، کاک ئازاد جوندیانی به هه‌ستی نووکی سه‌ری په‌نجه قسه‌ی ده‌کرد، نه‌باده دڵی که‌سێک بشکێنێت، لێ به‌ڵێ به‌شێکی زۆری هاووڵاتییان به خڕەبه‌ردی گه‌وره‌ و گرانه‌وه که‌وتنه سه‌ر دڵی کاک ئازاد. هۆکاری ئه‌مه‌ش بریتییه له تێنه‌گه‌یشتن له ژیان و له سروشت، بریتییه له نزمیی ئاستی هۆشیاریی تاک و کۆ. لائۆتسه گه‌وره فیلۆسۆفی چینی، پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا گوتوویه‌تی، ئه‌و به‌هه‌شته‌ی که ده‌گه‌یه‌نرێت، به‌هه‌شتێکی هه‌تاهه‌تایی نییه. ئه‌و ناوه‌ی ناو ده‌نرێت، ناوێکی هه‌تا‌هه‌تایی نییه. لائۆتسه لێره‌دا مه‌به‌ستی له گۆڕانه که هیچ شتێک بۆ هه‌تاهه‌تایی نییه. له ‌کوێدا بوونێک له سروشتدا کاری نه‌ما، له‌وێدا گۆڕان دروست ده‌بێت. له‌ کوێدا بوونێک له سروشتدا جووڵه‌ی نه‌ما، له‌وێدا ئه‌و بوونه ڕۆ ده‌چێت. له بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییدا به‌شێوه‌یه‌کی دی پراکتیزه ده‌کرێت، واته مرۆڤه بەئاگاکان ناهێڵن ڕۆ بچن و له جووڵه بکه‌ون، به‌ڵکوو پراکتیزه‌ی بازدانێک له جووڵه‌دا ده‌که‌ن و له جووڵه‌دا ده‌مێننه‌وه. له وتاری هێزی ڕاکێشاندا، که هه‌فته‌ی ڕابردوو له (باس)دا بڵاو کرایه‌وه، تیشکم خسته سه‌ر تیۆریی هێزی ڕاکێشان له ڕوانگه‌ی نیوتن و ئاینشتاینه‌وه. دیاره تیۆرییه‌که‌ی نیوتن، تیۆرییه‌کی ده‌رچوو بوو که ده‌ست لێدانی قه‌ده‌غه بوو، چونکه وه‌ک ڕاستییه‌کی ڕه‌وان و ده‌رچوو ناوی ده‌رکردبوو، لێ کاتێک ئاینشتاین هات، تیۆرییه‌که‌ی ڕێژه‌یی کرد و لەبەرامبەریدا تیۆریی ڕێله‌تیڤیتێتی قووت کرده‌وه. چۆن له گه‌ردووندا کێڵگه‌یه‌کی ئه‌لێکترۆنیی ماگنێتیی هه‌یه له ئه‌نه‌رگی، ئاوهاش له بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییدا کڵێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌لێکترۆنیی ماگنێتی له ئه‌نه‌رگیدا هه‌یه. خێزانێک خاوه‌نی کڵێگه‌یه‌کی خۆیه‌تی، قوتابخانه‌یه‌ک خاوه‌نی کێڵگه‌ی خۆیه‌تی، ئینستیتووتێک، پارتێک ته‌نانه‌ت خودی شار و گوندێکیش، وڵاتێک هه‌مان شێوه خاوه‌نی کێڵگه‌ی خۆیه‌تی. کۆی زه‌وی بەگشتی خاوه‌نی کێڵگه‌یه‌کی خۆیه‌تی، که به ئاورایه‌کی تایبه‌ت و گه‌وره داپۆشراوه بۆ پاراستنی له گه‌ردووندا.


مام جه‌لال له‌ناو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕۆڵی چه‌قێکی له‌ناو ئه‌م کێڵگه‌ی ئه‌نه‌رگییه‌دا هه‌بوو که ته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌کێتی به ده‌وریدا ده‌سووڕانه‌وه. نه‌ک مه‌رگی مام جه‌لال، به‌ڵکوو نه‌خۆشکه‌وتنی بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئه‌نه‌رگییه چیدی قه‌واره‌ی نه‌مێنێت و به‌هۆیه‌وه چه‌ندیین ئه‌ندام له جووڵه که‌وتن و وه‌ستان. وه‌ستانیان واتای له‌ناوچوونیان بوو، مه‌رگی مام جه‌لال ته‌واوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، که به هۆی نه‌خۆشکه‌وتنیه‌وه و دواجار به‌هۆی مردنیه‌وه له جووڵه که‌وتن و ڕاوه‌ستان. مه‌رگی مام جه‌لال له‌ناوچوونی قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌نه‌رگی بوو، له‌ناوچوونی ئه‌م ئه‌نه‌رگییه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که چوونه‌وه‌یه‌کی کێڵگه‌ی ئه‌نه‌رگی ناو یه‌کێتییدا هێور بێته‌وه، وه‌ک شه‌به‌‌که‌یه‌کی ڕانه‌کێشراو، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که چیدی قه‌واره‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌نه‌رگی نه‌بێت که بتوانێت کێڵگه‌ی ئه‌نه‌رگیی یه‌کێتی بچه‌مێنێته‌وه و ئه‌ندامانی به ده‌وری خۆیدا بسووڕێنێت.


به‌ڵام بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رده‌وام له هه‌وڵی دروستکردنی قه‌واره‌ی گه‌وره‌ی ئه‌نه‌رگییدان، که به‌هۆیه‌وه بازدانی جووڵه‌کانی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه‌ی به نه‌خۆشکه‌وتنی مام جه‌لال و به مه‌رگیشی له جووڵه نه‌که‌وتن، به‌ر ئه‌م بازدانه بکه‌ون و درێژه به جووڵانیان بده‌‌ن. لێره‌دا ئه‌م بازدانه به‌ده‌ر له یاسا سروشتییه‌کانی خاوه‌نی نرخاندنێکی تری کۆمه‌ڵایه‌تییشه، که به‌‌ده‌ر له ڕووناکیی ده‌که‌وێته به‌ر تاریکییشه‌وه، لێ هه‌مان کات به فیلته‌ره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشدا تێده‌په‌ڕێت. بۆ خودی خۆم، کاک ئازاد جوندیانی هه‌ر وه‌ک جاران جوانه، جه‌نگاوه‌ری ڕووناکییه، که هێشتا پیاده‌ڕه‌وی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورده، هێشتا کوردستانییه و تێکۆشانی بۆ ڕزگاری و جیابوونه‌وه‌یه له ئێراق. کاک ئازاد له کوردستانه نه‌ک له ئێراق، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی یه‌کێتییه‌وه، که هێنده‌ی له به‌غدان هێنده له هه‌ولێر نین. واته کاک ئازاد له به‌ره‌ی کورددایه نه‌ک له به‌ره‌ی به‌غداددا. ئه‌مه‌ش کاک ئازاد له جووڵه‌دا ده‌هێڵێته‌وه، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی چ چه‌قێک چ ناوکێکی ئه‌نه‌رگی بووه‌ته‌ هۆی چه‌ماندنه‌وه‌ی کێڵگه‌یه‌کی ئه‌نه‌رگیی، که جووڵه‌ی زیاتر ده‌دات به کاک ئازاد.


دواجار ئه‌وه‌ی هه‌نووکه له هه‌موو شت زیاتر پێویسته، بریتییه له هه‌بوونی چه‌قێکی قه‌واره گه‌وره، ناوکێکی گه‌وره له ئه‌نه‌رگی، که بتوانێت کڵێگه‌ی ئه‌نه‌رگیی کۆمه‌ڵایه‌تیی بچه‌مێنێته‌وه و جووڵه‌یه‌کی گه‌وره و خێرای نه‌ته‌وه‌یی دروست بکات، که بیرکردنه‌وه‌‌ له سه‌ربه‌خۆیی به‌رهه‌می ناوه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نه‌رگییه بێت. ئه‌وه‌ی هه‌یه حکوومه‌تی هه‌رێمه، هیچ شتێکی ترمان نییه، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، که ته‌نها ئه‌مه‌مان هه‌بێت، به‌ڵکوو ده‌توانین گه‌شه‌ به‌م بوونه بده‌ین و ببین به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌م کاره‌ش له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه، پێویستیمان به پراکتیزه‌کردنی یاساکانی چاره‌نووسه، پێویستمان به بیرکردنه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤه، پێویستمان به باوه‌ڕه به ئاینده‌یه‌کی باشتر، به ژیانێکی باشتر. له‌و کاته‌دا، که کورد ده‌ستبه‌رداری باوه‌ڕنه‌بوون به خۆی ده‌بێت، په‌سه‌ندێتیی به خۆی ده‌دات به هه‌موو باشه‌ و خراپه‌یه‌کی خۆیه‌وه، له‌و کاته‌دا دوودڵی له‌ناو ده‌چێت. هه‌میشه دوژمنان بوون، که کوردیان خه‌تابار کردووه هه‌میشه هه‌وڵیان داوه که کورد له نیشتمانه‌که‌ی خۆیدا ده‌رپه‌ڕێنن، هه‌روه‌کوو چۆن خودا ئاده‌م و حه‌وای له نیشتمانی خۆیاندا ده‌رکرد. کورد گوێڕایه‌ڵی دوژمنانی نه‌بووه و نییه، هۆکاره‌که‌شی هه‌ر دوژمنان خۆیانن، چونکه کورد ده‌یه‌وێت ئازاد بێت، لێ ئه‌م داوای ئازادییه بۆ دوژمنان سه‌ره‌ڕۆییه، هه‌ر بۆیه ده‌یانه‌وێت کورد سزا بده‌ن. لێ دواجار هه‌رچ شتێک ڕوو بدات، ئه‌وه ئۆباڵه‌که‌ی هه‌ر له ئه‌ستۆی دوژمناندایه، چونکه ئه‌وان هۆکاری که‌وتنه‌وه‌ی هه‌موو کاره‌ساتێکن، چونکه له ڕێگای ئه‌م کاره‌ساتانه‌وه ده‌یانه‌وێت ڕێگری له ئازادیی کورد بگرن.


ئیمڕۆ که ئه‌م تێکسته ده‌نووسم، حه‌وتی سێیه، پشووم هه‌یه و له ماڵه‌وه‌م. له حه‌وتی سێی ساڵی 1991دا من ته‌مه‌نم بیست و یه‌ک ساڵ بوو، به‌شداربوویه‌کی ڕاپه‌ڕین بووم. ڕاپه‌ڕین ئیمڕۆ بۆ من ته‌نها ڕاپه‌ڕینێک نه‌بوو، به‌ڵکوو کاره‌ساتیش بوو، که ئۆباڵه‌که‌ی له ئه‌ستۆی دوژمناندا بوو. له ڕاپه‌ڕیندا ته‌نها کوردستانمان ڕزگار نه‌کرد، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک کاره‌ساتیشمان خسته‌وه، چونکه ئازادییمان ده‌ویست. من گه‌نجێکی خوێنگه‌رم بووم، خه‌ونم به ده‌وڵه‌تێکی کوردییه‌وه ده‌بینی، من ده‌وڵه‌تێکی کوردییم ده‌ویست، ئێستاش به تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م یاده‌دا، من هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی کوردییم ده‌وێت، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که تۆ چیت ده‌وێت؟