وەرگێڕان

بیرپاکی و دەستپاکی و ئەمانەت لە ناوەڕۆکدا، هونەر و داهێنان لە شێواز و زماندا

هیچ وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی، هیچ شۆڕشێکی کولتووری و ڕۆشنبیری، هیچ شارستانیەتێک لە دنیادا سەری هەڵنەداوە، وەرگێڕانی کتێبێکی گرنگ، یا چەند کتێبێکی گرنگ، یا هەڵمەتێکی بەرفراوانی وەرگێڕان پێشی نەکەوتبێ. سەرهەڵدەانی ئاشوورەکان، شارستانیەتی ئەسینا، سەردەمی زێڕینی ئیسلام، ژیانەوەی ئیتاڵیایی، شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا، شۆڕشی ڕووسی، سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی عەرەبی، ئیخوانیزم و ئیسلامیی سیاسی، پۆست کۆلۆنیالیزم.. هەموو ئەم وەرچەرخان و شۆڕشانە، نموونەی مێژوویی بەرجەستەن بۆ راستی ئەو قسەیەم.


من نازانم تا چەند بەشی وەرگێڕان لە کۆلێژەکانی زمان و ئەدەب لە کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام سەرسوڕهێنەر ئەوەیە، ئەو هەموو ساڵە کۆلێژەکانی ئەدەب و زمانمان هەیە و چالاکییان لە بواری وەرگێڕاندا نابینین. هەروەها بەشی شانۆی پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکان، خراپ نییە بەشێکی فێربوونی زمانیان هەبێت، کە لە ساڵی سێیەمەوە یەکێک لە وانەکانی ئەو بەشە وەرگێڕان بێت. ئەمە برەو بە وەرگێڕانی شانۆنامە دەدات.


لە هەموو ئەمانە گرنگتر، دەبێ حکوومەت دەزگایەکی تایبەت بکاتەوە بۆ وەرگێڕان. بەتایبەت بۆ وەرگێڕانی کتێبی زانستی لە هەموو بوارەکاندا. چونکە کتێبەکانی زانستەکان تەکنیکین، بۆ ئەوە نەکراون خوێنەری ئاسایی بیانخوێنێتەوە، تەنیا بۆ خوێندکارانی ئەو زانستانە کراون، بۆیە لە بازاڕدا نافرۆشرێن. ئەمەیش وا دەکات، هیچ چاپخانەیەک ئەو ڕیسکە نەکات، کتێبێک چاپ بکات تەنیا خوێندکاری ڕشتەیەک بیکڕێت، ئەوەیش ساڵانە تەنیا چەند خوێندکارێک کە دەکرێ دوای تەواوکردنی ساڵەکەیان بیبەخشن، یا بیفرۆشنەوە بە خوێندکاری ساڵی دوای خۆیان.



پێناسە و مێژوو

لەو کاتەوەی مرۆڤایەتی هەیە، شەڕ و داگیرکاری هەیە، کۆچ و جێگۆڕکێ و ڕاگواستنی کۆمەڵگەکان هەیە، ئەمانە بوونەتە هۆی دەرکەوتنی شارستانیەتییە یەک لەدوا یەکەکان، بەڵام دوور لەیەک، بەڵام بە پچڕپچڕی. شارستانیەتییە کۆنەکان سوودیان لەیەکدی نەدەبینی، تا دروستبوونی (وەرگێڕان). گەشەکردن و بەردەوامی و سوودوەرگرتن لە زانست و زانینی پێشینەکان لەو کاتەوەیە، کە وەرگێڕان هەیە. لەو کاتەوەی وەرگێڕان دەکرێ، شارستانێتیی مرۆڤایەتی نەپچڕاوە و بە هێڵێکی ئاسۆیی بەردەوامیی وەرگرتووە.
ئاشوور بانیپاڵ کە دەوڵەت ـ شاری ئاشووری- دامەزراند لە نەینەوا، یەکەمین کاری بنیاتنانی کتێبخانە خشتینەکەی بوو. بۆ ئەم مەبەستە، کۆمەڵێک سۆمەریناس و ئەکەدیناس (ئەکەدیی نوێ و کۆن)ی کۆکردەوە و ئەرکی وەرگێڕانی هەموو بەردنووس و خشتنووس و هەڵکۆڵینەکانی سۆمەر و بابل، کە بە سۆمەری و ئەکەدیی کۆن نەخشێنرابوون، پێ سپاردن. ئاوا ئیمپراتۆری ئاشووریی دروست کرد. ئێمە لە ڕێی وەرگێڕانە (ئەکەدیی نوێ)کەی (سوننەق ئوننەنی)یەوە، کە وەرگێڕی ئاشوور بانیپاڵ بوو لە سۆمەری و ئەکەدیی کۆنەوە بۆ ئەکەدیی نوێی زمانی ئاشوورەکان، (ئەفسانەی سۆمەریی گیلگامش) دەناسین، ئەگینا خۆ سۆمەرییەکەی نەماوە.
کریستیانیزم بەهۆی وەرگێڕانی ئینجیل لە ئارامییەوە بۆ یۆنانی و دواتر بۆ لاتینی بووە ئایینی فەرمیی ڕۆماییەکان، دواتریش ئەورووپا و جیهانی تەنییەوە.
موسڵمانەکان، بەتایبەت لە بەغدای عەباسییەکان و ئەندەلووسدا، لەدوای هەڵمەتی وەرگێڕانی بەرهەمی فەیلەسووفە گریکییەکان بۆ ئارامی و دواتر بۆ عەرەبی، توانییان سەردەمی زێڕینی ئیسلام دەست پێ بکەن.
(ژیانەوەی ئیتاڵیایی) لەسەر بنەمای وەرگێڕانی بەرهەمەکانی فەیلەسووفە یۆنانییەکان لە ئارامی و عەرەبییەوە بۆ لاتینی و دواتر بۆ زمانە نوێیەکان، سەری هەڵدا.
ڕۆشنگەرەکانی فەڕەنسا، بەهۆی وەرگێڕانی بەرهەمە ئیتاڵی و ئیسپانی و ئینگلیزییەکانەوە، ئەدەب و شانۆی فەڕەنسایان گۆڕی. هاوسەری ڤۆلتێر، مادام دو شاتلێ، وەرگێڕی فیزیاناس و زانا ئینگلیزەکان بوو. ئەو بوو یەکەم جار کتێبەکانی (ئیزاک نیوتن)ی وەرگێڕان. بەتایبەت (بنەماکانی ماتماتیک)ی نیوتن، گەورەترین کاریگەریی کردە سەر ڤۆلتێر. ڕۆمانی فەڕەنسایی و بەرهەمی ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و دیدرۆ، کە بنەمای هوشیاری و بیرمەندی شۆڕشی فەڕەنسان، بەهۆی وەرگێڕانی بەرهەمە زانستییەکانی ئینگلیزەکانەوە بوو. لە ڕووی کولتوورییەوە، بەتایبەت لە بواری فەلسەفە و ئەدەبدا. ئینگلیزەکانیش بەهۆی وەرگێڕانی ڕۆشنگەرە فەڕەنسی و ئەڵمانەکان، بەتایبەت دیکارت و کانت، ڕۆڵی گرنگیان لە بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازیدا هەبوو.
ساڵی ١٨٦٧ بەرگی یەکەمی کتێبەکەی کارل مارکس (سەرمایە) بە ئەڵمانی بڵاو بووەوە. تزاری ئەوکاتی ڕووسیا، ئەلیکسەندەری دووەم، بڕیاری چاکسازی دا. چاپخانەکانی ئازاد کرد چ کتێبێکی وەرگێڕدراوی بیانییان بوێت چاپی بکەن، پێشتر ڕێپێدراو نەبوو. ئەوەبوو (سەرمایە)ی مارکس وەرگێڕدرا و لە ساڵی ١٨٧١دا وەرگێڕانە ڕووسییەکەی بە چاپ گەیەندرا. لینین و ئەندامانی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووس (هەردوو باڵی بەڵشەڤیک و مێنشەڤیک)ەکان، ئەو وەرگێڕانەیان خوێندەوە. بەو وەرگێڕانە بوونە کۆمۆنیست، ئەگینا ئەوان زۆرینە، بەتایبەت لینین، ئەڵمانی و ئینگلیزیی نەدەزانی. ڕووسیا، لەدوای وەرگێڕانی (سەرمایە) ئەو شۆڕشە کرێکاری و جەماوەرییانەی تێدا ڕوودا، بەتایبەت مانگرتنەکانی ١٩٠٥ و شۆڕشی مانگی دووی ١٩١٧.
لە تورکیای بەشی دووەمی سەدەی نۆزدە، چاکسازییەکەی سوڵتان عەبدولحەمید، کە بە هەڵمەتی (تەنزیمات) ناو برا، ئازادیی بە چاپەمەنی درا بەرهەمی بیانی بڵاو بکاتەوە. ئەوەبوو هەڵمەتێکی وەرگێڕان دەستی پێ کرد، کە شیعری تورکی مۆدێرنی لێ پەیدا بوو. دواتر هەر ئەو هەڵمەتەی وەرگێڕان کاریگەریی کردە سەر ئەدیب و شاعیرە کوردەکانی وەک شێخ نووری شێخ ساڵح و دواتر گۆران و پیرەمێرد.
لە ئێران (شۆڕشی مەشرووتە)، کە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێ کرد تا سەردەمی موسەددیق، دەرچوون بوو لە دەسەڵاتی ڕەشی قاجارییەکان. ئەو شۆڕشە ڕێگای خۆش کرد، کە بەرهەمی نووسەرە ڕۆژئاواییەکان، بەتایبەت ئەوروپایی و زۆر بەتایبەتیش فەڕەنساییەکان، بۆ فارسی وەربگێڕدرێن. ئەوە یەکەمین هۆکاری مۆدێرنبوونی ئێران بوو.
لەلایەکی ترەوە، زۆرن نموونەی ئەو وەرگێڕانانەی شۆڕشیان بەرپا کردووە و وەرگێڕانێکی ساختە بوون. لەسەر کتێبێک یا تەنانەت دێڕێک، کە خراپ وەرگێڕدراوە، بە هەزاران کەس خۆیان داوە بەکوشت. دوای دەیان ساڵ دەرکەوتووە، کە نووسەر ئەو مەبەستەی نەبووە. دواجار تەفسیریش جۆرێکە لە وەرگێڕان. ئایا ئێمە لە ڕێی تەفسیری شافیعی و ئیبن تەیمییەکانەوە ئیسلاممان پێ نەگەیشتووە؟ واتە لە ڕێی وەرگێڕەکانەوە. ئەها ئەم پیشەیە تا کوێ مەترسیدارە، گەر نەزانانە بەکار هات، یا گەر بەمەبەستی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەت، یا وەرگێڕێکی دەروون نەخۆش بەکاری هێنا؟! دەکرێ میللەتێک هەزار ساڵ بە هەڵە ژیان بکات، بەهۆی وەرگێڕانی هەڵەی کتێبێکی ئایینییەوە.
نموونەیەکی ئەوەی دەیڵێم، هەڵوێستی مارکس و لینینە دەربارەی باوەڕ و ئایین. مارکس هیچ کێشەی لەگەڵ ڕەوانمەندی (سپیریتوەلیتێت، ڕوحانیەت)دا نەبووە، هەر باسیشی نەکردووە، چونکە لێی تێنەگەیشتووە، ئەوە بواری ئەو نەبووە، ئەو ئابووریناس بووە. لینین بە هەموو شێوەیەک پشتی ئیسلام و بوودیزمی گرتووە، چونکە پێی وابووە ئایینی کەمینەن. بە هەموو شێوەیەک دژی کریستیانیزمی ئۆرتۆدۆکسی بووە. لای ئێمە ئیسلام ئایینی زۆرینەیە نەک کەمینە. ئیسلام نەچەوساوەتەوە. ئەمە جیاوازیی گەورە دروست دەکا. حەسەن بەننا لە خێزانێکی چەپەوە هاتبوو، لەژێر کاریگەریی وەرگێڕانە عەرەبییەکانی لینیندا ئیخوانی دروست کرد. بۆیە پەیڕەو و پرۆگرامی ئیخوان زۆر زۆر نزیکە لەوەی بەڵشەڤیکەکانەوە. هەموو دیسکورسی حەسەن بەننا و ئیخوانەکان دەربارەی ڕۆژئاوا و ئیمپریالیزم دەقاودەق ماوی و لینینییە. ئیخوان موسلیمین نموونە ئیسلامییەکەی بەڵشەڤیکە. بەپشتگیریی تەواوی چەپ و کۆمۆنیستەکانی ڕۆژئاوا دروست بوو.
وەرگێڕان گەورەترین پڕۆژەی میللەتێکە. ئامانجی بنیاتنانی شارستانییەتێکی نوێیە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، نە تەنیا بۆ ئەو میللەتە خۆی، چونکە ئەگەر شارستانییەتێک کاریگەریی بەسەر هەموو مرۆڤایەتییەوە نەبێ، شارستانییەتی پێ ناگوترێ. واتە وەرگێڕان وەک پڕۆژەی میللەت، لە ویستی مەزنی گۆڕانکاریی شارستانییەوە دێتە ئارا. لە ویستی مەزنی دابڕانێکی مەزن لەگەڵ ڕابردوودا، بەسوودوەرگرتن لە هەموو بەرهەمی مرۆڤایەتی و شارستانییەتەکانی تر.



گەندەڵبیری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیرییەکی گەندەڵ

من خۆم کتێبی نووسەری فەڕەنسیم بینیوە، کە لە فەڕەنسییەوە کراوە بە ئینگلیزی، لە ئینگلیزییەوە کراوە بە فارسی، لە فارسییەوە کراوە بە کوردی. دوور نەڕۆین ستانیسڵاڤسکی، کە ڕووسە، تەنانەت عەرەبەکان خۆیشیان لە ئینگلیزییەوە دەیانکردە عەرەبی، دواتر کورد دێت لەو عەرەبییەوە دەیکاتە کوردی. ئاخر بڵێ ئەمە چی دەمێنێتەوە، کە لە بیر و وتاری نووسەرەکە بچێت؟ ئاخر ئەمە چ ویژدانێکە ئەو گەندوگووە بکەیت بە مێشکی منداڵ و خوێندکار و فێرخوازی کورددا؟ ئاخر ئەگەر بەمە نەڵێن گەندەڵیی ڕۆشنبیری، یا گەندەڵبیری، چی پێ دەڵێن؟!
دەشبێ سوپاسی بکەیت و خەڵاتی بدەیتێ و حکوومەت بیژێنێ. دەشڵێن هیچ نەبێ ئەو دەیکات، ئەی تۆ کە نایکەیت ڕەخنەش مەگرە. بۆ خەڵک گلاراویەتی ناتوانێ زمانێک فێربێ؟ یا ئایا هەر کەس زمانی زانی، دەبێ وەرگێڕان بکا؟ کەواتە ئەوە پیشە نییە لای ئێوە؟
ئایا ئەگەر ئینگلیزێک هیچ لە عیرفان و سۆفیزم نەزانێ، دەتوانێ بەرهەمی مەولانای ڕومی یا عەتتار وەربگێڕێ بۆ ئینگلیزی؟ ئایا ئەگەر ئەو ئینگلیزە هیچ شارەزایی لە مێژووی سەردەمی ئەو شاعیرانە نەبێ، هیچ شارەزایی لە کولتووری فارس نەبێ، دەتوانێ وەریانبگڕێڕێ؟ ئایا ئەگەر ئەو وەرگێڕە ئینگلیزە وەرگێڕانەکەی بەراورد بکا بە وەرگێڕانە ئەڵمانی و فەڕەنسییەکان، هیچ سوودی هەیە؟
من کە دەڵێم وەرگێڕان گواستنەوەی کولتوورێک و دنیابینییەک و فەلسەفەیەکە، مەبەستم لەمەیە. تکایە، تکایە، تکایە، تێ بگە وەرگێڕان چییە ئینجا دەستی بدەرێ.
هیچ وەرگێڕێکی فەڕەنسی ناتوانێ شیعری کلاسیکیی کوردی یا فارسی وەرگێڕێت، ئەگەر عەرەبیش نەزانێ. ئەگەر شارەزایی لە قورئان و حەدیس و سیرەی نەبەوی نەبێ.
چونکە ئەو شیعرانە دەیان ئاماژەیان تێدایە بۆ سوورەتەکانی قورئان و سەدان وشەی عەرەبییان تێدایە.
تێگەیشتیت لەوە؟ بۆ کورد و فارسێکیش، کە ئەریستۆ و دانت و ڤیرجیل و شێکسپیر و ڤۆلتێر و نیتچە و دۆستۆیێڤسکی وەردەگێڕێت هەمان شتە. مەسەلە تەنیا زانینی زمان نییە.
بەرپرسیاریی گەورەی بارودۆخی کۆمەڵگای عەرەبی، وەرگێڕەکانن نەک سیاسییەکان.
نەک لە زمانی سێیەمەوە، بەڵکوو ئەوەی لە زمانی دووەمەوە وەرگێڕان دەکات، دەبێ دادگایی بکرێ. ئەو کارە لە فرۆشتنی ماددەی بێهۆشکەر زۆر زیانبەخشترە، چونکە دەکرێ ڕوانینی سێ چوار نەوە گەندەڵ بکات، بە پلان یا بێ مەبەست بە ڕێگای هەڵەدا ببات و چەواشە بکات.
وەرگێڕانی سەقەتی بەرهەمەکانی مارکس و لینین و ترۆتسکی و ماوچێ تونگ، هەشتا ساڵ کورد و فارس و عەرەب و تورکیان بەلاڕێدا برد. بوونە هۆکاری ملیۆنان کوژراو و ماڵوێرانیی دەیان شار، هیچ بەرهەمێکی ئەرێنیشیان نەبوو بۆ ئەم میللەتانە.
هیچ فەڕەنسییەک ڕێی پێ نادرێ چێخۆڤ یا دۆستۆیێڤسکی وەربگێڕێتە سەر فەڕەنسی، ئەگەر سەرێکی ڕووس نەبێ، یا ماوەیەکی زۆر لە ڕووسیا نەژیابێ. یا شارەزای تەواوی مێژووی ئەدەبی ڕووسی و کولتووری ڕووس و زمانی کۆن و نوێی ڕووس و سڵاڤەکان نەبێ.
چۆن ڕێ دەدرێ بە فەڕەنسییەک لە فەڕەنسا فێری ڕووسی بووبێ، بەرهەمی ڕووسەکان وەربگێڕێ؟ چ جای ئەوەی یەکێ لە ئینگلیزییەوە بیکاتە فەڕەنسی؟
پیرەمێرد بۆ هەر شیعرێکی مەولەوی چەندان مانگ کاری دەکرد، ئینجا وەریدەگێڕایە سۆرانی. کە دووریی نێوان هەورامان و سلێمانی دوو هەنگاوە. پیرەمێرد بە منداڵیی خودی مەولەویشی بینی بوو و مەولەوی چووەتە ماڵیان، چونکە ناسیاو بوون.
ئێستا تۆ دێیت فەڕەنسییەک لە عەرەبییەوە دەکەیتە کوردی، کە عەرەبەکەش لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە؟!
لە هەر وڵاتێکدا ڕەنگە بیست ساڵ جارێ کتێبێکی باش بنووسرێ، بەڵام ساڵی بیست کتێبی باش وەردەگێڕدرێن. بۆیە، کاریگەریی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی سیاسی و مێژوویی وەرگێڕان دەیان جار لەوەی نووسین زیاترە.


ئەندرێ مارکۆڤیچ دەڵێ: "تەمەنی وەرگێڕان پازدە تا بیست و پێنج ساڵە، دەبێ هەموو نەوەیەک وەرگێڕانی خۆی بۆ کتێبە بێگانەکان بکات". ئەندرێ مارکۆڤیچ، وەرگێڕی فەڕەنسیی ئەدەبی ڕووسییە، نزیکەی تەواوی ڕۆمانەکانی دۆستۆیێڤسکی و گۆگۆل و چیرۆک و شانۆنامەکانی چێخۆڤی لە زمانی ڕووسییەوە وەرگێڕاوە بۆ فەڕەنسی. ئەم وتەیە لە بارێکدا ڕاستە؛ چونکە هەموو نەوەیەک گەنجینەی تایبەتی خۆی لە وشە و دەربڕین و دەستەواژە و چەمک و زاراوەکان دەچنێت. هەموو نەوەیەک خوێندنەوەی خۆی هەیە بۆ بەرهەمێکی پێشینان. هەموو نەوەیەک دۆزینەوەی خۆی دەکات لەناو بەرهەمی پێشیناندا. هەموو نەوەیەک بەپێی پێویستییەکانی سەردەمی خۆی نووسەرێک یا بەرهەمگەلێکی ئەدەبی هەڵدەبژێرێت، بۆ زیندووکردنەوە یا ڕووناکی خستنەسەریان. لە بارێکی تریشدا دەتوانین بڵێین، ئەم وتەیە مەترسیدارە، چونکە پێدەچێ بەهەڵەدابردن دروست بکات؛ نابێ ئەم وتەیە وا وەربگیرێت، کە وەرگێڕانێک ئەوانەی پێشووی خۆی دەسڕێتەوە، یا هیچ گرنگی و بایەخ نادات بە وەرگێڕانەکانی پێش خۆی؛ بۆ نموونە، دەیان و سەدان وەرگێڕانی فەڕەنسی ئینجیل یا ئێلیاد و ئۆدێسای هۆمیرۆس یا کۆمێدیای یەزدانی دانتێ، یا بەرهەمەکانی شێکسپیر هەن و ساڵانە لە چاپ دەدرێنەوە. بەڵام هەموو ساڵێکیش وەرگێڕانێکی نوێی یەکێک لەو بەرهەمانە دەکەوێتە کتێبخانەکان. دەستپاکی و ڕاسگۆیی وەرگێڕەکان وادەکات، کە لە ڕێی خۆیانەوە گرنگیی وەرگێڕانەکانی پێشووتر بزانین، بزانین بۆچی ئەم وەرگێڕانە نوێیە؟ جیاوازییەکەی کامەیە؟ چی دەخاتە سەر وەرگێڕانەکانی تر؟ بوونی وەرگێڕانی زۆر و جیاواز بۆ بەرهەمێک، هەمیشە ئەو بەرهەمە دەوڵەمەند دەکات و باشتر بە خوێنەری دەناسێنێت. بەڵام بەهەمێک کە تاکە یەک وەرگێڕان و لە تەنیا سەردەمێکدا وەرگێڕدراوە، هەمیشە تووشی هەژاربوون بووە، تووشی جۆرێک لە (نووسینەوە) بووە، واتە بووە بە بەرهەمی وەرگێڕ نەک نووسەر، چونکە خوێنەر هیچ ڕێگایەکی نەبووە بزانێت ئایا ئەمە زمان و ڕیتم و دەستەواژەکانی نووسەرن؟ ئایا ئەمە سەنتاکس و شێوازی نووسەرە؟ یان هی وەرگێڕ؟ ئەگەر وەرگێڕانێک بتوانێت نزیکترینیش بێت و بە باشترین شێوەش ئەو ئەدەب، یا نووسینە بیانییە بناسێنێت، ئەوا هەرگیز ناتوانێت بەتەواوی هەموو لایەنەکانی شێوازی ئەو بەرهەمە بەدەستەوە بدات. بۆیە من دوو وەرگێڕانی خراپی بەرهەمێکم پێ باشترە، لە یەک وەرگێڕان، ئەگەر باشیش بێت، چونکە نازانیت باشە یا خراپە، نازانیت تا چ ڕادەیەک نزیکە لە ڕەسەنەکەیەوە. لە دوو یا زیاد لە دوو وەرگێڕانی بەرهەمێک، ئەگەر خراپیش بن، هەر بەهۆی بەراوردکاری دەتوانیت بگەیتە ئەوەی، ڕەسەنەکە وێنا بکەیت چۆن بووە و نووسەری چ شێوازێکی کارکردنی گرتووەتەبەر.

 

وەرگێڕان لە شانۆدا

فرانسوا ڤیکتۆر هیگو (١٨٢٨ـ١٨٧٣)، کە کوڕی نووسەری گەورەی فەڕەنسا ڤیکتۆر هوگۆیە، یەکێکە لە وەرگێڕە هەرە ناسراوەکانی شێکسپیر بۆ زمانی فەڕەنسی. تەواوی شانۆنامەکانی شێکسپیری وەرگێڕاوە بۆ فەڕەنسی. بەمەش شانۆکارانی فەڕەنسای بە زۆربەی بەرهەمە نەناسراوەکانی شیکسپیر ئاشنا کرد و ئەو شانۆکارە ئینگلیزییەشی بە خوێنەری ئاسایی فەڕەنسی ناساند. بەڵام شانۆکارەکان پێیان باش نییە وەرگێڕانەکانی بۆ شانۆ بەکار بێن. چونکە وەرگێڕانەکانی ئێجگار ئەدەبین، بەدەر لەوەی بۆ زمانی ئەم سەردەمە ناشێن. کێشەی شانۆکاران لەگەڵ زمانی ئەدەبی فڕانسوا ڤیکتۆر هۆگۆدا ئەوەیە، کە یارمەتیی دراما نادات، یارمەتیی (کردار) نادات. وەرگێڕانی شانۆیش ئەرکی سەرەکیی ئەوەیە، کردارەکە بخاتە ڕوو، زیاتر وەرگێڕانێکی دەنگی بێت نەک نووسراو بۆ خوێندنەوەی بێدەنگ، بەڵام بایەخی گەورەی وەرگێڕانەکانی فڕانسوا ڤیکتور هیگو لەوەدان، کە باشترین تێگەیشتنت دەداتێ بەرامبەر شێکسپیر و زمانی شێکسپیر. بۆیە شانۆکار پێی باشە، لە ڕێی فڕانسواوە شێکسپیر بناسیت و بە وەرگێڕانی تر شێکسپیر لەسەر تەختەی شانۆ بەرجەستە بکات.


گەلێک گرنگە وەرگێڕی شانۆ شانۆکار بێت، یا لە شانۆدا کاری کردبێت. چونکە نووسین بۆ شانۆ وەک سیناریۆ وایە. لایەنی تەکنیکی نواندن ئێجگار گرنگە تێیدا. لایەنی تەکنیکی زمانی گۆکردن و ئاخاوتن و مۆمۆلۆگ و دیالۆگ، ڕیتمی ئاخاوتن، تایبەتمەندیی زمانی کارەکتەر و سەردەم.. هەموو ئەمانە نووسین و وەرگێڕانی شانۆیی لە هەموو نووسین و وەرگێڕانێکی تر جیا دەکاتەوە. من بە ئەستەم دەیبینم و وەک کاری نەکردە دەڕوانمە وەرگێڕانی کەسێک، کە خۆی شانۆکار نەبووە و هیچ کات لەگەڵ ئەکتەر و دەرهێنەر و تەختەی شانۆدا سەروکاری نەبووە، گومانی تێدا نییە کە ئەو وەرگێڕانە بۆ شانۆ دەستنادات، بەڵام بۆ خوێندنەوە و ناسینی ئەدەبییانەی ئەو دەقە، مەرج نییە وەرگێڕ یا نووسەری شانۆ پێویستی بەوە بێت کە شانۆکارێکی پیشەیی بێت. چونکە ئەو وەرگێڕانانەی بە ئەدەبیی کراون، ئەگەر بۆ نواندن و دەرهێنانیش باش نەبن، بۆ خوێندنەوە، ناسینی بەرهەمەکان پێویستن. خۆشبەختانە کاک فاروق هۆمەر خۆی شانۆکار بووە، چ وەک ئەکتەر و چ وەک دەرهێنەر و چ وەک نووسەر و ئامادەکاریش، بۆیە بەشێکی گەورەی کارەکەی لە سەرەتاوە بەسوود و ڕێکوپێکە، ئینجا وەک نووسەریش زمانی کوردی بە باشی و جوانی دەزانێت. چونکە لە وەرگێڕانی شانۆییدا، ئەو زمانە گرنگترە، کە بۆی وەردەگێڕیت و ناسین و زاڵبوون بەسەر ئەو زمانەدا گرنگترە وەک ناسین و زاڵبوون بەسەر ئەو زمانەی لێوەی وەردەگێڕیت. لەبەر ئەوەی، کە زمانی شانۆ لە زمانی گوتراو و گۆکراودایە، کەمتر لە زمانی خوێندراودا. چەندە واتای گوتار تێیدا گرنگە، ئەوەندەیش دەنگ و گۆکردن و ئاواز و ڕیتمی ئەو گوتارە.