دانەری یەکەم فەرهەنگی کوردی - عەرەبی

 یوسف زیائەددین پاشا ئەلخالیدی (1842 - 1906)

یوسف زیائەددین، کوڕی محەممەد عەلی، قازیی مەڕاش و ئەرزەڕۆمە، باپیری (باوکی دایکی) مووسا ئەلخالیدی، قازیی ئەنادۆڵ بووە. ئەو لە منداڵییەوە لە مزگەوتی ئەلئەقسای شاری قودس خوێندوویەتی، دوای ئەوە و بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی دیکەی خوێندن، ویستوویەتی ڕوو بکاتە زانکۆی ئەزهەر لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، بەڵام باوکی هانی داوە بچێتە ماڵتا، بۆ ئەوەی لە زانکۆی پرۆتستانتی بخوێنێت.


بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە، تا ئەو کاتەی (یاسین)ی برای، ناردییە ئیستانبۆل، بۆ ئەوەی لە بواری پزیشکیدا بخوێنێت، بەڵام ئارەزووی لەو خوێندنە نەبووە، بۆیە دوای ساڵێک، دەستی لێ بەرداوە و چووەتە کۆلێژی ڕۆبێرتی ئەندازیاری. ساڵ و نیوێکیش لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە، بەڵام بەهۆی مردنی باوکییەوە وازی هێناوە و گەڕاوەتەوە قودس. ئەو کاتەی لە ئیستانبۆل بووە، سەرەتای کردنەوەی قوتابخانەی نوێ و مۆدێرن بووە، بۆیە هەوڵی داوە لە قودس کارێکی وا بکات. بۆ ئەمەش بە هاوکاریی ڕاشد پاشای والیی سووریا، لە ساڵی ١٨٦٧ یەکەمین قوتابخانەی بە ناوی ڕەشیدی کردووەتەوە، بەڵام خەون و هیواکانی نەهاتوونەتە دی، چونکە سوڵتان کەسێکی لە ئیستانبۆلەوە ناردووە و کردوویەتی بە سەرپەرشتیاری قوتابخانەکە.


پاش ماوەیەک یوسف بووەتە سەرۆکی شارەوانیی قودس، شەش ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا، خزمەتێکی زۆری شارەکەی کردووە، کۆڵانی نوێی بۆ پیادە، هەروەها شەقام و جادەی قیرتاوی لەنێوان قودس و یافادا دروست کردووە، ئەمەو جگە لە لێدانی تونێڵ و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری.


لە ساڵی ١٨٧٤ ڕاشد پاشای دۆست و هاوڕێی بووەتە وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی و یوسفی لەگەڵ خۆی بردووەتە ئیستانبۆل، بۆ ئەوەی وەکوو وەرگێڕێک لە بابولعالی لەگەڵ ئەودا کار بکات. ماوەی شەش مانگ کاری وەرگێڕیی کردووە، دوای ئەوە بووەتە جێگری کونسوڵی عوسمانی، لە بەندەری بۆتیی ڕووسی، لە کەناری دەریای ڕەش.


ڕاشد پاشا زۆر لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا نەماوەتەوە، هەر بۆیە یوسفیش دوای ئەو، وازی لە کارەکەی هێناوە. یوسف سەروەختی جێگرێتیی کونسوڵی بە دەرفەت زانیوە بۆ ئەوەی بە ڕووسیادا بگەڕێت و لەنزیکەوە ئاشنای مێژوو و کولتووری ئەو وڵاتە بێت. بۆ ئەمەش تا ساڵی ١٨٧٥، هەر یەک لە شارەکانی مۆسکۆ، کیەڤ، ئۆدیسا و پترسبۆرگ گەڕاوە. دوای ئەوە و بە هاوکاریی هاوڕێیەکەی ڕاشد پاشا کە بووەتە باڵوێزی دەوڵەتی عوسمانی لە نەمسا، چووەتە ئەو وڵاتە و لە ڤیەننا بووەتە مامۆستای زمانی عەرەبی.


لە حوزەیرانی ١٨٧٥ گەڕاوەتەوە قودس و دووبارە بووەتەوە بە سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە. لە سەرەتای ساڵی ١٨٧٧دا وەک نوێنەری پارێزگای قودس، بە ئەندامی ئەنجومەنی مەبعووسان (پەرلەمانی دەوڵەتی عوسمانی) هەڵبژێردراوە. ژمارەی نوێنەرەکانی ئەنجومەنی مەبعووسان ١٢٠ کەس بوو، لەناو ١٤ نوێنەری عەرەبدا، ئەو نوێنەری فەلەستین بووە.


لەناو ئەنجومەندا لە دژی سوڵتان عەبدولجەمید وەستاوەتەوە و پشتگیریی دەستووری مەشڕووتیەتی کردووە. ئەو یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی جەمالەددینی ئەفغانی، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە کەوتبووە ئیستانبۆل. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە مێژووییەکان، مرۆڤێکی ئازا و بوێر بووە، بە دلێرییەوە ڕەخنەی لە سوڵتان عەبدولحەمید گرتووە و لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەرەدەمەشدا، باسی ئەو و لێدوانەکانی لەناو ئەنجومەندا بڵاو کراونەتەوە. تەنانەت کونسوڵی ئەمەریکی باسی ئەوی کردووە و گوتوویەتی: ئەو بە ئازایەتیی خۆی، باهۆز و گەردەلوولێکی لەناو ئەنجومەندا هەڵکرد. ئەو مرۆڤێکی ژیر و زانایە، سەرەڕای ئەوەی کە موسڵمانیشە، بەڵام کەسێکی لیبڕالە و لەناو دێرێکی (کڵێسا)یەکی یۆنانیدا دەژیێت.


پاش ئەوەی ساڵی ١٨٧٨ بە بڕیارێکی سوڵتان عەبدولحەمید، ئەنجومەنی مەبعووسان (پەرلەمان) هەڵوەشێندرایەوە، لەگەڵ (١٠) نوێنەری دیکە دەرکراوە و گەڕاوەتەوە یافا، دوای ئەوە چووەتەوە قودس و بۆ جاری سێیەم بووەتەوە بە سەرۆکی شارەوانی. ساڵی ١٨٨١ بووەتە قائیمقامی یافا و دواتر هی مەرجویون لە لوبنان. دواجار بووەتە دادوەری شارۆچکەی موتکی لە بەدلیس، لەوێ خۆی فێری زمانی کوردی کردووە و فەرهەنگی (ئەلهەدییە ئەلحەمیدییە)ی داناوە.


ئەو فەرهەنگە، کە کوردی - عەرەبییە، ساڵی ١٨٩٣ لە ئیستانبۆل چاپ کراوە. هەندێک کەس دەڵێن بۆیە ناوی ناوە (ئەلحەمیدییە)، بۆ ئەوەی مۆڵەتی چاپکردنەکەی وەربگرێت، چونکە لە کوردییەکەیدا، ناوی فەرهەنگەکە واتای (دیاریی حەمیدی) دەگەیەنێت، بەڵام من (مەبەستی جان، خۆیەتی) لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم، چونکە پێشتر خوێندمانەوە، کە ئەو چ دژبەر و نەیارێکی سەرسەختی سوڵتان بووە، هەروەها کەسێکی دەسەڵاتدار و بەتواناش بووە، بۆیە بەبێ ئەوەی مل بۆ سوڵتانی سوور بدا، دەیتوانی فەرهەنگەکەی خۆی لە ڤیەننا چاپ بکات.


ساڵی ١٨٩٣ کە فەرهەنگەکەی تێدا چاپ کرا، گۆڤاری ڕۆژهەڵاتناسی (Journal Asiatique)، کە بە زمانی فەڕەنسی دەردەچوو، باسی ئەو فەرهەنگەی کردووە. هاوکات لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا. بۆ نموونە، زۆر کەسی وەک: حەسەن فەهمی ئەفەندیی مامۆستای قوتابخانەی ساڵحی لە سێرت، شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی موفتی سێرت و مەلا مستەفا کوڕی شێخ حەسەنی ناڤبۆری و زۆر کەسی دیکە، کە هەر هەموویان هەڵبەست و هۆنراوەیان لە پەسن و ستایشی فەرهەنگەکەدا نووسیوە.


حەسەن فەهمی دەڵێ:
كوكب القدس يوسف باشا
صادق الدولة الشهير المزية
بارك الله فيه ابدى طريقا
للمعالي, جزاه رب البرية
ناديا طالب الكمال وأرخ
قد كفتنا الهدية الحميدية

 

هەروەها شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی موفتی سێرت، کە یەکێکە لە ناوداترین زانا کوردەکانی سەردەمی خۆی، لە پەسن و ستایشی فەرهەنگەکەی یوسفدا دەڵێ:
وغدت مأثره الحميدة تكتب
عن سيد سبق الكرام سليلا
اعني ضياءالدين يوسف باشا
من بقدومه اضحى البلا محلولا
شمس بأرض القدس شيم ضياؤها
فتنورت منها البقاع شعولا
حق علينا شرح متن ثنائه
في كل يوم بكرة و اصيلا

 

یەکێکی دیکە لەو منەوەرانەی، لە پەسنی فەرهەنگەکەدا شیعری نووسیوە، مەلا عاسم کوڕی شێخ حەسەن ئەفەندییە، کە ئەویش مامۆستای قوتابخانەی ساڵحییە بووە لە سێرت، تێیدا دەڵێ:
يروي لغى الاكراد يكشف سرها
ببديع نظم للقواعد ماهد
والكل يشكر في الحقيقة همه
لسليل سيف الله حضرة خالد
يوسف ضياءالدين باشا السهم من.
ورث المفاخر ماجدا عن ماجد

 

بەڵێ، ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەم (مەلا و موفتی و شێخ)، بەگەرمییەوە پێشوازییان لەو فەرهەنگە بەهادارە کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هاوکاریی دانەرەکەیشیان کردبوو، چونکە سەرنجی ئەویان بۆ لای وشە کوردییە ڕەسەنەکان ڕاکێشاوە، ئەو بۆ خۆیشی ئەوانی لەیاد نەکردووە و لە کتێبەکەیدا ناوی ئەو مەلایانەی هێناوە، کە لە دانانی فەرهەنگەکە هاوکاریی ئەویان کردووە.


لێرەوە پرسیارێک بە مێشکی مرۆڤدا دێت، ئەویش ئەوەیە: گەلۆ، لەبەرچی ئەو مەلایانە بۆ خۆیان شانیان نەداوەتە بەر کارێکی وا سەنگین و بە خۆیان فەرهەنگێکیان بۆ زمانی کوردی دانەناوە؟


بە بۆچوونی من، دانانی فەرهەنگێک بەم شێوەیە و لەو سەردەمەدا، پێویستیی بە بیرکردنەوەیەکی ئەکادیمی هەبووە، کە بەداخەوە ئەو بیرکردنەوەیە لای زانایانی ئێمەدا نەبووە. جێی باسە، فەرهەنگی ئەلهەدییە ئەلحەمیدییە، کە د. موحەممەد موکری، لە لوبنان چاپی کرد و بڵاوی کردەوە، پێشەکیی دانەرەکەی لەگەڵدا نییە. دانەر لە پێشەکیی فەرهەنگەکەیدا، دەربارەی ڕێزمانی کوردی و شیعرەکانی ئەحمەدی خانی نووسیوە. بۆیە من پێم وایە، فەرهەنگەکە پێویستی بە چاپێکی نوێ هەبوو، کە تێیدا ژیاننامە و پێشەکیی دانەرەکەی تێدا بێت (چاپی نوێی فەرهەنگەکە، بە لێکۆڵینەوە و پێشەکیی جان دۆست، ساڵی ٢٠١٨ لە ئیستانبۆل چاپ و بڵاو کرایەوە).


فەرهەنگی ئەلهەدییە ئەلحەمیدییە، فەرهەنگێکی گرنگە، چەندین وشەی ڕەسەنی کوردی لە ونبوون و نەمان پاراستووە، فەرهەنگێکە شایستەی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت و لە فەرهەنگە نوێیەکاندا، هەروەها لە نووسینی نووسەرانی کورددا، سوود لە یەک بە یەکی وشە و دەستەواژەکانی ناوی وەربگیرێت و بەکار بهێندرێن.

 

ئایا ئەلخالیدی کورد بوو، یان نا؟
ئەلخالیدی لە بنەماڵەی خالیدییەکانە، کە لەمێژە و لە ڕۆژگارێکی زوودا لە قودس نیشتەجێ بوونە. ئەو بنەماڵە نەیانگوتووە ئێمە کوردین، هیچ بەڵگەیەکی مێژووییشمان لەدەستدا نییە، تا بڵێین ئەوانە کوردن. لەبەرئەوە مافی ئەوەمان نییە شەرواڵێکی کوردی بکەینە بەر دانەری ئەو فەرهەنگە. ئەو کەسێکی عەرەبە، بەڵام حەزی لە زمانی کوردی کردووە، لە کورد نزیک بووە و هەستی بە ئێش و ئازاری کورد کردووە، ویستوویەتی خزمەتێکیان بکات، بۆیە فەرهەنگێکی سەنگینی بۆ ئێمەی کورد داناوە، ئیتر کوردبوون، یان کوردنەبوونی ئەو، هیچ لە ڕۆڵی منەوەرانەی ئەو کەسە و فەرهەنگە گرانبەها و نایابەکەی ناگۆڕێت.


یوسف زیائەددین پاشا، کە ئەو خزمەتە گەورەیەی بە زمانی کوردی کردووە، ساڵی ١٩٠٦ لە ئیستانبۆل کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان:
- مشاهير الكرد و كردستان في العصر الإسلامي، محمد أمين زكي، بغداد ١٩٤٥. 
- ماڵپەڕی بنەماڵەی خالیدییەکان www.khalidi.info
- نهضة الأكراد الثقافية و القومية في القرن التاسع عشر، البروفيسور جليلى جليل، ترجمة بافى نازى و د. ولاتو، بیروت ١٩٨٦.
- الهدية الحميدية في اللغة الكردية، يوسف ضياء الدين باشا الخالدي المقدسي، تقدیم و تحقیق محمد مکري, بيروت ١٩٨٧. 


* نووری بێخاڵی لە کرمانجیی ژووروو، هێناویەتییە سەر کرمانجیی خواروو