نێكرۆفیلیا لادانێكى نامرۆییانەیە

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

نیكرۆفیلیا جۆرێكە لە لادانى سێكسى كە كەسى لادەر لە بابەتى سروشتیى سێكس لا دەدات، چونكە لە بارى ئاساییدا، بابەتى سەرەكیى سێكس و چێژوەرگرتنى سێكسى مرۆڤێكى دیكەى هاوتایە بەو كەسە، بە چاوپۆشین لە توخم و تەمەن و هەر جیاوازییەكى دیكەى نێوانیان، هاوبەشى سروشتیى بۆ پەیوەندیى سێكسى مەرجە كەسێكى زیندوو بێت. وەلێ لە لادانى جۆرى نێكرۆفیلیا، یان مردووبازیدا، تاک حەز دەکات لەگەڵ لاشەی مردوودا سێکس بکات، ئیدی نێر بێ یان مێ.
دەشێ ئەم لادانە پاڵ بەو كەسانەوە بنێ بۆ هەڵدانەوەی گۆڕ، یان کاری کوشتن و تاوانکاری، تا سێکس لەگەڵ لاشەی کوژراوەکەدا بکەن. هەندێک پێیان وایە، بەشێک لەو کەسانەی کە لە گۆڕستان و لەنزیك گۆڕی مردووان كار دەكەن، ئەم لادانەیان هەیە.



پ: بۆچى ئەم لادانە ڕوو دەدات؟
و: لێکدانەوەی هۆکارەکانی ئەم لادانە کارێکی قورسە، یەکێک لە تیۆرەکانی دەروونشیکاری بۆ هۆگربوونی زۆر و ناسروشتیی نێوان کەسی لادەر و یەکێک لە باوانی مردووی دەگەڕێنێتەوە، ئەو کەسە پێی وایە، سێکسکردن لەگەڵ لاشەی مردوو وەک ئەوە وایە، لەگەڵیدا یەک بگرێ. ڕای دیکەش هەیە پێی وایە، ئەم لادانە شێوەیەکە لە شێوەکانی بیرۆکەی زاڵ کە بەسەر فیکری کەسی لادەردا زاڵ دەبێ و بەزۆر پاڵی پێوە دەنێت ئەو بیرۆکەیە جێبەجێ بکات.
لە هەندێ حاڵەتى دەگمەنیشدا، ئەو كەسە مردنى هاوبەشەكەى پێ قبووڵ ناكرێ، لەبەر ئەوە سێكسكردن لەگەڵیدا وەك شێوازێك لە ڕەتكردنەوەى ئەو مردنە پەیڕەو دەكات. بێ گومان ناكرێ ئەم حاڵەتە بە لادان دابنرێ، چونكە بكەر تەنیا جارێ، یان تەنیا لەگەڵ كەسێكى دیاریكراودا ئەو پەیوەندییە دەكات و بێ هیچ پلانێكى لەپێشینە و لە بارودۆخێكى تایبەتیدا ڕوو دەدات.
هەروەها دەشێ هۆكارەكەى بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئەو كەسە متمانەى بە خۆى نییە لەگەڵ كەسێكى زیندوودا سێكس بكات، یان دەرفەتى ئەوەى بۆ ناگونجێت.

پ: كەسێتیى ئەم لادەرانە چۆنە؟
و: بەپێى ڕاى توێژەران و لەدواى لێكۆڵینەوە لەسەر ژمارەیەك لەو كەسانەى بەم تۆمەتە دەستگیر كراون، لە زیندان، یان نەخۆشخانە دەروونییەكاندا ژیان بەسەر دەبەن، كۆمەڵێك خەسڵەتى تایبەتیان هەیە، وەك:
- هەندێكیان توندوتیژ بوون و دانیان بەوەدا ناوە، هەر لە منداڵییەوە چێژیان لە كوشتنى ئاژەڵ و یاریكردن بە باڵندەى مرداربووەوە، یان پشیلە و سەگى تۆپیو بینیوە.
- هەر لە منداڵییانەوە ئارەزووى سەیركردنى لاشەى مردووانیان كردووە بە ڕووتى.
- لە ڕووى دەروونییەوە کەسانى نەخۆشن، دەشێ جۆرەها پشێویى دەروونییان هەبێ و تێكەڵ بووبن بەیەكەوە، هەروەها ماوەى درێژخایەنیش بەسەر ئەو حاڵەتانەدا تێپەڕىبێت، ئەمە واى لەو كەسە كردبێ، كە ژیانێكى سروشتیى نەبێ، هیچ جۆرە پەیوەندییەكى كۆمەڵایەتیى دروستیش لە ژیانیدا نەبێ، بەڵكوو گۆشەگیر و دوور لە خەڵك ژیانێكى ئاڵۆز و تەمومژاوى بژى.
- هیچ بڕوا و متمانەیەكى بە خۆى نییە، دەترسێ لەوەى ڕەت بكرێتەوە.
- هەر لەبەر ئەوەشە مردوو بۆ چێژبینین هەڵدەبژێرێ، چونكە ئیدى هیچ ترسێكى نابێ لەوەى، كە ڕەت بكرێتەوە، یان بە دڵى ئەو كەسە نەبێ.

پ: جۆرەكانى نیكرۆفلیا كامانەن؟
و: چوار جۆرى هەیە:
- نیكرۆفیلیاى بكوژ: ئارەزوو دەكات خۆى ئەو كەسە بكوژێ، تا گەرماوگەرم سێكسى لەگەڵدا بكات، لەدواى ئەوەى كە دەمرێ.
- نیكرۆفیلیاى ئاسایى: بە هیچ شێوەیەك توندوتیژى نانوێنێ، تەنیا لەگەڵ لاشەى مردوواندا سێكس دەكات.
- نیكرۆفیلیاى خەیاڵى: تەنیا لە ڕێى خەیاڵەوە سێكس لەگەڵ مردوودا دەكات، لە واقیعدا نایكات. وەلێ درێژەكێشانى ئەم حاڵەتە و ڕەخساندنى هەلى زۆر بۆ بینینى مردوو، دەشێ هاندەر بێت بۆ پەرەسەندنى حاڵەتەكە.
- نیكرۆفیلیاى ساختە: كەسى بكەر بەر لە ساتى ڕووداوى سێكسكردن لەگەڵ مردوویەكدا، هیچ پلان و ئارەزوویەكى تایبەتى نییە بۆ ئەو جۆرە لە سێكس و تەنانەت لە یەكەم جاردا هەر بیریشى لێ نەكردووەتەوە، چۆن بڵێى هەر بە ڕێكەوت ڕوو دەدات. دەرئەنجامیش دەشێ ئەوە یەكەم جار و دواجار بێت ئەو كارە بكات، یان چێژى لێ ببینێت و ئەگەر دەرفەتى بۆ هەڵكەوێت، چەندبارەى بكاتەوە.

پ: ئایا دیاردەیەكى باوە؟
و: لەڕاستیدا لەبەر ئەوەى حاڵەتى لادانەكە بەرامبەر كەسێك ئەنجام دەدرێ، كە بێدەسەڵاتە لە سكاڵاكردن و دەنگكردن بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەى كە دەكرێتە سەرى، زۆربەى حاڵەتەكانى مردووبازى بە نهێنى و ئاڵۆزى دەمێننەوە و بەدەگمەن ئاشكرا دەبن. لەبەر ئەوە ئامارەكان ئاماژە بە ڕێژەیەكى بەرزى ئەم لادانە ناکەن.

پ: كێن ئەو كەسانەى ئەم ڕەفتارە سێكسییە قێزەونە دەنوێنن؟
و: زۆربەى زۆرى ئەو كەسانە، ئەو پیاوانەن كە ئیشەكانیان پەیوەندیى بە مامەڵەكردنى بەردەوام لەگەڵ مردوواندا هەیە، وەك ئەوانەى كە كارى توێكارى دەكەن، هەروەها گۆڕهەڵكەن و ئەوانەى كە لە گۆڕستانەكاندا ئیش دەكەن. وەلێ توخمى مێینەش لەم لادانە بەدەر نییە. لە وڵاتانى وەك ئەمەریكا، چەند جارێك حاڵەتى ئاشكرابوون و دەستگیركردنى ئەو ژنانە لە ڕۆژنامەكاندا بڵاو بوونەتەوە، كە كارمەندى ناشتن و بەخاكسپاردنى مردووان بوون و لەو ڕێگەیەوە پەیوەندیى سێكسیان لەگەڵ چەندەها لاشەى پیاوى مردوودا كردووە، لەدواى ئاشكرابوونیان دانیان ناوە بەوەدا كە لە چەند ساڵ لەوەو پێشەوە ئەم كارەیان لەگەڵ لاشەى مردوواندا ئەنجام داوە.

پ: ئەى لە كۆندا هەبووە؟
و: بەپێى سەرچاوە مێژووییەكان، ئەم دیاردەیە هەر لە كۆنەوە هەبووە. بۆ نموونە لە میسڕ، كاتێك كە ژنى گەنج مردوون، ڕاستەوخۆ لاشەكانیان نەدراوە بەو پیاوانەى كە كارى تەحنیت و پاراستنى لاشەكانیان لە ئەستۆ بووە، بەڵكوو بۆ ماوەى چەند ڕۆژێ هێشتوویانەتەوە، هەندێ جار لەبەر هەتاو دایان ناون، تا لاشەكە بەرەو شیبوونەوە بڕوات و هەرچى ڕووخسارى سەرنجڕاكێشەرى هەیە لە دەستى بدات، لە ترسى ئەوەى نەكا ئەو پیاوانە دەستدرێژیى سێكسى بكەنە سەریان. هەروەها لە ئەلیازە و ئۆدیساشدا، كاتێك كە ئەخیلى پاڵەوان، شاژنى ئەمەزۆنى دەكوژێ، كە دەبینێ چەند جوان و نازەنینە، پەشیمان دەبێتەوە لە كوشتنى و لاشەكەى لاى خۆى دەپارێزێ، هەندێ سەرچاوە دەڵێن كە سێكسى لەگەڵدا كردووە.

 

پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.