گرۆزیا.. چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌

(10)

چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان
ئه‌م بابه‌ته‌ مێژووییه‌ له‌ ساڵی 1991 به‌دواوه‌، له‌ شاری كه‌ره‌جی ئێران، له‌ مام حەسۆ میرخان و عه‌لی شەعبان و حاجك دۆڵه‌مه‌ری و (به‌تایبه‌ت له‌ كازم شانه‌ده‌ری، به‌رله‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كه‌ی لێ زه‌فت بكرێت و هه‌موو شتێكی لێ بستێنن)، وه‌رگیراوه‌، لەگەڵ هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ی بارزانی، ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ركرده‌ی مێژوویی شۆڕشی كورد، مه‌لا مسته‌فا بارزانی زۆر نزیك بوون و لەگەڵیدا چوونه‌ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت.


هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌قی فارسیی كۆنی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س و نووسه‌رێكی ئێرانی و چاوپێكه‌وتن و دانیشتن و تۆماركردن لەگەڵ ده‌یان ژنی سۆڤیه‌تی (كۆن)، له‌ ئێران و لەگەڵ هاوسه‌ره‌كانیان، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی1959 و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق و پاشان هه‌ڵاتنه‌وه‌یان بۆ ئێران، ئاماده‌ كراوه‌.


هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ش، به‌رپرسه‌ سۆڤیه‌تییه‌كان رازی بوون، كه‌ بارزانی بۆ خۆی له‌ (مۆسكۆ)ی پایته‌ختدا بژیت، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی گیروگرفتیان بۆ دروست نەكات!


پاشان (بارزانی)یان ئاگادار كرده‌وه كه‌ پێویستی به‌ خۆیندنی (ئه‌كادیمی) هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زانیاریی زیاتری هه‌بێت له‌م لایه‌نه‌وه‌ (له‌ بابه‌تێكی تردا، به‌ وردی باسی خوێندنی باڵای ئه‌كادیمی بارزانی له‌ مۆسكۆ ده‌كه‌ین، كه‌ زۆر كه‌س ورده‌کارییەكه‌ی نازانێ).


(له‌ مۆسكۆ) بارزانی زانیاریی له‌شكری خوێند، ئینجا له‌ (قوتابخانه‌ی باڵای حزب) ده‌ستی به‌ خوێندن كرد.


پاشان، كه‌سوكار و خزم و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی بارزانی له‌ عێراق، داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان كرد له‌ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان، كه‌چی مۆسكۆ حه‌زی نه‌ده‌كرد لەو كاته‌دا بگه‌ڕێنه‌وه‌.


به‌ڵام، بارزانی له‌ عێراق به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا و (كرملین) خۆیشی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی گۆڕا و هه‌رچه‌نده‌ پێشان حه‌زیان نه‌ده‌كرد بارزانی بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ گومانیان هه‌بوو لەوەی (بارزانی) بۆ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت دڵسۆز بێت‌، به‌ڵام سۆڤیه‌تییه‌كان ناچار بوون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی (بارزانی) رازی بن، نه‌وه‌ك تۆمه‌تبار بكرێن به‌ (تێكدانی) ئه‌و پێكهاتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دونیای سه‌رمایه‌داریی جیهاندا، ئه‌نجامیان دابوو.


به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی بۆ وڵات، بارزانی له‌ هه‌وڵدانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ زۆر ماندوو بووبوو، ئه‌وه‌بوو پاش هه‌وڵێكی زۆر، توانی خۆی بگه‌یەنێته‌وه‌ ده‌زگای لیژنه‌ی ناوه‌ندیی حزبی شیوعی و له‌وێش قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ (نووره‌دین محیه‌دین) و له‌گه‌ڵ سكرتێری لیژنه‌كه‌ش بکات، له‌پێشیان بڕیاری دا كه‌ هەڵوێستی توند بنوێنێ ئه‌گه‌ر لێ نه‌گه‌ڕین بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق.


به ‌هه‌رحاڵ، بارودۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی (بارزانی) و پێشمه‌رگه‌كانیدا بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق، پاش (شۆڕشی 14 ته‌مووز)، حكوومه‌تی عێراقیش پێویستی به‌ په‌یوه‌ندیی چاك هه‌بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا‌.


له‌لایه‌كی تره‌وه‌، یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت پێی خۆش بوو په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد باش بكاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات، پێشوازییه‌كی بێ وێنه‌ له‌ بارزانییه‌كان كرا.

 

بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ مۆسكۆ
به‌ر له‌ بیست ساڵ و له‌ گۆڤاری (ئه‌لوه‌سه‌ت)، ژماره‌ 357 له‌ 30 /10/ 1998دا.


مام (جه‌لال تاڵه‌بانی) به‌ (شربل داغر)ی رۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت:
”ساڵی 1957 كه‌ گه‌یشتمه‌ مۆسكۆ، ئامانجی سه‌ره‌كیم ئه‌وه‌ بوو، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بگه‌مه‌ (بارزانی) و چاوم پێی بكه‌وێت.


ئامانجی دووه‌میشم ئه‌وه‌ بوو، كه‌ دیارییەك بده‌مه‌ دایكی (زۆیا)، (زۆیا)ش كچێكی رووسی به‌ناوبانگه‌، ناوی راسته‌قینه‌ی (ئانا دیمۆسڤكایا)، كاتی خۆی، به‌ پەڕەشتووتە ئاسمانییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، له‌پشت هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا هاته‌ خوارێ و شه‌ڕێكی بێ وێنه‌ی كرد. كوڕه‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی (ئانا دیمۆسڤكایا)ش له‌ شه‌ڕی (به‌رلین) كوژرا.


دیارییه‌كه‌ی من بۆ ئازایه‌تیی ئه‌و دایكه‌ بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو قاره‌مانه‌ی هێنایه‌ كایه‌وه‌.


وشه‌یه‌كی نهێنی له‌نێوان من و (مه‌هدی هاشم ئه‌لنه‌جه‌فی)دا هه‌بوو، كلیلی متمانه‌ی ئێمه‌ بوو.


... به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی تر، كه‌ له‌ ماوه‌ی پاش نیوەڕۆیان ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، من له‌ هوتێله‌كه‌ ده‌مامه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی كه‌ شتێك له‌ حزبی شیوعییەوە بگاته‌ ده‌ستم، یانیش (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكات.


رۆژێك له‌ رۆژان دوو كه‌سم بینی، لێم نزیك بوونه‌وه‌ و به‌ زمانی رووسی قسه‌یان له‌گه‌ڵدا كردم، پێم گوتن كه‌ زمانی رووسی نازانم!


پاش ئه‌وه‌ی له‌ ناسنامه‌ی منیان پرسی، گوتم:
- من عێراقیم و كوردم.


ئه‌وانیش گوتیان:
- ئێمه‌ به‌دوای هه‌ڤاڵێكدا ده‌گه‌ڕێین ناوی (جه‌لال تاڵه‌بانی)یه‌.


منیش خۆم پێشكه‌ش به‌وان كرد و پرسیاری ناسنامه‌ی ئەوانم كرد، پاش هه‌ندێك قسه‌كردن، (وشه‌ شاراوه‌كه‌)یان، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ (مه‌هدی هاشم ئه‌لنه‌جفی) له‌سه‌ری پێك هاتبووین، به‌كار هێنا، ئه‌ویش وشه‌ی (كه‌و) بوو، كه‌ باڵندەیه‌كی شاخاویی ناسراوه‌.


ئه‌وانیش خۆیان پێشكه‌ش كرد، یه‌كێكیان به‌ ناوی (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی) بوو، له‌ پیاوه‌ نزیكه‌كانی بارزانی بوو. لەگەڵیان تا شوێنه‌كه‌ی چووم.


له‌و كاته‌ی كه‌ (بارزانی)م بینی، پێم ناكرێ و ناتوانم هه‌ستی خۆم باس بكه‌م!


له‌ ژوورێك، له‌ رۆخه‌وه‌ دانیشتین و زۆر قسه‌مان كرد، باسی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ومان كرد، چاره‌نووسی منداڵه‌كان، به‌تایبه‌ت كوڕه‌كه‌ی (سابیر)، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌دایك بوو و بارزانی نه‌یدیت، پاشان له‌ به‌غدا كوژرا، خوا لێی خۆش بێت.

 

پاش ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ و پاش زانینی ناونیشانه‌كه‌ی، هاتوچوونم بۆ لای (بارزانی) دووباره‌ ده‌بووه‌وه‌، هه‌ر له‌وێ (مه‌حه‌مه‌دئه‌مین میرخان)م ناسی، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قاره‌مانه‌كانی شۆڕشی كورد، ئه‌و كاته‌ی له‌ (قوتابخانه‌ی حزبی) ده‌یخوێند له‌ رووسیا، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌م له‌گه‌ڵ بارزانی، یه‌كه‌م دیتنم بوو لەگەڵ ئه‌و.


چاوپێكه‌وتنم به‌ بارزانی، وه‌كوو چاوپێكه‌وتنێكی (ده‌روێشێك) به‌ سه‌رۆكی (ته‌ریقه‌تەکەی) خۆی بكه‌وێت، وابوو. خۆشییه‌كی بێ وێنه‌ بوو، پێم ناكرێت باسی بكه‌م، (بارزانی)مان زۆر بڵند بوو لامان.


سه‌باره‌ت زۆر شت گفتوگۆیه‌كی زۆرم له‌گه‌ڵدا كرد و رای ئه‌وم وه‌رگرت. بارزانی داوای كرد په‌یوه‌ندییه‌كانمان لەگەڵ هۆز و عه‌شیره‌ته‌كان بەهێز بكه‌ین.


سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ (رووسیا)وه‌، بارزانی وای پێ باش بوو كه‌ كاره‌كانمان له‌ (ناوه‌وه‌) ته‌نیا بۆ په‌یوه‌ندیی به‌ رووسیاوه‌ نه‌بێت، گوتیشی، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ (رۆژئاوا)شەوە بكه‌ن، به‌ رێگای وه‌زیره‌كه‌ی پێشووتر وه‌كوو (بابا عه‌لی شێخ مه‌حموود)، کە په‌یوه‌ندیی چاكی هه‌بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوادا، به‌تایبه‌ت لەگەڵ ئه‌مەریكا.


من له‌و باوه‌ڕەدا بووم كه‌ بارزانی خۆڕاگریی فكریی و توندیی من، ئه‌زموون ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ئایا دژایه‌تیم لەگەڵ ئمپریالیه‌ت و (ره‌جعییه‌ت) هه‌یه‌! ئایا حه‌ز ده‌كه‌م په‌یوە‌ندیم له‌گه‌ڵ سه‌ربازگای (ئیشتیراكی) توندتر بێت.


وه‌ڵامه‌كه‌ی من بۆ بارزانی سه‌یر بوو: چۆن ده‌بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ببەستم!


به‌ڵام وه‌ڵامی (بارزانی) به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
”گوێ له‌ قسه‌كانم بگره‌ و بڕۆ“.


ئه‌و، تێی گه‌یاندم كه‌ په‌یوه‌ندی لەگەڵ هه‌ندێك كه‌س- له‌ناو وڵاتدا - گرێ بدەم، له‌وانه‌ش، (شێخ له‌تیف كوڕی شێخ مه‌حموود)، كه‌ ده‌كاته‌ برای (بابا عه‌لی).


... له‌ (بارزانی)شم داوا كرد كه‌ هه‌ندێك نامه‌ بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ (ناوه‌وه‌) بنووسێت و هه‌ندێك وێنه‌شم بۆ دۆست و براده‌ران لێی وه‌رگرت، به‌ ده‌ستی خۆی پێشكه‌شیی له‌سه‌ر نووسین.