مامۆستا فواد ئەحمەد سروودی (ئێمە منداڵی جوانین)ی بۆ گوتین

سه‌ری هارومار

ٍدوای ته‌واوبوونی ده‌وامی قوتابخانه‌، به‌په‌له‌ فراڤینم ده‌خوارد، ده‌چوومه‌ لای حه‌مید و به‌یه‌كه‌وه‌ روومان له‌ خێوه‌تی قه‌ره‌جه‌كان ده‌كرد، حه‌مید تۆزێك نزیك ده‌بۆوه‌ و له‌گه‌ڵ گوڵنار سڵاویان بۆ یه‌كتر ده‌نارد، منیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشام ده‌كردن، حه‌مید جارجار به‌رده‌ستیی بابی كچه‌كه‌ی ده‌كرد، تاژی و تووله‌كانی ده‌بردنه‌ سه‌ر چاڵاو تا ئاو بخۆنه‌وه‌، یان قه‌فه‌زی كه‌وه‌كانی ده‌گواسته‌وه‌.


رۆژێك، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، تووشی كوڕێك بووین كه‌ ناوی ره‌فعه‌ت بوو، له‌ ئێمه‌ گه‌وره‌تر، به‌رده‌وام به‌ سواری پایسكیل ده‌سووڕایه‌وه‌، ده‌یانگوت:
مریشك یان كه‌ڵه‌بابی ماڵان ده‌دزێت و ده‌چین له‌ بازاڕ ده‌یانفرۆشێت، ره‌فعه‌ت رووی له‌ حه‌مید كرد و گوتی:
ـ ها بابه‌، له‌گه‌ڵ ئاشقاتی كووی؟ كوڕم ئه‌وانه‌ پێت راده‌بوێرن، رۆژه‌ك لێره‌نه‌ رۆژه‌كی دی ده‌چنه‌ بنی دنیایێ.


حه‌مید خۆی تێك نه‌دا و وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ بابه‌ ئه‌من هه‌قم چییه‌، لۆخۆم ددانه‌كی زێڕم كردییه‌.


ره‌فعه‌ت به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ گوتی:
ـ زێڕی چی.. كوڕم ئه‌وه‌ پاقره‌، هه‌موو ددانت ژه‌نگاوی ده‌كات.


رۆژانه‌، له‌ كاتی ریزبوونی ده‌وامی به‌یانیدا، به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌هاته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، به‌رده‌وام باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ ده‌وام زۆری نه‌ماوه‌، پێویسته‌ ئاگاداری ده‌رسه‌كانتان بن، هه‌روه‌ها رۆژانه‌ ئاماژه‌ی به‌ قوتابییانی پۆلی شه‌شه‌م ده‌كرد و ده‌یگوت:
ـ ئه‌وانه‌ گوڵی گه‌شی ناو باخچه‌ی قوتابخانه‌ن، هه‌ر مانگێكی دیكه‌یه‌ به‌جێمان دێڵن، ده‌چنه‌ قۆناغی ناوه‌ندی.
له‌ دڵه‌وه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رم پێ خۆش نه‌بوو، حه‌زم نه‌ده‌كرد ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ جێ بهێڵم.
له‌ یه‌ك له‌ رۆژه‌ خۆشەكانی ئه‌و به‌هاره‌، هه‌موومان له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌ ریز كراین، ده‌نگی سروودێكی خۆش (ئێمه‌ منداڵی جوانین.. ئاواتی نیشتمانین) له‌ بڵندگۆوه‌ ده‌هاته‌ به‌ر گوێم، كۆمه‌ڵێك منداڵی كچ و كوڕ، زۆر به‌جوانی ئه‌و سرووده‌یان ده‌گوت، دوو مێزی گه‌وره‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كتێب و زه‌رفی پێچراوه‌یان له‌سه‌ر داندرابوو، له‌ناو چه‌قی گۆڕه‌پانه‌كه‌ داندرابوون، هه‌ردوو مامۆستای سروود (مونیر ساعاتی و ته‌حسین ته‌ها)، له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی دیكه‌، كه‌ یه‌كه‌مین جار بوو بیبینم، له‌ته‌نیشت یه‌ك راوه‌ستا بوون.


مامۆستا ته‌حسین ته‌ها، هاته‌ به‌رده‌م میكرۆفۆن و گوتی:
قوتابییانی خۆشه‌ویست، مامۆستا فوئاد ئه‌حمه‌دی هونه‌رمه‌ند، ئه‌مڕۆ میوانی ئێمه‌یه‌، به ‌ناوی مامۆستایان و قوتابییانه‌وه‌ زۆر به‌خێرهاتنی ده‌كه‌ین و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ دیاری به‌سه‌ر قوتابییه‌ به‌هره‌داره‌كانی پۆلی شه‌شه‌م دابه‌ش ده‌كات.
ناوی ژماره‌یه‌ك له‌ قوتابییانی پۆلی شه‌شه‌م خوێندرایه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ چالاكیی هونه‌رییان هه‌بوو، یان له‌ فرۆشگای قوتابخانه‌ كاریان كردبوو، منیش یه‌كێك بووم له‌ بانگكراوه‌كان.


مامۆستا فوئاد ئه‌حمه‌د رووی له‌ قوتابییان كرد و گوتی:
خۆشه‌ویستان، قوتابخانه‌كه‌ی ئێوه‌، له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ یه‌كه‌می شاری هه‌ولێره‌، هیوادارم هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بن.
به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستایان، خه‌ڵاته‌كانیان دابه‌ش كرد، كه‌ بریتی بوو له‌ دانه‌یه‌ك له‌ كتێبی (سروه‌ی به‌یان) و دوو ده‌فته‌ر رسم و پاكه‌تێك قه‌ڵه‌می ره‌نگاوڕه‌نگ، له‌ خۆشیاندا خه‌ریك بوو بفڕم.


مامۆستا مونیر عوده‌كه‌ی به ‌ده‌سته‌وه‌ گرت و گوتی:
ئێستاش مامۆستا فوئاد ئه‌حمه‌د سروودی (ئێمه‌ منداڵی جوانین)تان پێشكه‌ش ده‌كات.
به‌ده‌م چه‌پڵه‌لێدان و خۆهه‌ژاندنه‌وه‌دا گوێمان له‌و سرووده‌ گرت كه‌ تا ئه‌م چركه‌یه‌ش له‌ گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌.


ئێمه‌ منداڵی جوانین ـ ئاواتی نیشتمانین
كامه‌ران و شادومانین ـ كه‌ نه‌وه‌ی كوردستانین
رۆڵه‌ی خاكی پیرۆزین ـ بۆیه‌ هێنده‌ به‌سۆزین
شه‌و و رۆژ تێ ئه‌كۆشین ـ بۆ وڵات به‌په‌رۆشین
ئێمه‌ منداڵی جوانین- ئاواتی نیشتمانین
خاكی وا پان و به‌رین ـ لوتكه‌ی سه‌فین هه‌ندرێن
مافمان ئه‌ده‌نێ به‌ ژین ـ هه‌میشه‌ سه‌ربه‌ست ئه‌ژین
ئێمه‌ منداڵی جوانین- ئاواتی نیشتمانین
ئێمه‌ پیاوی دواڕۆژین ـ بۆیه‌ هێنده‌ دڵسۆزین
چه‌كی مه‌ردی ئه‌به‌ستین ـ چونكه‌ گه‌لی سه‌ربه‌ستین
ئێمه‌ منداڵی جوانین ـ ئاواتی نیشتمانین..


ئه‌و سرووده‌، بوو به‌ وێردی سه‌رزاری هه‌موومان، رۆژی وا هه‌بوو، هه‌موو قوتابییان له‌ كاتی ریزبوونی به‌یانییاندا، به‌یه‌كه‌وه‌ سرووده‌كه‌مان ده‌چڕی.


زۆرجار له‌ ئێستگه‌ی كوردیی رادیۆی به‌غدا، گوێم له‌ هه‌ندێك سروود و گۆرانیی مامۆستا فوئاد ئه‌حمه‌د ده‌بوو، ده‌نگی زۆر خۆش و ئاوازه‌كانی به‌سۆز بوون، كاتێك سه‌یری كتێبی (سروه‌ی به‌یان)یشم كرد، بینیم ژماره‌یه‌ك له‌و سروود و گۆرانییانه‌ی تێدایه‌ كه‌ له‌ ئێستگه‌ی كوردی گوێم لێ ده‌بوون.


زۆر سبه‌ینان گوێم له‌ گۆرانیی (سروه‌ی به‌یان) ده‌بوو کە له‌ ئێستگه‌ی كوردی رادیۆی به‌غدا بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، ئه‌و گۆرانییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانییه‌ هه‌ره‌ خۆشه‌كانی فوئاد ئه‌حمه‌د و شیعره‌كه‌ش هی مامۆستا (مه‌دحه‌ت بێ خه‌و)ه‌، به ‌یادی جاران وا ده‌قی ئه‌م گۆرانییه‌ پێشكه‌ش به‌ ئازیزان ده‌كه‌م.


سروه‌ی به‌یان ـ ئه‌ی هه‌ستی جوان
ئارامی گیان
په‌یام بێنه‌ و به‌ره‌وه‌ ـ دووری نزیك خه‌ره‌وه‌
سارێژكه‌ زامی به‌ژان
سروه‌ی به‌یان
ئه‌مه‌وی بێ وچان ـ هه‌موو ئێواره‌ و به‌یان
بۆم بێنێ بۆنی گوڵان
سروه‌ی به‌یان
پێی بڵی بۆ تۆ دڵدار ـ دڵ به‌سۆزه‌ و هاوار
با به‌س بێ چاوه‌ڕوان
سروه‌ی به‌یان..