ئیبراهیم لە تەمەنی سەد ساڵی و سارای نەوەد ساڵە ئیسحاقیان بوو

چیرۆكی پیغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 23

 نەوەخستنەوەی ئیبراهیم
ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، كاتێك خەتەنە كرا.


سەرەڕای بەڵێنەكانی یەزدان كە نەوەی ئیبراهیم لە خاك و خۆڵ زیاتر دەكات، هێشتا ئیبراهیم لە سارا هیچ منداڵێكی نەبووە. بۆیە ڕوو لە یەزدان دەكات، كە دابەزیوەتە سەر زەوی، دەپرسێ:
{ئایا پیاوێكی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا، كە لە تەمەنی نەوەد ساڵیدایە، منداڵی دەبێت؟}
لەو نیگەرانییە قووڵەی ئیبراهیمدا، لە بەڵێنی خودادا، لە چیرۆكی كچەكانی ڵووتدا، تاكە شتێك زۆر زەق دەردەكەوێت، ئەویش خەمی گەورەیی و نیگەرانییە بۆ منداڵبوون. ئەوەش ترسی گەورەی ئینسانە لە بڕانەوەی توخمەكەی لەسەر زەوی.


{یەزدان فەرمووی:
- لە سارای ژنت كوڕێكت دەبێ، ناوی دەنێیت ئیسحاق}.
لە سەفەری دواتریاندا، كە دابەزیون تا بڕۆن و سەدۆم وێران بكەن.


{یەزدان پێیانی فەرموو:
- كوا سارای ژنت؟


ئەویش گوتی:
- ئەوەتا لە چادرەكەدایە.


ئینجا یەزدان فەرمووی:
- بێ گومان ساڵێكی دیكە ئەم كاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت كوڕێكی بووە}.


دەبێ كوڕ چ بەهایەكی دینیی و دنیایی هەبێ، كە دەبێتە بابەتی مشتومڕی نێوان خودا و پێغەمبەرەكەی. چەندان جار بەڵێنی نەوەخستنەوە و زیادكردنی بە ئیبراهیم دەدرێ. دیسانەوە ژن، ژن دێتە ناو بابەتەكە و ڕێچكەی وتووێژەكان دەستكاری دەكات:
{ساراش لە دەرگای چادرەكەی خۆیەوە، كە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو:
- ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵاچوو بوون، ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەر چووبوو. سارا لە دڵی خۆیدا گوتی:
- ئایا لەدوای ئەوەی لە كەڵك كەوتووم و مێردەكەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟}.
ژن بە بابەتێكی جیاوازەوە دێتە ناو وتوێژەكەمەوە و كاریگەریی خۆشی جێ دەهێڵێ.
مەبەست لە (خۆشی) تەنها منداڵبوونە و منداڵیش دەبێ كوڕ بێت. سارا بە ئەزموونی ژنانەی خۆی دەزانێ لە منداڵبوون كەوتووە.


منداڵبوون لەنێوان ژن و پیاودا:
مێژووی ئینسان لەو كاتەوە دەست ئێمە كەوتووە، یان بە هەر شێوەیەك بێ گەیشتووەتەوە ئێمە، كە دەسەڵات و قەڵەم و پارە لە دەستی پیاودایە، فەرهەنگی تەوراتیش سەر بە كولتووری پیاوە، پیاو قسە دەكات و فەرمان دەردەكات. ئەوەی كە دەستێكی پیاوانە لەپشت نووسینەوەی تەوراتە بەو فەرهەنگە پیاوانەوە دیارە، كە بەرپای كردووە. (بە ڕەگەزی هەموو ئەو فریشتانەوە دیارە، كە دابەزییون، بە هەڵەش یەكێكیان ژن نییە)، هەر لەبەر ئەوەشە زمانی ئایینەكان زمانێكی پیاوانەیە، ژن تا ئێستا لەپشت هیچ ئایینێكەوە قسەی خۆی نەكردووە كە بە ئێمە گەیشتوون و بەشدارییان لە پێكەوەنانی كولتووری ئینسانیدا كردووە. تا ئەمڕۆش ژن كاتێك قسەی خۆی دەكات، كە ئایین پاشەكشە دەكات، هەرگیز لە وجوودی ئاییندا ژن نابێتە خاوەنی ئاستێكی كۆمەڵایەتیی شایان بە ئینسان. كۆمەڵگە هی پیاوە، كوڕ نەسلی خێڵە و بنەماڵە دەپارێزێ. كچ ئەو كێڵگەیەیە كە نێر دەیكێڵێ، هەر كەس بیكێڵێ هی ئەوە (ئەوەش بنەمای فەلسەفەی ئایینەكانە).
پیاو لە هەموو تەمەنێكدا ئامادەی چاندنە، بەڵام ژن لە تەمەنێكی دیاریكراودا دەوەستێت و ئیدی ناتوانێ منداڵ لە سكی خۆیدا هەڵگرێ. ژن لە چل بۆ چل و پێنچ ساڵیدا لە هێلكەدانان دەوستێ.
جەستەیشی ئیدی بەرگەی ئەو هەموو گۆڕانكارییانە ناگرێ، كە لە كاتی سكپڕیدا بەسەر جەستەیدا دێت.
ئەوە ژنە هەست بەو گۆڕانكارییە قورسانەی تەمەن دەكات، نەك پیاو. پیاو تۆوەكە فڕێ دەدات و ژن دەبێ وەك كێڵگەیەك بەرهەمی بێنێ و لەسەر جەستەی خۆی بەخێوی بكات، بەڵام تەورات قسەكانی سارا بەو خەمخۆرییە لێك ناداتەوە، وەك بەشێك لە لاوازیی ئیمان و نەبوونی متمانە تەفسیر دەكرێ، یان سەیری دەكات.


ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو:
- بۆچی سارا پێكەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێ؟“ هیچ شتیك هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە كاتی دیاریكراودا دێمەوە لات و ساراش كوڕێكی بووە.


سارا درۆی كرد و گوتی:
- پێنەكەنیم.
چونكە ترسا، بەڵام ئەو فەرمووی بەڵێ پێكەنیت. تەورات، پەیدابوون:١٨}.
لەو دیالۆگەدا جۆرێك لە فێڵ و ناڕازیبوون و ڕازیبوونیش هەیە، بەڵام هەموویان بە تامی ئینسانەوە، وتووێژەكان ئینسانین، خودا لێ گەڕاوە ڕووداوەكان وەك خۆیان تێپەڕن، بەڵام كاتێك قسەكان دەگەنە ئاستێك پێویستی بە بڕیاردانە، یەزدان پرسیاری ئەوەیان لێ دەكات، یان پرسیاری وایان لێ دەكات كە ناخیان دەجووڵێنێ و ئیمانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
كە ئایا هیچ شتێك هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێ؟
لە هەموو ئەو شوێنانەی، كە ئینسان دەگاتە (دوودڵی) میتۆلۆژیا یان دەستێكی غەیبی دەكەوێتە كار، بۆ ڕەواندنەوەی دوودڵییەكەی. ئەو دەستەش دەبێ (كارینەكراو) یان كاری ئەستەم بكات. كاری ئەستەمیش لێرەدا منداڵبوونی ژنێكی نەوەد ساڵەیە. لەو وتووێژەشدا ئەگەر شەرمەزارییەك هەبێ بەر ژن دەكەوێت، چونكە تەنیا ئەو (درۆ) دەكات، ئەویش لەبەردەم یەزداندا. دەڵێ پێنەكەنیوم. ئایا یەزدان بۆچی لەسەر پێكەنین بە قسەكانی، یان لەسەر ئەو درۆ و حاشاكردنەكەی، كە خۆی هەستی پێ دەكات، سزای سارا نادات؟ لەكاتێكدا ژنەكەی ڵووت لەسەر تاكە ئاوڕدانەوەیەك كرایە عیبرەت، یان ستوونێك لە خوێ!
دەشێ هەر لەبەر ئەوە بێ كە بەڵێنەكانی یەزدان، تا ئەو كاتە ناهاتوونەتە دی، سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەكانی بە زۆركردنی نەوەكانیان هێندەی خۆڵی بیابان؟
{سارا لە پیرەمێردیەتیی ئیبراهیمدا سكی پڕ بوو و منداڵێكی بۆی بوو، لەو كاتەی كە خودا پێی فەرموو. ئیبراهیم كوڕە لەدایكبووەكەی خۆی كە سارا بۆی بووبوو، ناوی لێ نا ئیسحاق: تەورات: پەیدابوون: ٢١}.


ئەو چەند دێڕە چی دەگەیەنن:
- هاتنە دیی بەڵێنی خودا.
- شكاندنی یاساكانی سروشت و هەستانە سەر پێی میتۆلۆژیا.
- دەستپێكردنی چیرۆكێكی تازە كە چیرۆكی ئیسحاقە.
پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی یەزدان بەڵێنەكەی ناباتە سەر، تا سارا پێنەكەنی؟ بۆچی هەموو گۆڕانكارییە گرنگەكانی ناو ئایینەكان ژنێكیان لەپشتەوەیە، بە ڕۆڵێكی نەرێنییەوە؟
هەموو ئایینە ئاسمانییەكان بە ڕایەڵەیەكی گرنگ و پتەوەوە خۆیان هەڵواسیوە، هەر كاتێك بیانەوێ پێ لەسەر زەوی دادەنێن و لە كاتی پێویستیشدا هەڵدەکشێنەوە ئاسمان. هەر ئەوەش ڕەگی مانەوەی ئایینەكانی مسۆگەر كردووە.
هەموو حیكمەتی هاتنەدیی بەڵێنەكە و نەوەخستنەوەی سارا ئەوەیە، كە ژن لەو تەمەنەدا ناتوانێ منداڵی ببێ، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، بۆ دەبێ جیهان چاوەڕێی موعجیزەیەك بكات، تا منداڵێك بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری و نەوەی بێشومار لەدایك ببێ، لەكاتێكدا ڕۆژانە هەزاران منداڵ بە ئاسایی لەدایك دەبن؟
{كاتێك ئیسحاقی كوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی كرد، هەروەك چۆن خودا ڕایسپاردبوو. تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو، كاتێك ئیسحاقی كوڕی لەدایك بوو. پەیدابوون: ٢١}.


تەورات و پێكەنین:
بۆ یەكەمجار لە دەقێكی دینیدا جەفەنگ هەیە، دەقێك دەبێتە بابەتی پێكەنین، سارا پێدەكەنێ، خودا سارا دێنێتە پێكەنین. ئەوەش نیشانەی ئاساییبوونی دەقی تەوراتە.


{سارا گوتی:
- خودا منی خستووەتە پێكەنین، هەر كەسێكیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەكەنێت.


هەروەها گوتی:
- كێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونكە لە پیرەمێردیی ئەودا كوڕێكم بوو. تەورات}.
میتۆلۆژیا لە هەموو بارێكدا جێگای ترسە و هەندێ جاریش سەرسامبوون، ئەگەر كەسێك دەرگا بكاتەوە و لە ژوورەكەی بێتە دەرێ، ئەوە میتۆلۆژیا نییە، ئەگەر ئەو كەسە لە ژوورێكی كونبڕی بێ دەرگا و پەنجەرەدا بێ و بێ ماندووبوون، لە خۆیەوە بە دیوارەكەدا بێتە دەرێ ئەوە میتۆلۆژیایە. ئەوە دەستێكی نهێنیی لەپشتییەوەیە. لە هەمان كاتدا جێگای ترس و سەرسامبوونیشە. باوكێك بەیانییان لە خەو هەڵدەستێ، ئەوە سروشتییە، بەڵام باوكێكی مردوو لە گۆڕستان دەگەڕێتەوە، ئەوە میتۆلۆژیایە، منداڵەكانی خۆی لەبەری هەڵدێن.
ئەوە چ میتۆلۆژیا خولقاندنێكە، كە سارا دەخاتە پێكەنین؟
نهێنیی ئەوە تەنیا پەیوەندیی بە فەزای خولقاندنەكەوە هەیە. ئەو كاتەی یەزدان هەواڵ دەداتە ئیبراهیم، كە كوڕی دەبێ، هەمان كاتە كە هاتووە شاری سەدۆم و عامۆرا وێران بكات، هەمان دانیشتن و میواندارییە. هەر لێرەشدایە كە سارا لەودیو چادرەكەوە پێدەكەنێ، هەر هەمان پێكەنینیشە دەگوازرێتەوە بۆ سەر كاغەز و ناو چیرۆكەكە.


بنیاتنەری چیرۆك خەریكی چییە؟
چیرۆكبێژ تەنها ڕووداو ناگێڕێتەوە، بەڵكوو دنیا خەلق دەكات، ئینسان فۆڕمەلە دەكاتەوە. لە بەرەی ئیبراهیم دوو منداڵی خستووەتە سەر زەوی، ئیسماعیل و ئیسحاق، یەكیان لە هاجەری كەنیزە و ئەوی دیكەیان لە سارای ژنی، كە تەمەنی نەوەد ساڵە. هەردووكیان نەوەی دیارترین پێغەمبەرن، بەڵام هەردووكیشیان چیرۆكی تایبەتی خۆیان هەیە، بە جۆرێك كاریگەرییان بەسەر مێژووی ئینسانەوە بڵاو دەبێتەوە. دنیا لەوە پیرتر و سەیرترە، كە من دەینووسمەوە، بەڵام حەقیقەت ئەوە نییە، كە ڕوو دەدات، بەڵكوو ئەوەیە كە دەنووسرێتەوە. تەوراتیش نووسراوەتەوە.