بیرەوەرییەکانی کچەکەی ستالین

رێک وه‌ك باوكیەتى، ناتوانێ بێ دوژمن بژى

(5)



ئاڵا له‌و شه‌ویدا دواى كۆتاییهاتنى كۆنسێرته‌كه‌، له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ماڵ، نامه‌یه‌كى پێ گه‌یشت، كه‌ سڤیتلانا نووسیبووى و ناردبووى. ئاڵا دواى خوێندنه‌وه‌ى نامه‌كه‌، ده‌ستى به‌ گریان كردبوو و نامه‌كه‌ى پیشانى ئیستیپانى مێردی دابوو.


ئیستیپان دواى تێپه‌ڕبوونى ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌دا گوتى: "نه‌مده‌توانى باوه‌ڕ به‌ ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌ بكه‌م. به‌شێوه‌یه‌كى زۆر بێ شه‌رمانه‌ و بێ ویژدانانه‌، به‌وپه‌ڕى سووكایه‌تى و بێ به‌زه‌ییانە‌ نووسرابوو". دواتر ئاڵا نامه‌كه‌ى نیشانى خه‌زوورى (ئاناستاس میكۆیان) دابوو. میكۆیان دواى خوێندنه‌وه‌ى نامه‌كه‌ گوتى: رێك وه‌ك باوكیەتى، ناتوانێ بێ دوژمن بژى.


ئایا ئه‌مه‌ دەربڕین و دادوه‌رییه‌كى هه‌ڵقوڵاو له‌ ویژدانه‌وه‌ بوو؟ بێ گومان سڤیتلانا خه‌سڵه‌تێكى سته‌مكارانه‌ى تێدا هه‌بوو. سڤیتلانا هه‌ر له‌ قۆناغی منداڵیدا، دواى مردنى دایكى، له‌ دنیایه‌كدا كه‌ هه‌موو شتێك تیایدا پڕ مه‌ترسیتر و پڕ راز و ره‌مزتر بوو، كه‌ قسه‌ى له‌باره‌وه‌ بكرێ، به‌و هێزه‌ى خۆى زانیبوو. ئه‌و ده‌یزانى ئه‌و شتانه‌ى ده‌یه‌وێ، چۆن به‌ده‌ستى بێنێ و هه‌ر كاتێك نه‌گه‌یشتایه‌ به‌ ئامانجه‌كه‌ى، بێ هیچ به‌ربه‌ست و كۆسپێك، هه‌سته‌كانى خۆى ده‌رده‌خست. تووڕه‌یی له‌ ده‌روونیدا هه‌ڵده‌قوڵا و ئه‌و تووڕه‌ییەیشی بێ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌نجام و زیانه‌كانى، هه‌ڵده‌ڕشت. ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر رم و تیرى تووڕه‌یی سڤیتلانا كه‌ له‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا هیچ پاساوێكیان بۆ شك نه‌ده‌برد، به‌ڵام له‌م بابه‌ته‌ به‌تایبه‌ت، سڤیتلانا ره‌نگه‌ بیری بۆ ئه‌وه‌ چووبێ، كه: ”چوون بۆ كۆنسێرت، له‌كاتێكدا ژیانى (سینگ) به‌ داوه‌موویه‌ك به‌سترابووه‌وه‌، كارێكی په‌ست و خۆویستانه‌یه‌". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاردانه‌وه‌كه‌ى توندی و هه‌ڵچوونێكى زێده‌ڕۆییانه‌ى پێوه‌ دیار بوو. ئه‌و تۆمه‌ت و بوختانەى، ئه‌وه‌ى ئاراسته‌ى ئاڵا كرد، گوایه‌ ویستوویه‌تى به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌و له‌به‌رچاوى خه‌زوورى ناشیرین بكات. له‌كاتێكدا ئاڵاى به‌سته‌زمان هه‌موو هه‌وڵ و كۆششی خۆى وه‌گه‌ڕ خستبوو، تا یارمه‌تیى سڤیتلانا بدات و ره‌نگه‌ سڤیتلاناش دۆخى زۆر خراپی ته‌ندروستیى (سینگ)ی بۆ ئاڵا روون نه‌كردبێته‌وه كه‌ چه‌نده‌ به‌په‌له‌ و به‌خێرایی پێویستى به‌ یارمه‌تیدانه‌.


باوكى سڤیتلانا ئاوهاى فێر كردبوو: "داوا مه‌كه‌، فرمان بكه‌".


وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ، یه‌كتربینینى سڤیتلانا و ئاناستاس میكۆیان، سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵسوكه‌وته‌ تونده‌كه‌ى دژى ئاڵا، رۆژى پاشتر ئه‌نجام درا، میكۆیان پێی گوت: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ یارمه‌تیى ئه‌و بدات. میكۆیان به‌ڕاستى ده‌یویست بزانێ: "چ پێویستییه‌كی به‌ هاوسه‌رگیریكردنه؟‌"


میكۆیان و هاوسه‌رى، 40 ساڵ پێكه‌وه‌ ژیان و چه‌ند منداڵیشیان بووبوو، بێ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى هاوسه‌رگیرییان كردبێ. میكۆیان گوتى: "كاتێك عه‌شق و خۆشه‌ویستى له‌ئارادایه‌، هاوسه‌رگیریی فه‌رمى هیچ بایه‌خ و واتایه‌كى نییه‌". پاشان هۆشداریى دایه‌ سڤیتلانا، خۆی له‌ هاوڕێیه‌تیكردن له‌گه‌ڵ باڵوێزه‌ بیانییه‌كان به‌دوور بگرێ. "ئه‌م كانۆله‌ – باڵوێزى هیندستان له‌ مۆسكۆ – پیاوێكى جاڕسكه‌ر و رووهه‌ڵماگراو و بێ شه‌رمه‌ و له‌ هیچ روویه‌كه‌وه‌ له‌ هیندییه‌كانى تر ناچێ. لێی دوور بكه‌وه‌، لێی دوور بكه‌وه‌".


له‌ پاییزى هه‌مان ساڵدا، له‌ 1965، ده‌زگاى گۆرگى، كه‌ سڤیتلانا هێشتا له‌وێ كارى ده‌كرد، دووچارى قه‌یران بووه‌وه‌. له‌ مانگى ئه‌یلوول (ئاندرێ سینافسكى)ی هاوڕێی سڤیتلانا و نووسه‌ره‌ هاوكاره‌كه‌یشی (یۆلی دانیێل) به‌تۆمه‌تى بڵاوكردنه‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ له‌ دژى رژێمى سۆڤیه‌ت ده‌ستگیر و بنچاڤ كران. ئه‌وان تۆمه‌تى ئه‌وه‌یان درایه‌ پاڵ كه‌ له‌ رۆمانه‌كانیاندا كۆمه‌ڵگه‌ى سۆڤیه‌ت هاوشێوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سوریالى و هه‌ڕه‌شه‌كار و ترسێنه‌ر وێنا ده‌كه‌ن و دواتر مۆڵه‌تى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و رۆمانانه‌یان له‌ رێی قاچاخه‌وه‌ داوه‌. به‌وه‌ تۆمه‌تبار كران كه‌ مۆڵه‌تى چاپی كتێبه‌كانیان له‌ وڵاتانى رۆژئاوا، به‌ ناوه‌ خوازراوه‌كانی (ئابرام تێرتێز و نیكۆلاى ئاژاك)دا بوو. سه‌ره‌نجام سیاسه‌تى (توانه‌وه‌ى سه‌هۆڵه‌كان)ى خرۆشۆفیش كۆتایی پێ هات و سه‌رده‌مى سه‌ركوتكاریی برێژینێف ده‌ستى پێ كرد. ئێسته‌ ئیدی هه‌ر كه‌سێك نوسخه‌یه‌ك له‌ كتێبێكى یاساغی لێ بگیرایه‌، ده‌سگیر ده‌كرا و سزایه‌كى ئه‌وپه‌ڕى بێ به‌زه‌ییانه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدا ده‌بوو. زۆربه‌یان له‌ ترسان وازیان له‌ نووسین و كتێب چاپكردن هێنا.


له‌ 5/ی كانوونى یه‌كه‌م (رۆژى ده‌ستوور- یاساى بنه‌ڕه‌تى) چه‌ند كه‌سێكى به‌جه‌رگ و بوێر خۆپیشاندانێكیان رێكخست. داواكاریى ئه‌وان دادگاییكردنێكى ئاشكرا بوو بۆ هه‌ردوو نووسه‌رى ده‌ستگیركراو (سینیافسكی و دانیێل).


له‌ ساڵى 1929 به‌دواوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین خۆپیشاندانى سیاسیی سه‌ربه‌خۆ بوو له‌ مۆسكۆ. ته‌نیا دوو-سێ ئاگادارینامه‌ له‌باره‌ى سازدانى خۆپیشاندانه‌كه‌ و كات و شوێنى خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ ("زانكۆى مۆسكۆ) به‌ دیواره‌وه‌ چه‌سپ كران، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی سه‌رانسه‌رى مۆسكۆ پێیان زانى. ئه‌لیكساندێر یه‌سنین ڤۆلپین، گه‌نجێكى ناڕازى بوو كه‌ دروشمێكى به‌سه‌ر لافیته‌یه‌كدا له‌ ژوور سه‌ریدا به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو: "ئێمه‌ داواى دادگاییكردنێكى ئاشكرا ده‌كه‌ین، بۆ سینیافسكى و دانیێل".


یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌ نهێنییه‌كان هێرشی كرده‌ سه‌ر ڤۆلپین و لافیته‌كه‌ى له‌ ده‌ستى سه‌ند و وشه‌ى (ئاشكرا)ی له‌سه‌ر سڕییه‌وه‌ و دایه‌وه‌ ده‌ستى. نزیكه‌ى 50 كه‌س له‌ دۆرماندۆرى (مینیۆمێنتى پۆشكین) له‌ سه‌نته‌رى شارى مۆسكۆ گرد بووبوونه‌وه‌، له‌ولاتریش له‌ هه‌ردوولاى شه‌قامه‌كه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س راوه‌ستابوون و سه‌یرى خۆپیشاندانه‌كه‌یان ده‌كرد. ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی هاتبوونه‌ ئه‌وێ، ده‌یانویست بزانن له‌ كۆتاییدا ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ چییان به‌سه‌ر دێ، "ئایا هه‌ر له‌وێ هه‌موویان ده‌كوژن، یان په‌لبه‌ستیان ده‌كه‌ن و دواتر ده‌یانكوژن"؟. دادگاییكردنى سینیافسكى و دانیێل له‌ رێكه‌وتى 10/ی شوباتى 1967 ده‌ستى پێ كرد. سه‌ره‌ڕاى ناوبژیكردنى چالاكانه‌ى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى وه‌ك (ین ئه‌نته‌رناشینال) سینیافسكى به‌ حه‌وت ساڵ و دانیێل به‌ پێنج ساڵ زیندانیكردن به‌ كارگه‌لی سه‌خت و دژوار، له‌ كه‌مپه‌كانى كاركردنى به‌زۆره‌ملێ حوكم دران.


سڤیتلانا قه‌ڵس و وه‌ڕز بوو. دادگایه‌كى گاڵته‌جاڕى، ناشیرین و نابه‌جێ بوو. ئه‌و هه‌موو شه‌و كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، له‌ ته‌ك (سینگ) داده‌نیشت و بۆى باس ده‌كرد، چۆن كۆبوونه‌وه‌ له‌ ده‌زگاى گۆرگى ئه‌نجام ده‌درێت. سینگ به‌ سه‌رسوڕماوییه‌وه‌ له‌ سڤیتلاناى ده‌پرسی: "به‌ڵام بۆ؟ بۆ؟.. حه‌وت ساڵ به‌ندكردن به‌ تاوانى نووسینى كتێبێك؟ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نووسه‌رێك كتێبێكى نووسیوه‌؟”.


(ئه‌لیكسانده‌ر ئۆشاكۆف)ی هاوڕێ نووسه‌ره‌كه‌ى سڤیتلانا، وه‌ك سكرتێری رێكخراوى حزبی له‌ناو (ده‌زگاى گۆركى) دامه‌زرابوو. كه‌شێكى ئاڵۆز له‌ئارادا بوو. ته‌نانه‌ت به‌ر له‌و شانۆگه‌رییه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ى نێو دادگاییكردن، رێكخراوگه‌لێكى وه‌ك (یه‌كێتیى نووسه‌ران) ناچار كرابوون به‌ ده‌ركردنى راگه‌یاندراوێكى به‌كۆمه‌ڵ، سینیافسكى و دانیێل به‌ تاوانبار بزانن، هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مى زوو كه‌ (ستالین) جۆره‌ سیسته‌مێكى دروست كردبوو، كه‌ به‌شێوه‌ى كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن هاوكاره‌ كۆنه‌كانى خۆى، كه‌سێك كه‌ مه‌به‌ستیان بوایه‌، به‌ تاوانبار بیناسێنن و له‌ ریزى خۆیان ده‌ری بكه‌ن. له‌دواى بڕیارى دادگا و سه‌پاندنى ئه‌و سزا تونده‌ به‌سه‌ر دوو نووسه‌ره‌كه‌دا، كۆمیته‌ و رێكخستنه‌كانى حزب له‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگا ئه‌ده‌بییه‌كان، به‌ ناردنى نامه‌ و په‌یامى فه‌رمى بۆ گۆڤارى وێژه‌یی (باشترین و پڕ خوێنه‌رترین بڵاوكراوه‌ى ئه‌ده‌بیی له‌ وڵات)، پشتگیریی خۆیان له‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگا ده‌ربڕى. جه‌نگ و هه‌ڵایه‌كى گه‌وره‌ له‌ دژى ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌رى هه‌ڵدا، كه‌ ئاماده‌ نه‌بوون نامه‌ و په‌یامه‌كانى پشتگیریكردنى بڕیاره‌كه‌ى دادگا واژۆ بكه‌ن.