ڕێكده‌كه‌ون هه‌ی ئه‌ز قه‌زا!

له‌ناو ئه‌م هاتوهاواره‌ی كه‌ودایر، دوای خواردنه‌وه‌ی تفتی و تاڵیی قه‌واریر.. وێڕای هاشوهوشی میدیا، بۆ ده‌ستگرتن به‌ پنجه‌ گیا، تا بای حزبێك كڵاوه‌كه‌یان دوور نه‌یبا.. سه‌ره‌ڕای لێدوانی به‌ناو فڵانه‌ به‌رپرس، فیساره‌ سه‌ركرده‌، كه‌ زۆربه‌یان، خه‌یاڵیان لای گیرفان و هه‌رامه‌ و گرده‌، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم و به‌ هه‌مان تۆن، فوو به‌ كه‌ڕه‌نای پشێویدا ده‌كه‌ن و به‌بادا ده‌كه‌نه‌وه‌ كای كۆن، من هێشتا گه‌شبینم، كه‌ دۆخه‌كه‌ دێته‌وه‌ باری ئاسایی خۆی و ئاوه‌كه‌ ڕێڕه‌وی خۆی ده‌ده‌ۆزێته‌وه‌.
بۆیه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێ بڕوام پێ بێنێت، كه‌ ڕیسی هه‌لومه‌رجه‌كه‌مان لێ ده‌بێته‌وه‌ به‌ خوری. وه‌ك چۆن، هیچ لێدوانێك، چه‌نده‌ش تیژ و توند بێت، خه‌یاڵم ناباته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، ڕه‌وشه‌كه‌ بچێته‌ باری (كه‌ڵه‌كه‌تڕی). چونكه‌ تێده‌گه‌م، سیاسی هه‌ر كاتێك ویستی، باش ده‌زانێ دۆخی ساردی بخاته‌وه‌ سه‌ر گه‌رموگوڕی، هه‌روه‌كو چۆن، كوانووی گه‌رمیش ده‌باته‌وه‌ سه‌ر پله‌ی سفری، سار دو سڕی.
ئیتر وایه‌، هه‌رنا له‌ دونیای سیاسه‌ت و له‌ ململانێی نێوان ئه‌هلی سیاسه‌تی ئێمه‌دا‌، سیاسه‌ت ڕۆژێك، نه‌وایه‌كی نه‌رم و خۆش و خه‌مڕه‌وێنه‌، ڕۆژێكیشیان، ته‌قینه‌وه‌ی میزڵدانی پڕ هه‌وایه‌. سیاسییه‌كانیش هه‌روا، ڕۆژێك مۆن و ددان لێك‌ جیڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، ڕۆژی دوایی، كه‌ وه‌زعه‌كه‌یان بخوازێ، سفره‌ و سه‌فه‌ر، ماڵ و مێزیان تێكه‌ڵی یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌. زۆر به‌ كورتی، توڕه‌ییان بۆ ئه‌وه‌یه،‌ گه‌ده‌ی عه‌وامه‌كه‌ بگرن، چوون زۆر نابا، له‌ گه‌مه‌یه‌كی دووباره‌، ده‌ستی شۆخی و سوعبه‌تی یه‌كتری ده‌گرن.
هەر بینیتان ده‌هۆڵی ئه‌م هه‌راوزه‌نایه هاكا دڕا، وه‌رزی كلكه‌سووتێی عاشقه‌ ئاڵۆزی و پشێوییه‌كان كۆتایی هات، تا وه‌رزێكی دیكه‌ی ناكۆكی، سفره‌ی فیتنه‌گێڕییان دڕا. ماشێنی میدیای چه‌واشه‌ش تایه‌ی ته‌قی، تا هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ش، كه‌ری هه‌رچی شرۆڤه‌كار و چاوگێڕ هه‌یه‌، له‌ قوڕی بێ ئاگایی خۆیدا چه‌قی.
ئه‌رخه‌یان بن، ئه‌م گه‌ڕی بێنه‌ و به‌رده‌یه‌ش ته‌واو ده‌بێت، حكوومه‌ت پێك دێت، ئه‌وه‌ی له‌ خه‌ونی خۆیشیدا پۆستی نه‌دی، له‌م یارییه‌ پشكی ده‌بێت، خه‌می نه‌بێت.
ئه‌م هه‌ویره،‌ له‌وه‌ زیاتر، ئاوی ناوێ. با ئه‌میشیان توانج له‌و بگرێ، یاخود ئه‌ویان، تانه‌ و تیرێك، بۆ ئه‌م باوێ. له‌ كۆتایی، هه‌ر ده‌بێ بێنه‌وه‌ لای یه‌ك، نه‌رم بۆ یه‌كتر بكێشن، ڕێكبكه‌ون و دواجار بڵێن: زۆر بۆ كه‌م، گوتنی ناوێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌، هیچ درۆ و ڕتووشێكی میدیا، هیچ خۆسووركردنه‌وه‌ی بابایه‌ك، كه‌ خۆی لێ بووه‌ به‌ كه‌ڵه‌گا، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی لوولدراوی ناو بابۆڵه‌ی پێچ و په‌نا، هیچ په‌یامێكی ناڕاسته‌وخۆ و ته‌فسیرێكی لینگه‌وقووچی ئه‌م لا و ئه‌و لا، ناتوانن بڕوام پێ بێنن، كه‌ وڵاتمان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ره‌ندی ده‌رد و به‌ڵا، هه‌ی ئه‌ز قه‌زا!