میتۆدی فەلسەفە و خزمەتكردنی كەمئەندامان بە نموونە

 

یەكێك لە شاكارە جوانەكانی میتۆدی فەیلەسووفی مەزنی یۆنانی، سوکرات، ئەوە بوو كە هەمیشە لە كاتی گفتوگۆدا پرسیاری رەخنەئامێزی ئاراستەی بەرامبەرەكانی دەكرد، ئەگەرچی بەرامبەرەكانی زۆر دڵنیا بوون لە دروستیی بیروڕاكانی خۆیان.


با ئێمەش پرسیارێکی رەخنەئامێز لە بەرپرسانی باڵای هەموو کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین: ئەرێ ئێوە چیتان کردووە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان (کەمئەندامان)ی کوردستان؟


ڕەنگە وەڵامەکانیان، باسکردن لە مووچەیەکی کەمی کەمتر لە (مەمرە و مەژی) و هەندێ وردە هەنگاوی ئەرێنی بێ لە بەرژەوەندیی کەئەندامان.


بەڵام دیسان پرسیارێکی رەخنەئامێزی سوکراتییانە سەر هەڵداتەوە: کەوایە بۆچی کەمئەندامان هەمیشە بە گلەیی و گازەندەن لە حکوومەتی هەرێم، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی زۆرجار خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایی رێک دەخەن؟


بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویست ناکات نە گوێ لە حکوومەت بگرین و نە گوێ لە کەمئەندامانی ئازیز، بەڵکوو تەنیا پێویستمان بەوە دەبێت، لەنزیکەوە ماڵ و حاڵ و گوزەرانی چەند کەمئەندامێک بەسەر کەینەوە و تەماشایەکی خێرای شار و شارۆچکەکانمان بکەین، بزانین چی تێدایە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان؟ ئەودەم دەگەینە ئەو راستییە کە لە کوردستانی خۆمان گەر شتێکیش کرابێت بۆ کەمئەندامان، هەر زۆر کەمە و دەکرێ بڵێین لەجێی نەبووە.


کەواتە ئەمە کێشەیەکی گەورەی هەرێمەکەمانە و دەبێ بەجدی لای لێ بکەینەوە.


ئەم توێژەی کۆمەڵگەی کوردستانی (مەبەستم کەمئەندامانە) تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و پێویستە پێداویستی و داواكانیان بەگرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێت، بەپێی ئاستی رێژەی كەمئەندامبوونیان پۆلێن بكرێن و مافەكانی خۆیان بۆ دەستەبەر بكرێت، بێ ئەوەی بکرێتە منەت بەسەریانەوە.


گەر بمانەوێت لەم رووەوە نموونەی وڵاتانی پێشكەوتووی وەك وڵاتانی ڕۆژئاوا وەرگرین، ئەوكات تێ دەگەین كە ئەوان چ وەک هاووڵاتی و چ وەک حکوومەت، چەند هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ كەمئەنداماندا دەكەن. هەڵبەت مەبەستم نییە بڵێم ڕۆژئاوا بۆ كەمئەندامان بەهەشتە، بەڵام تا ڕادەیەكی زۆر باش كاریان كردووە و خەم و قورسایی ژیانیان هەم لەسەر خۆیان و هەم لەسەر ماڵباتەکانیان سووك كردوون.


پرسیارێكی جەوهەری دێتە پێشەوە: تۆ بڵێی لە هەرێمی کوردستان كارێكی هێندە قورس بێت، نەتوانرێت داواكانی كەمەندامان فەراهەم بكرێت؟ ئایا ئێمەی كورد ئەوەمان پێ ناکرێت؟ بێ گومان دەتوانین.


دیارە هۆكار زۆرە بۆ ئەوەی کە لە رابردوودا نەتوانراوە وەك پێویست خزمەتیان بكرێت، ئەو هۆكارانەش بەشێكیان پەیوەندارن بە نەبوونی پلانێكی گشتگیر و تۆكمە و پێویست لەلایەن حكوومەت، بەشێكی تریشیان پەیوەندارن بەو گەندەڵی و ئابڕووچوونانەی لە رابردوودا لەسەر پۆلێنکردنی كەمئەندامان بڵاو كرایەوە، كە دیارە ئەمەش بە دیوەكەی تر هەر لە ئەستۆی حكوومەتە، كە حزبە سەرەكییەكان بۆ خاتری دەنگی فڵان و فیسار كۆمەڵگەیان بە راست و چەپ كرد بە مووچەخۆر و تەنانە مووچەخۆرانی کەمئەندامیشی گرتەوە، جا ئەگەر مووچەخۆری مدیر عامی قەبرستانیش بێت! گرنگ مووچەیەك بۆ ئەندام و لایەنگرێكت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی دابین كردووە و دەنگێكت پارێزراوە، كە ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە، ئەمە باسێكی ترە و پێویستی بە چاكسازییەكی دوور لە بەرژەوەندیی حزبایەتی هەیە.


هەرچەندە من دژی جیاكاریم و لەگەڵ ئەوەدا نیم كەمئەندامان لە كۆمەڵگە داببڕێندرێن، یان جیاوازی لەنێوان كەمئەندامان خۆیان بكرێت، بەڵام هەڵبەت دەبێ ئەوانەی بەشێكی جەستەی خۆیان بۆ ئەم نیشتمانەی ئێمە بەخشیوە و بەهۆیەوە كەمئەندام بوونە، ئەركی ئێمەیە لەسەر چۆك بۆیان بچەمێین. هەیە لە زگماكەوە كەمئەندامە، هەیشە بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكییەوە كەمئەندام بووە، لە رواڵەتیشدا هەموویان كەمئەندامن و جۆر و رێژەی كەمئەندامبوونیان ئەو جیاكارییەی دروست كردووە، بە رەچاوكرنی باری كەسی و تەندروستییان، مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵ دەكرێ، مەبەست لە جیاوازبوون ئەوە نییە كە ئەوان جودا بن و جیا بكرێنەوە  لە باقیی مرۆڤی كۆمەڵگا، بەڵكوو كارئاسانییان بۆ بكرێت كە لە كۆمەڵگا جیا نەبنەوە.


جیاوازیی نێوان ئێمە و ڕۆژئاوا ئەوەیە، كە ئەوان كار بۆ گونجاندنیان دەكەن، ئاسانكاریی بۆ ژیانیان دەكەن، تا لە دنیای مۆدێرن و سەردەمیانە دانەبڕێن. تەكنەلۆژیا و سیستەمی خوێندن و فێرخوازیی ڕۆژئاوا، بێ جیاوازی كار بۆ بەرجستەبوونی مافی تاك دەكات، جا چ كەمئەندام بێت، یان مرۆڤێكی ئاسایی، واتە پێوەر لەوێ مرۆڤبوونە.


جیاوازیی نێوان سیستەمی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەیە لە كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بەبێ بەها لە پێداویستییەكانی خۆشگوزەرانیی مرۆڤ دەڕوانن، بەپێچەوانەی ڕۆژئاواییەكانەوە كە هەمیشە ڕۆژانە بە سیستەمی نوێ و پرۆژەی نوێ خۆشگوزەرانییان بۆ دەخوڵقێنن، تا سوودمەند بن، بەڵام لە كوردستان باری ژیانی كەمئەندامان هێندە قورسە و ئاستەنگیان هێندە زۆرە، بە جۆرێك رەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر هەست و جەستەیان دروست كردووە و بووەتە مایەی بێزاری و دڵتەنگی و خەمۆكی بۆیان.


مافە سادە و ساكاراكانی كەمئەندامێكی دانیشتووی وڵاتێکی وەک بەلجیكا گەر باس بكەم، هەرچەندە لێرەدا ئنسافی نییە ئەو بەراوردە لەنێوان وڵاتێكی پێشكەوتووی ڕۆژئاوایی و هەرێمی كوردستان بكەم، بەڵام دەكرێت لە ڕێكار و كارنامەی بیمەی تەندروستی و سیستەمی مووچەی كەمئەندامان سوودمەند بین.  

 

فەراهەمكردنی مافی کەمئەندامان لە بەلجیکا:
- لە ڕێگەی بیمەی تەندروستییەوە، هەموو ڕێكارەكانی تەندروستییان بۆ چارە دەكرێ.
- ئاسانكردنی ڕێگای هاتووچۆ، چ بە بەكارهێنانی شەمەندەفەر یان میترۆ و ترام  و پاسەوە بێت، كە بۆ ئەمە هێڵێكی بەكارهێنانی بێ بەرامبەریان هەیە.
- ئاسانكاری لە كاتی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە كەمئەندامان.
- ئاسانكاری بۆ دامەزراندنیان لە فەرمانگەی دەوڵەت، یان لە كەرتی تایبەت، لەو حاڵەتەی كە هەر كەسێك كەمئەندام وەك كارخوازێك وەرگرێت، ئەوا دەوڵەت لە پێدانی باج خۆش دەبێ، ئەمەش وا دەكات كە هەردوولا سوودمەند بن.
- خوێندن بێ بەرامبەر.
- سیستەمی سۆشیال، بەو واتایەی كە حكوومەت بەشێوەیەكی سیستەماتیك مووچەیان پێ دەدات.
- هاوكاریكردنیان لە ڕێگای ئەو كۆمەڵ و پەیمانگایانەی، كە تایبەتن بە كەمئەندامان لەو دەزگایانە برەو بە ئارەزووەكانیان دەدەن.
- شوێنی تایبەت بە حەوانەوەیان، یانیش ناردنی كەسانی شارەزا لە بواری دەروونی یان توێژەری كۆمەڵایەتی، یان چوونی پەرەستار بۆ ماڵەكانیان، كە لەلایەن بیمەی تەندروستییەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

 

لەوانەیە بڵێن لە كوردستانیش بەشێك لەو مافانە دابین كراون، ئەگەر وا بێت هەواڵێكی دڵخۆشكەرە، زیاتریش بكرێت بۆ ژیانێكی ئارامتر بۆیان كارێكی خراپ نابێت، تاوەكوو هەستی کارایی و بەئەندامبوونیان لە كۆمەڵگادا گەش ببێتەوە و لەگەڵ گۆڕانكارییەكان هەڵبكەن.


پێتان سەیر نەبێت، كەمئەندامانیش دەتوانن داهێنان بكەن، ئەدیسۆن، كە بە ڕووناكکەرەوەی گەردوون ناسراوە، بیتهۆڤن، بە رۆحی موزێك، ڤان كوخ، بە هونەری نیگاركێشی جیهانی، ستیڤن هۆكینگ، یەكێك لە ناودارترین زانایانی بواری بیردۆزی فیزیكی و ..... هتد، ئەمانە هەموویان بەشێوەیەك لە شێوەكان گرفتی كەمئەندامبوونیان هەبووە، كەمئەندامییشیان نەبووە لە رێگر لەبەردەم داهێنانە گەورەكانیان، كە مرۆڤایەتی بۆ هەتا هەتایە سوودیان لێ وەردەگرێت. بێگومان لەنێو كوردیشدا چەندین کەمئەندامی بلیمەت و بەتوانا و دانا و زانا و داهێنەر و بەهرەمەند هەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە ئێمەین کەمهەستین و هەست بەو توانا گەورانە ناکەین، ئاخر بۆ هاوكاریی ئەوان زەمینەسازییەك پێویستە، تا بگەن بەوەی لە خەیاڵدانیاندا هەیە و داهێنان بكەن.