بابەتەکە کوردبوونە، گەندەڵی شتێکی دیکەیە!

 

ئەرکی بنەڕەتی و سەرەکیی تاکی کوردی نەتەوەیی (نەتەوەپەرست نا!)، ئەوە نییە خۆی بە لایەنە تیۆرییەکان و جووینەوەی پێناسە و بنەوانی مێژوویی و ڕەهەندە فیکری و سیاسییەکانی ناسیونالیزمەوە خەریک بکات، یان کاتی خۆی بە گێڕانەوەی چیرۆک و ئەزموونەکانی دەوڵەت نەتەوە لەناو مێژووی کۆن و نوێدا بەفیڕۆ بدات، بەڵکوو ئەرکی لەپێشینەی ئەوەیە، بەرپەرچی ئەو گوتارە ژەهراوییە خۆماڵییە ئەنتی کوردبوونە بداتەوە کە دەیەوێ باوەڕمان پێ بێنێت، گوایە سەردەمی ناسیونالیزم و دەوڵەت نەتەوە گوزەشت. هاوکات کار لەسەر وەدرۆخستنەوەی گوتاری ئەنتی کوردبوون و ڕیسواکردنی هەوڵەکانی بۆ چەواشەکردنی مێژوو بکات، هەورەها دەمامکی سەر ڕووخساری ساختەی ئەرگۆمێنتە سوواوەکانی لابدات.


ئەو گوتارە گرگنەی، ئیرادەگەرانە، شانازی بە بچووکیی خۆی و خۆشوناسکردنەوە لە سێبەری ئەوانی دیکەی داگیرکەر و سەردەستەی خۆیدا دەکات.


ئەو گوتارە ڕووقاییم و تەسلیمکارەی هەموو هەوڵێک دەدات، تاکوو بۆ ئەوانی دیکەی سەردەستە و داگیرکەر بیسەلمێنێ، کە برا بچووکە و تەنیا شایستەی پاشکۆیەتی و شوێنکەوتەییە. 


ئەو گوتارە سەرکز و دڵڕەشەی، لە ڕقی حزب و دەسەڵات، بە دار و بەردی نەتەوە و نیشتماندا دەڕشێتەوە و نەتەوە لە حزب، نیشتمانیش لە دەسەڵاتدا کورت دەکاتەوە.


ئەو گوتارە کە تەنزیرێکی ئاشکرا و تەرویجێکی بێشەرمانەیە بۆ جاشایەتییەکی مۆدێرن و عێراقچێتییەکی هاوچەرخی (بە حورمەت)، دەیەوێ لە پەنا چەمکگەلی لاستیکیی (دەوڵەتی هاونیشتمانی، ئەولەویەتی خۆشگوزەرانی، لەپێشینەیی خزمەتگوزاری!) فریومان بدات و بە لاڕێماندا ببات. ئینجا کام دەوڵەت؟ دەوڵەتی عێراق!


ئەم گوتارە ژەهراوییە خۆماڵییە ئەنتی کوردبوونە، لە ڕێگای کۆمەڵێک کاراکتەر و دەزگا و دامەزراوەی میدیایی پڕۆ عێراقی- ئێرانی (بەناو کوردی)، هەموو هەوڵێک دەدات، دەست بۆ هەموو فێڵێک دەبات، لەپشتی دەیان دەمامکی بەلاغی و ماسکی زمانەوانی و هونەری چەمک تاشین، خۆی بەرهەم دێنێتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی باوەڕ بە مرۆڤی کورد بهێنێت، سەرکز و تەسلیمکار و ترسنۆک، شانازی بە خۆشوناسکردنەوە لە سێبەری ئەوانی دیکەی داگیرکەر و سەردەستەیدا بکات و سوپاسگوزاری برابچووکی و پاشکۆیەتی بێت.


خوێنەری بەڕێز، واز لە هەرچی حزبی کوردی هەیە (بە جوانی و ناشیرینییەکانیان) بهێنە. بابەتی گەندەڵی و بێدادیی نێوخۆییش، وەک فاکت و ئەرگۆمێنتێکی گومان هەڵنەگر، بخەرە ئەولاوە. تەنیا جارێک وەک کورد بیر بکەوە، کوردێک، کە نەتەوە لە حزب و نیشتمان لە سەرکردە بە گەورەتر و پیرۆزتر دەزانێت. کوردێک فێڵ لە خۆی ناکات و لەوە تێ دەگات، کە دەسەڵات و دەوڵەت دوو شتی جیان و لە خۆت بپرسە: 
ئەرێ وەک مرۆڤ چیم لەوانی دیکە کەمترە؟ 
بەناو دەستەبژێر و فەریکەنووسەری بە گەندەڵی و بە پلەی سەربازی خانەنشینکراو. یان کەسێکی پێشتر دەلالی عەقاراتی خانووبەرە، کە نەیدەزانی سەرەواوێکی ڕۆژنامەنووسی چییە، دوای چوونە هەندەران و وەرگرتنی وڵاتینامەیەکی دیکە، لەپڕ بەسەر نێوەندەکەدا ساخ کرایەوە، لەگەڵ دەیان نموونەی دیکەی هاوشێوە و هاوکوفەکانیان، بە چ پێوەر و بنەمایەک، ئەو مافە بە خۆیان دەدەن، کە سوپاسگوزاری عێراقچێتی بین؟ بە چ لۆژیکێک دەیانەوێ شانازیکردن بە هاونیشتمانیێتیی عێراقی، بە شتێکی ئاسایی وەربگرین، بەڵام بیرکردنەوە لە کوردبوون و هاونیشتمانیبوونی کوردستانی، شەرم و شوورەیی بێت؟
کێ پێی ناخۆشە و لە دڵی گرانە، بەوانە دەڵێین جاشی مۆدێرن، کەیفی خۆیەتی و تاقەتی نازهەڵگرتنیمان نییە. 
ئاخر ئەم تەرزە بیرکردنەوە و ڕوانینە ئەگەر جاشایاتییەکی عەییار نییە، چییە؟ 
ئەگەر بانگەشەکردن بۆ ژیان و خۆشوناسکردنەوە لە سێبەری داگیرکەردا، بەخۆدافسینەوە نییە، چییە؟ 
ئەگەر لە ڕقی گەندەڵیی حزب و حوکمڕانیی کوردی، ڕەوایی بە دەستبەرداربوون لە شوناسی نەتەوەیی، خەونی نەتەوەیی بدرێت، سەرکزی و خۆفرۆشی نییە، چییە؟ 
کێ گەدەی بەم قسانەمان دەترشێ و هێڵنج دەدا، کێشەی خۆیەتی. ئاخر ئەگەر سەرکردە و سیاسی و حزب مەیلی عێراقچییانەیان هەبێت (کە زۆرینەیان وابوون و وان) شتێکە، بەڵام بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و چی و چیتر، بێن و گوایە لە ڕقی سەرکردە و حزبی کوردی (کە زۆربەیان خۆیان و دەزگاکانیان لە ئاخووڕی حزب و سەرکردەیەکی تر دەلەوەڕێن و کاوێژ دەکەن)، یان بە حیساب لە ڕقی گەندەڵی و بێدادی (کە زۆربەیان بە بڕیاری نادادپەروەرانە و بە گەندەڵی، بە پلە و پۆستەوە خانەنشین کراون)، ڕەوایی بەوە بدەن، کورد ببێتەوە مەوالی و پاشکۆ و شوێنکەوتە. لەڕاستیدا دەبێ ئەم گوتارە و خاوەنەکانیان، ڕیسوا و شەرمەزار بکرێن. 
بەداخەوە، جاران کوردی نەتەوەیی، دەبوو شەڕی داگیرکەر و عەقڵیەتی ناوچەگەری و هەرێمچێتیی بزووتنەوە و حزبە کوردییەکان و گوتاری عێراقچێتیی سەرکردەکانیش بکات. کەچی هەنووکە بەرەی بەناو دەستەبژێریشی لێ کراوەتەوە. بەرەیەکی مفتەخۆر، گرگن، سەرکز، تەسلیمکار بەناوی تەنزیری فیکری و سیاسیی لێ قووت بووەتەوە کە ڕووقاییم و بێشەرمانە دژایەتیی بیری نەتەوەیی، خەون و ئامانجی نەتەوەیی، بەخاوەن دەرکەوتن لە شوناس و نیشتمان دەکات.


بە هەرحاڵ، کورد، وەک هەر بوونێکی دیکەی ئیتنی، کولتووری، خاوەن خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیەتی، کە لە بوونە ئیتنی - کولتوورییەکانی دیکە، جیای دەکەنەوە.
کورد، شوناسێکە دەبێ لەناو هەناوی مێژوو و بوون و کەینوونەی خۆیدا، نەک لە سێبەری شوناسێکی دیکەی جیاواز لە بوونە ڕەسەنەکەی خۆی، پێناسە بکرێت و بەرهەم بهێندرێتەوە.
تاوانێکی قێزەونە، کە بەناو دەستەبژێری کورد لەبەرامبەر نەتەوەکەیدا دەیکەن، کاتێک سۆفستاییانە دێن و بەهۆی کینەی حزبی، ڕقی ئایدیۆلۆژی و بەرچاوتەنگیی سیاسی، ئەو مافە بە خۆیان دەدەن، کورد و کوردبوون، وەک بوون و شوناسێکی ئیتنی - کولتووری، لە سێبەری شوناسێکی جیۆگرافی دەستکرددا (عێراق وەک نموونە) پێناسە بکەنەوە. وەک چۆن کوفرێکی مەزنیشە دەیکەن، کاتێک ئەم تاوانەیان بە چەمکگەلێکی لاستیکیی وەک (هاونیشتمانی و خۆشگوزەرانی و حزمەتگوزاری!) پەردەپۆش دەکەن. 
ئەوەی هەنووکە گوتاری ژەهراویی خۆماڵیی دژە کوردبوون و کاراکتەرە گرگنە مشەخۆرەکانی دەیکەن، ڕێک ڕەوایەتیدانە بەم تاوان و کوفرە. تاوانی بە مەوالیکردنەوەی کورد، کوفری بەعێراقیکردنەوەی کوردستان.
بە چاوپۆشین لە ململانێی سەقەتی حزبایەتی، دوور لە شەڕە چەق و شەڕە قۆچی سیاسی، ئەرک و بەرپرسیارێتیی تاکی کوردی نەتەوەیی هۆشیار بە ڕەوتی مێژوویی و بنەوانی تیۆری و فیکریی ناسیونالیستییە، کە ئەم گوتارە تەسلیمکارە پووچەڵ بکاتەوە و ئەو کاراکتەرە سەرکزانە سووک و ڕیسوا بکات، کە هاتوون بە گەمەی زمان و هونەری ڕەوانبێژی و کاوێژکردنەوەی میراتی دژەنەتەوەیی، بە ژەهری عێراقچیێتی، هۆشیاریی خەڵک کوێر دەکەن.
دەی مرۆڤ، چۆن ئەوەندە ڕووقاییم دەبێ و شەرم لە خۆی نەکاتەوە، بەئاشکرایی و بێ پەردە و پێچ و پەنا، مێژوو ئاوەژوو بکاتەوە و وا لە نەوەی نوێی کورد بگەیەنێت، کە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و لەسێدارەدان و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و وێرانکردنی گوندەکان، بەرهەمی بزووتنەوەی کوردایەتییە!
بەڕاست، جگە لە زمانی شەرمەزاریکردنیان، ئاخۆ ئەم گوتارە کوشندە و کاراکتەرە مفتەخۆرەکانی، شیاوی ئەوەن بە زمانێکی دیکە لەگەڵیان بکەوینە دمودوو؟