بیرەوەرییەکانی (سڤیتلانا) کچەکەی ستالین

چۆن کەوتە داوی عەشقی پیاوە هندییەکەوە؟

(2)


سڤێتلانا بەوەى زانیبوو كە (سینگ) تووشی نەخۆشییەكى درم بووە. ئەو دووچارى پەڵمان و هەوكردنى سیپەلاك بووبوو و سییەكانى ئاویان تێ زابوو و لە لێوارى فەوتان و لەنێوچووندا بوو. هەر زوو ئەوان هەردووكیان بۆ تێپەڕاندنى قۆناغی لە نەخۆشی هەستانەوە نێردرانە حەوانگەیەك بەناوى (خانەى پشوودان) لە بەندەرى باشوورى سووچی لە كەنارەكانى دەریاى رەش.


كاتەكانى خۆیان بە پیاسەكردن لەسەر پردە دارینەكان رادەبوارد، لەكاتێكدا نەخۆشەكانى دیكە بەوپەڕى پەستى و دڵگرانى دووراودوور لە پەیوەندیى ئەوانیان دەڕوانى. چەند نەخۆشێك لە خانەى پشوودان یەك بەدواى یەك سڤێتلانایان پەلكێشی گۆشەیەك دەكرد و پێیان دەگوت: "باوكى تۆ پیاوێكى گەورە بوو. تۆ كەمێك ئۆقرە بگرە و چاوەڕێ بكە تا كاتى خۆى بێت و بەها و گەورەیی باوكت سەرلەنوێ وەبیر بێتەوە و بایەخ و گرینگیى بۆ بگەڕێتەوە!" ئەوان بەدواى یەكدا ئامۆژگارییان دەكرد بە پتەوى پابەند بمێنێتەوە بە رەگەز و رەچەڵەكى خۆى. تەنانەت هەندێكیان حێبەتى و سەسوڕمانى خۆیان دەردەبڕى لەوەدا كە بەرگوێیان كەوتبوو ناوى ماڵباتەكەى خۆى لە ستالینەوە گۆڕیوە بۆ (ئەلیلۆیڤا)، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان لێی دەكرد وێنەى یادگارییان لەگەڵ بگرێ. سڤێتلانا دڵنیا بوو لەوەى نەخۆشەكانى ئەوێ و كارمەندەكانى حەوانگەكەش خێرا خێرا راپۆرتى تێروپڕ لەبارەى هەڵسوكەوتە خراپەكانى بۆ مۆسكۆ دەنێرن.


لەوكاتیدا سڤێتلانا لە تەمەنى 37 ساڵیدا بوو. سینگیش لە 53 ساڵەى تەمەنیدا بوو. پیاوە هیندییەكە تەنیا بوو. ئەو لە سەردەمى جەنگى دووەمدا لە ڤیەننا كچێكى جووى ناسیبوو، یارمەتیى دابوو تا لە چنگى نازییەكان قوتارى بێ، ئەوان دواجار هاوسەرگیرییان كرد و هەڵاتنە هیندستان و لەوێ بۆ ماوەى 16 ساڵ پێكەوە ژیانێكى هاوبەشیان بەڕێ كردبوو. هاوژینى سینگ پاش ئەو ماوەیە دەستى كوڕە مێردمنداڵەكەى خۆى گرت و ژیانى خۆیان گواستەوە بۆ بەریتانیا. دواتر سینگیش گەیشتە ئەوان، بەڵام دواى ئەوەى نەیتوانى لە بەریتانیا كارێكى گونجاو بدۆزێتەوە، لێكدى جیا بوونەوە و سینگ ئەمجارەیان بەتەنیا گەڕایەوە هیندستان. سینگ و سڤێتلانا بە رادەیەكى زۆر هۆگرى یەكدى بووبوون.


هەر لەبەر ئەوەیش سینگ كە 16 ساڵ لە سڤێتلانا گەورەتر بوو، بۆیە سڤێتلانا واى هەست دەكرد كە دڵدار و رێنما و هاوڕێیەكى یەكجار زۆر باشی دۆزیوەتەوە. ئەو دنیا رۆحانییەى (سینگ) تیایدا دەژیا، زۆر بەرفراوانتر بوو لە دنیا بچووكەكەى سڤێتلانا كە تیایدا دەژیا، ئەو لە رواڵەتدا هێمنى و هاوسەنگییەكى باشی دەروونیى لە خۆیدا جێگیر كردبوو.


سینگ بە تەواوى كەوتبووە بن كاریگەریى ئەوەى كە توانایەكى زۆر باشی تێفكرین و بڕیاردانى سەربەخۆیانەى لە سڤێتلانادا بەدى دەكرد. ئەو هەمیشە سڤێتلاناى بە (سوتا) بانگ دەكرد و ئەمەیش لە زمانى رووسیدا بە واتاى (رووناكى) دێت و ئەمەش لەو وشە دەگمەنانە بوو كە سینگ بەرلەوەى باشتر فێرە زمانى رووسی ببێ، فێر بووبوو.


سینگ بەهۆى تەواوبوونى ماوەى ڤیزاكەى، لەدواى دەرچوونى لە حەوانگەى نەخۆشان دەبوو لە خاكى سۆڤیەت بچێتە دەرێ، ئەو زووتر پلانى گەڕانەوەى بۆ هیندستان دانابوو. بەڵام ئێستە لەگەڵ سڤێتلانادا پلانگەلى تازەتریان هەبوو. سینگ (لە بەندەرى سووچی) دەگەڕایەوە مۆسكۆ و وەك وەرگێڕێكى ناوەڕۆكى بابەتگەلى رووسی بۆ سەر زمانى هیندى كارێكى بۆ خۆى دەدۆزییەوە. سڤێتلانا كە وەك هەمیشە ملكەچی بێ ئەملاوئەولاى خولیا و حەزەكانى ئەو بوو، داواى لە سینگ كرد لەگەڵ ئەودا ژیان بەسەر ببات.


(تریلۆكى نات كانۆل) باڵوێزى هیندستان لە سۆڤیەت، هاوڕێی سەردەمى جحێڵیى سینگ بوو. بۆیە سینگ پشتڕاست بوو لەوەى بەئاسانى دەیتوانى ڤیزاى كاركردن لە سۆڤیەت وەربگرێ.


سینگ پێ تێكدەچوو لەوەدا كە دەیبینى سڤێتلانا هەموو ژیانى خۆى لەنێو چوارچێوەى یەكێتیى سۆڤیەت تێپەڕاندووە و رێگەى دەرچوونى لەو چوارچێوەیەدا پێ نادرێ.


سینگ جارێ ناچار بوو بگەڕێتەوە هیندستان، بەڵام گوتى هەر كە ڤیزاى كارى وەرگرت دەگەڕێتەوە مۆسكۆ. سینگ بەنیاز بوو دواى گەڕانەوەى بۆ سۆڤیەت، سڤێتلانا بباتە هیندستان و پاشانیش گەشتێكى ئەوروپاى پێ بكات. خەون و خەیاڵاتێكى خۆش بوو. ئەمەیش سەردەمى هیوا تازەكان بوو. سەردەمى توانەوەى سەهۆڵەكان. سینگ بەهۆى كۆتاییهاتنى ماوەى ڤیزاكەى دەبوو بگەڕێتەوە هیند.


ئەو لە مانگى كانوونى یەكەمى ساڵى 1963 بەرەو هیندستان بەڕێ كەوت. سڤێتلانا چاولەڕێی گەڕانەوەى مایەوە. بەڵام پلانەكەیان ئاستەنگێكى تێ كەوت، بەخشینى ڤیزاى كار بۆ سینگ، ئاوها كە چاوەڕێیان دەكرد كارێكى هێندە ئاسان نەبوو. سینگ لەكاتێكدا كە راسپاردەگەلێكى لە "كانۆل" باڵوێزى هیندستان لە سۆڤیەت، هەروەها لە "شریپاد ئامریت دانگە" سكرتێری گشتیى حزبی كۆمۆنیستى هیندستان لەدەست دابوو، چووبووە باڵوێزخانەى سۆڤیەت لە هیندستان و داواى پێبەخشینى ڤیزاى كارى لە سۆڤیەت كردبوو، كەچی تا ئێستە وەڵامى داخوازییەكەى ئەویان نەدابووەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەیە نامەگۆڕینەوە لەنێوان سینگ و سڤێتلانا بەردەوام بوو، بەڵام زوو لەوە گەیشتن كە نامەكانیان ناگاتە شوێنى خۆى. سڤێتلانا گومانى بۆ ئەوە چوو، هۆكارى پێنەدانى ڤیزا و نەگەیاندنى نامەكانیان بە دەستى یەكدى پەیوەندیى بە راپۆرتى كارمەندان و سیخووڕەكانى حەوانگەى سووچی بێ لەسەر پەیوەندییەكەى ئەو لەگەڵ كەسێكى بیانى لە نەخۆشخانەى مۆسكۆ، بەڵام بەهەڵەدا چووبوو.


سینگ هەر زوو لەرێگەى "كانۆل"ی هاوڕێكەیەوە باڵوێزى هیندستان لە مۆسكۆ، پێی زانى كە جحێڵێكى هیندى بەناوى (چاندرا شیخار) سكرتێری كۆمۆنیستە هیندییەكانى نیشتەجێی مۆسكۆ، راپۆرتێكى لەبارەى سینگ دابووە بەرپرسانى سۆڤیەت و تێیدا گوتبووى ئەو كەسە، واتە سینگ، جێی متمانە و باوەڕى نییە.


شیخار لە رادیۆ كارى دەكرد لە: "بەشی دەرەوە"ی كۆمیتەى مەركەزیى حزبی كۆمۆنیستى سۆڤیەت، زانیاریى لەبارەى هیندستانەوە ئامادە دەكرد. شیخار بەرلەوەى سینگ بەرەو هیندستان بەڕێ بكەوێ، بۆ بینینى ئەو و سڤێتلانا سەردانى ئەوانى كردبوو. ئەو لەو میوانیەدا بە گاڵتەوە گوتبووى سینگ كۆمۆنیست نییە، بگرە (راجا)ی شازادەى هیندییە. تەنانەت لەو رۆژگارەشدا ئاسایی بوو ئەگەر كار و ژیانى كەسێك بەهۆى باوەڕنەبوون و نادڵسوزى بۆ ئایدۆلۆژیاكەى لەنێو بچێ، هێشتا قەدبڕترین و خێراترین رێگە بۆ پێشكەوتن و سەركەوتن، لە زمانلێدان و خستنە تەڵەى ئەوانی دیكەدا بوو. سڤێتلانا بۆ چارەسەركردنى كێشەى براجیش سینگ، رووى لە "میكۆیان"ی یاریدەدەرى ئەنجوومەنى وەزیرانى سۆڤیەت كرد. میكۆیان پێی گوت سەخمەرات ئەم بابەتە لەگەڵ خرۆشۆڤ قسەى كردووە و ئەویش هاودڵیی خۆى دەربڕیوە. میكۆیان دڵنیایی پێ دا كە هەموو شتێك باش دەبێت. ئەو داواى لە سڤێتلانا كرد هەر كاتێ سینگ گەڕایەوە سۆڤیەت، بیهێنێتە لاى ئەو، چونكە خۆشیی بە نووسینەكانى ئەو پیاوە هیندییە دێت. درەنگكەوتنى پێدانى ڤیزا بۆ سینگ، سڤێتلاناى ئازار دەدا، بەڵام لە مانگى ئادارى 1965، سینگ سەرەنجام لەدواى 16 مانگ چاوەڕوانى، ڤیزاى سۆڤیەتى پێ درا و دەستبەجێ بەرەو مۆسكۆ بەڕێ كەوت.