زوفیلیا ڕەفتارێكى نامرۆییانەیە

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

زوفیلیا یان ئاژەڵبازى، پشێوییەكى سێكسیە، كەسى تووشبوو پەنا دەباتە بەر ئاژەڵ بۆ چێژوەرگرتنى سێكسى بە شێوەیەكى تەواو، یان تەنیا بۆ مەبەستى وروژاندنى سێكسى. زوفیلیا وشەیەكى گریكییە، واتە خۆشەویستیى ئاژەڵ.

 

پ: بۆچى هەندێ كەس تووشى ئەم حاڵەتە دەبن؟
و: هۆكارى ئەم لادانە بەپێى شوێن و كەس و ئاستى كرانەوەى كۆمەڵگە جیاوازە. لە كۆمەڵگە داخراوەكاندا دەشێ هۆكارەكەى بۆ چەپاندنى سێكسى بگەڕێتەوە، كە كچ و كوڕ لەدەرەوەى چوارچێوەى هاوسەرێتى ئەستەمە بتوانن سێكس بكەن، لەبەرئەوە هەندێ لە هەرزەكاران، پەنا بۆ ئەم شێوازە دەبەن، كە سزاكەى سووكترە لە سزاى ئاشكرابوونى ئەنجامدانى سێكس لەدەرەوەى هاوسەرێتى، لەوانەیە ئەو كەسە ئەوپەڕى بكەوێتە بەر تانە و لۆمەى خەڵكى ئەو شوێنە، یان وەك ڕووداوێكى پێكەنیناوى لێى بڕوانن.


وەلێ لە كۆمەڵگە خۆرئاواییەكاندا، كە ئازادیى سێكسى هەیە، دیسانەوە دیاردەى سێكسكردن لەگەڵ ئاژەڵ دیاردەیەكى دەگمەن نییە. بەپێى توێژەرانى بوارى سایكۆلۆژى، ئەو كەسانە سێكسكردن لەگەڵ ئاژەڵدا وەك ئارەزوویەك بۆ ئەزموونكردنى شتى نوێ تاقى دەكەنەوە، یان دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە لە دابونەریتە باوەكان و ڕەفتارى سێكسیى سروشتى یاخى ببن. لە هەندێ حاڵەتیشدا هۆكارەكەى بۆ ڕوودانى پشێوییەكى دەروونیى سێكسى دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە، دەشێ ئەو كەسە دووچارى لاقەكردن بووبێت و لەمەوە تووشى حاڵەتێكى دەروونى بووبێت، كاتێك كە سێكس لەگەڵ ئاژەڵدا دەكات، دەیەوێ بۆ خۆى بسەلمێنێ، كە دەتوانێ لە ڕووى سێكسییەوە كۆنترۆڵى لایەنەكەى بەرامبەر بكات، كە ناتوانێ بەرگرى لە خۆى بكات و بێدەسەڵاتە، هەروەك خۆى كە پێشتر بە هەمان ئەزمووندا ڕۆیشتووە.


هەندێک لە توێژەرانیش، لادانى زوفیلیا یان ئاژەڵبازی وا لێک دەدەنەوە، کە کەسی لادەر بڕوای بە توانای سێکسیی خۆی نییە و دەترسێ ئەگەر لەگەڵ مرۆڤێکدا سێکس بکات، لاوازی یان کەموکوڕییەکەی دەربکەوێ، بەڵام ئاژەڵ ناتوانێ نهێنییەکەی بدرکێنێ. ژمارەیەک ڕای دیکە هەن و پێیان وایە، ئەو کەسەی حەز لە سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵدا دەکات، کەسێکە لەبەر هەر هۆكارێك بێت، (بۆ نموونە تووشى هێدمەیەكى سۆزدارى بووە)، هەموو شتێکی تایبەت بە مرۆڤ و مرۆیی ڕەت دەکاتەوە و ڕقی لێیان دەبێتەوە، لەبەرئەوە لە سێکسیشدا ئاژەڵی لە مرۆڤ پێ باشترە.

 

پ: ئایا ڕەفتارێكى قبوڵكراوە لە كۆمەڵگەدا؟
و: ئەم دیاردەیە لە سەردەمە دێرینەكانەوە، لە شارستانییە جیاوازەكانى دنیادا بوونى هەبووە. ئەو وێنە هەڵكۆڵراو و پەیكەرانەى دۆزراونەتەوە، ئاماژە بەو دەدەن، كە مرۆڤ لە دێرزەمانەوە ئەم ڕەفتارە نامرۆییەى لەگەڵ ئاژەڵدا كردووە. بۆ نموونە، لە ئەشكەوتێك لە ئیتاڵیا، كە مێژووەكەى بۆ سەدەى حەوتى پێش زایین دەگەڕێتەوە، وێنەى كەسێك كێشراوە، كە سێكس لەگەڵ گوێدرێژێكدا دەكات. وەلێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە ڕەفتارێكى شیاو بێت. لە زۆربەى وڵاتانى دونیادا بە تاوان دەژمێردرێ و لە زۆربەى ئایینەكانیشدا تابۆیە. ئەم ڕەفتارە لە سەردەمە دێرینەکانەوە تا ئێستاش لە زۆربەى كۆمەڵگەكاندا ڕەت کراوەتەوە، تەنانەت لە كۆندا، ئەو کەسەی لەگەڵ ئاژەڵدا سێکسی بکردایە، حوکمی لەسێدارەدانی دەدرا و ئاژەڵەکەش دەکوژرا، بەڵام لەم سەردەمەدا لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا سزای ئەنجامدەری ئەم ڕەفتارە دەدرێ، بەو تۆمەتەى كە ئەو كەسە ئازارى ئاژەڵى داوە.


ئەم ڕەفتارە لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا، بەتایبەتی ناوچە گوندنشینەكان، ڕەفتارێکی دەگمەن نییە، چونکە لەو کۆمەڵگایانەدا چەپاندنی سێکسی باوە و سێکسکردنیش لەگەڵ ئاژەڵدا ئاسانە، بەزۆرى ئەو كەسانە سەر بە توخمى نێرن و لە قۆناغێكى ژیاندا دەشێ بۆ جارێ، یان بۆ ماوەیەكى كاتى بەو ئەزموونەدا تێپەڕن و دواتر وەك هەر كەسێكى ئاسایى پەیوەندیى سێكسى بكەن، بۆیە مەرج نییە هەموو کاتێک ئەم حاڵەتانە بە لادان دابنرێن، تەنیا لەو حاڵەتانەدا لادانە، کە کەسی ئەنجامدەر هەمیشە سێکسی لەگەڵ ئاژەڵدا بەلاوە خۆشتر بێ وەک لە مرۆڤ و بەردەوام بێت لەسەر ئەو شێوازەى، تەنانەت لە حاڵەتى فەراهەمبوونى پەیوەندیى سێكسیى سروشتیشدا.

 

پ: بۆچى سێكسكردن لەگەڵ ئاژەڵدا ڕێگە پێنەدراوە؟
و: ئەنجامدانى سێكس لەگەڵ ئاژەڵدا، ڕەفتارێكى نەشیاوە لە زۆر ڕووەوە. لە ڕووى تەندروستییەوە ئەگەرى گواستنەوەى نەخۆشى لەئارادایە، لە لایەكى دیكەوە، ڕەفتارى ئاژەڵ لە كاتى وروژانى سێكسیدا تەواو جیاوازە لەگەڵ مرۆڤدا، ئاژەڵ كەڵبە و نینۆكى تیژى هەیە و ناشتوانێ كۆنترۆڵى خۆى بكات لە كاتى گەمەبازیى سێكسیدا، دەشێ بە جۆرێ لە توندوتیژى، كاردانەوەى سێكسى بنوێنێ، كە مەترسیى بۆ سەر ژیانى كەسەكە هەیە و لەوانەیە ئازاردانى جەستەیى لێ بكەوێتەوە، تەنانەت لە واقیعدا ئەم جۆرە ڕووداوانە ڕوویان داوە، لەوانە لە مەغریب، لە ناوچەیەكى گەشتیاریدا كەسێكى بیانى كاتێك دەیەوێ دەستدرێژیى سێكسى بكاتە سەر دێڵە سەگێك، سەگەكە بە شێوەیەكى توند وەڵامدانەوەى دەبێت و ئەندامى نێرینەى پیاوەكە دەخوات. سەرەڕاى جیاوازیى كۆئەندامى زاوزێى مرۆڤ و ئاژەڵ لە ڕووى توێكارییەوە. لە ڕووى مۆڕالیشەوە دیسانەوە بە ڕەفتارێكى قێزەون دادەنرێ. پەیوەندیى سێكسى لەنێوان دوو مرۆڤدا دروست دەبێ، کە لەسەر بناغەى ڕەزامەندیى هەردوو لا بەڕێوە بچێ، نەك لەگەڵ ئاژەڵێكدا كە هیچ توانایەكى ژیرى نییە و هیچ هەڵبژاردنێ لەبەردەمیدا نییە.

 

پ: ئەم ڕەفتارە لە ژن و پیاودا وەك یەكە؟
و: بە دەگمەن ژنان یەكەمین بەركەوتنى سێكسى و ئەزموونى چێژوەرگرتن لەگەڵ ئاژەڵدا تاقى دەكەنەوە، بەگشتى ژنان لە كۆمەڵگە داخراوەكاندا لە پیاوان كەمتر پەنا بۆ سێكس لەگەڵ ئاژەڵدا دەبەن، ئەگەر هەبێ ئەوا لەدواى ئەزموونكردنى چێژوەرگرتنى سێكسى بۆ ماوەیەكى درێژخایەن، ئینجا پەنا بۆ ئاژەڵ دەبەن، ئەگەر هیچ هاوبەشێكى سێكسییان دەست نەكەوێ. وەلێ لە پیاواندا بەزۆرى لە قۆناغى هەرزەكاریدا ڕوو دەدات و وەك سەرەتاى ئەزموونكردنى چێژوەرگرتنى سێكسى تاقى دەكەنەوە.

 

پ: ئایا لە ئاژەڵاندا دیاردەیەكى لەو شێوەیە هەیە؟
و: لە سنوورێكى بەرتەسكدا، زاناكان تێبینیى ڕەفتارى هاوشێوەیەیان كردووە. بۆ نموونە، جۆرێ لە بۆقى ئوستورالى هەیە هەوڵ دەدات لەگەڵ هەر شتێكدا كە دێتە ڕێگەى جووت ببێ، ئیدى بەرد بێت، یان هەر زیندەوەرێكى دیكە، كە تواناى بەسەریدا بشکیت.
پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.