چیرۆكی پێغەمبەران یان چیرۆكە نەمرەكان

مێژووی ئاگر لە ئاییندا بەتایبەتی رۆژهەڵات، هۆكاری ترساندن و ئەشكەنجەدان و لەناوبردنە

(20)

 

ئایا ژن و منداڵ وەك دانیشتوانی سەدۆم نایەنە هەژماردن؟
ئایا لە شاری سەدۆمدا ژن و منداڵ نەبووە؟
ئایا دە ژن و منداڵی پاك دەست نەكەوتووە؟
نێربازی تەنیا پەیوەندیی بە پیاوانەوە هەیە، پیاوانن پشت لە ژنەكان دەكەن و دەپەڕنە سەر كوڕی لووسكە. كەواتە ژن ناتوانێ نێرباز بێ (بە مانا فەرهەنگی و دینییەكەی) نێر، خۆشەویستیی بۆ ژن ڕەوایە و ڕێگا پێدراوە، كەواتە بۆچی دەبێ لەگەڵ تاوانكاراندا ژن سزا بدرێ؟
فەرامۆشكردنی ژیانی ئەو هەموو ژن و منداڵەی لە سەدۆم ژیاون لەئەستۆی كێدایە؟ ئەو بابەتە، لەناوبردنی ژن و منداڵی سەدۆم، نە لە چیرۆكی ڵووت و نە لە درێژەی بابەتەكانی دیكەدا، نەك بە هەند سەیر نەكراوە، پاساویشی بۆ نەهێنراوەتەوە. ئەو پاساوە سادەیەش كە دەڵێ، دەشێ بەهۆی چەند كەسێكەوە شارێك سزا بدرێ، لەو چیرۆكەدا تەواو پێچەوانەیە، چونكە یەزدان بەڵێنی ئەوەی داوە، بەهۆی دە كەسەوە سەرجەم شارەكە ببەخشێ.

 

چیرۆكی ڵووت لەنێوان تەكنیك و مانادا
هەموو ئەوەی تا ئێستا گێڕامانەوە، جۆرێكن لە ئامادەسازی بۆ ڕووداوە گەورەكە، ڕووداوێك كە لە مێژوودا بێ وێنەیە. ڕاستە لافاوی نووح تەواوی جیهانی داپۆشی، لە ڕووی قەبارەی زیانەوە لە وێرانكردنی شارێك گەورەترە، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە، پەیمانێكی تازە لەنێوان نووح و نەوەكانی و یەزداندا دەبەسترێت و پەلكەزێڕینە دەكرێ بە بەڵگە و شاهیدی ئەو ڕێكکەوتنە، ڕێكکەوتنەكەش ئەوەیە، كە جارێكی دیكە خودا هەوڵی لەناوبردنی ئادەمیزاد نادات. دەكرێ بپرسین، لەناوبردنی شارێك وەك لەناوبردنی تەواوی ئینسانییەت نییە؟
{ڵووت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواكانی كرد، كە كچەكانی ئەمیان خواستبوو. گوتی:
- هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونكە هێندەی نەماوە یەزدان شارەكە وێران بكات، بەڵام وەك گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواكانی: تەورات، پەیدابوون:١٩}.
ئەوە دووەم جارە ڵووت لە خانووەكە دێتە دەرێ، جارێك كە خەڵكەكە لە دەرگایان دەدات، بۆ ئەوەی ڕازییان بكات واز لە داواكارییەكەیان بهێنن، كە لاقەكردنی میوانەكانیەتی، لەبەرامبەردا كچەكانی خۆیان پێشكەش دەكات، بەڵام ئەوان ڕازی نابن.
دووە جار لەسەر داوای میوانەكانی، كە نێردراوی خودان دەچێتە دەرێ، بۆ ئەوەی داوا لە كەسە نزیكەكانی بكات، تا لەگەڵی بێن و خۆیان لەو سزایە ڕزگاركەن، كە خودا بەسەر شاری سەدۆمیدا دەسەپێنێ.
ئەنجامی هەردووك چوونە دەرەكەی شكستە، دەبێ ڵووت شكست بێنێ، تا چیرۆك سەركەوێت، تا ئەفسانە گێڕەوەكە بیباتەوە، تا وانەیەكی مرۆڤایەتیی بدرێ. ئێمە چاومان لە قوربانیدان و وێرانكردن و پەیامی پێغەمبەرایەتییە، بەڵام چیرۆك خەریكی هەڵچنینی دیوارەكانی ڕووداوەكانی خۆیەتی.
- یەزدان دێتە خوارێ، لەگەڵ دوو نێردراودا.
- نیازی خۆیان لە ئیبراهیم دەگەیەنن.
- وتوێژێكی درێژ لەگەڵ ئیبراهیم دەكەن.
- بە داواكاریی ئیبراهیم ڕازی دەبن.
- دەچنە سەدۆم و دەبنە میوانی ڵووت.
- خەڵكی دەرگایان لێ دەگرن، ڵووت نێوانگری دەكات.
- هەتا كوڕ و كچ و بووكەكانی خۆیشی باوەڕی پێ ناكەن و گاڵتەی پێ دەكەن.
هەموو ئەوانە بەشێكن لە بنیاتی دیوارەكانی چیرۆك، هەموو ئەوانە بناغەی ڕووداوێكن، كە بەوردی هەنگاوی بۆ دەنرێ، تا كارەساتەكە لەوپەڕی هێمنیدا، بەوپەڕی دادپەروەری و كاریگەرییەوە ڕوو بدات.

 

هەنگاوی یەكەمی كارەساتەكە
{لە بەرەبەیاندا هەردوو فریشتەكە پەلەیان لە ڵووت كرد و پێیان فەرموو:
- خێراكە! ژنەكەت و هەردوو كچەكەت كە لێرەن بیانبە، نەوەك تۆش بە گوناهی شارەكەت لەناو بچی}.
ئێمەی كورد باشتر لە هەر كەسێك لەو ئاگاداركردنەوە دەگەین، بێ ئەوەی لە سەدۆمدا ژیابین، بێ ئەوەی وەك ئەوان خەتابار بین، تەنیا لەوە تێ دەگەین، كە مەترسی دەگاتە بەردەرگا و دەبێ شارەكە چۆڵ بكەین.
كێن ئەوانەی لەگەڵ ڵووت دێن:
ژنەكەی، هەردوو كچەكەی، واتا بەخۆیەوە چوار كەسن (كچە بە مێردەكانی لەگەڵی نایەن، ئەوەش لە شوێنێكی دڵتان هەڵگرن، با بزانین حیكایەتبێژ چ كارێكی بەوەیە).
دە كەس پەیدا نابن و ئیبراهیم گرەوەكە دەدۆڕێنێ، وێرانكردنی سەدۆم واتا لەناوچوونی بەرنامەكەی ئیبراهیم. ئەوەیە بڕیاری میتۆلۆژیا، ئەو بڕیارەی، كە هەرچەند دژی بوەستییەوە، دواتر دەبێ لە دڵەوە قبووڵی بكەی. پیاوەكانی یەزدان هاتوون شاری سەدۆم وێران بكەن، دەكرێ سەد شاری دیكەت بۆ بنیات بنێن، بەڵام ناكرێ لە وێرانكردنی شاری سەدۆم دەست هەڵگرن، ئەوە یاسا و سروشتی ئەفسانەیە.
فریشتەكانی یەزدان، ئەوەندە سوورن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەیان، لەسەر وێرانكردنی سەدۆم، پێغەمبەرەكەی خۆیان ئاگادار دەكەنەوە، كە پەلە بكات دەنا دەشێ لەگەڵ شارەكە ئەویش لەناو بچێت.
{بەڵام ئەو خەمساردیی لێ كرد، جا هەردوو پیاوەكە لەبەر بەرزیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەكەی و هەردوو كچەكەی ئەویان گرت و لەدەرەوەی شارەكە دایان نان.}
ئایا ڵووت تووشی شۆك بووە كە ناتوانێ بجووڵێ؟ ئایا ئەو تا ئێستا نایەوێ گەلەكەی بەجێ بهێڵێ؟ یان ئومێدێكی ماوە كە شارەكە ڕزگار كات؟
مەرجی ڕزگاربوونیان:
{جا كە هێنایاننە دەرەوە، یەكێكیان فەرمووی:
- فریای خۆت بكەوە! ئاوڕ لەدواوە مەدەوە، لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت، ڕاكە بۆ چیاكە، بۆ ئەوەی لەناو نەچیت!}.
تەنیا لەو ڕستەیەدا چوار فەرمان بە ڵووت كراوە:
١- فریای خۆت بكەوە. ٢- ئاوڕ لەدواوە مەدەوە. ٣- لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ٤- ڕاكە بۆ چیاكە.
ئەوە قسەی خێرای یەكێكە لە پیاوەكان. سێیان یەك فرمانە و لە ڕووی زمانەوە بە سێ شێوە دەربڕاون. فریای خۆت بكەوە، ڕانەوەستیت، ڕاكە، مەبەستی هەرسێكیان دووركەوتنەوەیە لە شوێنەكە. تەنیا ئاوەڕ مەدەوە جیاوازە، چونكە سزای لەسەر دانراوە. بەوەش دەبێتە یاسا، كەواتە هەر یاسایەك سزای لەسەر نەبێ نابێتە یاسا، با بزانین، سزای ئاوەڕدانەوە چییە؟
پێش ئەوەی سزای ئاوڕدانەوە بزانین، ڵووت وەك (بەخشراوێك) لە سزا، داوایەكی دیكە دەخات روو:
{ڵووت پێی گوتن:
- نا، گەورەم! خزمەتكارەكەت وا ڕەزامەندیی لە چاوەكانتدا بەدی كردووە، خۆشەویستییەكەت گەورەیە كە بەرامبەرم كردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی، بەڵام من ناتوانم ڕابكەم بۆ چیاكە، نەوەك ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. تەماشای ئەو شارۆچەكە نزیكە بكە، بچووكە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم، مەگەر بچووك نییە؟ ئیتر گیانم بەزیندوویی دەمێنێتەوە}.
تەنیا ئەوەی كە بەزیندوویی ماوەتەوە، ئەوە وەك بەشێك لە خۆشەویستی دەردەكەوێت، ئایا ئەو ترسەی ڵووت هەستی پێ دەكات، ئەنجامی ئەوەیە كە نەیتوانیوە گەلەكەی لە خراپە دوور بخاتەوە؟
لەبەردەم یەزداندا هەست بە كەمتەرخەمی دەكات؟ ئایا پەیامی ڵووت وەك پێغەمبەرێك تەنیا ئەوە بووە خەڵكەكەی لە نێربازی دوور بخاتەوە؟ ئایا پەیامێكی دیكەی هەبووە؟
دوو پیاوەكە بە هێزێكی غەیبی، كە هەرگیز لەناو ناچێ، ڵووت و ژنەكەی و هەردوو كچەكەی لە خانووەكە دێننە دەرێ، بەڵام پاڕانەوەكەی ڵووت تەنیا بۆ ئەوەیە، كە ڕێگای بدەن لە شوێنێكی نزیكتر بمێنێتەوە، چونكە بە تەمەنە و ناتوانێ ڕابكات.
{پیاوەكە پێی فەرموو:
- باشە، لەم شتەش نائومێدت ناكەم، ئەو شارۆچكەیەی باست كرد سەرەوژێری ناكەم، بەڵام بەپەلە بەرەو ئەوێ ڕا بكە، چونكە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێك بكەم.
لەبەر ئەوەشە، كە شارۆچكەكە ناو نرا بە زۆعەر} (زۆعەر واتا بچووك).
خەریكە ئامادەكارییەكان بۆ وێرانكردنی سەدۆم دەگەنە كۆتایی، بەرنامەكەی خودا ئەوەیە: ڵووت و ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە، دوور بخرێنەوە و شارەكە وێران بكرێ. ئەو مەبەستە لەپشت هەموو وشە و ڕستەیەكی چیرۆكەكەوە هەیە.
{كاتێك خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵووت گەیشتە ناو زۆعەر، ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عامۆرادا باراند، لە لایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە، هەموو ئەو شارانەی دەوربەرەكەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچكەكە و ڕووەكی زەوییەكەشی لەگەڵدا سەرەوژێر كرد، بەڵام ژنی ڵووت سەیری دواوەی كرد، جا بووە ستوونێكی خوێ}.
یەكەم ناوهێنانی كانزا لە تەوراتدا، وەك (گۆگرد) بۆ مەبەستی وێرانكردن بووە، مێژووی ئاگر لە ئاییندا بەتایبەتی رۆژهەڵات، هۆكاری ترساندن و ئەشكەنجەدان و لەناوبردنە.
لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە، یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عامۆرادا باراند.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە:
خودا بۆچی هەوڵ دەدات لەدەرەوە سزامان بدات، كاتێك نیشتمانی باوەڕ و ئیمان لەناوەوەیە؟
دەبێ ئەو ڕستەیە وردتر بكەمەوە، شیتری بكەمەوە.
یەزدان داوا لە ئینسان دەكات، كە لە دڵەوە، لەناوەوە، لە قووڵایی دەروونیەوە باوەڕ بە تاك و تەنیایی و دادپەروەریی ئەو بێنێ. تا ئێرە تەواوە، كەچی بۆ خۆی لەدەرەوە سزامان دەدات. شار وێران دەكات، لافاو هەڵدەستێنێ و دنیا دەخاتە ژێر ئاو و جەستە دەسووتێنێ؟
ئەوە پرسیارە یان وەڵام!
وەڵامەكەی ئەوەیە، كاتێك یەزدان لە بەندەكانی بێئومید دەبێ وێرانیان دەكات.
ئەوەی ماوە ئەوەیە، سزای ئاوڕدانەوە چی بوو؟
ژنی ڵووت ئاوڕی دایەوە، خودا كردییە ستوونێكی خوێ.
بۆچی تەنیا ژنەكە ئاوڕی دایەوە؟ بۆچی خوێ؟
وەڵامەكانیان بەخشێكن لە چیرۆكی داهاتوو، چیرۆكی كچەكانی ڵووت، چیرۆكی كچەكانی ڵووت ئەوەندە هەستیار و ئازایانە نووسراوە، تا ئێستا زەوی حیكایەتخوانێكی ئەوەندە بەجورئەتی بەخۆیەوەی نەدیوە.