حه‌كیم كاكه‌وه‌یس و مه‌سعوود محه‌مه‌د!

حەکیم کاکەوەیس: کە باس دێتە سەر مەسعوود محەممەد، نەخوێندەوارێکی سەد ساڵ پێش ئێستام، مێروولەیەکی سەر گەڵایەکم و لە ناوەڕاستی ئۆقیانووسێکدا سەرگەردانم

حه‌كیم كاكه‌وه‌یس، باخێک لە وشە، دەریایەک لە زانیاری، پیاوێکی بەتوانا و کەفائە، زمانزانێکی بەھێز، کوردیزانێکی نایاب، وەرگێڕێکی شارەزا و بەئەزموون. یه‌كێك له‌ ڕۆشنبیره‌ گه‌وره‌ و دیاره‌كانی كورد، خاوه‌ن 28 به‌رهه‌می به‌پێز و ناوازه‌یه‌، بۆ وێنه‌: "نووسینی كتێبی ته‌ونی جارجاڵۆكه‌، مه‌مله‌كه‌تی سه‌گه‌كان، سه‌گه‌كه‌شیان چواره‌میان بوو – دوا به‌رهه‌می بوو، له‌دوای كۆچكردنی بڵاو كرایه‌وه‌-، نه‌ته‌وایه‌تیی كورد و ئیسلامه‌تییه‌كه‌ی"، "ته‌رجه‌مه‌كردنی 1984ی جۆڕج ئۆڕێڵ، كیمیاگه‌ره‌كه‌ی پاوڵۆ كۆیلۆ، گورگی ڕووته‌ڵانی هیرمان هێسه‌، تاوان و سزای فیۆدۆر دۆستیۆڤیسكی، شاخه‌كانیش ده‌نگیان دایه‌وه‌ی خالید حوسێنی، كۆلاره‌فڕێنی خالید حوسێنی، هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی ته‌رازوویه‌كی سه‌نگه‌ڵای مه‌سعوود محه‌مه‌د، بۆچوونێك له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی مرۆیی مێژووی مه‌سعوود محه‌مه‌د، زمانی كوردیی مه‌سعوود محه‌مه‌د، په‌ره‌سترۆیكای گۆرباشۆفی مه‌سعوود محه‌مه‌د، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆچی به‌ شێتخانه‌ ده‌چێ؟ی مه‌سعوود محه‌مه‌د، دۆن كیشۆت و كۆچ هه‌ڵیبژاردم"، "پرسیاره‌كان هێشتا تینووی وه‌ڵامن"، گفتوگۆیه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ڵۆ به‌رزنجییه‌وه‌ له‌گه‌ڵی ئه‌نجام دراوه‌". ئه‌مانه‌ و چه‌ندین نووسین و ته‌رجه‌مه‌ی دیكه‌، كه‌ له‌نێو كتێبخانه‌ی كوریدا سه‌نگ و به‌های تایبه‌تییان هه‌یه‌.


سه‌ره‌تای ساڵی 2013، ئاشنایه‌تی و دۆستایه‌تیم ده‌گه‌ڵ مامۆستا كاكه‌وه‌یس په‌یدا كرد، ساڵی 2014 و له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ كۆیه‌، پێوه‌ندییه‌كه‌مان به‌هێزتر و فراوانتر بوو، وه‌لێ نه‌خۆشیی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبوو، به‌ كه‌میی ده‌فه‌تی مانه‌وه‌ی له‌ كوردستان -حه‌ساری گه‌وره-‌ هه‌بوو، زیاتر ده‌ڕۆیشته‌وه‌ ئه‌وروپا و سه‌ردانی دكتۆره‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، كورد گوته‌نی "دوو بنه‌" بوو، ئه‌گه‌رچی بنه‌ی ئه‌وروپای بۆ نه‌خۆشی بوو. ساڵی 2015 ده‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌كیم قسه‌مان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی 1ی نیسان، کۆچیادی سێزده‌ ساڵه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ زانكۆی كۆیه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌و وه‌ك مه‌سعوود محه‌مه‌دناسێك، كه‌ ته‌واوی كتێبه‌كانی مه‌سعوود محه‌مه‌دی ته‌رجه‌مه‌ كردووه‌ -هه‌شت كتێبه‌- كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی قسه‌كردنی کۆچیاده‌كه‌ بێ، وه‌لێ به‌هۆی تێكچوونه‌وه‌ی بارودۆخی ته‌ندروستی، نه‌یتوانی ئاماده ‌بێ، ته‌نیا فاروق مه‌لا محه‌مه‌دی برای و خوسره‌و جافی هاوڕێی و نه‌وزاد جه‌مالی توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ری فه‌لسه‌فی له‌ یاده‌كه‌ قسه‌یان كرد.


سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2015، له‌گه‌ڵ كاكه‌وه‌یس قسه‌مان ده‌كرد، ئاره‌زووی یه‌كتربینینمان زۆرتر بوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتین 24ی هه‌مان مانگ سه‌ردانی گوندی حه‌ساری گه‌وره‌ بكه‌م له‌نزیك كه‌ركووك، به‌ مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ بینین و به‌ وردی قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌ند باسێك، به‌تایبه‌تی مه‌سعوود محه‌مه‌د.


ڕۆژی شه‌ممه‌، له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆمان لای سەعات 11ی نیوه‌ڕۆ له‌ حه‌ساری گه‌وره‌ لای ئه‌و بووم، به‌خێرهاتنێكی گه‌رموگوڕ، لوتف خۆش و میواندۆست، به‌ڕاستی پیاوێكی گه‌وره‌، جوان، لێهاتوو، بوێر، فه‌رهه‌نگێكی پڕ له‌ وشه‌ی كوردی، هاوڕێیه‌كی دڵسۆز و خه‌مخۆر و هاوكار بوو.


خه‌ریك بوو ورده‌ ورده‌ سه‌ری قسه‌ و باسمان دەکردەوە، له‌ پڕدا گوتی: "منێكی نیشته‌جێی ئه‌م دێیه‌، له‌ ساوه‌ری كوردی و مریشكی كوردی چیدیكه‌م له‌ده‌ست نایه‌ت!" با نان بخۆین، به‌ده‌م نانخواردنه‌وه‌، كوڵی دڵی خۆی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو خواردنه‌ بازرگانییانه‌ ده‌ربڕی و گوتی: "ئەگەر بازرگان لێمان گەڕێن خۆ بەڕێوە دەبەین، براکەم، بەڵام برنجی دەستکرد بازاڕی داگیر کردووە".


دواتر به‌ده‌م هاتوچۆ له‌نێو كتێبخانه‌ بچووكه‌كه‌ی، سه‌ری قسه‌ و باسمان كرده‌وه‌ و زۆر باس و خواس و گفتوگۆمان له‌مه‌ڕ هه‌ندێ بابه‌تی جیاواز كرد، بۆ نموونه‌: گوتم مامۆستا حه‌كیم، به‌ باوه‌ڕی تۆ، مەسعوود محەمەد لە بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیریی هزری کورد ده‌ور و ڕۆڵی هه‌بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا، گوتی: ”من ناڵێم بەرەوپێشچوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر گۆڕین، یا ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی هزری ڕۆشنبیران هەبوو و پێم وایە لە ئێستا بەدواوە، کاریگەریی زیاتریشی دەبێ. ئەو گرنگییەی ئەمڕۆ خوێندەوارانی کورد، بەتایبەتی گەنجەکان بە بەرهەمەکانی مامۆستای دەدەن، مایەی دڵخۆشییە و نیشانەیەکیشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قاڵببەندییەی کە دەیان ساڵە هزری مرۆڤی کوردی لەنێوان دوو جەمسەری ڕاست و چەپدا سنووردار کردووە. ئەگەر مامۆستا مەسعوود محەمەد لە بواری فکردا هیچی نەکردبێ، خوێنەران و هەوادارانی بواری فکری فێر کرد، نیشانەی پرسیار بخەنە سەر هەر بۆچوون و تیۆرییەکی فکری، کە چارەنووس و بەڕێوەچوونی مرۆڤی پێوە بەندن. هەڵاتنی ئەو خۆرە، لە شەوەزەنگێکی ترسناکدا بوو و زۆرینەی ڕۆشنبیران، لە ڕووی فکرەوە نەک هەر لەگەڵیدا ناتەبا بوون، بگرە نەیاریشی بوون. ئەو، لە سەردەمێکدا بەرەنگاری بیری چەپایەتی، بەتایبەتی تەوەری سۆڤیەت بووەوە، هەر کەسە و ڕاست دەبووەوە بە ڕاست یا ناڕاست، خۆی پێوە بادەدا و بەرانگەربوونەوەی ئەو ڕەوتە باوە، مرۆڤی بە تەنها دەهێشتەوە، بەڵام مامۆستا گوێی بەوە نەدەدا ئاخۆ ڕێژەی یاران و نەیارانی، چەندە و چۆنە! مامۆستا، بۆ هەڵبژاردەی دەنووسی و نەیارە فکرییەکانی، ئەوەیان بە خاڵی نەرێنی لە قەڵەم دەدا، بۆیە بە بۆرژوا (کە زاراوەی نابەجێی باوی) ئەو سەردەمە بوو، تۆمەتبار دەکرا.


ئەو پێوانەکاریی بۆ کۆمەڵگەی کورد دەکرد و لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا بەراوردی دەکرد، کە چاوگ و زێدی ئەو بۆچوون و تیۆرییە فکرییانە بوو. فکر، واتە لێکدانەوە نەک خۆگونجاندن بەپێی سروشت و کەشوهەوا، وەک هەر گیانەوەرێکی هاوبەشی مرۆ لەسەر گۆی زەوی پەیڕەوی دەکا، بۆیە دەمەتەقێ هەڵدەگرێ. ڕەنگە فەلسەفە هەبێ جلوبەرگی بیابان، بەپێی باوەڕێکی دیاریکراوەوە، بە بەری خەڵکی ئەسکیمۆ ببڕێ، وەک ڕێی تێدەچێ هەبێ جلوبەرگی ئەسکیمۆ بە بەری بیاباننشین ببڕێ، بەڵام مامۆستا، بەر لەوەی بیر لە سەپاندنی باوەڕ و تیۆرییەکە بکاتەوە، بیری لە پێویستیی کۆمەڵگە دەکردەوە بۆ تیۆرییەکە خۆی…


ڕەنگە ئەوەی من پێی دەڵێم بەرەوپێشچوون، خەڵک و لایەنی تر پێی بڵێن بەرەودواچوون، چونکە خەڵکی ڕۆژهەڵات (بە تایبەتی کورد) بە عەشقەوە ئامێز بە بیروباوەڕدا دەکەن و لە کەسێکی دیاریکراودا بەرجەستەی دەکەن، نەک لە ئەنجامی لێکدانەوە و شیکردنەوەوە. زیاتریش، ئەو جۆرە باوەڕەیە کە دەستی بە خوێنی نەیاری خۆی سوورە... کە باوەڕ پیرۆز دەبێ، ئیدی دەبێ بە ئایین و کاتێکیش بوو بە ئایین، مەزەبی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئەوەی ئەو مەزەبانە بە یەکتری دەکەن، هیچ دژەباوەڕێک پێیان ناکا.”


ئه‌مجارە پرسیم، كه‌واته‌ مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ خاوه‌ن چ فكرێك بووه‌؟


له‌ وه‌ڵامدا گوتی: ”کە باس دێتە سەر مەسعوود محەممەد، نەخوێندەوارێکی سەد ساڵ پێش ئێستام. مێروولەیەکی سەر گەڵایەکم و لە ناوەڕاستی ئۆقیانووسێکدا سەرگەردانم نە دەزانم خوار کوێیە و نە دەزانم ژوور کامەیە!.


به‌ڵام ده‌توانم بڵێم: مامۆستا، پیاوێکی ئاشتیخواز بوو و تا بیر بۆی دەچێ دژی خوێنڕشتن بوو. پێی خۆش بوو کێشەی نێوان کورد و بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و لێکحاڵیبوون چارەسەر بکرابا و کەس دەست بۆ چەک نەبا. لەو بوارەشدا زۆری هەوڵ دا. دەبینین لە کاتی شەڕدا ڕۆڵی دیار نییە، بەڵام لە کاتی هەوڵداندا بۆ ئاشتی، هاتووەتە مەیدان و بووە بە ئەندامی شاندی گفتوگۆ و پۆستی وەزارەتی وەرگرتووە. هەر لە کاتی گفتوگۆی کورد و بەغداشدا، ئەو ڕۆڵەی بینی کە لە کۆڕی زانیاریی کورددا بینی. وەک من تێی گەیشتبم، لە بواری سیاسەتدا پیاوێکی نەتەوەیی واقعی بوو و دروشمدان و توندوتیژیی بە لاوە هەرزەکارانە بوو. هەستی نەتەوایەتیی، نەک هەر بەهێز بوو، بگرە بۆ نەتەوەییەکان سەرچاوەش بوو، بەڵام تا ئەو ئاستە نەبوو خراپی کورد لە چاکی میللەتان بە چاکتر بزانێ و بەرەو ڕەگەزپەرستی هەنگاو بنێ. ئەو هەستی نەتەوەیی هەبوو، لەبەر ئەوەی نەتەوەکەی زوڵملێکراو بوو. لە کاتی کێشە و هەرای نێوان دوو بەرەی کوردیشدا، هەر ئەوەی پێ دەکرا، دەستودامانی لایەنە بەشەڕهاتووەکان بکەوێ و شین بۆ شەهیدانیان بگێڕێ”.


له‌به‌رخۆمه‌وه‌ گوتم: قبووڵه‌.. باشه‌، مامۆستای هێژا و سه‌نگین، تێگەیشتنی ئێوە بۆ بیری فەلسەفە لای مەسعوود محەمەد چییه‌ و چۆنه‌؟ به‌ په‌له‌ فه‌رمووی: ”ئاسان نییە لە ڕووی فەلسەفییەوە بیری مامۆستا مەسعوود محەمەد شی بکەینەوە، چونکە ڕوانگەی ئەو فرەلایەن و فرەڕەهەند بوو و لە زۆر بواردا ئەسپی خۆی تاو داوە. ئەو، مرۆڤی بە لاوە هەرە باڵا و هەرە پیرۆزی کەون بوو، ئەوەش بەرامبەر ڕوانگەی ڕووکەشی ئایین و چەپایەتیی ماتریالانە، ناتەبا دەوەستێتەوە. مرۆڤ، لەگەڵ هەموو خەسڵەتە چاک و بەدەکانیدا، بە لای ئەوەوە، کرۆکی باسە. کاتێ نووسەرێکی عارەب بوونی شەیتان بە پێویست دەزانێ، بۆ ئەوەی مرۆ خەتاکانی خۆی بخاتە ئەستۆی و ڕقی خۆی پێ بەتاڵ بکاتەوە، ئەو بیر لە نەبوونی شەیتان دەکاتەوە و لەوەش بەئاگا دێتەوە کە ڕەتکردنەوەی شەیتان دژوەستانەوەی ئایینە ئاسمانییەکانە!..”!


پرسیم: مامۆستا حه‌كیم، ئێوه‌ ڕۆڵی مەسعوود محەمەد لە کۆڕی زانیاریی کورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ یا چۆنی ده‌بینن؟


له‌ وه‌ڵامدا گوتی: ”کۆڕی زانیاری، کە مامۆستا مەسعوود محەمەد تیایدا ئەندامی کارا بوو، دەرفەتێک بوو بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی، یا با بڵێین دیوەخانێک بوو کوردیزانەکانی تێدا گرد بوونەوە: شوکور مستەفا و هەژار و هێمن و عەلائەددین سەججادی و کاکە حەمەی مەلا کەریم و د. کەمال مەزهەر و مامۆستا خۆی و زۆری تر، جگە لەوەی شاعیر و چیرۆکنووسە گەنجەکانی ئەو دەمە تیایدا کاریان دەکرد و بەرهەمیان بڵاو دەکرایەوە. ئەوجا گەیاندنی دەنگی جەمال نەبەز و عەرەبی شەمۆ و زۆری تر بە خوێنەران. ئەگەر گۆڤاری ئەو دەمەی کۆڕ بە باڵای هەر گۆڤارێکی تر بگرین، یا بەراوردی بکەین، دەبینین چ خزمەتێکی بێوێنەی زمان و ئەدەبی کوردی کردووە. مامۆستا مەسعوود محەمەد لە دامەزراندنی کۆڕەوە، بە ڕاستی هاتە مەیدان و نووسینە بەرزەکانی بڵاو کردنەوە... (گەشتی ژیانم) و (مرۆڤ و دەوروبەر) و سێ بەرگی حاجی قادری کۆیی و (إعادة التوازن الی ميزان مختل)ی لەوێ نووسین. خۆی لە دیدارێکدا دەڵێ: ڕەقابە هەقی بەسەرمانەوە نەبوو... من دەمنووسی و چاپخانە چاپی دەکرد.


کۆڕی زانیاری گەورەترین دەستکەوت و باشترین دەرفەت بوو بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی و ئەوە مامۆستا مەسعوود محەمەد بوو، کە ئەو دەرفەتەی بە جوانترین شێوە قۆستەوە و بۆ خزمەتی زمان و فکری کورد خستییە کار”.