(4)
مرۆڤ كه به ته‌مه‌ندا تێپه‌ڕى، وه‌ك ئه‌وه وایه به فلاشباك بگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌مى هه‌ڕه‌تى گه‌نجى و باسى ئه‌وساى خۆى و خێزان و كۆمه‌ڵگاكه‌ى بكات و له‌گه‌ڵ ئێستایدا به‌راوردى بكات، كه جیاوازییه‌كه‌ى ڕۆژانى بژێوى و ژیانكردنهكهى به پانتایى مه‌ودا و زه‌مه‌نه فراوانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى ئێستایدا ڕاده‌به‌ده‌ره. هه‌ڵبه‌ته ئاخ و ئۆف ههڵكێشانێكى زۆرى به به‌ره‌وه‌یه، هه‌ر له نهێنییه ناوپۆشراوهكانى و كرده‌وه و كاره‌كانى، كه له هه‌ندێكیان ئاره‌قه‌ى زه‌ردى شه‌رمه‌زاری ده‌رده‌دات، له هه‌ندێكیان په‌نجه‌ى په‌شیمانی ده‌گه‌زێت، به‌ڵام بایى ئه‌وه‌شى هه‌یه كه شانازیى پێوه بكات و بیگێڕێته‌وه، چ به نووسین یان قسه‌كردن له‌سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كانى. هه‌ر چه‌نده ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانم، وه‌ك (په‌رمۆدا یهترا) ده‌ڵێت: (گه‌ر دره‌نگ گه‌یشتییه وێستگه، ناتوانى شكات له كه‌سێ بكه‌یت كه‌وا بۆچى شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌بێ تۆ ڕۆیشت).
له‌دواى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى ئهیلوول، لە 1961 تاكوو 1963 ئه‌گه‌ر وه‌ك قۆناغێكى تر باسى بكه‌م، له‌و قۆناغه‌دا گۆڕان و رووداوى زۆرى به‌به‌ره‌وه بوو، له‌وانه (به‌هێزبوونى ڕۆحى نه‌ته‌وایه‌تى و یه‌كبوون و دروستبوونى متمانه و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى هه‌موو چین و توێژه‌كانى ناو شار و ده‌ره‌وه‌ى و هاوسۆزیى بۆ شۆڕشى كورد، له‌و سه‌رده‌مدا ته‌نیا پارتى دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى بارزانیى نه‌مر.
له سه‌ره‌تاى دروستبوونى هێزى چه‌كدارى و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، هه‌موو میلله‌ت و عه‌شایر و كه‌سایه‌تییه‌كان و حزب ڕۆڵیان هه‌بوو، له‌و نێوه‌نده‌شدا بنكه‌كانى پۆلیس و پۆلیسه‌كانى كورد، كه له هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان به چه‌ك و تفاق و زه‌خیره‌ى زۆره‌وه چوونه نێو ڕیزى شۆڕش، هه‌روه‌ها رێكخستنه‌كانى پارتى و یه‌كێتیى قوتابییانى كوردستان و نیشتمانپه‌روه‌رانى كورد، ڕۆڵى بێوێنه‌یان ده‌دى و كارا بوون بۆ په‌یوه‌ندیكردن به هێزى پێشمه‌رگه و بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆحى نه‌ته‌وایه‌تى و كۆكردنه‌وه‌ى پیتاك و خۆراك و نوێن و پێداویستى و ڕه‌وانه‌كردنى بۆ نێو شۆڕش و پاڵپشتكردنى پێشمه‌رگه، له‌و ماوه‌یه‌دا كوردایه‌تى وا به‌هێز و پته‌و بووبوو، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه منداڵی تازه ده‌هاته سه‌ر دنیا، ناوى كوردی‌یان لێ ده‌نا، یان ئه‌وانه‌ى له‌و هه‌ولێره كه قسه‌كردن بووبوو به تایبهتمهندییەكى ئه‌و شاره به زمانى توركى قسه ده‌كرا. ڕۆژانه به‌یانى باش و رۆژباش ده‌ستپێك بوو، ورده ورده به‌تێپه‌ڕبوونى زه‌مه‌ن و به‌رده‌وامیى شۆڕش و به‌شداربوونى ڕۆڵه‌كانیان، قسه‌كردن به كوردى به‌فراوانى جێگیر بوو و قسه‌كردن به توركى تا ڕاده‌یه‌كى زۆر به‌ره‌و نه‌مان چوو، هه‌روه‌ها نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندان به شیعر و نووسین و گۆرانى و سروودهكانیان، گیانى به‌رخودان و پێداگرییان ده‌وروژاند.
له‌و سه‌رده‌مدا، به‌تایبه‌تى ڕادیۆی (ده‌نگى كوردستانى عێراقه) ڕۆڵى سه‌ره‌كیى هه‌بوو، كووره‌ى شۆڕش و به‌رگریى جۆش ده‌دا، كه شه‌و داده‌هات، له زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى ماڵه‌كان به‌نهێنى گوێیان بۆ دهنگوباسهكانى ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستانى عێراق رادەدێرا، به‌ڵام مۆسقایهكى قێزه‌ونى ده‌نگ گه‌وره‌ى ڕژێم (هانى هانى) مێشكى گوێگرانى ئاڵۆز ده‌كرد، لەگەڵ هەندێش، په‌رۆشیى خه‌ڵكه‌كه بۆ بیستنى چالاكییه‌كانى پێشمه‌رگه و ده‌نگوباسى نێو شۆڕش، نهترهى گوێگرتنیانى پێ به‌رنه‌ده‌دان.
شۆڕشى ئهیلوول هۆكارێك بوو كه گیانى نه‌ته‌وایه‌تى له دڵ و ده‌روونى كورد هێنده به‌هێز بكات، به تایبه‌تى له‌و سه‌رده‌مدا تاكه حزب پارتى بوو و رۆڵى سه‌ره‌كیى هه‌بوو له شۆڕشدا، بۆیه جگه له كه‌سانى بێ لایه‌ن، له حزب و به‌ره‌ى تریش به ژماره‌یه‌كى ئێجگار زۆر، رۆژ به رۆژ ده‌هاتنه ڕیزه‌كانى پارتى و شۆڕش، بۆ نموونه، له ماڵى ئێمه براى له‌خۆم گه‌وره‌تر به هه‌شت ساڵ، له‌گه‌ڵ مامێكم كه له هه‌مان خانوودا بوو، هه‌ردووكیان له ڕێكخستنه‌كانى حزبى شیوعیدا بوون، وازیان له‌و حزبه هێنا و چوونه ڕیزه‌كانى پارتى، له‌به‌رئه‌وه‌ى كاریگه‌ریى شۆڕشى ئهیلوول و كوردایه‌تى و چالاكییه‌كانى پێشمه‌رگه و ڕۆژگارهكه كارى تێ كردن.
له گه‌ڕه‌كى عاره‌بان بووین، زۆربه‌ى ماڵه‌كان سه‌ربانیان پێكه‌وه نووسا بوو و چه‌ندین حه‌سارى تێدابوو، زۆربه‌ى كه‌سه‌كان له یه‌كتـر ئاشكرا بوون، كێ كوردایه‌تى ده‌كا و كێ سیخووڕه، به‌ڵام متمانه و ڕه‌سه‌نایه‌تیى خه‌ڵكانى ئه‌و سه‌رده‌م وا بوو، كه خۆشه‌ویستى و لێك نه‌ترازان و گوێنه‌دانه به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان، كه‌س زیانى به ئه‌وه‌ى تر نه‌ده‌گه‌یاند.
ڕۆژێك باوكم زۆر دڵخۆش بوو، گوتمان دیاره هه‌واڵێكى خۆشی بیستووه، گوتى وایه، به‌ڵام باسى نه‌كه‌ن، دوێنێ پێشمه‌رگه له مابه‌ینى هه‌ولێر و كۆیه‌دا ده‌ستى به‌سه‌ر مووچه‌یه‌كى زۆری حکوومەتدا گرتووه، زه‌مه‌ن تێپه‌ڕى، له ساڵى هه‌شتا و سێ له سوورداش داوه‌تى مام جه‌لال بووین، له نێوه‌ندى وته‌كانیدا گوتى ده‌ستمان به‌سه‌ر مووچه‌ى حکوومەتدا گرت و مەئموورى خه‌زێنه فه‌رده‌ى پاره‌یان به پشت دادا و به‌سه‌ر شاخ ده‌كه‌وت، له پشته‌وه‌یدا پێشمه‌رگه‌یه‌ك خۆى لێ تووڕه كردووه پاڵى پێوه نا و پێى گوتووه، ئێ ده‌بڕۆ، مەئموورهكهش پێى گوتووه: ”بۆ خۆت لێم تووڕه ده‌كه‌یت، كه‌مم هێناوه، دره‌نگ هاتوومه؟“.
دواى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى ئهیلوول، ڕ‌ژێمى ئه‌وسا ده‌ستى كرد به گرتنى تێكۆشه‌ران و بۆ به‌ندیخانه‌كانى به‌سڕا و خوارووى عێراق ڕه‌وانه‌ى ده‌كردن، هه‌روه‌ها پۆلیس و سه‌ربازانى كورد به هه‌مان شێوه بۆ خوارووى عێراق ده‌گواسته‌وه و له كوردستانى نه‌ده‌هێشتن، له شوێن ئه‌وانه پۆلیس و سه‌ربازى عه‌ره‌بى ده‌هێنایه كوردستان، له هه‌ولێریش، به‌تایبه‌تى له‌و گه‌ڕه‌كه‌ى عاره‌بان، به خاوخێزانه‌وه خانوویان به‌كرێ ده‌گرت، به‌تایبه‌تى ئه‌و گه‌ڕه‌كه جگه له‌وه‌ى سه‌نته‌رى شار بوو، له بنكه‌ى پۆلیسى هه‌ولێر و ئۆردوو واته سه‌ربازگه‌ى هه‌ولێریش نزیك بوو، ئێمه‌ش كه ماڵمان له‌و گه‌ڕه‌كه بوو، به بینینى ئه‌و رەوشە رۆحى كوردایه‌تیمان ڕۆژ به رۆژ په‌ره‌ى ده‌سه‌ند، زۆر جاران كه له‌سه‌ر جاده‌ى موزهفرییه و باتا پێشمه‌رگه‌ى ناوخۆ چالاكییەكى به كوشتنى خۆفرۆش و سیخووڕێك ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌نجامده‌ر به خۆ و ده‌مانچه‌ى ده‌ستییه‌وه ڕاى ده‌كرده نێو گهڕهگهكهى عاره‌بان و دواتر به پڕه‌پڕ و تهنگهنهفسییهوه چه‌كدارانى ڕژێم له ئێمه‌ى گه‌نجان و هه‌تا له ژن و منداڵانى گه‌ڕه‌كیان ده‌پرسى، ئه‌و بكوژه بۆ كام لا ڕۆیى، ئێمه ده‌ستخه‌ڕۆمان ده‌كردن و ڕێگا و كۆڵانه پێچاوپێچه پێچه‌وانه‌كه‌یمان نیشان ده‌دان. له‌نێو شاخ و ته‌لان و گرد و زوورگهكانیش، هه‌تا له ده‌شته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاردا شه‌ڕ و چالاكییه‌كانى پارتیزانى پێشمه‌رگه دهنگوباسهكانیان گه‌رم و گوڕ بوو، ئه‌و كورده‌ى دڵسۆز بوو بۆ كوردایه‌تى، له حاڵه‌تى ڕاڕایى و نائارامى و چاوه‌ڕوانیدا بوو، دیاره كاریگه‌ریى شه‌ڕه‌كان له‌ناو شاره‌كانیشدا به‌وه‌دا ده‌شكایه‌وه، كه ڕژێم و ده‌سته و دایره‌ى خه‌فیه و هه‌واڵگرى و سیخووڕهكانیان، هه‌ڵده‌ستان به كارى گرتن و ڕاوه‌دوونان و پشكنین و له‌سه‌ر جادهكانیش داواكردنى ناسنامه و گومانى زۆر و توندوتیژیش له خاڵى بازگه‌كانى نێوان شار و شارۆچكه‌كان كارا بوو.
(ماویەتى)