شارەزا و پەشێوم لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا ناسین

سه‌ری هارومار

له‌ وانەی كوردیدا، مامۆستایه‌كی خاوێن و باوێنی تۆزێك باریكه‌له‌ هاته‌ ناو پۆله‌وه‌، پرچی ئه‌وه‌نده‌ جوان داهێنابوو، له‌دووره‌وه‌ ده‌بریقایه‌وه‌، له‌ ناوه‌ندی پۆل راوه‌ستا و گوتی:
ـ ناوم مامۆستا (كه‌ریم شاره‌زا)یه‌، له‌ مه‌خمووره‌وه‌ گواستراومه‌ته‌وه‌ بۆ ئێره‌، له‌مه‌ودوا رێزمان و خوێندنه‌وه‌ی كوردیتان پێ ده‌ڵێم.


ئینجا یه‌كه‌ یه‌كه‌ پرسیاری ناوی خۆمان و باوكمان و پیشه‌كه‌ی پرسی، كه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر جووته‌برا (جه‌میل و جه‌لال باپیر) له‌ پیشه‌ی باوكیانی نه‌پرسی، دیار بوو پێیان گوتبوو كه‌ باوكی ئه‌و دوو كوڕه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، كه‌ نۆره‌ی من هات، لێی پرسیم:
ـ دیاره‌ زۆر حه‌زت له‌ هه‌ڵبه‌ست و سرووده‌، باوكت چ ئیش ده‌كات؟


وه‌رامم دایه‌وه‌.


ـ عه‌مه‌له‌یه‌ له‌ غاباتی.


مامۆستا كه‌ریم زۆر چوست و چالاك به‌ناو پۆلدا ده‌سووڕایه‌وه‌، لای قوتابییه‌ك راوه‌ستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ كرد و گوتی:
ـ ئه‌وه‌ كوڕی منه‌ و ناوی (بارزان)ه‌، ئێوه‌ش هه‌مووتان كوڕی منن، به‌ یه‌ك چاو ته‌ماشای خڕتان ده‌كه‌م، من قوتابیی زیره‌ك و ژیرم خۆش ده‌وێ، ئێوه‌ دواساڵتانە لێره‌، ده‌بی باش بخوێنن.


مامۆستا كه‌ریم، هه‌فته‌ی دوو جار ده‌یبردینه‌ ناو هۆڵی كتێبخانه‌، به‌ كتێبه‌كان ئاشنای ده‌كردین، ده‌یگوت ئه‌مه‌ چیرۆك و ئه‌مه‌ شیعره‌ و ئه‌مه‌ مێژووه‌ و ئه‌مه‌ش جوگرافیایه‌، جارجار چیرۆكێكی بۆ ده‌خوێندینه‌وه‌، له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌دا ئه‌وه‌نده‌ وشه‌كانی ده‌ژنه‌فت، كه‌ حه‌زمان ده‌كرد هه‌ر به‌رده‌وام بێت، رۆژێكیان گوتی:
ـ ئه‌مڕۆ باسی میلله‌تی جه‌زائیرتان بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و میلله‌ته‌ چه‌ندان ساڵ ژێرده‌سته‌ بوو، له‌ دژی داگیركه‌ر ده‌ستی دایه‌ خه‌بات، یه‌ك ملیۆن كه‌س شه‌هید بوون، پاشان سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگرت. له‌ كاتی باسكردنی ژیانی میلله‌تی جه‌زائیر، ده‌یگوت:
ـ هه‌ر میلله‌تێكی ژێرده‌سته‌، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت رزگار بێت ده‌بێت بایه‌خ به‌ خوێنده‌واری بدات و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ ته‌با بن.


جارجار، چه‌ند لاوێك ده‌هاتنه‌ قوتابخانه‌، مامۆستا كه‌ریم به‌سه‌ر پۆله‌كان دابه‌شی ده‌كردن، رۆژێكیان چوار له‌و لاوانه‌ی هێنایه‌ پۆله‌كه‌ی ئێمه‌ و گوتی:
ـ ئه‌و چوار لاوه‌ دوا ساڵی خوێندنیانه‌ و ده‌بنه‌ مامۆستا، دێن تا چۆنیه‌تیی ده‌رس گوتنه‌وه‌ به‌ چاوی خۆیان ببینن، هه‌ر جارێك هاتنه‌ ناو پۆله‌وه‌ ده‌بێت وه‌ك مامۆستاكانی خۆتان رێزیان بگرن.


چوار لاوه‌كه‌، چوون له‌پێشه‌وه‌ راوه‌ستان، مامۆستا كه‌ریم هه‌ڵبه‌ستی (جووتێك كۆتری نێر و مێ)ی بۆ خوێندینه‌وه‌، چه‌ند جارێك به‌ شێوه‌یه‌كی جوان هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، پاشان كه‌وته‌ باسكردنی كۆتر و ئینجا باسی بۆقیشی بۆ كردین، دواجار گوتی:
ـ ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ مامۆستا (بێكه‌س) دایناوه‌، ئه‌و شاعیره‌ زۆر میلله‌تی خۆی خۆش ده‌وێت، دژی حاكمی ئینگلیز شیعری نووسیوه‌، هه‌روه‌ها شیعری جوانیشی بۆ منداڵان نووسیوه‌. ئینجا داوای له‌ قوتابییان كرد، كه‌ كێ ده‌توانێت هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌، ده‌ستم به‌رز كرده‌وه‌ و له‌ ناوه‌ندی پۆل راوه‌ستام و ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ كرد، كه‌ لێ بوومه‌وه‌ چه‌پڵه‌یه‌كی گه‌رمیان بۆ لێ دام، بینیم یه‌كێك له‌ چوار لاوه‌كه‌ ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ به‌ ده‌ممه‌وه‌ پێ ده‌كه‌نێت، له‌ دڵی خۆمدا وا لێكم دایه‌وه‌ دیاره‌ ده‌مناسێت، یان خزممانه‌، چه‌ند قوتابییه‌كی دیكه‌ش هه‌ڵبه‌سته‌كه‌یان خوێنده‌وه‌.


كه‌ زه‌نگی پشوو لێی دا، ئه‌و لاوه‌ی كه‌ بۆم پێكه‌نی هاته‌ لام و ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا و گوتی:
ـ ئافه‌رین، ئافه‌رین، بابی بابم.


مامۆستا كه‌ریم به‌ لاوه‌كه‌ی گوت:
ـ ئه‌و قوتابییه‌ له‌ كوردی زۆر زیره‌كه‌، ده‌توانێت به‌ سه‌عاتێك هه‌ڵبه‌ستێك له‌به‌ر بكات.


ئینجا ئاماژه‌ی بۆ كوڕه‌ لاوه‌كه‌ كرد و پێی گوتم:
ئه‌وه‌ كاك عه‌بدوڵا په‌شێوه‌، شاعیره‌ و كتێبیشی هه‌یه‌.


جگه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و رێزمانی كوردی، مامۆستا كه‌ریم باسی مێژووی كورد و جوگرافیای كوردستانی بۆ ده‌كردین، گه‌لێك جار ده‌یگوت سنووری كوردستانی عێراق تا چیای حەمرینه‌، نه‌م ده‌زانی حەمرین له‌ كوێیه‌، هه‌روه‌ها ده‌یگوت وه‌ك چۆن ساڵنامه‌ی میلادی و هی كۆچی هه‌ن، هی كوردییش هه‌یە و ناوی مانگه‌ كوردییه‌كانی به‌ گه‌وره‌یی له‌سه‌ر كارتۆنێك نووسیبوو و به‌ دیوار هه‌ڵیواسیبوو.


رۆژێكیان، له‌ وانەی كوردیدا، ئه‌و لاوه‌ی كه‌ ناوی عه‌بدوڵا په‌شێو بوو، له‌جیاتی مامۆستا كه‌ریم هاته‌ ناو پۆله‌وه‌، ناوی یه‌كه‌ یه‌كه‌مانی پرسی، باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردین كه‌ تا ده‌توانێن بخوێنینه‌وه‌، جگه‌ له‌ كتێبه‌كانی مه‌كته‌ب، كتێب له‌ كتێبخانه‌ی قوتابخانه‌ وه‌ربگرین و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی توانای هه‌یه‌ با له‌ بازاڕ كتێبی كوردی بكڕێت، ده‌یگوت وریای زمانه‌كه‌تان بن، هه‌وڵ بده‌ن به‌ زمانی داك و بابتان قسان بكه‌ن، له‌ وشه‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن پرسیار له‌ كه‌سوكار و مامۆستایان بكه‌ن، هه‌ر میلله‌تێك زمانی نه‌بێت میلله‌ت نییه‌.


ئینجا به‌ خه‌تێكی جوان، له‌سه‌ر ته‌خته‌ ره‌شه‌كه‌ ئه‌و شیعره‌ی بۆ نووسین:
له‌بیرمه‌ وه‌ك شتێ مه‌علووم
منداڵ بووم ئاشقی تۆ بووم
كه‌ مامۆستام
له‌ ریز داینام
گوتی ئه‌ی خامه‌ بنووسه‌ جوان
فیدات بم خاكی كوردستان.......(به‌ختیار زێوه‌ر).


پاشان گوتی:
ـ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و شیعره‌ له‌به‌ر بكه‌ن.


وانه‌ی كوردی بۆ من كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ بوو، له‌و كاته‌ هه‌ستم به‌ بوونی خۆم ده‌كرد، ده‌متوانی ئه‌وه‌ی له‌ ناخمدا په‌نگ خواردووه‌ ده‌ری ببڕم.


(چل و نۆ ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ بڕا كه‌ مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا و شاعیری داهێنه‌ر عه‌بدوڵا په‌شێو، له‌ناو قوتابخانه‌ی ئه‌ربیل ئولا بناسم، مامۆستا شاره‌زا تا كۆچی دوایی هه‌ر مامۆستا و براده‌رم بوو، په‌شێویش تا كوردستانی جێ هێشت زوو زوو ده‌مبینی و زۆر هانده‌رم بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ڕووی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد، چه‌ند جارێك به‌ سه‌ردان هاته‌وه‌ و به‌ دیداری شاد بووم).


هه‌ستم به‌ شادیی بێ پایان ده‌كرد، به‌ من بوایه‌ له‌ هه‌موو ده‌رسه‌كان مامۆستا كه‌ریم و مامۆستا عه‌بدوڵا بهاتبانه‌ ناو پۆله‌وه‌.