كورد لەهاوكێشەی بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكادا

 

پرسی دۆستایەتی ئێران و ئەمەریكا بۆ كورد لەروانگەی جیاواز و هەندێك جاریش لەپاڵ بەرژەوەندی تایبەتی و حزبیدا قسەی زۆری لەسەردەكرێت و رای جیاوازی زۆری لەبارەوە دەدرێت. بەڵا تێگەشتن لەواقیعی رووداوەكان ئەو پرسە یەكلاییدەكاتەوە.

 

هەڵبەت هەریەك لەو وڵاتانە چ لەسەر ئاستی دپلۆماسی یان سیاسی كار بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی خۆیان دەكەن و لەچوارچێوەی ستراتیژی كاركردنی خۆیاندا دەسوڕێنەوە، بەڵام ئەوەی هاوكێشەكە دەگۆڕێت سیاسەت و ستراتیژی كوردە بەئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی و تێگەشتن لە واقیعی سیاسەتكردنی هەردوولایان.

 

ترەمپ هەر لەسەردەمی بانگەشەكردنی وەك كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمەریكا رایگەیاند ئەو لەگەڵ هاتنی ئەمەریكا بۆ عێراق نەبووە لەبەرئەوەی ئێران توانیویەتی كۆنترۆڵی تەواوی جومگەكانی ئەو وڵاتە بكات, هەروەها وتیشی ئەمەریكا زيانيكی زۆری كردووە لەچونی بۆ عێراق و زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلاری لەعێراقدا خەرجكردووە و زیاتر لە پێنج هەزار سەربازیشی بەكوشداوە بەڵام سەرئەنجامی لابردنی رژێمی عێراق ئەمەریكا ئەو وڵاتەی لەسەر سینییەكی ئاڵتونی پێشكەشی ئێران كردووە، رەخنەی زۆریشی لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا لەعێراق گرتووە كە رێگەیداوە ئێران كۆنترۆڵی عێراق بكات لەرووی سیاسی و سەربازی و دپلۆماسی و تەنانەت كولتوریشەوە كە ئێستا كولتوری ئێرانی و فارسی بە ئاشكرا رەنگدانەوەی لەسەر شێوازی ژیانی بەشێك لەشیعە نشینەكانی باشوری عێراق هەیە. ئەم بۆچونانەی ترەمپ لەسەرەتاوە مێسجی روون بوون كە ئەو نیگەرانە لە دەستێوەردانی زۆری ئێران و بەجۆرێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكات.دواتریش یەكێك لەهۆكارەكانی سەپاندنی گەمارۆی ئابوری زیاتر بەسەر ئێراندا پەیوەندی بە دەستێوەردانەكانی ئێرانەوە هەبوو.

 

بۆچونی كۆشكی سپی لەرادەستكردنی عێراق بە ئێران لەو روەوەیە كە ئەو وڵاتە قوربانی زۆریداوە بۆ رزگاركردنی گەلانی عێراق و ئەگەر كوردیش بەنمونە وەربگرین ئەوا دەبینین كە پاش راپەڕینی ساڵی 1991 ئەمەریكا رۆڵی سەرەكی هەبوو لەدیاریكردنی هێڵی 36 و پاراستنی كیانێك بۆ كوردەكان، دواتریش هەر ئەمەریكا رۆڵی سەرەكی دەبینێت لەهاوكاریكردنی ئیدارەی كوردی لەباكوری عێراق. لەقۆناغی شەڕی ناوخۆشدا ئەمەریكا فشاردەكات بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ و گێڕانەوەی ئومێد بۆ حكومڕانی كوردی.

 

دواتر پاش رووخانی رژێمی عێراق ئەمەریكا جارێكی تر پشتگیری كورد دەكات لەرادەستكردنی حكومڕانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەكورد، وەك قەڵغان لەبەرامبەر هەڕەشەكانی عەرەب و فارس و توركی بۆ كورد وەستابوو. لەپاش سەرهەڵدانی داعشیش بەهەمان شێوە جارێكی تر ئەمەریكا كورد وەكو هاوپەیمان لەناوچەكە دەناسێنێت و هاوكاری سەربازی و دیپلۆماسی پێشكەشدەكات. لەسەروبەندی شەڕی داعشیشدا لەكاتی نزیكبونەوەی داعش لەهەولێر فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بەهانای پێشمەرگەوە دێن و مەترسییەكە دووردەخەنەوە.

 

لەهەمو ئەو قۆناغانەدا ئێران لەلایەك كاری لەسەر كەمكردنەوەی كاریگەری هێزە كوردییەكان كردووە و لەلایەكی تریش هەمیشە باوەڕی بەدەستێوەردانی راستەوخۆی پرسە ناوخۆییەكان بووە، ئەوەش بە دیدی ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئێران هەمیشە كوردی وەك دوژمن تەماشاكردووە و بەمەترسی بۆ خۆی زانیوە، لەم روانگەیەوە جیاوازی لەگەڵ ئەمەریكا ئەوەیە كە ئەمەریكا كێشەی خاك و نەتەوە و كولتوری لەگەڵ كورددا نیە وەك دوژمن تەماشای كورد ناكات.

 

ئەگەر لەپرسی ریفراندۆم بڕوانین كە گرنگترین پرسی كورد بووە لەماوەی یەك سەدەی رابردوودا ئەوە تێدەگەین بەڵێ ئەمەریكا داوایكرد ریفراندۆم نەكرێت بەڵام دوژمنەكانی كوردی لەسەر سفرەیەك كۆنەكردەوە بۆ دژایەتیكردنیان، هاوكاری حەشدی شەعبی نەكرد بۆ هێرشكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەپێچەوانەوە یەكەم وڵات دەبێت كە لەسەر ئاستی باڵا سەردانی هەرێم دەكات، بەواتایەكی تر ئەمەریكا داوایكرد ریفراندۆم نەكرێت بەڵام دژایەتی نەكرد. لەبەرامبەردا ئێران نەك دژایەتیكرد بەڵكو توركیا و چەندین وڵاتی دیكەشی هێنایە سەرخەت تا دوژمنایەتی ئەو پرۆسەیە بكەن، هاوكات پاڵپشتی حەشدی شەعبی كرد بۆ داگیركردنی كەركوك.

 

لەپرسی ئابوری و فرۆشتنی نەوتیشدا ئێران یەكەمین وڵاتە كە زۆرترین سود لەدراوسێیەتی و دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە دەبینێت، لەبەرامبەردا ئێران لەهیچ قۆناغێكدا هاوكار نەبووە بۆ گەشەپێدانی ئابوری هە رێم، نەوت بەنرخێكی كەم دەبات، بەڵام شتومەكەكانی خۆی بەگرانترین نرخ هەناردە دەكات و نابەرامبەرییەكی زۆر لەبازرگانی نێوان هەرێم و ئێراندا هەیە كە بەپێوەرە ئابورییەكان تەنها لەبەرژەوەندی ئێراندایە.

 

هەڵەی سیاسەتی كوردیش لەم ناوچەیە ئەوە بووە باڵانسی لەنێوان ئێران ئەمەریكا رانەگرتووە، لەپاش سەپاندنی سزاكان عێراق و هەریمی كوردستان چەندین رێككەوتننامەی بازرگانیان لەگەڵ ئێران واژۆكردووە ئەوەش كۆشكی سپی توڕەدەكات. لەپاش رووخانی رژێمی عێراق تا دواین سەردانی ئۆباما بۆ عێراق لەماوەی چوار خولی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا شەش جار سەرۆكەكانی ئەمەریكا ( بۆش و ئۆباما) سەردانی عێراقیان كردووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەیان بینیوە، سەرەتا ئەمەریكا دەیویست ئیعتباری نێودەوڵەتی بۆ حكومەتی عێراق بگێڕێتەوەو بەجیهان بڵێت ئێستا پاش سەددام شتێك هەیە بەناوی حكومەتی عێراق و ئێمە ئیعترافی پێدەكەیت، بەڵام دیارە هەڵوێستی ئێستای كۆشكی سپی پاش زیادبونی دەستێوەردانە بەردەوامەكانی ئێران گۆڕاوە، ترەم هیچ ئیعتبارێك بۆ حكومەتی عێراق دانانێت و سەردانیان ناكات.

 

ئامانجی سەرەكی لەهاتنی ریك پێری وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ عێراق رازیكردنی عێراق بوو بەكەمكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، ماوەی 90 رۆژیشی پێدان تا بتوانێت بەدیلێكی تر بدۆزنەوە بۆ فرشتن و هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەیان بدۆزنەوە. بەڵام دیارە سەرداننەكردنی بەرپرسانی عێراق لەلایەن دۆناڵدترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و پەیامەكانی دیكەی كە بەزمانێكی زۆر سادە دەیانگەیەنێت هێشتا بەرپرسانی عێراقی لەو خەوە قوڵە خەبەرنەكردۆتەوە، چونكە دەرگای زیاتر بۆ ئێران دەكەنەوە، هاتنی وەزیری وزەی ئێران دوابەدوای سەردانی وەزیرەكەی ئەمەریكا تەحەداكردنی ئەمەریكایە كە باجەكەی تەنها عێراق و عێراقییەكان دەیدەن.

 

كارتەكانی ئەمەریكا دژی عێراق و كورد زۆر زیاترن لەكارتەكانی دەستی ئێران بۆ سزادانی ئەو لایەنانەی كە دژایەتی ئەمەریكا دەكەن، ئەگەر ئەمەریكا نەبێت ئەوا ئێران و توركیاو وڵاتانی دیكەی عەرەبی لەپلانێكی هاوشێوەی ریفراندۆمدا تەواوی ئەزمونی هەرێمی كوردستان دەخەنە مەترسییەوە ئەگەرچی بەرژەوەندی ئابوری زۆریشیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە وەك هەرێمێكی سەربەخۆ، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی هەمیشە لەترسی بەدیهێنانی خەونی دروستكردنی دەوڵەتی كوردیدان.

 

لێرەوە تێدەگەین ئەمەریكا بە راشكاوانە دەڵێت كە ئەوان شەڕی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام پشت ناكەنە هاوپەیمانەكانی خۆیان و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی پەیوەندییەكانیان درێژە پێدەدەن، لەبەرامبەردا ئێران هەرگیز بەچاوی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی تەماشای كورد ناكات و ئەگەر رێككەوتن یان نزیكبونەوەیەكیش رووبدات بەشێوەیەكی كاتییە و هەمیشە چاوی لەرووخاندنی ئە كیانەیە كە كورد دەیەوێت لەسایەیدا سەربەستانە بژی. كوردیش پێویستە زیاتر لەم راستییە تێبگات و لەسەر بنەمای زیاتر دۆستایەتی مامەڵە بكات.