بیرەوەرییەكانى كچەکەی ستالین

 

پێشەكى

سڤێتلانا ئەلیلۆیڤا، كچە زۆر خۆشەویستەكەى "جۆزێف ستالین"ی دیكتاتۆرى سۆڤیەتى سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەمە. ئەو كەسەى وەك رێبەرى گەورەى یەكێتیى سۆڤیەت توانى وڵاتەكەى بگۆڕێ بۆ وڵاتێكى زلهێز و شكست بە هێزەكەى هیتلەر بهێنێ و جەنگى جیهانى دووەم بە سەركەوتن و قازانجى وڵاتەكەى یەكلا بكاتەوە، بەڵام ژیانى ملیۆنان كەسیشی خستە دۆخێکی پڕ لە ترس و تۆقین. ئەو كچە لە پاش مردنى باوكى، پاشناوی (ستالین)ی لەسەر خۆى لادا و چیدی نەیدەویست ناو كەسێكى بەسەردا بمێنێ كە لە زوڵم و دڵڕەقی و ستەمكاریدا ناوبانگێكی جیهانیی وەرگرتبوو. ئەو پاشناوی باوكى لەسەر خۆى سڕییەوە بەو هیوایەى ژیان بە رووخسارێكی گەشتر و جوانترەوە ببینێ. هەمووان وایان دەزانى (سڤێتلانا) وەك پرەنسیس و شازادەیەك لە كۆشكى كرملین دەژی و ژیانێكی ئەفسانەیی و هەزار رەنگى هەیە، بەڵام ئەو كەسانە وێنە راستەقینەكەى كۆمەڵگەى سۆڤیەتییان نەدەبینى. هاووڵاتییانى سۆڤیەت وا راهێنرابوون كە پەیڕەوى لە كۆمەڵێك یاسا و رێنمایی زۆر دژوار و ئەستەم بكەن. بە هەموویان گوترابوو، "لەكوێ بژین، لە كوێ كار بكەن، دەبێ بۆ كوێ بچن و نابێ بۆ كوێ بچن". بێگومان كچی ستالینیش دەبوو پەیڕەوى ئەو یاسایانە بكات.
سڤێتلانا لە شوێنێكدا دەڵێ: "بۆ هەركوێ بچم، ئوسترالیا بێ یان دوورگەیەكى پەرت و دوور، هەمیشە زیندانیى سیاسیی ناوبانگە خراپەكەى باوكمم".
تەمەنى سڤێتلانا شەش ساڵ بوو كاتێك (نادیا)ی دایكى كە دەیكردە هاوسەرى دووەمى ستالین، خۆى كوشت.
كاتێكیش ستالینی باوكى مرد، هەستى كرد ئەوى خۆش دەوێ، هاوكات هەستى كرد مردنى باوكى دەرگاى ئازادیى بە روودا واڵا دەكات. بۆیە لەناو زەینى خۆیدا دووچارى جۆرێك لە دووكەسێتى دەبێ. دواى مەرگى باوكیشی، بەرپرسانى وڵات ئەویان بە چاوى ئامێر و كەرەستەیەكى موڵكى دەوڵەت سەیر دەكرد. سەرلێشێواویى كچەكە ئەوى لە رووى دەروونییەوە شپرزە كردبوو تا ئەو كاتەى لەگەڵ (براجیش سینگ) یەكدییان ناسی. (سینگ) پیاوێكى هیندی بوو كە توانى هێمنى و دڵنیایی و جێگیریی دەروونیى و هەموو ئەو شتانەى پێ ببەخشێ كە ژیان لەناو كۆشكى كرملین لێی زەوت كردبوو. ئەو پیاوە هیندییە لەدواى مردنى، كڵاورۆژنەیەكى بەرەو ئازادى بۆ كردەوە.
پێكەوە چەند لاپەڕەیەك لە یادەوەرییەكانى سڤێتلانا ئەلیلۆیڤا “Svetlana Alliluyeva” دەخوێنینەوە.

 

(1)

سڤێتلاناى كچی ستالین لە مانگى تشرینى یەكەمى 1963 بۆ نەشتەرگەریى قوڕگى و لابردنى گرێی لەوزەتێنى، سەردانى نەخۆشخانەى كۆنتسۆڤۆى كرد. نەخۆشخانەكان بەگشتى لە سەردەمى (توانەوەى سەهۆڵەكان)ی خرۆشۆف پەیتا پەیتا گۆڕانكارییان بەسەردا هاتبوو. هێشتا نەخۆشخانەكان و ئاسایشگەكانى شوێنى حەوانەوەى حكوومى و تایبەت بۆ نەخۆشەكان لە مۆسكۆ بۆ سوودوەرگرتنى ئەندامانى توێژى دەستەبژێرى دەسەڵاتدار و ئەندامانى خێزانەكانیان، هەروەها بۆ یاریزانانى ناودارى وەرزشكار لە كار و خزمەتدا بوو. بەڵام ئێستە پێچەوانەى رابردوو كەسانى بیانیش وەردەگیران بۆ چارەسەرى نەخۆشییەكانیان.


رێكخراوەكانى سەر بە حزبی كۆمۆنیست لە دەرەوەى وڵات دەبوو هەموو ساڵێك "بۆ درێژەدان بە رێكلام و پڕوپاگەندە" نەخۆشگەلێكى تایبەت بۆ وەرگرتنى چارەسەرى، رەوانەى مۆسكۆ بكەن. بوونى نەخۆشگەلی بیانى لە نەخۆشخانەكانی مۆسكۆ وەك ئەركێكى ئاسایی و جۆرێك لە نەریتى لێ هاتبوو، بەڵام ئێستە زۆربەى ئەو نەخۆشانەشیان بەتەنیشت نەخۆشەكانى سۆڤیەتیدا دەخەواند و تەنانەت رێگەیان پێ دەدان بێ وەرگێڕ و بێ چاودێر لەگەڵ نەخۆشەكانى دیكەدا تێكەڵاوى و هاموشۆ بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا، نەخۆشە سۆڤیەتییەكان هێشتا بوێریى ئەوەیان نەدەكرد زۆر لە نەخۆشە بیانییەكان نزیك بكەونەوە. (سڤێتلانا) لە نەخۆشخانەى كۆنتسۆڤۆ سەرنجى كەوتە سەر پیاوێكى كورتەباڵاى پشتداچەماوى قژ ماشوبرنجى كە لە كریدۆرەكەدا پیاسەى دەكرد. ئەو پیاوێكى هیندی بوو، هەر ئەوەیش بووە هۆى راكێشانى زیاترى سەرنجى سڤێتلانا.


سڤێتلانا سەرقاڵى خوێندنەوەى ژیاننامەى مەهاتما گاندی، رێبەرى سەربەخۆیی هیندستان بوو و دەیویست چەند پرسیارێك لەبارەى گاندى لەو پیاوە كورتەباڵا هیندییە بپرسێ، بەڵام شەرمنۆكییە لەڕادەبەدەرەكەى رێگەى پێ نەدەدا لێی بچێتە پێشێ و سەرى قسەى لەگەڵدا بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك هەردووكیان لەنێو كریدۆرى نەخۆشخانەكەدا بەڕێكەوت كەوتنە بەرامبەرى یەك، لەسەر ئێسكەملێكى دار بەتەنیشت یەكەوە دانیشتن و بە تاسە و تامەزرۆییەكى زۆرەوە بۆ ماوەى سەعاتێك قسەیان كرد. هەردووكیان بە زمانى ئینگلیزى پێكەوە قسەیان دەكرد. پیاوە هیندییەكە لە سڤێتلاناى پرسی: "تۆ سەر بە چ رێكخراوێكىت؟“ كاتێكیش وەڵامەكەى وەرگرتەوە: "سەر بە هیچ رێكخراوێك نیم" بزەیەكى خۆشی كەوتە سەر لێوانى.


براجیش سینگ لە تەمەنى جحێلیدا كۆمۆنیستێكى ئامانجخواز و دڵگەرم بوو. بەڵام ئێستە وا نەبوو. براجیش سینگ كوڕى راجا كالاكانكار لە هەرێمى ئۆتار پرادش بوو. ئەو زمانى ئینگلیزیى لە كۆلێژێكدا لە بەریتانیا فێر بووبوو و زۆرترین كاتەكانى خۆى لە دەرەوەى هیندستان رابواردبوو. ئەو لە ساڵى 1932 كە لە لەندەن نیشتەجێ بوو، بووبووە كۆمۆنیست. وای دەزانى ئەوە باشترین رێگایە بۆ تێكۆشان و خەبات لەپێناو سەربەخۆیی هیندستان. بەگوتەى هاوڕێكانى براجیش، ئەو كوڕێكى پاك بوو، سروشتێكى تەنزاوى و قۆشمەچێتیى هەبوو كە بەردەوام ئەو سروشتەى خۆى تێكەڵ بە چالاكییە سیاسییەكانى دەكرد.


سڤێتلانا كاتێك زانى (سینگ) هیچ زانیارییەكى لەسەر كەسایەتیى ئەو نییە، هەناسەیەكى ئاسوودەى هەڵكێشا. سینگ لە سڤێتلاناى پرسی لە یەكێتیى سۆڤیەت، لە قۆناغی دواى مەرگى ستالین چی گۆڕانكارییەك رووی داوە؟ سڤێتلانا لە وەڵامدا گوتى: "بە رواڵەت هەندێك چاكسازیى رووكەشییانە ئەنجام دراوە، بەڵام بناغەكان و ژێرخانى كۆمەڵگەى سۆڤیەت بێ هیچ گۆڕانكارییەك، وەك خۆى ماوەتەوە". دواجار كاتێ سڤێتلانا بریارى دا بە سینگ بڵێ ئەو كچی ستالینە، سینگ لە كاردانەوەدا تەنیا "ئاە"ێكى بە تەوسەوەى بەریتانى لە دەم دەرچوو. سڤێتلانا پاشان گوتى "سینگ" لەوبەدوا قەت شتێكى لەبارەى باوكى لێ نەپرسی. ئەوان لەماوەى مانەوەیان لە نەخۆشخانە، لە حاڵەتێكدا كە پۆشاكى تایبەت بە نەخۆشانیان لەبەردابوو، لە كریدۆرى نەخۆشخانەدا پێكەوە پیاسە و هاتوچۆیان دەكرد یان لە كافتریاى نەخۆشخانە خواردنیان دەخوارد. لەو كات و ساتانەدا كە ئەوان پێكەوە دەبوون، نەخۆشەكانى دیكە كە لە توێژى دەستەبژێرى سۆڤیەتی بوون، بە چاوێكى ناحەز لە (سینگ)یان دەڕوانى، چونكە ئەوان لەو پەلامارەى خرۆشۆڤ بۆ نێو گۆڕەپانى سەرپشك و ئیمتیازە پاوانكراوەكانیان و وەرگرتنى نەخۆشە بیانییەكان ناڕازى و دڵگران بوون، پەست و بێزار بوون لە چاكسازییەكانى خرۆشۆڤ. نەخۆشە سۆڤیەتییەكان كە ئاخافتنیان بە زمانى ئینگلیزى دەزانى، مەراقیان كردبوو بزانن سڤێتلانا و سینگ لەبارەى چی بابەتێك قسەوباس دەكەن. بەڵام ئەوانیش، سڤێتلاناو سینگ، هەر كە یەكێك لێیان نزیك بكەوتایەوە بێدەنگ دەبوون و قڕوقەپیان لێ دەكرد.


كارمەندە نهێنییەكانى پۆلیس لەنێو نەخۆشخانەكەدا هەبوون و (سینگ) كەسێكى بە هەراوهۆریا بوو و هەمیشە سەرنجى دەوروبەرى بۆ لاى خۆی رادەكێشا. سڤێتلانا ​نیگەرانیی و ترسی ئەوەى هەبوو سینگ شتێكى بەسەر بێت.