دره‌خته‌که‌ی ئۆشۆ

ئۆشۆ حه‌وت ساڵی سەرەتای تەمەن بە (حه‌وت ساڵی ئاڵتوونی) ناودێر دەکات

هه‌تا ئێستا زانست نه‌یتوانیوه بیسه‌لمێنێت، که مرۆڤ له کاتی مردندا چی به‌سه‌ر دێت ...هتد. به‌ڵام خه‌ڵکانی سپیریتوێل ده‌توانن له ڕێگای هه‌سته‌وه، هه‌ست به بوونێک بکه‌ن، که نه‌توانن بیسه‌لمێنن. ئه‌م هه‌سته ئالبه‌رت ئاینشتاینیش هه‌یبووه، که ده‌یگوت: ”ئه‌و مرۆڤه‌ی له‌گه‌ڵ زانستدا سه‌رقاڵه، هه‌ست به گایستێک له گه‌ردووندا ده‌کات، که له‌به‌رده‌میدا بێده‌سته‌ڵاته“. ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئاینشتاین سانا ده‌توانین بیپێکین، ئه‌وه‌نده‌مان به‌سه، که‌مێک به زانسته‌وه سه‌رقاڵ بین. سه‌رنج بده، ئه‌و منداڵانه‌ی، که خاوه‌نی به‌هره‌یه‌کن، که مرۆڤ له ئاستیاندا سه‌رسام ده‌بێت. منداڵێکی پێنج ساڵانه‌ی که‌مانچه‌ژه‌ن، پیانۆژه‌ن، سه‌ماکار، نیگارکێش، ماته‌ماتیکه‌ر ...هتد. بۆ نموونه مۆتسارت، یاخود سرینیڤاسا ڕامانوجان (Srinivasa Ramanujan) زانای ماتماتیک. ڕامانوجان له هیندستاندا ئه‌و ڕێز و نرخه‌ی نه‌بوو، هیچ قوتابخانه‌یه‌ک ئاماده نه‌بوو کارێکیشی وه‌ک مامۆستا بداتێ، چونکه خاوه‌نی بڕوانامه‌یه‌ک نه‌بوو، که بتوانێت پیشه‌ی مامۆستایی پراکتیزه بکات. دواجار کاتێک له به‌ریتانیاوه له‌لایه‌ن پرۆفیسۆرێکی ماتماتیکه‌وه له زانکۆی کامبریج بانگهێشت کرا بۆ خوێندن، بوو به یه‌کێک له گه‌وره زاناکانی ماتماتیک له جیهاندا. ئه‌قڵی ماتماتیکیی ڕامانوجان به‌رهه‌مێکی سپیریتوێلانه بوو، وه‌ک خۆی ده‌یگوت: ”من بیر له ژماره‌کان ناکه‌مه‌وه، به‌ڵکوو هه‌ستیان پێ ده‌که‌م، ژماره‌کان بۆ من له‌وێن“. ئاینشتاینیش ده‌ڵێ، هه‌موو داهێنانه گه‌وره‌کانی به‌رهه‌می هه‌ستن، نه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ڕاسیۆناڵانه، واته ئه‌قڵییانه.


بۆ ئۆشۆ ئه‌م منداڵانه، ئه‌م زانایانه به‌رده‌وام ئاگایانه خاوه‌نی پلانن له ژیاندا، هه‌ر بۆیه گرنگی به مردن ناده‌ن، چونکه مردن بۆ ئه‌وان کۆتایی نییه له ژیان، به‌ڵکوو کۆتایی کاپیته‌ڵێکی ژیانه، هه‌ر بۆیه دوای ئه‌وه کاپیته‌ڵێکی تر له ژیان ده‌ستپێده‌کات. بۆ ئۆشۆ، ئه‌م مرۆڤانه ئاگایانه ده‌مرن، نه‌ک به ترس له مردن نزیک ببنه‌وه و ئه‌وسا به ترس بمرن. ئۆشۆ خۆی پێی وایه، که ئه‌و له ژیانی پێشوویدا ئه‌م ژیانه‌ی هه‌ڵبژاردووه، له‌م ژیانه‌شدا پلانی بۆ ژیانی ئاینده‌ی هه‌یه، یاخود هه‌بووه. به‌ڵگه‌کانی ئۆشۆ بۆ ئاگایی له ژیانیدا، بۆ ئه‌وه‌ی، که ئه‌و له ژیانی پێشوویدا ئه‌م ژیانه‌ی پلان کردووه، بیرکردنه‌وه تیژه‌کانی بووه، که ئه‌و هه‌ر له منداڵییه‌وه خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تر بووه له ژیان و له جیهان، هه‌میشه‌ش خاوه‌نی زمانێکی ڕه‌وان و لۆگیکانه بووه. ئۆشۆ له له‌دایکبوونیه‌وه هه‌تا ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی، له ماڵی باپیری ده‌ژیا، وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: ”کاتێک هاتمه‌وه ماڵی دایک و باوکم، مرۆڤێکی گه‌ییو بووم و ده‌متوانی بفڕم“. فڕین له ده‌ربڕینی ئۆشۆدا تێڕوانینێکی فه‌لسه‌فییه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤی باڵای نیچه، واته سوپه‌رمان. بۆ ئۆشۆ حه‌وت ساڵی یه‌که‌می ژیانی مرۆڤ گرنگترین ساڵه‌کانی ژیانی مرۆڤه. ئه‌م حه‌وت ساڵه‌ی ژیانت بەسه‌رکه‌وتوویی به‌سه‌ر به‌ریت، ئه‌وا حه‌فتا ساڵی ئاینده‌شت سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت. ئۆشۆ ئه‌م حه‌وت ساڵه ناو ده‌نێت حه‌وت ساڵی ئاڵتوونی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، چه‌ند له ئێمه خاوه‌نی حه‌وت ساڵی ئاڵتوونیین؟


ئۆشۆ له منداڵییه‌وه لەبن دره‌ختێکدا تێگه‌یشت له‌وه‌ی، که له ژیاندا هیچ شتێک نییه، که پێی بگه‌یت، به‌ڵکوو له‌دایکبوونت وه‌ک مرۆڤ پێگه‌یشتنێکی گه‌وره‌ی خواوه‌ندانه‌یه. له‌م له‌دایکبوونه‌دا هه‌ست به خۆشه‌ویستی ده‌که‌یت، هه‌ست به ئازادی ده‌که‌یت، هه‌ست به ته‌نیابوون ده‌که‌یت. خۆشه‌ویستیی فێنۆمێنێکی کۆسمۆسییانه‌یه (Kosmos)، هه‌ر بۆیه ئۆشۆ سێکسوالیتێت و کۆسمۆس ئه‌نه‌رگیی پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له ساڵی ١٩٦٧دا قسه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و ئازادی و ته‌نیابوون ده‌کات. له‌م ساڵه‌دا لێشاوێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکی ڕوو له ئۆشۆ ده‌که‌ن، نه‌ک به ته‌نیا له هیندستاندا، به‌ڵکوو له ته‌واوی جیهانه‌وه، به‌تایبه‌ت له ئه‌مێریکا و ئه‌وروپاوه. ئه‌وانه‌ی هێشتا له ژیاندا ماون ده‌گێڕنه‌وه، که ئه‌وان له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتییاندا زۆرترین ئیشیان ده‌کرد، هه‌تاوه‌کوو پاره‌ی سه‌فه‌رێکی درێژ بۆ هیندستان کۆ بکه‌نه‌وه، سه‌فه‌ره‌که‌شیان بۆ دیده‌نیی ئۆشۆ بووه. دیسکۆکانی ئه‌وروپا و ئه‌مێریکا به به‌رهه‌می ڕۆحیی ئۆشۆ ده‌زانن، چونکه ئۆشۆ مێدیتاسیۆنێکی نوێی له جووڵه‌دا به‌رهه‌م هێنا، له سه‌ما و خۆشیدا. سه‌فه‌ری ئۆشۆ بۆ ئه‌مێریکا و مانه‌وه‌ی له‌وێ، دابینکردنی پانتاییه‌کی گه‌وره بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی له‌و شوێنه‌دا، یه‌کێک بوو له کاره گه‌وره‌کانی ئۆشۆ، لێ پاش ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئۆشۆ ترسێکی گه‌وره ده‌خاته دڵی نه‌یارانییه‌وه، ئینجا چ سیاسییه‌کان بووبن چ ئاینییه‌کان و کاپیتالیسته‌کان، ماوه‌یه‌ک ده‌ستگیر ده‌کرێت و پاشان زه‌وی و موڵکه‌کانی لێ ده‌ستێننه‌وه و له ئه‌مێریکا ده‌ری ده‌که‌ن. پاش ماوه‌یه‌کی کورت ده‌مرێت. به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر تیرۆرکردنی ئۆشۆ، به‌ڵام گومانی گه‌وره هه‌یه، که ئۆشۆ له زینداندا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه ژه‌هراوی کرابێت، به‌شێوه‌یه‌ک، که له‌سه‌رخۆ بمرێت نه‌ک ڕاسته‌وخۆ. ئه‌م مێتهۆده له‌گه‌ڵ ڤیلهێلم ڕایشیشدا به‌کار هاتووه، که ئه‌ویش دوای زیندانیکردنی پاش دوو ساڵ ده‌مرێت.


په‌ڕتووکی (خۆشه‌ویستی و ئازادی و ته‌نیابوون)ی ئۆشۆ یه‌کێکه له‌و په‌ڕتووکانه‌ی، که بهگشتی له جیهاندا چه‌ندین جار دڕێندراوه و سووتێنراوه. ئه‌م کتێبه نازییه‌کان نه‌یانسووتاندووه، نه‌یان دڕاندووه، فڕێیان نه‌داوه‌ته زبڵدانه‌وه، به‌ڵکوو له ماڵاندا و له‌لایه‌ن ژنه‌وه سووتێنراوه و دڕێندراوه، له‌لایه‌ن پیاوه‌وه سووتێنراوه و دڕێندراوه. من خۆم ئه‌م کتێبه‌م له کۆتایی ساڵی 2012 دا به زمانی ئه‌ڵمانی خوێندووەته‌وه، هه‌ر له کۆتایی هه‌مان ساڵیشدا دڕێندرا و فڕێ درا. من بۆ ڕۆژی ئاینده کتێبه‌که‌م به دڕاوی له زبڵداندا ده‌رهێنایه‌وه و خستمه کیسه‌یه‌که‌وه، بۆ ڕۆژی دواتر به کیسه‌که‌شه‌وه فڕێ درا، که چیدی نه‌توانم بیدۆزمه‌وه. کاتێک ئه‌م ڕووداوه له ماڵه‌که‌ی منیشدا ڕووی دا، ئه‌وسا باشتر تێگه‌یشتم، که مرۆڤ چه‌ند له ئازادی و ته‌نیابوون ده‌ترسێت، چه‌ند له خۆشه‌ویستی ده‌ترسێت. ئه‌م ترسه گه‌وره‌ترین دوژمنی مرۆڤه، که به‌رهه‌می خودی مرۆڤ خۆیه‌تی.


مرۆڤ کاتێک خۆشه‌ویستی ده‌کاته موڵکداری، هه‌روه‌کوو هه‌ر کاڵایه‌کی تر، که مرۆڤ موڵکداریی ده‌کات، نه‌ک ژیانی به‌رامبه‌ر، به‌ڵکوو ژیانی خۆیشی ناخۆش ده‌کات، به‌رده‌وام شترێسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، که شتێک لەکیس بدات، هه‌ر بۆیه چۆن پێش چوونه ده‌ره‌وه‌، خۆی دڵنیا ده‌کات له‌وه‌ی، که هه‌موو ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کانی ماڵی داخستبێت، نه‌باده که ئه‌م له ماڵ نییه، دزێک بێته ژووره‌وه و کاڵاکانی بدزێت. خۆشه‌ویستی جووڵه‌یه‌کی ئه‌تۆماریی سروشته، له‌م جووڵه‌یه‌دا ئه‌تۆمه‌کان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی یه‌کتری لێک نزیک ده‌بنه‌وه، چونکه ئه‌تۆمه‌کان خاوه‌نی ئه‌و ئێلێکترۆنانه نین، که پێویستیانه بۆ پڕکردنه‌وه‌یان، هه‌ربۆیه له یه‌کتری نزیک ده‌بنه‌وه و یه‌کتری پڕ ده‌که‌نه‌وه. له مرۆڤدا خۆشه‌ویستی پرۆسه‌یه‌کی نۆیڕۆ ترانسمیته‌رییه، واته پرۆسه‌یه‌کی نۆیڕۆنیی له مێشکدا، که به‌هۆی چه‌ند ئه‌کتیڤیتێتێکه‌وه مێشک ده‌ست ده‌کات به ڕژاندنی هۆڕمۆنی سێرۆتۆنین و دۆپامین، که له ڕێگایه‌وه مرۆڤ به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت، له‌م بارودۆخه‌دا مرۆڤ ده‌ڵێ، من ئاشقم. هه‌ر ئه‌م مرۆڤه دوای ماوه‌یه‌ک، یان دوای چه‌ند ساڵێک، گه‌وره‌ترین دوژمنی ئه‌و که‌سه‌یه، که پێشتر ئاشقی بووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که مێشک چیدی هۆڕمۆنی سێرۆتۆنین و دۆپامین به باڵانس وه‌ک پێشتر ناڕێژێت. که‌سی به‌رامبه‌ر چیدی نابێته هۆکارێک بۆ ڕژاندنی هۆڕمۆنی به‌خته‌وه‌ری له‌مدا. خۆشه‌ویستی به ته‌نیا پرۆسه‌یه‌کی سێکسوالیی نییه، به‌ڵکوو پڕکردنه‌وه‌ی یه‌کترییه له ئه‌نه‌رگیی. سێکسوالیتێت ئه‌م هه‌ڵسوڕانه به‌هێزتر ده‌کات، ئه‌گه‌ر بێتو هه‌ر دوو لا ویستیان له پراکتیزه‌کردنی سێکسوالیتێتدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر بێتو هه‌ر دوو لا وه‌ک یه‌ک چالاک بن.


ئۆشۆ تاک فێر ده‌کات، که هه‌موو که‌سێکی خۆشبوێت، کوڕێک هه‌موو کچێکی خۆشبوێت و کچێکیش هه‌موو کوڕێکی خۆشبوێت. خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌س بکه‌ن، ئه‌زموونێکی زۆر له ژیاندا کۆ بکه‌نه‌وه، چه‌ند ئه‌زموونیان زیاتر بێت ئه‌وه‌نده پڕترن له ئه‌نه‌رگی. ئۆشۆ تاک فێر ده‌کات، که به‌و شێوه‌یه بژین، که خۆیان به باشی ده‌زانن و به ڕاستی ده‌زانن، به‌و شێوه‌یه بژین، که دڵیان ده‌یه‌وێت، چونکه ژیان وه‌ک شانۆیه‌ک وه‌هایه، هه‌ر بۆیه پێویسته گۆرانی بڵێیت، پێبکه‌نیت، سه‌ما بکه‌یت و خۆشه‌ویستیی بکه‌یت. ژیان به هه‌موو چرکه‌کانیه‌وه بژیی، پێش ئه‌وه‌ی په‌رده دابدرێته‌وه و شانۆکه کۆتایی بێت.


ته‌نیابوون واتای ئه‌وه نییه، که تۆ خه‌مبار بیت، واتای ئه‌وه نییه، که بەتاڵ بیت له ئه‌نه‌رگی و هیوا، به‌پێچه‌وانه‌وه، ته‌نیابوون لوتکه‌ی به‌خته‌وه‌ری و ئازادییه. له زۆرینه‌ی کولتووره‌کانی جیهاندا مرۆڤ قسه له‌سه‌ر گورگی ته‌نیا ده‌کات، لێ گورگ خۆی ئه‌و ڕێگایه هه‌ڵده‌بژێرێت، وه‌ک تاکێکی به‌هێز و ئازاد و به‌خته‌وه‌ر، چونکه لەتوانایدایه که به‌و ڕێگایه‌دا بڕوات، هه‌ر کاتێکیش ویستی و پێویستی بوو، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه لای گرۆکه‌ی. ئه‌وه‌ی نه‌توانێت ته‌نیا بێت، ئه‌وا خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی لاوازه، هه‌ر بۆیه به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بن، ده‌چنه ژیانی خێزاندارییه‌وه، یاخود ده‌چنه په‌یمانێکه‌وه ...هتد. ئۆشۆ جیاوازییه‌کی گه‌وره ده‌کاته نێوان ته‌نیابوون و ته‌نیاییه‌وه، چونکه ته‌نیابوون مرۆڤ خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت وه‌ک شێوازێکی ژیان، به‌ڵام ته‌نیایی نه‌خۆشییه‌. له‌مه‌دا ئۆشۆ ڕاست ده‌کات، چونکه ته‌نیایی نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونییه، که مرۆڤ به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت و یه‌کێک له سیمپتۆمه گه‌وره‌کانی دێپرێسیۆنه، واته خه‌مباری، که زۆرجار تاک به خۆکوشتن کۆتایی به ئازاره‌کانی ده‌هێنێت. ئۆشۆ ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ، که ئه‌و له‌وه‌ته‌ی بیری دێت، که‌سێکی ته‌نیا بووه، ته‌نانه‌ت له قوتابخانه‌دا له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تاییدا، چه‌ندین جار مامۆستاکان ناردوویانه به‌دوای دایک و باوکیدا و دایک و باوکیان ئاگادار کردووەته‌وه، که ئۆشۆ پێویستی به یارمه‌تیی ده‌روونیی هه‌یه، چونکه قه‌ت تێکه‌ڵ به منداڵه‌کانی تر نابێت و به‌رده‌وام به ته‌نیایه و له‌بن دره‌ختێکدا داده‌نیشێت و ته‌ماشای منداڵه‌کان ده‌کات، که یاری ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه پێویستی به پسیشۆلۆگێکه، به ده‌روونناسێکه.


پاش چه‌ندین ساڵ، ئۆشۆ ڕۆژێک ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای ئه‌و دره‌خته و سه‌ردانی بکات، کاتێک ده‌چێته قوتابخانه‌که‌وه، چه‌ند مامۆستایه‌ک، که هێشتا له‌وێ مابوون، پێیان وایه، که ئۆشۆ هاتووه سه‌ردانیان بکات، به‌ڵام ئۆشۆ ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته لای دره‌خته‌که و ده‌ستی پێدا دێنێت و لەبنیدا داده‌نیشێت. مامۆستاکان نیگه‌ران ده‌بن و ده‌چنه ژووره‌وه.