مەترسییەكانى بەكارهێنانى هۆرمۆنى نێرینە

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

هەندێ كەس بە جۆرێكى جیاواز لەدایك دەبن و كێشەى پشێویى توخمیان بۆ دروست دەبێت، چونكە ڕوواڵەتى دەرەوەیان بە توخمێك دەردەكەوێ، كە جیاوازە لەو توخمەى كە خۆیان هەستى پێ دەكەن. لێرەدا باسى كەسێ دەكەین، كە وەك توخمى مێ دەردەكەوێ، وەلێ خۆى هەست دەكات كە زیاتر نێرە.

 

پ: بۆچى هەندێ كەس ناچارن، یان خۆیان حەز دەكەن كە چارەسەرى هۆرمۆنى نێرینە وەربگرن؟
و: هۆرمۆنى نێرینە بەكاردێ بۆ ئەوەى هانى ڕوودانى ئەو گۆڕانكارییە جەستەییانە بدات، كە هۆرمۆنى نێرینە دروستى دەكات، تا ناسنامەى توخمى ئەو كەسە لەگەڵ جەستەیدا هاوجێ بێت. لە كاتى پەیڕەوكردنى ئەم چارەسەرەدا، هۆرمۆنى تێستسترۆن بەكار دێ، كە ڕێگە دەگرێ لە دەركەوتن، یان گەشەسەندنى خەسڵەتە سێكسییە دووەمییەكان لە مێینەدا، وەك سنگ و سووڕى مانگانە. هەروەها دەردانى هۆرمۆنى ئەسترۆجین لە هێلكەدانەوە كەم دەكات. كاریگەریى ئەم چارەسەرە دەشێ كاتى، یان هەمیشەیى بێت. ئەنجامدانى نەشتەرگەرى بەپێى حاڵەتەكان دەگۆڕێت.

 

پ: كاریگەرییە پۆزەتیڤەكانى ئەم چارەسەرە چین؟
و: ئەو كەسەى پەنا بۆ ئەم چارەسەرە دەبات، بێ گومان هەست بە ناڕەحەتى و نائارامى دەكات، چونكە كێشەى لە ناسنامەى توخمییدا هەیە، لەبەر ئەوە دەشێ لەم ڕووانەوە سوود ببینێت:
- لە ڕووى دەروونییەوە ئاسوودە دەبێت و وەك كوڕێكى تەواو متمانە بە خۆى دەكات.
- لە ڕووى كۆمەڵایەتییەوە باشتر دەتوانێ خۆى لەگەڵ دەوروبەر بگونجێنێ.
- لە ڕووى سێكسییەوە دەشێ باشتر بێ، وەلێ لە هەندێ حاڵەتدا، بەبێ نەشتەرگەرى ئەم ئامانجە نایەتە دى.

 

پ: لە چ تەمەنێكدا ئەم چارەسەرە سەلامەتە؟
و: لە ڕاستیدا تا ئێستا ڕێكخراوى جیهانیى دەرمان و خۆراك پشت بە چارەسەرى هۆرمۆنى نابەستێ، وەلێ توێژینەوەى زۆر هەن، كە دەریانخستووە چارەسەرێكى سەلامەتە، لەژێر بارودۆخى دیاریكراو و چاودێریى پزیشكى پسپۆڕدا. لە تەمەنى شازدە ساڵییەوە دەكرێ پەیڕەو بكرێ، بە هیچ شێوەیەك بۆ منداڵ نابێت، وا باشە ئەو مێردمنداڵە بگاتە تەمەنى پێگەیشتن و هەست بە ناسنامەى خۆى بكات، ئەو كاتە بڕیار بدات دەیەوێ بەدرێژایى تەمەنى سەر بە چ توخمێك بێت.

 

پ: لە چ حاڵەتێكدا مەترسى بۆ سەر تەندروستىی ئەو كەسە هەیە؟
و: لە هەندێ حاڵەتەدا پزیشك هانت نادات بۆ دەستپێكردنى چارەسەرى هۆرمۆنى، ئەگەر یەكێك لەم حاڵەتانەت هەبوو:
- شێرپەنجەى هەستیار بەرامبەر بە هۆرمۆنەكان، وەك شێرپەنجەى مەمك.
- كڵۆكڵۆبوونى خوێن لە خوێنهێنەرە قووڵەكان، یان لە خوێنبەرى سییەكان.
- لە حاڵەتى دووگیانى.
- كێشەى ئەقڵى و دەروونى، كە نەخۆش نەتوانێ كۆنترۆڵى خۆى بكات.

 

پ: كاریگەرییە نێگەتیڤەكانى ئەم چارەسەر چیین؟
و: چارەسەرى هۆرمۆنى چارەسەرێكى ساكار نییە، دەشێ كاریگەریى لاوەكى نەخواستراو، یان مەترسیدارى لێ بكەوێتەوە وەك:
- زۆربوونى خڕۆكە سوورەكانى خوێن.
- زیادبوونى كێش.
- زیپكەى پێست لە جۆرى عازەبە (زیپكەى هەرزەكارى).
- زیادبوونى سەرڕووتانەوە لە جۆرى نێرێنە.
- كێشەى جگەر.
- بەرزبوونەوەی فشارى خوێن، شەكرەى جۆرى دوو، نەخۆشییەكانى دڵ و لوولەكانى خوێن.
- بێ گومان نەزۆكى.

 

پ: ئەى ئەگەر چارەسەرى هۆرمۆنى وەستێنرا، ئەو كەسە تواناى منداڵخستنەوەى بۆ دەگەڕێتەوە؟
و: وەرگرتنى هۆرمۆنى نێرێنە، تواناى منداڵخستنەوە كەم دەكات، بە زۆرییش نایهێڵێ، تەنانەت لەدواى وەستاندنى چارەسەرییش، بۆ نموونە، گریمان ئەو كەسە ڕاى دەگۆڕێ و پێى باشتر دەبێ گەر وەك كچ بمێنێتەوە و داوا لە پزیشكەكەى دەكات، كە چى دیكە نایەوێ هۆرمۆنى نێرێنە وەربگرێ، بۆ ئەوەى وەك كوڕ دەربكەوێ. لەم بارەدا گەر هێلكەدان و مناڵدان جارێكى دیكە دەست بە فرمانى خۆشیان بكەنەوە، زەحمەتە دووگیانى ڕوو بدا. هەر لەبەر ئەوەشە بڕیارى وەرگرتنى چارەسەرى هۆرمۆنى سەختە.
لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، هەندێ لەم كەسانە بەر لە دەستپێكردنى چارەسەرى هۆرمۆنى هێلكۆكەكانیان بەر لە پیتاندن، یان دواى پیتاندن لە پلەى گەرمیى زۆر نزمدا بۆ هەڵدەگیرێ، تا ئەو كاتەى كە خۆیان داواى دەكەنەوە لە جەستەى خۆیان یان كەسێكى دیكەدا بچێنرێ، تا بۆ منداڵ گەشە بكات.

 

پ: پڕۆسەى چارەسەركردن چۆن دەست پێ بكەم؟
و: زنجیرەیەك پشكنین و ئامادەكاریى گەرەكە، گرنگترینیان:
- پزیشكەكەت بەدواداچوون بۆ مێژووى خۆت و بنەماڵەكەت دەكات، لە ڕووى تەندروستى و بوونى ئەو نەخۆشییانەى كە هەتبوون، یان هەتە، یان لە كەسە نزیكەكاندا هەیە.
- پشكنینى جەستەیى تەواو، هەڵسەنگاندنى كۆئەندامى زاوزێ.
- پشكنینى تاقیگەیى بۆ پێوانەكردنى بڕى چەورى، شەكرە، خوێن، ئەنزیمەكانى جگەر، دووگیانى.
- ئەو كوتانانەى نەخۆش لە ماوەى ژیانیدا وەریگرتوون.
- پشكنینى خوێن بۆ ئەگەرى بوونى ڤایرۆسى كەمیى بەرگرى، یان ئەو نەخۆشییانەى دیكە، كە بە هۆى سێكسەوە دەگوێزرێنەوە.
- دیاریكردنى ئاستى ئالوودەبوون لەسەر تووتن، كهوول، هەروەها ماددە بێهۆشكەرەكان.
- پێویستە نەخۆش بەر لە چارەسەر، پسپۆرى سایكۆلۆژى ببینێ، تا یارمەتى بدات لە بڕیاردان لەسەر یەكلاییكردنەوەى توخمەكەى.

 

پ: ئەى لە ڕووى كۆمەڵایەتییەوە، ئەو كەسە تووشى هیچ كێشەیەك دەبێت؟
و: ئەم خاڵە بەندە بە كۆمەڵگە و دابونەریتەكانى. لە هەندێ شوێن ئاساییە، لە هەندێ شوێن، نەك تەنیا عەیبە، بەڵكوو لە ڕووى دینەوە بە گوناهیش دادەنرێ. هاوكات دەشێ نەخۆش خۆى پەشیمان بێتەوە. لەبەر ئەوە نەخۆش دەبێت خۆى بۆ هەندێ بارودۆخ ئامادە بكات، وەك:
- ڕانەهاتن و هەستنەكردن بە ناسنامەى توخمە تازەكە.
- كاریگەریى بۆ سەر شوێنى ئیش، بۆ نموونە ئەگەر مامۆستا بیت، ئەوا گەڕانەوەت بۆ هەمان شوێن بە توخمێكى جیاوە، دەبێتە مایەى ناڕەحەتى بۆت.
- لەناو خێزان و ژینگەى كۆمەڵایەتى، دەشێ چواردەورەكەت ئەوەیان قبووڵ نەبێت. لەوانەیە تووشى جیاكارى و كێشە ببیتەوە.
- كێشەى ماددى، چونكە ئەم چارەسەرە كاتێكى زۆرى دەوێ، پاشان نەخۆش بە بەردەوامى پێویستى بە چاودێریى تەندروستییە.

 

پ: كەى گۆڕانكارى دەبینم؟
و: لەدواى دەستپێكردنى چارەسەر لە ماوەى مانگێك بۆ شەش مانگ هەست بە گۆڕانكارى دەكەیت، وەلێ لەدواى ساڵێک بۆ دوو ساڵ، ئینجا بەتەواوەتى دەردەكەوێ. لەم گۆڕانەدا ئەمانە دەبینیت:
- چەوربوونى پێست و دەركەوتنى زیپكە.
- پچڕانى سووڕى مانگانە.
- گڕبوونى دەنگ.
- زۆربوونى مووى دەموچاو و لەش.
- سەرلەنوێ دابەشبوونەوەى چەورى لە لەشدا.
- هەڵئاوسانى میتكە و پووكانەوەى ناوچەى زێ، لەدواى دوو ساڵ ئینجا بەتەواوەتى ئەمە ڕوو دەدات.
- بەهێزبوونى ماسوولكەكان، دواى ساڵێک هەستى پێ دەكرێ.
- ڕووتانەوەى سەر، لەدواى ساڵێک دەبینرێ.

 

پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.