من لە رەقە بووم

14

پاش ڕووداوى ژنه‌ى زیناكارى ڕاكردوو، ڕۆژانى ڕه‌قه‌ هێشتاكه‌ ئاسایی تێده‌په‌ڕین، تا ئاوا كه‌ ئه‌میرى هێزى سەیف ئەلدەوله‌ په‌یوه‌ندیى پێوه‌ كردم، كه‌ به‌ره‌و باره‌گا بچم. (بۆ ئه‌وێنده‌ر كه‌ ڕۆیشتین) تێگه‌یشتم له‌ دۆخى ڕێكخستنی سه‌ره‌تایی شه‌ڕ و غه‌زوه‌یه‌كن، كه‌ بۆ ئه‌و ده‌بێت هه‌موو هێزه‌كانى سوپای ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، له‌ هێزه‌ جۆراوجۆره‌كان، له‌ جێگایه‌كدا كۆ ببنه‌وه‌. ئه‌میره‌كان نه‌ شوێنى غه‌زوه‌ و شه‌ڕه‌كه‌یان گوت و نه‌ كاته‌كه‌شی. به‌س ئه‌وه‌یان ده‌گوت كه‌ شه‌ڕێكى گه‌وره‌مان وا له‌پێشه‌، كه‌ له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا چارنووسسازه‌.


چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش شه‌ڕه‌كه‌، له‌ مزگه‌وت خولێكى وانه‌ى شه‌رعییان بۆ كردینه‌وه‌، كه‌ ده‌بوایه‌ به‌ ناچاری له‌وێ بووینایە. خوله‌كه‌ خولێكى بزواندن و هاندان بوو بۆ چوونه‌ نێو ئه‌م شه‌ڕه‌. شه‌ڕێك كه‌ یه‌كێك له‌ شێخه‌كان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌یگوت: (له‌شكرى ئیمان له‌ له‌شكرى كوفر جیا ده‌كاته‌وه‌!)


به‌م هه‌موو هاندانه‌ى به‌ ئاشكراى یا شێخ، وا گومانمان ده‌كرد كه‌ بابه‌ته‌كه‌، ده‌بێت (فه‌تحى دیمەشق بێت!) به‌ڵام شێخ ده‌یگوت بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ شارێكه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ندینخانه‌ و فڕۆكه‌خانه‌یه‌كى هه‌یه‌ و فه‌تحى ئه‌و ده‌توانێت غه‌نیمه‌ى باشی به‌دواوه‌ بێت.


له‌ لووتكه‌ى ئه‌و قسانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى غه‌زوه‌ و شه‌ڕه‌وه‌ بۆمان باس ده‌كرا، زۆرێك له‌ ئێمه‌ له‌ شێخه‌كان داوایان ده‌كرد، كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى غه‌نیمه‌كان ته‌ركیز نه‌كه‌ن. بۆ ئه‌وانمان باس ده‌كرد و ڕوونمان ده‌كرده‌وه‌، ئێمه‌ ئازیزترین و خۆشه‌ویستترین شته‌كان كه‌ هه‌مان بووه‌، واز لێ هێناوه‌ و بۆ شام هاتووین. له‌نێوان سه‌دان موهاجیر كه‌ له‌ ڕه‌ققه‌ و مووسڵ له‌گه‌ڵیاندا بووم، هه‌ندێك له‌وان منداڵى ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندى وڵاته‌كانى خۆیان بوون، به‌تایبه‌ت موهاجیره‌ عه‌ره‌بستانییه‌كان، كه‌ هه‌زاران له‌وان به‌ره‌و شام هیجره‌تیان كردبوو.


ئه‌م غه‌زوه‌ و شه‌ڕه‌ كه‌ وا له‌به‌رده‌مماندا بوو، بە یه‌كه‌مین شه‌ڕ له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بۆ من دادەنرا. له‌كاتێكدا ئه‌وم ئەزموون ده‌كرد، پرسیارگه‌لی زۆر له‌باره‌ى ورده‌كاریى شه‌ڕه‌كان زه‌ینمى داگیر كردبوو، هه‌م حه‌زم ده‌كرد و هه‌میش ده‌ترسام. حه‌ز و خولیام له‌گه‌ڵ ترسدا تێكه‌ڵاو بوو بوو.


له‌ ئه‌نجامدا ڕۆژی دیدار نزیك بووه‌وه‌. هه‌موومانیان تاقم تاقم به‌ره‌و شوێنى مانه‌وه‌مان له‌ شارى ته‌به‌قه‌ گواسته‌وه‌. ئه‌م شوێنى مانه‌وه‌یه‌، له‌نزیكى ده‌ریاچه‌ى (ئه‌سه‌د)دا بوو، كه‌ بە درێژكراوه‌ى ڕووبارى فورات دادەنرا. شوێنه‌كانى مانه‌وه‌مان پێشووتر سه‌نته‌رى گه‌ردشوانى - گه‌شتوگوزارى بوون. یان من وام بیر لێ ده‌كرده‌وه‌. وه‌كوو هه‌میشه‌ و له‌به‌ر فڕینى فڕۆكه‌كان، ئه‌و مۆڵەتەمان نه‌بوو كه‌ له‌ ژووره‌كانى شوێنى مانه‌وه‌مان بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م دڵگرانییه‌ هه‌بوو كه‌ فڕۆكه‌كان وێنه‌كانمان تۆمار بكه‌ن و به‌كه‌شفكردنى شوێنى نیشته‌جێبوونمان، بۆردومان بكرێین.


نزیكه‌ى سێ هه‌فته‌یه‌ك له‌و شوێنى مانه‌وه‌یەدا ماینه‌وه‌. ساتێكى خۆشمان له‌ شوێنى مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ موهاجیرانێكدا تێپه‌ڕاند، كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌وانم ناسیبوو. له‌وێدا له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا (ماته‌)مان ده‌نۆشی. ماته‌ جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌كى هاوشێوه‌ى چایه‌، كه‌ له‌ گیای ماته‌ دروست ده‌كرێت و ئه‌م خواردنه‌وه‌یه‌ له‌ سووریا و لوبنان باوه‌ و له‌ ئه‌مەریكاى لاتینیش به‌فراوانى هه‌یه‌.


هه‌موو ڕۆژێك دواى نوێژى به‌یانى، هه‌ندێك ویرد و زیكرى ڕۆژانه‌مان هه‌بوو، پاش ئه‌وه‌ سه‌ره‌ى سیره‌ى سه‌حابییه‌كان و شه‌ڕ و غه‌زواته‌كانیان ده‌هات. هه‌ڵبه‌ت من خۆم وانه‌ى له‌به‌ركردنى قورئانیشم بۆ خۆم دانابوو. پاش ئه‌م زیكر و ویردانه‌ و پێش له‌ ده‌ستپێكى وانه‌كان له‌ باخچه‌ى شوێنى مانه‌وه‌مان، ڕاهێنانى وه‌رزشیمان هه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ترسی فڕۆكه‌كان دانه‌ دانه‌ یان دوونه‌فه‌ری ڕاهێنانمان ده‌كرد.


ساتەکانى مانه‌وه‌مان له‌م شوێنى مانه‌وه‌یه‌ماندا، پڕ له‌ گاڵته‌وگه‌پ بوو. هه‌ر ئه‌وكاته‌ پرسیارێكى به‌رده‌وام له‌ زه‌ینمدا ده‌خولایه‌وه‌، چۆن ئه‌و گه‌نجانە سادەیی ئه‌وان گه‌یشتووته‌ ئاستی ساویلكه‌یی، ده‌توانن ببنه‌ بوونه‌وه‌رێكى وه‌حشی و خوێنمژ و ببنه‌ جێگاى ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ ته‌واوى دونیادا؟!


به‌پێچه‌وانه‌ى سه‌فه‌ره‌كه‌م بۆ به‌شداریكردن له‌ غه‌زوه‌ى حه‌دیسه‌ى عێراق كه‌ (ڕه‌فز كرا) و له‌و زۆر دوودڵ و و گومانم هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ ئاسووده‌تر بووم و دڵم ئۆقره‌دارانه‌تر بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پرسیارگه‌لێكم له‌ زه‌یندا بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ مكوڕ بووم، كه‌ به‌سه‌ر ده‌روونی خۆمدا زاڵ بم و به‌و له‌باره‌ى (ڕاكردن له‌ شه‌ڕ) كه‌ گه‌وره‌ترین گوناحه‌كانى كه‌بیره‌ دادەنرا، هۆشدارییه‌ك بده‌م.


له‌ شوێنى مانه‌وه‌ى ته‌به‌قه‌، نوێژى زۆرم له‌ نیوه‌شه‌ودا ده‌خوێند و زۆربه‌ى ڕۆژه‌كانیشی به‌ڕۆژوو بووم. دڵنیا بووبووم كه‌ به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕۆم. پێش له‌ هه‌ر غه‌زوه‌ و شه‌ڕێك، ڕاده‌ى عیباده‌تكردنى سه‌ربازان زۆرتر ده‌بوو. زۆربه‌ى كاته‌كانیان به‌ نوێژكردن و پاڕانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى قورئان و خاوێنكردنه‌وه‌ى چه‌كه‌كانیان ده‌گوزه‌راند.


(پاش سێ هه‌فته‌) شه‌وى به‌ڕێكه‌وتن به‌ره‌و گۆڕه‌پانى شه‌ڕ هاته‌ پێشه‌وه‌. هه‌ندێك له‌ شێخه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بۆ لامان هاتن؛ له‌ جومله‌ كه‌مال زه‌ڕوق توونسی، بۆ ئێمه‌ وتارى هانده‌ر و بزواندنى تایبه‌ت به‌ (شه‌هاده‌ت و جیهاد)ی بۆمان گوت و پاشان ده‌سته‌ده‌سته‌ له‌ شوێنى مانه‌وه‌مان هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و سوارى قه‌لابی سه‌ربازیى گه‌وره‌ بووین. تاریكایی هه‌موو شوێنێكى گرتبووه‌وه‌ و ڕێگاكه‌ش دوور و درێژ و وشكانى بوو. ئێمه‌یان به‌ره‌و باشوورى شارى ته‌به‌قه‌ برد.