له به‌ره‌به‌یانی مێژووى كورده‌وه‌ تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر

خيانه‌ت له‌ مێژووى كورددا - 4

گه‌ڕان و به‌دواداچوون به‌شوێن مێژووى ده‌ركه‌وتنی خیانه‌ت لای كورد، كارێكی قورس و دژواره‌. له‌وه‌ سه‌ختریش ناسین و دیاریكردنی خیانه‌تكارانی كورده‌ له‌ مێژوودا، كه‌ دۆزینه‌وه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ كارێكی سه‌خت بووه‌. دیاره‌ هۆكارى ونبوون و نه‌زانینی یه‌كه‌مین خیانه‌تكاریش لای كورد، بۆ چه‌ندین هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌وانه‌ دواكه‌وتنی دۆزینه‌وه‌ی نووسین بۆ كۆتایی هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زایین و گه‌یشتنی ئه‌و دۆزینه‌وه‌ گرنگه‌ به‌ خاكی كوردستان بۆ هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین. ئه‌وه‌ش وای كردووه‌، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هۆكار و شێوازی خیانه‌ت و ناسینی خیانه‌تكاران ئاشنا نه‌بین. هۆكارێكی تر، نووسینه‌وه‌ی مێژووى خاكی كوردستان و كورد بووه‌ له‌لایه‌ن بێگانه‌كانه‌وه‌. واته‌ به‌شێكی زۆری مێژووی كوردستانى كۆن و مێژووى كۆنى كورد، له‌لایه‌ن خودی كورده‌وه‌ نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ بیانی و بێگانه‌كان بوون له‌ نه‌ته‌وه‌كانى (فارس و عه‌ره‌ب و تورك و ئه‌رمه‌ن و سریان و ئینگلیز و ڕووس و فه‌ره‌نسی و .....تاد) ڕۆڵیان له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد و خاكی كوردستاندا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت مێژووی كۆنی كورد. خاڵێكی تر، دیارنه‌بوون و ناونه‌هێنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌ وه‌ك (كورد) له‌ قۆناغی مێژووی كۆندا، تا به‌هۆیه‌وه‌ بزانین كام پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ كورد بوون، تا مێژووی خیانه‌ت له‌وێدا بدۆزینه‌وه‌. جیاواز له‌وانه‌ش، تێكه‌ڵاویی مێژووى كۆنی كورد و كوردستانی كۆن بووه‌، به‌ مێژووی پێكهاته‌ و كۆمه‌ڵ و گه‌لانی كۆن و خاكه‌كانیان، تا ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌شه‌ له‌نێو ئه‌و تۆمارانه‌دا بدۆزینه‌وه‌. جیاواز له‌وانه‌ش، بوونی بۆچوونی جیاواز بووه‌ له‌ لای مێژوونووسان و پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌، له‌ ناوهێنانی چه‌مك و زاراوه‌ی خیانه‌ت، تا ئه‌و مێژووه‌ له‌نێو تۆماره‌كانی مێژووی كۆندا ده‌ربهێنین. هه‌ر بۆیه‌ دۆزینه‌وه‌ی كۆنترین، یان یه‌كه‌مین خیانه‌تكاری كورد له‌ مێژووى خۆیدا كارێكی گه‌لێك سه‌خت و دژواره‌، به‌ڵام جیاواز له‌وانه‌ش، وه‌ك باسمان كرد، دیاریكردنی چه‌ند خیانه‌تكارێكی كورد له‌ مێژووى خۆیدا، كارێكی زۆر قورس نییه‌، چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خیانه‌تكارێكی مێژووی كورد و ئه‌و خیانه‌تانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ كورد و خاكه‌كه‌ی كراوه‌.


وه‌ك ده‌سپێك بۆ نێو باسه‌كه‌مان، به‌ پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌ به‌ چه‌ند كارێكی خیانه‌تكاری بكه‌ین، كه‌ له‌ قۆناغی مێژووى كۆندا ڕوویان داوه‌. واته‌ له‌ قۆناغێك كێشه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كوردبوون هه‌بووه‌. له‌م بواره‌دا یه‌كێك له‌ كۆنترین ئه‌و خیانه‌تانه‌ی له‌ مێژووى كۆنى كورددا كراوه‌، ئه‌و خیانه‌ته‌ بووه‌، كه‌ پیاوی كورد له‌ ژنه‌كه‌ی كردووه‌، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی ماڵ و كارگێڕی و بڕیاری له‌ ئافره‌ت و ژنه‌كه‌ی سه‌ندووەته‌وه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ى كردووەته‌ كه‌یبانوو و كارگێڕی ماڵ و كاروباری ده‌ره‌وه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ گرێ داوه‌. به‌و ڕووداوه‌ش، پیاوی كوردستانی كۆن تا به‌ پیاوى كورد ده‌گات، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ده‌ستی نه‌یاری گوند و به‌رامبه‌ره‌كانی نه‌گاتێ، ئاوه‌دان و ژیانی خێزانی وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م بردووەته‌ قه‌ڵاكان و شوورا قایمه‌كان و به‌ ده‌وری گوند و شاره‌كاندا شوورای گه‌وره‌ی دروست كردووه‌. ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بتوانێت شه‌ره‌فى خێزانی بپارێزێت. واته‌ له‌ ترسی له‌ده‌ستدانی خێزان و منداڵه‌كانی، له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی ده‌ره‌كی، چه‌مكی شه‌ره‌فی كردووەته‌ پێوه‌ر. له‌كاتێكدا تا ئافره‌ت گه‌وره‌ و بڕیارده‌ری ماڵ و گوند بوو، ماڵ و گونده‌كانی كوردستانی كۆن شوورایان نه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌و ڕووداوه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی مافه‌كان له‌ ئافره‌ت سه‌ندرانه‌وه‌، سنووری ژیان و ئازادیی خێزانه‌كانیش به‌ دروستكردنی شوورا و شاره‌كان له‌ قه‌ڵا وه‌ك قه‌ڵای هه‌ولێر به‌ناوی (سوئی) و قه‌ڵای كه‌ركووك به‌ناوی (ئاراپخا)، شێوازی ژیانى كۆمه‌ڵگای كوردستانی كۆنیان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا گۆڕی.


له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌ خیانه‌تى فه‌رمانده‌یه‌كی گووتی ده‌كه‌ن، له‌ كۆتایی هه‌زاره‌ی سێیه‌می پێش زایین، به‌ناوی (ئی تو)، كاتێك دوایه‌مین پادشای گووتی به‌ناوی (تیرگان)ی كوشت. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بوو، كه‌ (ئۆتۆحیكال)ى پادشای شاری (ئۆروك)ى سۆمه‌ری هێزێكی زۆری خسته‌ كار، بۆ ده‌ركردنی گووتییه‌كان له‌ وڵاتی سۆمه‌ر، كه‌ كه‌وتبووه‌ ناوه‌ڕاست و باشووری ئێستای عێراق. دواجار پادشای شاری ئۆرۆكی سۆمه‌ری توانیی به‌هۆی درز خستنه‌ نێو پادشای گووتی و ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ باڵایه‌ی ده‌وڵه‌تی گووتی به‌كار بهێنێت و دوای (چل) ڕۆژ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی (تیرگان)ى پادشای گووتی، به‌ كوشتنی، كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتداریى خۆى و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى هات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌شدا (ئى تو)ى خیانه‌تكار كرایه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی سۆمه‌ری له‌ به‌ری باكووری ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، كه‌ كه‌وتبووه‌ به‌شى باشووری كوردستان. دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌بوایه‌، نه‌ پادشای گووتی دوای (چل) رۆژ له‌ ده‌سه‌ڵات لێی ده‌درا، نه‌ ده‌وڵه‌تی گووتیش به‌و ئاسانییه‌ ده‌ڕووخا. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تێك هێنا، كه‌ بۆ ماوه‌ی (120) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ناوچه‌كانی ئه‌كه‌د و سۆمه‌ری له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق كرد.

 

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:
1.د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د: ئافره‌ت له‌ مێژوودا.
2.سیتون لوید: اثار بلاد الرافدین.
3.د. جمال رشید و د. فوزی رشید: تاریخ الكرد القدیم.

ژ