دایکم گوتی خۆت داپۆشه‌ سه‌رمای پاییزێ پیسه‌

دامنابوو ئه‌گه‌ر زاهیر هاته‌ هه‌ولێرێ، منیش به‌ شتێك بیترسێنم

(سه‌ری هارومار)

 

ئه‌و سه‌فه‌ره‌م بۆ گوندی زێوه‌، زیاتر چاوی كردمه‌وه‌ و به‌ناو شاخ و داخ و چیادا ئاشنای كردم، وای لێ كردم كه‌ به‌ عوسمان بڵێم (هه‌ر جاره‌ك چوویته‌ زێوه‌، منیش دێم)، له‌وێ هه‌رچیم بینیبوو و له‌ رێگا هه‌رچیم به‌رچاو كه‌وتبوو، بۆ دایكم و باوكم و مامه‌ ڕه‌زام گێڕایه‌وه‌.


ئاخر و ئۆخری هاوین بوو، خه‌ڵك خۆیان بۆ پاییز ئاماده‌ ده‌كرد، ده‌ستیان به‌ داكردنی ئازووقه‌، به‌تایبه‌تی ساوه‌ر و بڕووش و هه‌ڕشته‌ كرد، مه‌نجه‌ڵه‌ گه‌وره‌ ره‌شه‌كه‌ له‌ كۆڵان په‌یدا بوو، نۆره‌مان گرت و گه‌نمی (ڕه‌ش گوڵ)مان تێ كرد و بووه‌ دانووله‌، به‌ په‌قره‌جان بردمانه‌ سه‌ربان و دوای وشكبوونه‌وه‌ی، باوكم و دایكم بردیانه‌ ئاش و به‌شه‌ ساوه‌ر و بڕووشیان خسته‌ ناو هه‌مبانان، وه‌ستای مه‌كینه‌ی هه‌ڕشته‌ش هاته‌ گه‌ڕه‌ك و ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ی منداڵ مایه‌ی خۆشی بوو، ئه‌و ئارده‌ سووتاوه‌ بوو، كه‌ دوای سووركردنه‌وه‌ی هه‌ڕشته‌ به‌جێی ده‌ما، پێمان ده‌گۆت (قاویت)، شه‌كرمان تێ ده‌كرد و پاش نوێژی عیشا، دایكم له‌ حه‌وشه‌كه‌ نوێنی راخست، زانیم ئیتر خه‌وی سه‌ربان ته‌واو، شنه‌بایه‌كی فێنك هه‌ڵی كرد، زۆر حه‌زم له‌وه ‌بوو بالیفه‌كه‌م سارد دابێت و سه‌ری پێ بكه‌م، كێشکه‌كانی سه‌ر دار كالیپتۆسه‌كه‌ی حه‌وشه‌ له‌ جریوه‌ كه‌وتن، دایكم یه‌ك دوو جار ئاگاداری كردمه‌وه‌ و گوتی:
ـ خۆت داپۆشه‌، سه‌رمای پاییزێ پیسه‌. چاوم له‌ ئاسمان بڕیبوو و دیمه‌نی گوندی زێوه‌ و ئه‌شكه‌وته‌كه‌ و قسه‌كانی زاهیرم ده‌هاته‌ به‌رچاو و بیر ده‌كه‌وته‌وه‌، له‌ دڵی خۆم دا ده‌مگوت:
ـ ئه‌گه‌ر زاهیر هاته‌ هه‌ولێرێ، منیش به‌ شتێك ده‌یترسێنم.


ئه‌وه‌نده‌ی بیرم هێنا و برد، شتێكم نه‌دۆزییه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زاهیر هات بیترسێنم، ئه‌و له‌ مار ناترسێ، له‌ شار چی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ بتوانم ئه‌و كوڕه‌ی ناو چیای پێ بترسێنم، له‌ناو ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا بووم لرمه‌یه‌كی گه‌وره‌ هات و ده‌ستڕێژی گولله‌ ده‌ستی پێ كرد.


ده‌نگی ده‌ستڕێژه‌كان ئه‌وه‌نده‌ نزیك بوون، وام هه‌ست كرد وا شه‌ڕ له‌به‌ر ده‌رگای ماڵی ئێمه‌یه‌، دایكم هه‌ر زوو هاواری كرد (یاڕه‌سوله‌ڵا هاواره‌)، دوو برا گچكه‌كانمی له‌ خه‌و هه‌ستاند و بردینیه‌ ژووره‌وه‌، منیش به‌دوای ئه‌واندا غارم دا، باوكم له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا راوه‌ستا، دایكم هه‌ر زوو هاواری كرد:
ـ لۆ خاتری خوای ئه‌وه‌ ئه‌جه‌لت هاتییه‌؟ له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ بینیم شتێك له‌ شێوه‌ی گلۆپێكی گه‌وره‌ و یه‌كجار گه‌ش وا به‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، به‌ باوكم گوت:
ـ ئه‌وه‌ چییه‌؟


گوتی: ئه‌وه‌ گوللەی حه‌ریقه‌.


گوتم: ئه‌دی لۆ له‌ عاسمانێیه‌.


دایكم یه‌كسه‌ر وه‌رامی دامه‌وه‌:
ـ به‌و دنیا خرابوونه‌ی وه‌ختی ئه‌و پرسیارانه‌یه‌.


ده‌نگی ته‌قه‌ هه‌ر ده‌هات، كه‌ له‌پڕ گوێمان له‌ ده‌نگی عه‌وڵا رێوی بوو، باوكم گوتی: ئاگریش بباری ئه‌و پیاوه‌ قسه‌ی خۆی هه‌ر ده‌كات.


ورده‌ ورده‌ ده‌نگی ته‌قه‌ نه‌ما، به‌ڵام جارجار گلۆپه‌ گڕداره‌ گه‌شه‌كه‌م هه‌ر به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌بینی، زۆر مه‌راقم بوو بزانم ئه‌وه‌ چییه‌، وه‌لێ ده‌ترسام پرسیار بكه‌م و ده‌مكوتم بكه‌ن.


دایكم، هه‌ر زوو ئاگری له‌مپایه‌كه‌ی كز كرد، باوكم ویستی بچێته‌ سه‌ربان، به‌ڵام دایكم توند قۆڵی گرت و گوتی:
ـ دیاره‌ ئه‌جه‌لت هاتییه‌، به‌و ئاگربارانه‌ی كێوه‌ ده‌چی.


عه‌وڵا رێوی به‌ خۆی نه‌وه‌ستا، سه‌ربان و سه‌ربان هات و سه‌رێكی له‌ حه‌وشه‌ی ئێمه‌ خوار كرده‌وه‌ و به‌ باوكمی گوت:
ـ به‌سه‌ر مه‌قه‌ڕه‌كه‌ی كن تانكییه‌كه‌یان دادا.


سبه‌ینێ كه‌ ڕۆژ بۆوه‌، یه‌كه‌م كه‌س كه‌ خۆی گه‌یانده‌ لای تانكییه‌كه‌ عه‌وڵا رێوی بوو، به‌په‌له‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ زه‌لامه‌كانی گوت:
ـ به‌سه‌ر مه‌قه‌ڕی جه‌لالییه‌كانیاندا دایه‌، تۆپه‌ك به‌ پێچه‌كه‌ی تانكی كه‌تییه‌ و كون به‌ده‌ری كردییه‌.


زه‌لامه‌كان له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی مامه‌ ره‌زام راوه‌ستان، ده‌موچاویان گرژ و دڵتوند دیار بوون، وه‌ك جاران بیریان له‌ دامه‌ نه‌كرده‌وه‌، مه‌لا حه‌سه‌ن ده‌ستێكی به‌سه‌ر و ردێنیدا هێنا و گوتی:
ـ ره‌بولعاله‌مین، ئاوه‌كی به‌و ئاگره‌یدا كه‌ی، ئه‌وه‌ شه‌ڕ كه‌ته‌ ناو شاران، عه‌وڵا رێوی وه‌رامی داوه‌:
ـ هێشتا له‌ كتێیتی، وه‌ڵا كۆر ده‌بته‌وه‌.


ره‌سوڵ پێڵاوفرۆش له‌به‌رخۆیه‌وه‌ گوتی:
ـ قه‌ت قسه‌كی چاك به‌ ده‌وی ئه‌و پیاوه‌ی دانایه‌ت.


خه‌ڵك، روویان له‌ تانكییه‌كه‌ كرد، منیش له‌گه‌ڵ عوسمان و دوو كوڕێژگه‌ی دی چووینه‌ ئه‌وێ، سه‌یری یه‌كێك لە پێچكه‌كانی تانكییه‌كه‌م كرد، بینیم كونێكی گه‌وره‌ی تێ بووه‌، چه‌كداره‌كانی ناو بارەگاكه‌، هه‌ندێكیان له‌سه‌ربان راوه‌ستابوون و هه‌ندێكیشیان له‌سه‌ر جاده‌ و كۆڵانه‌كه‌ راوه‌ستابوون، دوو زه‌لام به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌یان ده‌كرد، گوێم له‌ یه‌كێكیان بوو ده‌یگوت:
ـ مه‌لاییه‌كان له‌ رێی باداوه‌وه‌ هاتن، ده‌ڵێن به‌ قیاده‌ی فارس باوه‌ی بووه‌، ئه‌وی دیكه‌ش وه‌رامی دایه‌وه‌:
ـ ئه‌وجه‌ فایده‌ی چی، هه‌ر منداری فه‌قیری تێده‌چی، شه‌ڕ بكه‌ویته‌ ناو شاری زۆر كاره‌ساته‌.


له‌پڕ هه‌نده‌ك تڕومبێلی پڕ له‌ چه‌كدار له‌پێش باره‌گاكه‌ راوه‌ستان، دوو چه‌كدار له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ نزیك بوونه‌وه‌ و گوتیان:
ـ بێ زه‌حمه‌ت ئه‌و ناوه‌ی چۆڵ كه‌ن.


به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕامه‌وه‌، له‌ رێگا هه‌ر بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆچی ئه‌و كوردانه‌ له‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن، پێچكی تانكییه‌ ئاوه‌كه‌ به‌ چ ئه‌وها كون بوو، ئه‌دی ئه‌گه‌ر رۆژێك بێرەدا تێپه‌ڕیم و بوو به‌ ته‌قه‌ چ بكه‌م؟