دەروێش سديق پۆليسيش بوو!

تەيراوە ... هەر بە پياسە - 26

زوو بەگەنجى، هەر لەم هەولێرە لەسەر دەستى شێخ عەبدولكەريمى دارەخورما، مام سديقى برا بچوكى باپيرە خدر سمێر سۆرم دەبێتە دەروێش و سەر و پرچێكى درێژ بەردەداتەوە و لە كۆڕى زيكرى دەروێشان حاى و حو دەكات و زەرگ و شير لە خۆى دەدات و دەگاتە لوتكەی بێئاگايى و بەهەموو دەمێ لەتەكيەى بابە شێخى لە گەڕەكى خانەقايێ وەك دەروێش و مريد ژيان بەسەر دەبات.


كەڕەتێكيان لە گەرمەى زيكر و خواپەرستىدا، دەروێشێكى دى بە شمشێر گەردنى مام سديقى دەبڕێت و دەكەوێتە گۆڕێ و ئەمڕۆ نەمرديە و سەد ساڵە حەياتى لێ بڕايە! دەروێشەكان لە دەورى كۆ دەبنەوە و كۆڕ گەرم دەكەن و بە (ئەڵلاهــ .. ئەڵلاهــ) ئەڵقەى زيكرى لەدەور دەگێڕن، كەچى دەروێش سديق هەر بێ هەست و خوست دەبێ. هەواڵ بە بابە شێخ دەگەيەنن كە دەروێشێكيان سەربڕيوە و چاك نابێتەوە و دەبێ بەفرياى بكەوێ، كە بابە شێخ دێتە سەر تەرمى دەفەرموێ:


- ئۆهـ .. ئەوە ديسان سديقە شێتۆكەيە؟
بە دەروێشەكان دەڵێ:
- بڕۆنە دواوە و لێمان دوور كەونەوە.


هەينێ بابە شێخ عەبايە رەشەكەى بەسەر دەروێش سديق دادەدا و بە زاريش هەر ورتەى لێوە دێ و دەستى لەسەر برينە قوڵەكەى ملى دادەنێ، ئيدى لە هيكڕا دەروێشە شێتە هەڵدەستێتەوە و عەلەمى لێ نامێنێ!


پاش ئەم رووداوە، خدرى برا گەورەى چوونە تەكيەى لێ قەدەغە دەكات و سەر و پرچى سووك دەكات و بڕيار دەدات وەك خۆى بە پۆليس دايمەزرێنێ.


كە بە پۆليسيش دامەزرا، نەقڵى رانيەيان كرد، لەوێش ماڵى مام مەولوود پێ پانى چايەچى براى بۆى دەبنە خانەخوێ و لايان دەگيرسێتەوە، هەر لەوێش كچێكى ئێرانى بەناوى (ئايشێ)ى بۆ دەخوازن و دەيكەنە زاوا.


بەم شێوەيە ژيان بە پۆليسى دەگوزەرێنێ و لەگەڵ (ئايشێ)ى ژنى تەلارى ژن و مێردايەتى بە چوار كچ و دوو كوڕ دەڕازێننەوە.


من يەكەمين جار مام سديقى مامى باوكمم لە ساڵى (1967) لە بەنديخانەى سلێمانى بينى، چيرۆكەكەشى بەم شێوەيە بوو:
مام سديق وەك مەئموور، تاوانبارێك لە رانيەوە دەباتە شارى سلێمانى بەمەبەستى دادگايىكردنى، كەچى لەرێگا تاوانبارەكە لە دەرفەتێكدا خۆى لە مام سديق بزر دەكات و رادەكات. بەم شێوەيە مام سديق سزا دەدەن و لە بەنديخانەى سلێمانى زيندانیى دەكەن. هەر كە هەواڵ گەيشتە هەولێر و بابە خدرى باپيرم بڕياري دا بچين و لە بەنديخانە سەردانى بكەين، بە قەمەرە دۆجەكەى باوكم و من و بابە خدر و دايكم چووينە سلێمانى . لەرێگا باپيرەم گۆتى:
- لە سلێمانى دەچينە ماڵى (سەعيدى سەمونچى)ی دۆستم، ئەمن كە لە سلێمانى چەند ساڵێكى پۆليسيم بەسەر برد، كرێچیى ئەو ماڵە بووم زۆر خانەدان و ئەسڵزادەن.
هەر واشمان كرد ، شەو لە ماڵى وان بووين، بۆ بەيانى چووينە بەر دەرگاى بەنديخانە كە خەڵكى شار بە (سجنى سەرەوە) ناودێريان كردبو، ئيدى كاتێك دەرگا كرايەوە چووينە حەوشێكى گەورە و هەر خێزانە و لە كونجێك چاوەڕێى كەسى زيندانیى خۆيان دەكرد. دەرگاى سەرەكى سجن كرايەوە زيندانيیەكان هاتنە لامان، ئێمەش بە مام سديق شاد بووينەوە .. ئيدى كەوتينە قسە و باس و گفتوگۆ .. من پياوێكى كراس سپى و شەرواڵ رەشێك سەرنجى راكێشام. يەك يەك دەچووە لاى ميوانى زيندانيان و حاڵ و ئەحواڵى دەپرسين و قسەى خۆشى بۆ دەكردن و بە قاقا پێ دەكەنى، ديارە باوكيشم هەمان سەرنجى لەسەر ئەم پياوە هەبوو، بۆيە پرسى:
- ئەرێ مامە گيان .. ئەو پياوە كێيە؟ ئەوها سەر لە هەموان دەدات و كرديتيە بەزم و رەزمى خۆى، دەرێى هەموومان دەناسى.

مام سديق گۆتى:
- كوڕە وەڵلاهى دڵەكمان بەو پياوەى خۆشە، دەنا لەو سجنەى و لەو بێ كەسيیەى هەر درمان دەتەقى.


باوكم پرسى:
- ئەوە كێيە؟ چ كەسە؟


مام باگۆى داوە:
- ئەوە ناوى (حەسەن زيرەك)ـە كوردى ئێرانێيە، دەنگى زۆر خۆشە و گۆرانيان دەرێ، يەك دوو ساڵە لێرە لە سلێمانى دەژى، ئيدى (زيرەك) هاتە لاى ئێمەش و بە (نۆكەرم و بە خوڵامتان بم) مەجليسى ئێمەشى گەرم كرد و چووە لايەكى دى.


نازانم مام سديق ماوەى چەند لە زيندانێدا مايەوە، دواتر وەك سزا لە پۆليسى لاياندا و ئازاديان كرد.


بەم شێوەيە، مام سديق بە خاووخێزانەوە هاتەوە هەولێر. سەرەتا هەر لە كۆڵانەكەى ئێمە بە كرێ لە خانووێكدا بوون. كاكە نەوزادى كوڕە گەورەى كە يەك دوو ساڵ لە من گەورەتر بوو، لەگەڵ من لە قوتابخانەى مەريوانى سەرەتايى قەيد كرا و پێكەوە دەچوينە قوتابخانە و دەهاتينەوە. پاشان مام سديق خانووێكى لە گەڕەكى (كوران)ى سەر رێگاى مەخمور كڕى،هەر لەوێش چايخانەيەكى بەهەڕمێنى دانا و بووە چايەچى، ئەو كاتانەى دڵم كاكە نەوزادى بويستبا بە پاسكيلەكەم دەچوومە چايخانە و وەك شاگرد لەبەردەستى مام سديقى هەر دەسوڕام. مام سديقيش هەموو جارێ دەيگوت:
- ئەوە هاتى بابى بابم .. وەرە ئەوە كێك .. ئەوە شەكرللەمە .. ئەوە دۆندرمە .. ئەوە كاستەر و محەلەبى، چت حەز لێيە بەبێ پرسى من بيخۆ.


مام سديق فريشتەيەك بوو بۆ خۆى ..ئەوێ رۆژێ باو باوى (عەدنان قەيسى) بوو، شەوان لە تەلەڤزيۆنى پێشان دەدرا. يەك لەو شەوانە پاسكيلەكەم لەپەنا دەڕابەى چايخانە راگرتبوو، چايخانە بەديار زۆرانبازیى عەدنان قەيسى و جۆن فرێرى جمەى دەهات، كە يارى تەواو بوو خەڵك پەرتەيان كرد منيش بەنيازى چوونە تەيراوە هاتمە دەرەوە كەچى پاسكيلەكەم لە شوێنى خۆى نەمابوو، ئەولا پاسكيل ئەملا پاسكيل .. مشەوەش بووين تا يەكێك گوتى:
- ئەمن پاسكيلەكەم لە دەست (ديلەى فيدايى) ديت.. وابزانم پاسكيلەكەى تۆ بوو.


بۆ سبەينێ باوكم پۆليسى تێگەياند و تاقيب تاقيب پێكەتين (ديلە) ماڵە پورێكى لە گوندى (مورتكە)ى هەولێرێيە و چويتە وێ، لەگەڵ پۆليسان چووينە گوندى و پۆليس (ديلە)يان بە جلك و بەرگى فيدايى فەڵەستينى گرت و كەلەبچەيان كرد، منيش بە پاسكيلى خۆم شاد بوومەوە.


هەر لەم چايخانەيەش .. بۆ يەكەمين جار لەگەڵ (شێرزاد حەسەن)ى رۆماننووس و (نازم دڵبەند)ى شاعير و رۆژنامەنووس يەكترمان ناسى كە ئەوكاتە هەردووكيان ماڵيان لە گەڕەكى كوران بوو.


هەميشە مام سديقى فريشتە و مرۆڤـ يادى بەخێر و گوڵباران.