لیۆناردۆ دافنشی هونەرێکی باڵا و سامانێکی مرۆیی مەزن بۆ هەموو مرۆڤایەتی

 

 حیكمەتی پەروەردگار بێ سنوورە، ئەگەرچی دەتوانێ بە (كن فیكون)ێك جیهان بەڕێوە بەرێت، بەڵام لەوەی دەڕوا سەردەمی (موعجیزە) بەسەر چووبێت و خودی موعجیزە كەوتبێتە نێو عەقڵی تاكوتەراكی بەشەرەوە نەك تێكڕای. لێرە و لەوێ و لە هەموو ئایینە جۆراوجۆرەكانەوە، لە هەر بوارێكدا كەسێك یا دوو، چوزانم سییان چوارێك هەڵدەكەون، نەك تەنیا لە میللەتەكەی خۆیان، بەڵكوو تەواوی بەشەریەت بە هی خۆیان دەزانن و سوود لەو داهێنانە وەردەگرن، یان لەو تێفكرینە یان ئەو سنعەتەی دروستیان كردووە. ئەوە نیعمەتی خوایە، ئەگەر ئەو سەردەمە بخەینە تای تەرازوو، دەبینی زانستی ئەوڕۆ موڵكی بەشەریەتە و هەموو بەشەر سوود لەو داهێنانەی دەبا، كە ئەمڕۆ بەدەستەوەیە. ڕەنگە كەم و زۆری سوودەكە لێرە و لەوێ بەدی بكرێت، ئەوەیش بەندە بە پلەی زانستیی ئەو میللەتە، ئەگینا زانستەكە، یان موعادەلە زانستییەكە بەدەستەوەیە، ئەو میللەتانەی پلەی زانست و ڕۆشنفكرییان بەرز و باڵایە، ئەندازەی ژیانیان باڵایە و ترسیان لە ئافاتی هەژاری و نەداری نەماوە.


بەندە لەم وتارەیەدا ناڕۆمە ناو هۆكاری ئەوەی ئێمە بۆ واین و ئەوان بۆ وان و ئەوانی تر بۆ وانین؟
ئەوە باشە چەندان كتاوی لەسەر نووسراون، دە ئەوەندەی تریش لەسەری بنووسرێت ناگاتە ئاكام و سەرئەنجام، تا دەمارگرژی لە جۆرەكانی ئایین و ڕەگەز و كولتوور و ڕەنگی پێست و جۆری ژیاندا بەم چەشنە بێت، چەند سەدەیەكی تری دەوێت تا فكر لە هەقیقەتی ژیان بكرێتەوە و هەوڵ بۆ تێگەیشتن بدرێت. لەوەیە پلەی زانست و داهێنان لەم ئاستەیدا ڕانەوەستێ و میللەتە دواكەوتووەكانیش بگەنە ئێستای میللەتە پێشكەوتووەكان، ئەوان چەندان قۆناغی تری زانستییان بڕیوە. دەمەوێ ئەوە بڵێم: جگە لە پەیامبەرە ڕاستەوخۆكانی پەروەردگار، ئەوانە خاوەنی كتاون، یان تەنیا پەیامبەری خودا بوونە، سەردەمی پەیامبەرانی ڕاستەوخۆی خودا لەدوای پەیامبەری ئیسلام تەواو بووە و پەیامبەری ئیسلام دوا پەیامبەری هەناردەی خودایە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت لە جیهانی ئەمڕۆدا خاوەن پەیام و پەیامدەر لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بەدی نەكرێن. ئەو زانیارییانەی ئەو داهێنەرانەی ئەو بەرهەمە زانستییانەی ئەمڕۆی بەشەریەتیان بەدی هێناوە، هەر یەكە لەوانە لە بواری خۆیدا پەیامبەرێكە و پەیامدەرێكە بۆ پێشكەوتنی بەشەریەت. خۆ ئەگەر بكەوینە ژماردنیانەوە، هەزارانن، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامەیەی خستوومەتە پێش خۆم، هەڵبژاردەیەك لەسەر تەڵەكان دەخەمە ڕوو، تا خوێنەری میللەتەكەمی پێ ئاشنا بكەم. لەم وتارەدا دەمەوێ بڕێك لە كار و كردەوە و ژیانی هونەرمەندێكی مەزن و لەبیرنەچووی بەشەریەت بدوێم، دڵنیام تا هەتاهەتاش كارەكانی لە دنیای عەقڵانیەتدا پۆپەنشینن. ئەویش هونەرمەندی هەرە گەورە لیۆناردو دافنشییە.

 

لیۆناردو دافنشی
لە ڕۆژی 15ی ئەبریلی 1452ز لەدایك بووە. لە 2ی مایۆی 1519ز كۆچی دوایی كردووە. بە ڕەگەز ئیتاڵی بووە. دەركەوتووی سەردەمی ڕاپەڕینە. پیشەی ماتماتیك، زانستەكان، هونەر بووە.


لە بواری تەلارسازی، سنۆگرافیا، هەندەسەی ئەنجامدەری، زانستی ئەركی پەلوپۆ كاری كردووە.


كارە بەرجەستەكانی تابلۆی مۆنالیزا، پیاوی فیترۆڤی، دواخوان. ئەم كەڵە هونەرمەندە بە ئیتاڵی ناوی لیۆناردۆ دی سیر بیرۆ دافنشییە. ئەم زاتە بۆ خۆی ئینسكلۆپیدیای ڕەوەند بووە لە سەردەمی ڕاپەریندا لە چەندان بواری گرنگدا لێزان و چاوساغێكی دیار بووە، وەك: نیگاركێشی، ئەندازیاری، زانیاریی گژوگیا. لێزانی زانستی نەخشەداری، جیۆلۆجیا، تەلارسازی بووە، بە یەكێك لە گەورەپیاوانی سەردەمی خۆی لە ئیتالیا و دەوروبەریدا ناسراوە، بە شێوەیەكی وا بووەتە دیاردەی سەردەمی ڕاپەڕین لە تەواوی ئەورووپا و دونیای پێگەیشتووی ئەو سەردەمە.


ئەو هونەرمەندە وەنەبێ تەنیا بە داهێنەر ناو ببرێت، بەڵكوو بە كەرەستەیەكی دەگمەن و نایابی بەشەریەت دراوە لە قەڵەم.


ڕەنگە لە هەر پێنج سەد ساڵدا ئەگەر كەسێكی تر بتوانێ بگاتە دامێنێ چیای بەرز و بوڵندی دافنشی. ئەو دەستی بە هەرچی دابووبێت، لێزانانە كردوویەتی، ئەوانەی دەستی بۆ بردوون لە مێژوودا نەكراون.


دافنشی لە یازدەی مانگی نیسانی 1452ز لە سەعات سێی بەیانیدا لە شارۆچكەیەكدا هاتووەتە دنیایەوە، كەوتووەتە نێوان شاری ئنجیانۆ و ڤالتۆغناوە، ساڵانە تا بە ئێستایش زۆرتر لە یەك ملیۆن كەس سەردانی جێگەی لەدایكبوونی دەكەن.

 

سەردەمی گەنجایەتی (1452- 1481ز)
لیۆناردو كوڕە گەورەی باوكی بووە، باوكی بنووسی داگا بووە، بنەماڵەكەی دەوڵەمەند بوون. دایكی ناوی كانزین و لیۆناردو، لە تێهەڵچوونێكی ناشەرعی هاتووەتە دونیاوە و بە یەكەمین نەوەی باپیری دراوە لە قەڵەم. باپیریشی هەر لە وەزارەتی داد بووە بە وەزیفەی دیكۆمێنتاری سەدەی چواردە. دەربارەی نەوەكەی لە لاپەڕەیەكدا نووسیویەتی، قەشە پیرۆپارتەلویو شۆردنی پیرۆزی بۆ كردووە، لە ڕێوڕەسمەكەیدا ئەم ناوانە ئامادە بوون: قەشە نانی، پییردی مالفوتو، نانی دی فینۆ، دی جۆفانی ئەڵمانی، خانم لیزا دی دۆمینیكۆ، خانم ئنتونیا جۆلیانۆ، خانم ماریای كچی نانی دی فینسۆ. جێگەی لەدایكبوونی لەو تۆماریەدا نەنووسراوە. نە باوكی لیۆناردۆ و نە دایكی لەو ڕێوەڕسمەدا ئامادە نەبوون، لەبەر ئەوەی بە شێوەی فەرمی و مەرجەكانی كڵێسا ژن و مێرد نەبوون. لەدواییدا بەزم و شاییان ئەنجام دا، بەڵام زۆر ناكێشێت لێك جیا دەبنەوە و لیۆنارد و بە شێوەیەكی ڕەسمی لەگەڵ خانمی ئەلبیرا لە ساڵی 1464ز بوونە ژن و مێرد. ئەلبیرا لە تەمەنی 28 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و بۆ جاری سێیەم ژنێكی هێناوە بە ناوی ڤرانشكا ،كە تەمەنی 15ساڵ بووە، ئەویش مردووە و ژنی چوارەمی هێناوە بەناوی مارگرێنا. باوكی لیۆناردو لەم ئافرەتەدا شەش منداڵی بووە، لەو كاتەیدا (لیۆناردۆ) تەمەنی 12ساڵ بووە و ڕەفتاری لەگەڵ برا و خوشكەكانیدا دۆستانە نەبووە، دوای باوكیان، لەسەر میرات كێشە كەوتە نێوانیانەوە.


لیوناردۆ لە تەمەنێكی منداڵیدا لە كارگەی هونەرمەند دل فریگوی هاوەڵی باوكی دەستی بە كار كردووە. لیۆناردۆی منداڵ بەلای باپیریەوە مایەوە و پچڕ پچڕ درێژەی دەدا بە خوێندن و لەژێر چاودێریی مامی و قەشە (پییرۆ) فێری نووسین بووە.


باپیری لە تەمەنی نەوەد و شەش ساڵیدا مردووە 1468ز، میراتەكەی مایەوە بۆ داپیرە و لیۆناردۆ و ژنە تازەكەی باوكی و مامەكانی لیۆناردو بە زۆڵی لەدایك بووە. هەر بە منداڵی، باوكی لە دایكی جیابووەتەوە و لە خۆشەویستیی دایك مەحرووم كراوە. خێزانی لیۆناردۆ گوێزایانەوە بۆ ناو شاری فلۆرەنسا. لیۆناردۆ بوو بە قوتابیی چاكترین قوتابخانەكان. لەو دەمەیدا فلۆرەنسا لە سەرتاسەری ئیتاڵیادا بە هەوارگەی زانست و سەواد و ڕۆشنبیری و هونەر دەژمێردرا. لیۆناردۆی گەنجی جوان و مۆزیقاژەن و قسەزان لە ساڵی 1466ز لە كارگەی هونەرمەند ئندریا دل فرۆكیودا بووە قوتابی، لەو كاتەدا لە بەرزترین جێگەی فێربوونی نیگاركێشان و پەیكەرسازیی دەژمێردرا. لە ساڵی 1477 لیوناردۆ بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نیگاركێشان. بە یارمەتیی مامۆستاكەی (فیرۆكیو) توانی تابلۆی (مەلائیكەی بچووك) لە ساڵی 1470ز بكێشێت.


لە ساڵی 1478ز لیۆناردۆ توانی سەربەخۆیانە دەست بەك اروباری ئازادی شێوەكاری بكا و وەك مامۆستایەك سەیر بكرێت.



كارگەی فرۆیكۆ
دوای ئەوە دەركەوت ئەم كوڕە گەنجە (لیوناردو) لە كارەكانیدا بڕێك كاری تازە بابەتی خستووەتە بەرچاو، باوكی ناردی تا لە كارگەی فرۆكیۆدا دەستبەكار بێت (1469-1470ز.


ئەم كارگەیە بە بەرزترین و بەناوبانگترین جێگەی هونەر دەناسرا. ئەو قوتابییانەی لەوێ دابوون، بوونە گەورەترین هونەرمەند، وەك: ساندورا بوتشیلی، بیترۆ بیرۆجینۆ، دۆمنیكۆ جیرالاندبو، لۆرینۆ دی كریدی. لەوێڕا كاروكردەوەی جۆراوجۆری دەكرد وەك: پەیكەرسازی، نیگاركێشی لەسەر بەرد و دار و دیزاینی سەر پارچەقوماش بە شێوەیەكی گشتی و زۆر تایبەت. لەوێڕا فێر دەكرا وەك: چۆنیەتیی بازرگانی، میكانیك، هەندەسە و تەلارسازی. دیارە لیۆناردو كاتێك قوتابییش بووە ناووباوی هەبووە، لەم دواییانە بیروڕای نێو كارگەی دەخستە لاوە و بە تێفكرینی خۆی كاروبارەكانی ئەنجام دەدا، وا دەركەوت ئەو كاروكردەوانەی دەیانكات هیچ پێوەندیێكیان بە ڕەوشتی ناو كارگەكە و مامۆستاكەیەوە نەبوو.

 

لیۆناردۆی پەیكەرساز
كازاری دەربارەی لیۆناردۆ دەڵێت: كاتێك قوتابی بووە، بڕێك سەروكەللـەی ژنانی دەم بە پێكەنینی لە قوڕ دروست كردووە، سەر و ڕووخساری فریشتەكان، هەروەها وا زانراوە پەیكەری فریشتەیەكی كردووە تا ئێستا پارێزراوە. ئەگەرچی لەیەكچوونی بڕێك لە كارەكانی لیۆناردۆ مامۆستاكەی بە زەحمەت لێك دەكرێنەوە، یان بڕێك كاروكردەوەی دەست و پەنجە كێشان، هەروەها پەیكەری ناتەواو بەدەستەوەیە، كە لیۆناردۆ بۆ (فرانشیكۆ سفورسا) كردوونی.

 

یەكەمین كاری تایبەتی
لە ساڵی 1470ز یەكەمین كاری تایبەت بە لیۆناردۆ دەستنیشان كرا، ئەگەرچی یەشتا نیشانەی چۆنیەتیی كاری (فركیۆ)ی پێوە دیار بووە، تابلۆی (كجولە). هەروەها (دریفوس) 1469ز ئێستا لە مۆزەخانەی نیشتمانیدایە لە واشنتۆن. هەروەها چەندان ئەو سەردەمە زانراوە شێوەی كارەكان هی كارگای فرییكۆیە. لەم دواییانە زانراوە، ئەوانیش كاری لیۆناردۆیە. ئەگەرچی شێوەی كارەكان بوونی كارگەی فیریكۆی تیا هەست پێ دەكرێ.

 

چوار ساڵ بێدەنگی
ساڵانی 1474- 1478ز كارەكانی لیۆناردۆ نەناسراوە، ئەگەرچی لیۆناردۆ كوڕی باوكێكی دەوڵەمەند و ناسراو بووە، بەڵام لیۆناردۆ توانی لە زانایەكی زانست و لە چاوساغێكی زانستی جوگرافیا نزیك بێتەوە. هەروەها لە زانیارێكی ئەستێرەناس بەناوی (توسكانیلی) نزیك بووە. دواتر توانی دەستی بگاتە زانستی (تەشریح- توێكاری)ی مردووانی ناو بیمارستان. لەم قۆناغەیدا لیۆناردۆ تۆمەتی پیا كرا، كەوا مەیلی بە لای ڕەگەزی نێرەوەیە. ڕووداوی پەیوەندیی نێوان لیۆناردۆ و مێردمنداڵ یەعقووب سالتاریلی حەڤدە ساڵان. ئەو جۆرە كارانە لەو سەردەمەیدا گەلێك توندوتیژییان بەرامبەر دەكرا. هەر لە یەك ساڵدا دوو سێ تۆمەتی هاوڕەگەزبازیی پیا كرا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەكەیەوە توانرا بەڕەڵای بكەن.

 

گەڕانەوە بۆ نیگاركێشان
لە ساڵی 1478ز كاری كڵێسای سانت برناردی وەرگرت. ساڵی 1478ز تابلۆی ژنێكی بەناوی پیلۆس، كە ئێستا لە مۆزەخانەی (ئارمیتاژ)ە لە ڕووسیا. تابلۆیەكی تری لە خانمێك بەناوی (مادۆنا) 1591ز كە یەكێكە لە كارە جوانەكانی لیۆناردۆ.

 

عیشقی مەجووسی
تابلۆی جیرۆلامۆی پیرۆز لە ڤاتیكاندا تەواو نەبوو، وا دیارە كە بە لۆناردۆ سپێراوە 1481ز وا بڕیار بووە كە لە ماوەی سێ مانگدا بەرامبەر پارەیەكی زۆر تەواوی كا، بەڵام لیۆناردۆ فلۆرەنسای بەجێ هێڵا و ڕۆیشت بۆ شاری میلانۆ (1482- 1500ز) ئەو لە تەمەنی سی ساڵدا دەبێت.


دیارە لە لایەن (لۆرنزۆ)وە نێردراوە بۆ میلانۆ. لەم ڕووەوە مازاری دەڵێت: سەری ئەسپێك لە زیو دروستكرا و بووە بە شتێكی نایاب و تازە بابەت دراوە لە قەڵەم. هەروەها لە پێشبڕكێیەكی مۆسیقادا بەشداریی كردووە، بەسەر تەوااوی بەشداربوواندا سەركەوتووە. هەر لەو شارەیەدا كتاوێكی نۆ بەشی نووسیوە، كە باسی كارە هەندەسییەكانی و ماشێن و ئالاتی سەربازی و كاروباری هایدرۆلۆكی و ئەندازیاری تەلارسازی دەكات و ئاماژەی بە چۆنیەتیی ئەنجامدانی شێوەكاری پەیكەرسازی و پەیكەری ئەسپێكی برۆنزی دەكات. لیۆناردۆ بڕیار دەدا لە شاری میلانۆ بمێنێتەوە كەوا ئەو شارە چۆن باوەشی بۆ زانستی نوێ كردووەتەوە. مانەوەی لە شاری فلۆرەنسادا تووشی دەردەسەریی دەروونیی كردووە. لای وابووە لە هاوەڵەكانی دواكەتووە. وا دەردەكەوێت لیۆناردۆ لە میلاندا چەندان قوتابیی هەبووە. لە میللانۆدا تابلۆی كچە ڕووتەكەی ناو بەرد، دوو جار ئەو تابلۆیەی كردووە، دیارە یەكەم جار قبووڵ نەكراوە، لە مۆزەخانەی (لۆڤەر)دا پارێزراوە.

 

كچەگەنجەكەی ناو تەل و بەرد:
لەوە دەچێت سەرەتا لیۆناردۆ لە میلانۆدا سەركەوتوو نەبووبێت، زمانی ئەو شارەی لا گران بووە. دیارە هەر شارێك لەو كاتەیدا بە شێوەیەكی تایبەت دواون. لەدواییدا زمانی تۆسكانۆ بووە بە گشتی.

 

پەیكەری سواركاری فرانششكۆ سفۆرز
پارە و پوولێك لە لایەن وەزیری ئابوورییەوە خرایە بەردەستی لیۆناردۆ 1489ز، دەبوا قالبی برۆنز لە فلۆرەنسا بهێنرێت بۆ میلانۆ. لیۆناردۆ كەوتە تەقەڵاوە بۆ بەدەسهێنانی سروشتی ئەسپ و جوولانەوەكانی، سەرەنجام لە یەكدانەوە جووڵانەوەی لەش و ئەندامی ئەسپ لە ڕاپەڕینەكانیدا، ئەو كارەیش هەر لە ڕۆژانی شایی ژنهێنانی دوقدا پەردەی لەسەر لادرا.

 

تابلۆی دواخوان
لیۆناردۆ كەوتبووە تەقەڵایەكی پڕ لە وردەكارییەوە، دەستی كردبوو بە تابلۆیەكی دیواری دێری ماریا دیلیەی پیرۆز بەناوی دواخوان. لەم قۆناغەیدا چەندان تابلۆی كردووە. دیارە ئەم تابلۆیانە لەناو چوون. دوای هێزی دەوڵەتی فەڕەنسا، زۆر لە كارەكانی لیۆناردۆ كەوتنە بەر ئەو پەلامارە، لیۆناردۆ بە ناچاری گەڕایەوە فلۆرەنسا 1500ز.

 

سەردەمی هاتوچۆی شاران
دوای ئەوەی میلان لە لایەن فەرەنساوە داگیر كرا، لیۆناردۆ میلانی بەجێ هێڵا و گەڕایەوە بۆ فلۆرەنسا، لەوێش ئۆقرەی نەگرت و كەوتەوە گەڕانی شاران. رۆیشت بۆ شاری ماتتوا، بوو بە مێوانی خانم ئیزابیلا، ئەو ژنەی لیۆناردۆ پۆرتەری بۆ كێشاوە و تەواوی نەكردووە، ئەو تابلۆیە لە مۆزەخانەی لۆڤەردا پارێزراوە.

 

شاری بوندقییە
لە ساڵی 1500ز لەگەڵ هونەرمەندی فلۆڕەنسایی (سیرین سیما) كتاوێكی ئایینیی نووسیوە، كە زۆربەی شێوەكارییە ئایینییەكانی لیۆناردۆی تێدا بوون.
لیۆناردۆ هەر لەو شارەدا بڕێك دیزاینی سەربازیی بەرگری ئەنجام داوە. تا بتوانن دژ بە هێزی عوسمانی بەكاری ببەن.

 

بڕێك لە كارەكانی سەردەمی گەنجیەتی:

 

تابلۆی پێنووسی مادۆنا 1478ز
پەیكەری جنیفیرا دی، لە پێشانگای نیشتمانیدا پارێزراوە لە شاری واشنتن.
بڕێك لە كاری نیوەچڵ وەك جیرۆمی پیرۆز 1481ز.
میلان هانی دا تا لیۆناردۆ بڕواتە ناو دەستە و دایرەی شای فەرەنسا لویسی دوازدەم. لە ساڵی 1508ز گەڕایەوە میلان، لە میلاندا تا ساڵی 1513ز مایەوە.

 

لە ڕۆما
1514ز گەیشتە ڕۆما، برای پاپا ئەپارتمانێكی پێدا تا تێیدا بمێنێتەوە. لە ڕۆما زووتر بە كاروباری زانستەوە سەرگەرم بوو، وەك زانستی میكانیك و هەندەسە.

 

لە فەڕەنسادا
1517ز گەیشتە فەرەنسا بە هاوڕایی فرانشسكۆ بوونە مێوانی شا و لە قەڵای كلوس لووسیدا جێگیر كران. وەك بەناوبانگترین نیگاركێش و موهەندیس و شاعیر مانگانە 5000 كرۆنی ئەو كاتەیان بۆ بڕییەوە. فرانسیسی شا پیاوێكی رۆشنبیر بوو، لایەنگری هونەرمەندان بوو. بەتایبەت هونەرمەندانی ئیتاڵی و گەلێك لە هونەرمەندانی تری یارمەتیی داوە، وەك: برانیكۆ، رۆسۆفیرمینتینۆ، ئیندریادیل، سیلینی.


ئەو سی ساڵەی لە فەڕەنسادا بووە، ئارامترین ساڵانی ژیانی بوون، هاوكات بە هاوڕێی دوو لە قوتابییە بەوەفاكانی. ئەگەرچی پیر بووبوو و جەڵتەی دەماغی لێی دابوو، دەستی ڕاستی باش كاری نەدەكرد، بەڵام سەرگەرم بوو بە لێكدانەوەی زانستەوە.



لیۆنارد و مایكل ئەنجلۆ
لە سەردەمی ڕاپەڕیندا پێوەندیی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە داهێنەرە زۆر ناڕێك و ئاڵۆز بووە، مایكل ئەنجلۆ بیستوسێ ساڵ لە لیۆناردۆ گەنجتر بووە. جگە لەمەیش خوو و خەسڵەتیان جیاواز بووە، چ لە ڕووی هونەرییەوە، یان كەسایەتییەوە. لیۆناردۆ زاتەن لە بوارە جیاجیاكانەوە كابرایەكی وردەكار بووە، بەتایبەتی بوارە جیهانی سروشتی.


مایكل ئەنجلۆ لە كارەكانی بێ حەوسەڵە و پەلەی كردووە و سەركێشیی پێوە دیار بووە. ناڕێكییان نەگەیشتووەتە ئاستی دوژمنایەتی، بەڵام لە زۆر بۆچوون و تێفكریندا هاوڕا نەبوون.


لیۆناردۆ شێوەی تێفكرینی مایكل ئەنجلۆی دەربارەی (ماسوولكەكانی) بەدەنی مرۆڤ بە دڵ نەبووە، لەبەر ئەوەی لیۆناردۆ و هاوەڵانی لەم ڕووەوە وەك مایكل ئەنجلۆ تێنەدەفكرین.

 

گۆڕەپانی سانتاترینیتا
دەربارەی لەیەكدانەوەی بەیتێكی شیعری دانتی، ناكۆكی كەوتە نێوانیانەوە. ئەنجلۆ بە لێكدانەوەكەی لیۆناردۆ ئاڵۆز بوو، هەروەها پرۆژەی ئەسپی مسین، كە لە لایەن لیۆناردۆوە ئەنجام درابوو، مایكل گاڵتەی بەم كارە دەكرد.


مایكل ئەنجلۆ پەیكەری حەزرەتی داوودی تەواو كردبوو، هونەرمەندانی ئەو كاتەی دەعوەت كردبوو بۆ تەماشا لە گۆڕەپانی دیلاەكم 25ی یەنایری 1504ز، لەو ڕێورەسمەیدا هونەرمەندانی وەك: لیۆناردۆ، ئەندریادیلا، روبیرا، سیمونی دیل، پیترودی ئامادە بوون. لیۆناردۆ ڕۆیشتە سەر شانۆیەكە و پێشنیاری كرد، ئەو پەیكەرە لەپشتی دیواری میحرابدا دابنرێت. ئەو جێگە لە ڕێوڕەسمەكاندا خەڵكانێك نەیان دەدی. ئەو پێشنیارە بوو بە هۆی ناڕەحتیی مایكل ئەنجلۆ، سەرەنجام لەسەر پێشنیاری فیلیینۆلیپ لە جێگەیەكی شیاوتردا دانرا.

 

دوا گەشتەكانی
1506ز ڕۆیشتەوە بۆ میلانۆ و بوو بە نیگاركێشی شای فەرانەلویسی دووەم. لە ساڵانی 1414- 1015ز ژیا. پاپا لاونی دەیەم ڕێزی زۆری لێ گرت. لە ساڵی 1516ز ڕۆیشتووە بۆ فەرەنسا. دوا ساڵانی ژیانی لە (تشاتیۆ دی لكۆ) گوزەراندووە. لە ساڵی 1519ز لە تەمەنی 67 ساڵیدا مردووە.