عێراقی هیوا و ئاشتی!

لەناو ئەم شۆخی و نوکتانەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، کۆمیدیای هونەرییشی بێتە سەر

عێراق، ئەو وڵاتەی یەکێک لە سیاسەتمەدارە دیار و ناسراوەکانی لەبارەیەوە دەڵێت: “ژەنەڕاڵێکی وڵاتێکی دراوسێ بەڕێوەی دەبات و تێیدا خاوەنی بڕیارە. وێڕای دەستەمۆکردنی هەموو شیعە بە ئاییندار و شیوعی و عەلمانییەکانیشیانەوە، ٨٥٪ی سەرکردە سوننەکانیشی دەمەزەد کردووە”، هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت، کە ببێتە بنێشتە خۆشەی سەر زاران و نوکتەی مەجلیسان.

 

* چش لە سەرچاوە زۆر و زەوەندەکانی داهاتی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆی. بە گوێرەی زانیارییەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ تاکوو کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ئەمریکا وێڕای کەرتەکانی دیکە، بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی و کۆمەکی ئەو کۆمەڵگانەی عێراقی (پێکهاتەکان) تەرخان کردووە، کە لەبەردەم مەترسیدا بوونە. کەچی پێویستە عێراق لە بودجەی ٢٠١٩دا، کە هێشتا ڕاستەڕێ نەبووە، بڕی ٢ ملیار و ٥٥ ملیۆن و ٨٧٣ هەزار و ٥٥٦ دینار (سوو!)ی سەر ئەو قەرزە نێودەوڵەتییانە بداتەوە، کە پێشتر پێی دراون.

 

* هێشتا هیچ نەبووە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان لە کابینەی نوێی حکوومەت، کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دۆسیەی تایبەت بە گەندەڵییەکانی وەزارەتەکەی لە کابینەی ڕابردوو بڵاو دەکاتەوە، کە چۆن بازرگانی بە خەڵک و خاک و پڕۆژەکانەوە کراوە.

 

* بە هۆی قۆستنەوەی بارودۆخی ناجۆری ئابووری و ڕەوشی خراپیی گوزەرانی خەڵک و هەژاری، دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تەشەنە دەکات و بازاڕی سێکسفرۆشی گەرمتر دەبێت و ڕۆژانە باندی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سێکسفرۆشی لە شارەکانی عێراق و بەتایبەتی بەغدای پایتەختدا دەستگیر دەکرێن.

 

* بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری، لە بواری فێرکردن و خوێندندا عێراق لە ڕیزبەندی ١٣٦ی وڵاتانی جیهان و لە بەشداریی سیاسیشدا لە پلەی ٩٠ دا دێت. هەر بەپێی ئامارەکانی هەمان کۆڕبەندی جیهانی، لە بواری یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزدا، لە کۆی ١٤٩ وڵات و لە ئاستی جیهاندا، عێراق ڕیزبەندیی ١٤٧ی گرتووە و دوای هەریەکە لە یەمەن و پاکستانیش دێت.

 

* هەر بە هۆی سەختی باروودۆخی ژیان و گوزەران و هەژاری و بێکاری و نەدارییەوە، هاوکات بە هۆی ناسەقامگیری و نادڵنیایی و نەبوونی ئاسایش، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر باری دەروونیی خەڵک، کێرڤی دیاردەی خۆکوشتن ڕۆژ دوای ڕۆژ لە شارەکانی عێراقدا لە هەڵکشاندایە. بۆ نموونە، تەنیا لە سەنتەری ناسڕییە و لە ١١ مانگی ڕابردوودا، ٧٠ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراون، کە ٥٢یان بە مردن کۆتاییان هاتووە.

 

* بە هۆکاری جیاوازی ژینگەیی و خراپیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و لەگرێژەنەچوونی ئاسایشی تەندروستی، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە (بە هەموو جۆرەکانی) لە عێراقدا بۆ ٦٠٠٪ بەرز بۆتەوە.

 

* مەگەر لە عێراق، دەنا باوەڕ ناکرێ لە دواکەوتووترین وڵاتیشدا، بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانە و خوێندنگەکان، بەڵێننامە بە دایبابی قوتابیان پڕ بکەنەوە، بەوەی لە ئەگەری ڕووخانی بنمیچی پۆل و هۆڵ بەسەر قوتابییەکان لە کاتی دەوامدا، دایبابەکان بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی ژیانی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ.

 

* لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەر هیچ، مەگەر تاک و تەرا لە وڵاتانی ناوچەکە و لەناویشیاندا لە عێراق، دەنا بە دەگمەن دەبیستی و دەبینیت کەسێک ببێتە وەزیر، کە لە دادگاکانی وڵاتەکەی بە تیرۆر تاوانبار کرابێت و یەکێکی دیکەش بکرێتە وەزیر، کە پێشتر زیندانی بووە و بە کەفالەتی (٥٠٠) ملیۆن دینار ئازاد کراوە.

 

* ڕەنگە ئەوە تەنیا لە عێراقی هیوا و ئاشتیدا هەبێت، کە دوای چەندین ساڵ خانەنشین بوون، فەرمانبەرێک دووبارە دابمەزرێندرێتەوە و بە پلەی ڕاوێژکاری پێشکەوتوو لە وەزارەتێک دەستبەکار بێت، لەوەش خۆشتر، ساڵانی دابڕانی لە دەوام و خزمەت (ماوەی خانەنشینییەکەی!)، وەک مۆڵەت بۆ هەژمار بکرێت!

 

* ئینجا لەناو ئەم شۆخی و نوکتانەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، کۆمیدیای هونەریشی بێتە سەر، هێندەی تر وڵاتەکە گاڵتەجاڕتر دەبێت. کاتێک هونەرمەندێکی پەیکەرسازی ئەم وڵاتە، لەبری بەرجەستەکردنی دیاردەکانی گەندەڵی، بێدادی، بێکاری، هەژاری، تەشەنەکردنی نەخۆشی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کارەکانیدا، بێت و بەبۆنەی ساڵیادی ئەو پێڵاوەی، کە (مونتەزەر زەیدی)ی ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە (جۆرج بۆش)ی کوڕی گرت، پەیکەری سەری (بۆشی کوڕ) دروست بکات، کە بە پێڵاو دەور دراوە.


ئەوەیە دەڵێن “ شر البلية ما يضحك” ، یان وەک (موتەنەببی)ی شاعیر گوتەنی: يا امة ضحكت من جهلها الامم!