ئۆپه‌راسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی فورات

 

ئۆپه‌راسیۆنی داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیا و هێزه‌كانی سووریای ئازاد، توركیای خسته‌ ژێر به‌رپرسیارییه‌تێكی گه‌وره‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه‌ تاكه‌ وڵات كه‌ پشتگیریی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ كرد رووسیا بوو، ئه‌ویش ئاسمانی عه‌فرینی به‌ رووی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا كردەوه‌ و له‌ ماوه‌ی 2 مانگدا ئه‌و شاره‌ داگیر كرا.


توركیا پێشتریش به‌ داگیركردنی ئه‌لباب و جه‌رابلووس ته‌نیا رووسیا پشتگیریی لێ كرد، به‌ڵام كاتێك عه‌فرینیشی هاته‌ سه‌ر، ئیدی میدیاكانی جیهانی، هێزی توركیا و سوپای سووریای ئازادیان وه‌كوو جه‌لاد و تاڵانچی نیشان دا. هه‌ر واش بوو، چونكه‌ به‌ به‌رچاوی میدیاكاندا سوپای سووریای ئازاد، تاڵانیی ده‌كرد و ماڵه‌ كورده‌كانیان ده‌ڕووتانده‌وه‌، تا گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی په‌لاماری ئافره‌تیشیان ده‌دا، بۆیه‌ توركیا له‌ داگیركردنی عه‌فریندا نموونه‌یه‌كی جوانی پێشكه‌شی جیهان نه‌كرد.


ماوه‌یەکە‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، هه‌ڕه‌شه‌ی ئۆپه‌راسیۆن بۆ رۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌كات و ده‌ڵێت له‌ یه‌په‌گه‌ پاكی ده‌كه‌ینه‌وه‌. راسته‌ ئه‌مەریكا بڕیاری دا هێزه‌كانی له‌ سووریا بكێشێته‌وه‌ و ده‌ستی به‌ كشانه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامییان هه‌یه‌ و كپ نه‌بووه‌ته‌وه‌.


ئاشكرایه‌ توركیا به‌ته‌نیا ناتوانێت بڕیار له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌و شێوه‌یه‌ بدات، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی توركیای وروژاندووه‌ رووسیایه‌، چونكه‌ رووسیا ده‌یه‌وێت ته‌واوی خاكی سووریا له‌ ئه‌مەریكا پاك بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌شیان پێویستی به‌وه‌یه‌ یه‌په‌گه‌، كه‌ به‌ هێزێكی زه‌مینیی ئه‌مەریكا داده‌نرێت له‌ سووریا لاواز بكات و نه‌یهێڵێت. دیاره‌ رووسیاش به‌بێ به‌رامبه‌ر نایه‌وێت رۆژئاوا راده‌ستی توركیا بكات، به‌ڵكوو ئه‌گه‌رێكی به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئیدلیب له‌به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی فورات و مه‌نبه‌ج بێت.


له‌ مانگی 9ـدا، توركیا و رووسیا له‌ (سوچێ) رێكك ه‌وتن تا ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ دووریی 20 كیلۆمه‌تر له‌ ئیدلیب دروست بكه‌ن، پاشان له‌سه‌ر توركیا پێویست بوو تا 15-11-2018 ته‌واوی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ناو ئیدلیب بێ چه‌ك بكات، به‌ڵام توركیا له‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی وه‌كوو ته‌حریر شام به‌هێزتر بووه‌ و له‌ناو ئیدلیبیشدا چالاكیی زیاتر بووه‌ و سێ به‌شی ئه‌و شاره‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌. رووسیا ده‌توانێت له‌گه‌ڵ سوپای سووریا ئۆپه‌راسیۆنی ئیدلیب ده‌ست پێ بكات، چونكه‌ توركیا به‌ڵێنه‌كه‌ی نه‌بردووه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سووریا توركیا بخاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌، به‌ چه‌ند مه‌رجێك ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ دوا ده‌خات.


ئه‌گه‌ر بێت و ئۆپه‌راسیۆنی ئیدلیب ئه‌نجام بدرێت، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م توركیایه‌، چونكه‌ یه‌ك ملیۆن هاووڵاتیی ئیدلیب ئه‌گه‌ری ئاواره‌بوونیان هه‌یه‌ بۆ توركیا، بارودۆخی ئابووریی توركیاش ناتوانێت یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی تر له‌خۆ بگرێت. جگه‌ له‌وه‌ش دوور نییه‌ دوای ئیدلیب، رووسیا و سووریا داوای جه‌رابلووس و ئه‌لبابیش بكه‌ن و توركیا له‌ سووریا وه‌ده‌ر بنێن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌هێزه‌ رووسیا داوای له‌ توركیا كردبێت ئۆپه‌راسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی فورات ئه‌نجام بدات و به‌مه‌ش زیان به‌ ئه‌مەریكا بگه‌یه‌نێت.


ئه‌گه‌ر بێت و رۆژهه‌ڵاتی فورات و مه‌نبه‌ج بكه‌ونه‌ ژێر ده‌ستی توركیا، ئه‌وكات ئه‌مەریكا پێگه‌ی لاواز ده‌بێت له‌ سووریا، چونكه‌ نه‌مانی یه‌په‌گه‌، كه‌ 60 هه‌زار چه‌كداره‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌مەریكادان، واته‌ نه‌مانی ئه‌مەریكایه‌ له‌ سووریا، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی رووسیا و سووریا و ئێرانه‌.


رووسیا ده‌یه‌وێت به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ بكوژێت، یه‌كه‌میان ئه‌مەریكا له‌ سووریا لاواز ده‌كات، دووه‌میش ته‌واوی خاكی سووریا ده‌خاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌، چونكه‌ دوای نه‌مانی ئه‌مەریكا، كه‌ فیله‌ گه‌وره‌كه‌ی سووریایه‌، ئیدی فیلی دووه‌م كه‌ رووسیایه‌، به‌ ئاسانی ده‌توانێت مشکه‌كانی تری ناو سووریا پان بكاته‌وه‌، ئاشكراشه‌ مشکه‌كان توركیا و سوپای سووریای ئازاد و داعش و ئێران و سووریان.


به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مەریكا له‌و یارییه‌ی نێوان توركیا و رووسیا تێنه‌گیشتووه‌؟ بێ گومان تێی گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ تاكه‌ رێگه‌ له‌به‌رده‌میدا، راگرتنی توركیایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانییه‌تی له‌ ناتۆ، هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ توركیا ده‌دات تا ببێته‌ خاوه‌ن مووشه‌كی به‌رگریی S400، به‌و مه‌رجه‌ی نه‌چێته‌ ژێر ركێفی رووسیا و هه‌روه‌ها په‌لاماری یه‌په‌گه‌ش نه‌دات له‌ سووریا.


لێره‌دا دوو رێگه‌ له‌به‌رده‌م توركیا كراوه‌ن، یه‌كه‌م سه‌ركێشی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكادا نه‌كات و گوێش به‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئیدلیب نه‌دات. دووه‌میش بیه‌وێت بچێته‌ باوه‌شی رووسیا و شه‌ڕی گه‌وره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات دژی یه‌په‌گه‌ و ئه‌مەریكا ئه‌نجام بدات.