ژنکوژیی کوردی

ژانی لەدایکبوونی ژنێکی نوێی کوردە

هۆکار چییە کە کورد یەکێکە لە ژنکوژترین میللەتانی دنیا؟ ئایا ژنکوژی ژانی لەدایکبوونی ژنی نوێی کوردە؟ دوا پەلامار و پەلەقاژێی دێوەزمەی بریندار و پێکراوی پیاوسالارییە؟


ژنکوژەکان ئاخیر ئەڵقەی سیستمی نێرسالارین. ئەوان جێبەجێکارن، دزە بچووکەکەن نەک دزە گەورەکە. سیستمەکە هەمووی دەبێ لابرێت. ئەو سیستمە سەدان ساڵە لەلایەن پیاوەوە داڕێژراوە، لەلایەن دایکانەوە درایە منداڵ و منداڵی لەسەر پەروەردە کرا، دواتر کە قوتابییەکە گەورە بوو، پەروەردەکەی دایکی و سیستمەکەی باوکی خستە واری جێبەجێکردنەوە، خوشکەکەی یا هاوسەرەکەی یا کچەکەی خۆی کوشت.


ئێمەی کورد تاکە شتێک ناومان پێ دەرکردبێت ژنە؛ ژنکوژی و ژنی جەنگاوەر، هەردووکی. واتە دوو شتی هاودژ. لە جێیەک ژنانی میللەتانی دنیا ئیرەیی بە ژنی کورد دەبەن، لەبەر ئازایەتی و ئازادییەکەی (لە کاتی شەڕدا یا لە ڕێژەی بەشداریی لە پەرلەمان و ژیانی سیاسی و هونەری باشووردا)، لەلایەکی تر پیاوی کورد ئابڕووی چووە، چونکە بە ژنکوژ ناسراوە، ئەم هاودژییە لە کوێوە هاتووە؟


ژنکوژیی کوردی تایبەتە، جیاوازە لە ژنکوژیی هەموو ئەو نەتەوانەی ژن دەکوژن؛ هەموو نەتەوەکان بە ڕێژەی جیاواز ژنکوژییان تێدایە، بەڵام لە هیچ وڵاتێک خاڵێک کچە خوشکەزای خۆی، مامێک برازای خۆی، برایەک خوشکی خۆی، کوڕێک دایکی خۆی، ئامۆزا و پوورزا ئامۆزا یا پوورزای خۆیان لەسەر شەرەف ناکوژن. (هەندێ جار کچەکە لەلایەن پیاوەكانی بنەماڵەكەیەوە دەسدرێژیی سێکسیشی کراوەتە سەر، ئینجا کوژراوە). لەمەدا تەنیا کورد ئەوهایە. ئەمەیان تایبەتمەندیی ژنکوژیی کوردییە. واتە ئێمەی کورد لەو بوارەدا داهێنانمان کردووە، ژنکوژییەکی تایبەت بە خۆمان داهێناوە، کە دەتوانین ناوی بنێین "ژنکوژیی کوردی".


ئەم ژنکوژییە جیاوازە لە ژنکوژیی ئەو میللەتانەی زۆرترین ژنکوژی و ئەوانەیشی کەمترین ژنکوژییان تێدایە، میللەت نییە ژنکوژیی تێدا نەبێت، پەیوەستە بە ڕێژەوە، کورد لە بەرزترینەکاندایە، ڕەنگە یەکەمیش بێت.


ژنە فێمینیستێکی بەریتانی دەیگوت: "فێمینیزمم نەبینیوە هێندەی فێمینیزمی کوردی چالاک و ڕادیکاڵ بێت". ئاخر تاوانەکانی ژنکوژی دەیان جار لە فێمینیزمەکەمان دڕندانەتر و (چالاکتر)ن. ئەمە یاسای (کار و کاردانەوە)یە.


هۆکاری ئەو هەموو ژنکوژییەی کورد چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەرە گرنگە، دەمەوێ مێتۆدەکەی سۆکرات بەکار بێنم؛ پێش ئەوەی لەوە بکۆڵمەوە هۆکارەکە چییە، دەمەوێ بزانم چی نییە؟ واتە کامانە هۆکاری ڕاستینە نین و ئێمە کردوومانن بە هۆکار، ئەوەیش ڕێی لێ گرتووین هۆکارە ڕاستینەکە بدۆزینەوە؟


١- ئایا ئیسلام هۆکاری ژنکوژیی کوردە؟ بەڵام ئێمە دەزانین عەرەب و فارس و تورک موسڵمانن، کەچی ژنکوژییان کەم تێدایە، زۆر کەمتر لەوەی کورد، هەرچۆنێک بێت وەک کورد نییە.


٢- ئایا دواکەوتوویی هۆکاری ژنکوژیی کوردە؟ بەڵام ئێمە دەزانن نەتەوە و میللەت هەن لە کورد دواکەوتووتریش نەبن پێشکەوتووتر نین، وەک ئەفغانییەکان، یا هەندێ ناوچەی ئێران یا وڵاتانی کەنداو (لە ڕووی کۆمەڵایتییەوە)، ئەوانە بۆچی وەک کورد و هێندەی کورد ژنکوژی ناکەن، کە ژمارەیان دەیان جار لە کورد زیاترە؟


٣- ئایا هۆکاری ژنکوژیی ئەوەیە لە هەر ماڵێکی باشووری کوردستاندا چەک هەیە و لەوێ بازاڕی چەکفرۆشتن و چەککڕین هەیە؟ باشە خۆ لە تەکساس، کە زۆر جار بەراورد دەکرێ بە کوردستان، یا کوردستانی پێ بەراورد دەکرێ، لە هەندێ ویلایەتی تری ئەمەریکایش لە زۆرینەی ماڵەکاندا چەک هەیە و فرۆشگای چەکفرۆشتن لە هەموو شارێکی ئەو ویلایەتانەدا هەیە، بۆچی ئەوان وەک کورد ژن ناکوژن؟ کەواتە ئەمەیش هۆکاری سەرەکی نییە.


٤- ئایا حکوومەتی هەرێم هۆکار و بەرپرسیاری ژنکوژییە؟ زۆر لە ئۆپۆزیسیۆن و دژەحکوومەت و دژەپارتییەکان وا دەڵێن، بەڵام خۆ کورد لە ئەورووپا هێندەی کوردستان ژن دەکوژێت. کوردی پارچەکانی تری کوردستانیش ژن دەکوژن، چ لە کوردستان چ لە دەرەوە. هەروەها؛ حکوومەت ساڵانێکە لەگەڵ چالاکوانان و ڕێکخراوەکان کار دەکات، ئەوپەڕی یارمەتییان دەدات، زۆرینەی یاساکانی ئەوانی خستووەتە ناو یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری، توندترین یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و باشترین یاسای بۆ یەکسانیی ڕەگەزی داناوە. کەواتە حکوومەتی هەرێمیش هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی نییە.


٥- دەگوترێت و ڕاستیشە، کە ئێمە بۆ زۆر بوار یاسای باشمان هەیە، وەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندتوتیژی بەرامبەر ژنان، بەڵام جێبەجێ ناکرێن. سزانەدانی ژنکوژان بووەتە هۆی زۆربوونی ژنکوژی. لەمەیشدا هەمان وەڵامم هەیە: خۆ لە ئەورووپا ژنکوژان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، بۆچی لەوێ کورد بەردەوامە لە ژنکوژی؟


ئەمانە هەمووی دەرهاوێشتە و دەرئەنجامن نەک هۆکار. دەرئەنجامیش نەبن هۆکاری سەرەکی و بنەمای ژنکوژیی کوردی نین. وەک چۆن جلوبەرگ گەرمیی لەش دەپارێزن، کە نەچێتە دەرەوە و لەش سارد نەبێتەوە، جلوبەرگ گەرمیی دروست ناکات، ئەوهایش ئەمانە ژنکوژییان بەرهەم نەهێناوە، بەڵام ژنکوژییان پاراستووە و نەیانهێشتووە لەناو بچێت.


پێش ئەوەی بچمە سەر باسکردنی هۆکارەکان، پێویستە سەرنجتان بۆ یاسای ژنکوژیی کوردستان ڕابکێشم. ئەم یاسایە یاسایەکی کۆنی عێراقە و تا ئەم دواییانە کاری پێ دەکرا. بەردەوامیش لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت لە ڕێی کتێبی (ڕاڤەی یاسای سزادان) کە (دکتۆر ماهر عەبد شەویش ئەلدرە) نووسیویەتی و (عەبدولسەمەد محەمەد خەیلانی) وەری گێڕاوە و (ئەردەڵان نورەدین مەحموود) پێیدا چووەتەوە.


واتە ئەو هەموو ساڵە پێکڕای یاساناسانی کورد نەیانتوانیوە نەک کتێبێکی یاسادانان بەرهەم بێنن، بەڵکوو ڕاڤەی یاسا عەرەبییەکانی عێراقیش بکەن. چەند نامیلکەیەکی کوردیی هیچ نەبێ دەربارەی یاساکان بنووسن، تا ببنە سەرچاوە بۆ خوێندکاری یاسا.


وەک ڕوسۆ و مۆنتسکیۆ باس لە هزر یا ڕەوانیی یاساکان دەکەن، ئەو لایەنەیان لەلا گرنگترین لایەنی یاساکانە، گرنگە ئێمە لە هزر یا ڕەوانی یاساکانمان بکۆڵینەوە. ئایا یاساکانمان کە دەستکردی هزری خۆمان نین، لە قووڵایی کۆمەڵگە و بیری بیرمەندانمانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە؟ دەتوانن کەسایەتی و هزرێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت؟ ئایا دەتوانین وەک لەشێکی یەکگرتوو لێیان بڕوانین، کە سەربەخۆیی و بوونی ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت؟

 

یاسای ژنکوژی
دەقی مادەی ٤٠٩ی سزادان، یاسای تاوانی ژنکوژی، کە یاسای ١٩٦٩ی عێراقە و بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە کاری پێ کر،ا تا لەم دواییانەدا پەرلەمان (هەڵی پەسارد)، یاسایەکی ئەوپەڕی بێمانا بگرە تاوانکارانەیە، چونکە بە ناڕاستەوخۆ ڕێ بە ژنکوژی دەدات، بگرە هانی دەدات. یاساکە دەڵێ: "هەر کەسێک هاوسەرەکەی یا یەکێک لە مەحرەمەکانی لە حاڵەتی زیناکردن، یا لەگەڵ پیاوێک لەژێر یەک پێخەفدا بینی و ئەویش دەستبەجێ کوشتی، یان یەکێکی کوشت، یان دەستدرێژیی کردە سەر هەردووکیان، یان یەکێکیان و ئەو دەسدرێژییە بووە هۆی مردن یان نەخۆشییەکی درێژخایەن، ئەوە سزا دەدرێت بە حەبسکردن، کە لە ماوەی سێ ساڵ زیاتر نەبێت…". (تێبینی: بەڵام بۆ ژن، ئەگەر پیاوەکەی لەگەڵ كەسێكدا بە ڕووتی ببینێ و بیكوژێ، ئەوا حوکمەکەی سێدارە یا بەلایەنی کەمەوە زیندانیی هەتاهەتاییە). بەدەر لەم نایەکسانییە، هۆکاری ئەوەی، کە حوکمی ژنکوژ ئاوا نزم کراوەتەوە ئەوەیە، کە یاساکە دەڵێ: "هۆکاری سووککردنی سزا بریتییە لە ورووژاندنی هەستی پیاو لە حاڵەتی زیانگەیاندن بە گرنگترین شتی، کە بریتییە لە ئابڕوو و پێگە، بە جۆرێک سەرسوڕهێنەری دیمەنەکە و ئابڕووبەری تاوانەکە ئازادی و ویستی ئەو کەسە تەسک دەکاتەوە و پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ئەنجامدانی کردەوەی کوشتنی زیناکەر و هاوبەشەکەی، یان کوشتنی یەکێکیان یان بریندارکردنیان، لەبەرئەوە یاسادانەر ئەو بارودۆخە دەروونییەی قەبلاندووە و کوشتن یان دەسدرێژیکردنی لەژێر حاڵەتی هەڵچوون بە عوزری سووککردن داناوە و ئەوەش هەڵویستی زۆرینەی یاساکانی وڵاتانی عەرەبییە. هەندێک لە یاساکانی عەرەبی ئاراستەیەکی پێچەوانەیان گرتووەتە بەر، بە جۆرێک لەگەڵ جیاوازی لە بڕیارەکان، حاڵەتی زیناکردنیان بە عوزرێکی لێبووردن لە سزادان داناوە. ئێمە پشگیری لە رای دووەم دەکەین…".


بەدەر لە هەڵەی وەرگێڕان، کە لە عەرەبییەکەدا دەڵێ لەو حاڵەتەدا باس کراوە حوکمی ژنکوژ (لە ٣ ساڵ زیاتر) دەبێت، کەچی لە کوردییەکەدا بە (لە ٣ ساڵ کەمتر) وەرگێڕدراوە، کە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، چونکە هەڵەیەکی ئاسایی و بچووک نییە، ڕێک پێچەوانەکردنەوەیە و ناکرێ بە مەبەست نەبێت. دواتر هەڵە ڕێنووسییەکان کە ئاستی نزمی وەرگێڕ و مامۆستایانی یاسامان دەردەخات، کارەساتی گەورەتر لەم یاسایەدا ئەوەیە، تەنیا کوشتنی هاوسەر نابەخشێت، بەڵکوو کوشتنی هەموو (مەحرەمێک)، واتە خوشک، دایک، پوور (پلک)، ئامۆژن، خاڵۆژن، برازا، خوشکەزا، کچ و کچەزا، باوەژن.. تاد. ئینجا، لە هەندێ وڵاتانی عەرەبی، ژنکوژەکە بەتەواوی دەبەخشرێت، لەم دەقەدا هاتووە، کە لە کوردستان ئەمەیان هەڵبژاردووە، کە ژنکوژ ئەو ٣ ساڵ یان كەمترەش نەچێتە زیندان و بەتەواوی ببەخشرێت.


یاساکانی کوردستان وەک ئەوانەی وڵاتانی ناوچەکە، تێکەڵەیەکن لە شەریعە و کۆدی ناپلیۆنی. ئەمە بوونەوەرێکی سەقەتی بێ گیان و بێ هزری بەرهەم هێناوە لە شێوەی دروستکراوەکەی فڕانکشتاین.


ئەی کامانە هۆکاری بنچینەیی و سەرەکیی ژنکوژین؟


وەک هەر دەردێکی کۆمەڵایەتیی تر، یەکەم هۆکاری ژنکوژی بیرمەند و ڕۆشنبیر و زانستکارانن (لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان)، چونکە ئەوان پزیشکی تاک و کۆمەڵن. تەندروستیی مێشک و ناخی مرۆڤ پێی دەگوترێ ڕۆشنبیری. ئەو تەندروستییە پزیشک و پسپۆڕی هەیە، کە پێی دەگوترێ بیرمەند، ڕۆشنبیر، زانستکار. هیچ دەردێک بەبێ پزیشک چارەسەر ناکرێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ناکرێت. بۆ ئەوەی هەر دەردێک چارەسەر بکەیت، سەرەتا دەبێ دیاگنۆستیکی بکەیت (واتە ڕیشە و هۆکارەکەی دەستنیشان و دیاری بکەیت)، دیاگنۆستیکێکی ڕاستییش، چونکە ئەگەر دیاگنۆستیکی هەڵەت کرد، لەجێی چارەسەری ئەو دەردە دەردێکی تر بۆ نەخۆشەکە زیاد دەکەیت. دەشێ دکتۆر (بیرمەند، ڕۆشنبیر، زانستکار) دیاگنۆستیکی هەڵە بکات، لەو کاتەدا دەبێ چەند پزیشکێکی جیاواز هەمان نەخۆش ببینن و دیاگنۆستیکی بۆ بنووسن، ئەگەر هەموو دیاگنۆستیکەکان وەک یەک بوون، ئەوکات دەزانین ڕاستن. دەبوو هەموو بیرمەندانی کورد، یەکەم بابەتی کاریان ژنکوژی بێت، چونکە ئەوە دەردە مەزنەکەی کوردە، چونکە بەهۆی ژنکوژییەوە ئێمە لە ئەنفال و کیمیاباران پێکەوە زیاتر مرۆڤمان لەدەست داوە. بەهۆی ژنکوژییەوە کۆمەڵگەمان ناتوانێت وەک پێویست پێش بکەوێت، وڵاتمان بنیات بنێین، چونکە وڵات بنیاتنان بەبێ ژن مەحاڵە، بەبێ بەشداریی لە سەدا سەدی ژن، بەڵام ئەو دیاگنۆستیکە هەر دەبێ بکرێت.


بە بۆچوونی من، یەكەم هۆکاری سەرەکیی ژنکوژیی کوردی، کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردییە لە دوای ڕاپەڕینەوە. کوردستان دوای ڕاپەڕین کەوتە دەست کورد. کوردیش یەکەم جاری بوو شاری بکەوێتە دەست و ناچار بێت بەڕێوەی ببات. بۆیە لە هەموو ڕوویەکەوە دڕندانە هەڵسوکەوتی کرد؛ ژنکوژی، فەرهوود، گەندەڵی، براکوژی، توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانی، گەڕانەوەی خێڵ و بەهێزبوونەوەی، خیانەتی نیشتمانی، ئیسلامیی سیاسی...


هەموو ئەم دەردە دزێوانە دەرکەوتن و بوونە بەشێک لە سیستەمی دەسەڵات و ڕێسای کۆمەڵایەتی. جەخت لەو خاڵە دەکەمەوە، کە ئەمانە نەبوونە بەشێک لە سیستەمی دەسەڵات بەتەنیا، بەڵکوو بەشێک لە سیستەمی کۆمەڵایەتییش. بێ بەهابوونی تاک لەوێوە سەرچاوەی گرت. ژن نیوەی تاکەکانی کۆمەڵگە پێک دێنێت، کە تاک بێبەها دەبێت، ژن زیاتر بێبەها دەبێت، چونکە ژن لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا بەشە لاوازەکەیە. نەتەوە لەشێکە، کە تووشی دەردێک بوو، کۆمەڵێک دەردی تر بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەو دەردانە وا دەکەن دەردە سەرەکییەکە بشاردرێتەوە، پزیشکی زیرەک دەتوانێ بە ڕووکەشی دەرهاوێشتە و دیاردەکان تووشی چەواشەکاری نەبێت، دەردە سەرەکییەکە بدۆزێتەوە.


هۆكارێكی تر ئەوەیە كە لەدوای ڕاپەڕین لەبەر گۆڕانی ڕادیکاڵی سیستەمی سیاسی، سیستەمی کۆمەڵایەتی دەبوو خۆی ڕێک بخاتەوە. چونکە ڕاپەڕین کتوپڕ بوو، بە بڕیاری ئەمەریکا بوو کە عێراقی گرت، کورد ئامادە نەبوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە، هیچ بەرنامەیەکی نەبوو، بەدەر لەوەش بیرمەندان و ڕۆشنبیرەکانی خەریکی بابەتی سوریالی و جەدەلی بیزەنتی بوون، نە ئاگاداری گۆڕانەکانی کۆمەڵگە بوون، نە ئەو زانستەیان هەبوو بتوانن پێشبینی بۆ سیستەمێک بکەن.


چەندە سیاسییەکانمان بە ڕاپەڕین شڵەژان، هێندەیش ڕۆشنبیر و بیرمەندانمان ئامادە نەبوون بۆ ئەو کارە. لە هەموو وڵاتێک بیرمەند سەرچاوە و دەسپێشخەری شۆڕشە، بیرمەندانی ئێمە نەک ئەوە نین، بەڵکوو لە پاش سیاسییەکان و میللەتیشەوە دیاردەکان دەبینن و قسەیان لەسەر دەکەن. تا شتێک نەبێتە دیاردە و ڕیشە دانەکوتێت، ڕۆشنبیر و بیرمەندی ئێمە نایبینێت، کە دەیشیبینێ تازە درەنگە، درەنگیش نەبێت ئەو زانستە قووڵەی نییە و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ناکات، تا لە هەموو ڕوویەکەوە دیاردەکە ڕوون بکاتەوە و کارە تیۆرییەکەی ببێتە سەرچاوە بۆ سیاسییەکان و دادوەرەکان و پەرلەمانتار و چالاکوانان. وەک چۆن لە بواری پزیشکیدا، لێکۆڵەرەوە لە ئەزموونگە و تاقیگەکاندا کاری لێکۆڵینەوە لەسەر نەخۆشی و ڤایرۆسەکان دەکات، دەیاندۆزێتەوە و چارەسەر دادەهێنێ. ئەنجامی کارەکەی دواتر لە نەخۆشخانە، دکتۆرەکان پەیڕەوی داهێنان و دۆزینەوەکانی دەکەن، لە زانکۆکاندا مامۆستایانی ئەو بوارە وەک وانە دەیڵێنەوە. ڕۆشنبیریش هەمان کاری پشکنەر و دۆزەرەوەی لەسەر شانە. ڕۆشنبیری ئێمە پشت بە گەڕانی مەیدانی نابەستێت، پشت بە ئەرشیف و بەڵگەیش نابەستێت. ئەرشیف و بەڵگە دەکرێت بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یا ناو خەڵک و هەموو ئەو پەیج و سایتانەی دەماودەزگاکان بێت.


ڕۆشنبیری ئێمە تا ئەمڕۆش پشت بە خەیاڵی خۆی دەبەستێت. ئەم جۆرە کارکردنە هەزاران ساڵە نەماوە، بەتایبەت لە شۆڕشی فەڕەنساوە ڕۆشنبیر وەها کار ناکات. تەنانەت پێش شۆڕشی فەڕەنسا ڕۆشنگەرەکان ئەمەیان گۆڕی: ئەنسیکلۆپیدیایان داهێنا، ڤۆلتێر بۆ نووسین لەبارەی لێبوردەیی (تۆلێرانس)، بۆ باسکردنی ئایین و مەزهەبەکان، رووی لە بەریتانیا كرد بۆ ناو پرۆتستانتەکان، تا لەنزیکەوە کێشەی ئەو کێشمەکێشمە ئایینییە ببینێت.


هۆكارێكی تری زیندبوونەوەی ژنكوژی، چوونی کورد بوو بۆ ئەورووپا. سەفەری هەزاران کورد بەتایبەت کوردی باشوور بۆ ئەورووپا لەدوای ڕاپەین. چوونی کورد بۆ ئەورووپا، هۆکاری کرانەوەی ژنی کورد بوو. بۆ یەکەم جار ژن و پیاوی کورد دەبوو لە دەرەوەی کۆمەڵگە و نەریت و یاساکانی کۆمەڵگەی خۆیان ژیان دروست بکەن، لەمەدا ژن و پیاو یەکسان بوون. ئەم یەکسانییە پیاوی کوردی تووشی جۆرێک لە شێتی کرد. بینی لە وڵاتێکدایە چیدی هەموو یاساکان لە خزمەتی ئەودا نین، چیدی ژن کۆیلەی ئەو نییە، چیدی ئەو بڕیار لە هەموو شتێک نادات، چیدی منداڵەکانی موڵکی ئەو نین، چی ویست لێیان بکات. چیدی ژن نیوەی ژیانە و نیوەی بەرپرسیاریی منداڵەکانی بەردەکەوێت. ئەم پێگە نوێیەی ژن نەدەچووە مێشکی پیاوی کورد. تا ئەمڕۆیش زۆر بە گرانی دەتوانێ قبووڵی بکات.


لەکۆتاییدا دەڵێم، وڵات بە کارگێڕ بەڕێوە دەبرێت نەک بە دەسەڵاتدار. دەکرێ وڵاتێک بەبێ دەسەڵات بەردەوام بێت، بەڵام بەبێ کارگێڕ هیچ دەسەڵاتێک چەندە بەهێزیش بێت، ناتوانێت وڵات بەڕێوە ببات.


ژنکوژی یەکێکە لەو بێسەروبەرییەی تاک و کۆمەڵی کوردستانی گرتووەتەوە. ئەو بێسەروبەرییە هەمیشە لە قۆناخە ڕاگوزەرەکاندا دەردەکەوێت. دوای شۆڕشەکان، ڕاپەڕین گۆڕدرا بۆ شۆڕش، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی. هەموو لەدایکبوونێکیش ژان و ئازار و خوێنی لەگەڵدایە. ژنکوژیی ژانی لەدایکبوونی ژنی کوردە. دێوەزمەی پیاوسالاری هەست بە مەترسی دەکات، بریندار بووە، بۆیە دڕندەیی خۆی دەردەخات. بەڵام چاک دەزانێت کە ئەوە چاری ناکات، برینەکەی کوشندەیە و تەمەنی لە ئاوابووندایە، بۆیە دەستی خۆی دەوەشێنێت. ژنکوژی لە بێهوودەیی پیاوسالارییەوە هاتووە. پیاوسالاری بێهوودەیە لەوەی بتوانێ بەردەوامی بە خۆی بدات. ژنی کورد گورزی کوشندەی داوە لە دێوەزمەی پیاوسالاری. نابێ تەنیا وەک شتێکی نەرێنی لێی بڕوانین؛ ئەو بێسەروبەرییە مانای ئەوەیە، کە جیهانی پێشوو بەجێ دێڵین، لەگەڵیشیدا مرۆڤی پێشوو، چ ژن چ پیاو. بەهاکانی پێشوو ڕادەماڵدرێن. یا بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز دەچین، یا دەگەڕێینەوە (کە ئەوە مەحاڵە، یا بەرەو کۆمەڵگەیەکی خراپتر لەوەی پێشوو دەچین، کە من یەکەمیان دەبینم، چونکە دەسەڵاتی هەولێر ماوەیەکە بە ڕاستی کار لەسەر پرسی ژن دەکات و پێشکەوتنێکی بەرچاوی دروست کردووە لە پێگەی ژن و بەشداریی ژن لە بوارەکانی کارگێڕی، میدیا، دادوەری و دەسەڵاتدا بەگشتی.


لە ڕووی نائاگایی ئەفسانەییەوە، کورد یەکێکە لە گەلە کۆکازییەکان. ئەو گەلانەی کۆکاز، کە بە سوارچاکی و و جەنگ و چەتەگەری ناسراون.


ناوچەی کۆکاز ڕێک دەکەوێتە سەر (ڕێی ئاوریشم) کە لە چینەوە درێژ دەبێتەوە تا کۆستەنتینۆپۆلی (ئیستانبوڵ).


کورد یەکێک نەبووە لەو گەلانەی بازرگانیی کردووە، کورد وەک گەلانی تری کۆکاز لە مێژووی ڕێی ئاوریشمیدا چەتەیی و ڕێگریی کردووە. گەلانی کۆکازی سوارچاک و جەنگاوەر، بەهاگەلی خێڵەکییان هەبووە، وەک شەرەف، نامووس، شکۆمەندی، ئازایەتی… تەنانەت ژنەکانیشیان سوارچاک و تیرهاوێژ و جەنگاوەر بوون. ژنی کورد لە شێوەی ئەمازۆنەکان بووە.


تا ئەمڕۆش لە خۆراسان کوردەکانی ئەوێ ژنەکانیان سوارچاکیی دەکەن و لە پێشبڕکێکاندا بەسەر ئەسپەوە لە غارداندا بە تیر نیشانەهاوێژیی دەکەن. ئەو ژنانە هەمان ئەو سیفەتانەیان هەیە، کە لە ئەفسانەکانی ئەمازۆنەکاندا هەیە، تەنانەت دەگوترێ، ئەو سەردەمە مەمکی چەپی خۆیان بڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی خێراتر تیر لە کەلانیان دەربێنن.


وەک دەروونناس و دەروونشیکاری سویسرایی (کارل گوستاف یونگ) باسی ئەفسانە دەکا، وەک پێکهێنەری نەستی نەتەوە، هەر لەمەشدا لە فرۆیدی مامۆستا و هاوەڵ و هاوپیشەی جیا دەبێتەوە، ئەو پێی وایە، بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگەیەک بناسین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەفسانانەی نەست و نائاگایی بە کۆمەڵی پێک دێنن. مرۆڤ تەنیا منداڵی دروستی ناکات، منداڵی تاکە سەرچاوەی کەسایەتیی مرۆڤ نییە، بەڵکوو ئەفسانە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیش بەشێکن لە پێکهاتەی هزری و دەروونیی تۆ، چونکە ژێرخانی هێمایی و ئاماژەیی تۆ پێک دێنن.


هەروەها کورد خوداوەندی ژنی هەبووە. تەنانەت لەلای یارسانەکان هەمیشە یەکێک لە (حەوت تەن)ەکان ژنە و بە (دایە) ناو دەبرێ، وەک (دایە ڕێزبار).


ئەمانە وایان کردووە ژن لەلای کورد وەک بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لێی بڕوانرێت، لە هەمان کاتدا پیرۆزیش و بێزراویش بێت. ژنی بەرجەستە، واتە خوشک و کچ و هاوڕێ و هاوسەر و ئەو ژنەی لە ژیانی ئاساییدا دەیناسین و دەیبینین بێزراوە و ژن بەگشتی واتە وێنای ئایدیاڵی ژن، کە ئەفسانەیی و دابڕاوە لە لەشی، واتە بەرجەستە نییە، پیرۆزە. وەک دوالیزمی ئایینی (لەش و ڕەوان). ئایینە تەنیاپەرستییەکان، کە زەردەشتیزمیش یەکێکە لەوان و بگرە یەکەمیانە، گیان و ڕەوان بە پیرۆز وێنا دەکەن، لەش وەک بێزراو و قێزەون، لەش پیسە و گیان پیس دەکات. هەتا لەش ئازار بدرێت و ئازادیی لێ بگیرێتەوە، کەمتر دەتوانێت گیان و ڕەوان پیس بکات. لەناوبردنی لەش واتە ڕزگارکردنی گیان و وێنای ژنی ئەفسانەیی ئایدیال. ژن پیرۆزە چونکە دایکە، ژن بێزراوە چونکە سووڕی مانگانەی هەیە و خوێن لە لەشی دەردەچێ، یا چونکە سێکس دەکات بۆ چێژبردن نەک بۆ منداڵبوون، یا تێرکردنی ئارەزووی هاوسەرەکەی.


واتە لە نەست و نائاگایی مرۆڤی کورد ژن خوداوەندێکە و نابێت خۆی بخاتە ئاستی ئاژەڵ.


لە باوەڕی کوردا، کە لە زانستیشدا وەها وێنا کراوە، سێکس کردارێکی ئاژەڵیانەیە. بۆیە بەپێی مرۆڤی کورد، ئەگەر ژن بەدەر لە منداڵبوون تەنیا بۆ چێژبردن یا پێویستی تاکەکەسی سێکس بکات، یا لەگەڵ کەسێک بیکات، کە هاوسەری خۆی نەبێت، واتە ژن لە خوداوەندەوە دادەبەزێنێتە ئاستی ئاژەڵ. بەپێی کورد، هەموو ژنێک نوێنەری ژنە بە گشتی. بۆی نییە وێنەی ژن دابەزێنێتە ئاستی ئاژەڵ. وێنەی ژن موڵکی ژن نییە، موڵکی پیاوە. هیچ ژنێک بۆی نییە دەستکاریی ئەو وێنەیە بکات.
بەڵام لە مۆدێرنەدا و دوای ژیانەوەی ئیتالیایی، گەڕانەوە بۆ سروشت (سروشتی مرۆڤ و سروشت بە گشتی) یەکێکە لە میکانیزمەکانی مۆدێرنە. (داروینیزم)یش سەلماندی ئێمە ئاژەڵین و ئامۆزای مەیموونین. (هیومانیزم) لەسەر بنەمای ئاژەڵبوونی مرۆڤ بنیات نراوە. واتە چەندە ژن و پیاویش لە ئاژەڵێتیی خۆیان نزیک بنەوە و لەگەڵ ئاژەڵێتیی خۆیان تەبا بن، ئەوەندە تەندروست و هاوسەنگ و جێگیر دەبن. وێنای کورد بۆ ژن هێشتا لە سەردەمەکانی پێش ژیانەوەی ئیتالیدایە، هێشتا نەگەیشتووەتە داروین. هەر بۆیە لە خوێندنگەکانماندا کێشەی گەورە ئەوەیە، داروینیزم بڵێیتەوە، بەتایبەت ئیسلامییەکان دژی داروینیزمن.