ترەمپ چی پێ گوتین؟

 

سەرۆک ترامپ بە بڕیاری کشانەوەی لە سووریا، جگە لە ھاوپەیمانەکانی دەست و پێوەندەکانیشی تووشی سەرسوڕمان ھاتن. سەرباری دەستلەکارکێشانەوەی چەند بەرپرسێک، ھەوڵەکان بە ئامانجی چاوپێداخشانەوە چڕتر بوونەوە. 


لیندزی گراھام، سیناتۆری کۆمارییەکان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ڕای گەیاند: بە زیرەکانە لە سووریا دەکشێینەوە و سێ خاڵی گرنگ بۆ دۆخی ئەوێ لە بەرچاو دەگرین:
١- داعش دوایی بێت.
٢- ئێران جێگرەوە نەبێت.
٣- کورد پارێزراو بێت.


ئەم لێدوانە تا ڕادەیەک بۆ کوردی ڕۆژئاوا مایەی پێشوازی و دڵخۆشی بوو، چوون دوای بڕیاری کشانەوە، تورکیا لە ڕێی گرووپە توندڕەوەکانیەوە، ھەڕەشەی سەربڕینی کوردی دەکرد. ئامادەکاریی کورد بۆ جێگرەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، سەربازانی ئەسەد بوون.  


سەرۆک ترەمپ، ئەوەی پەیوەست بوو بە کورد بەگوێیدا دایناوە، کە ناخوازێت لەگەڵ ئێراندا کڕین و فرۆشتنی نەوتیمان لەنێواندا ھەبێت. ئەو باش لەو پەیوەندییە ژێربەژێرەی بازرگانانی نەوت تێگەیشتووە،  کە چ خزمەتێک بە ئێران دەکەن. 


ئیدارەی ئێستەی ئەمەریکا دەخوازێت بەر بە ھەموو ئەو کڵاوڕۆژنانە بگرێت، کە وزە بۆ ئێران دەگوازنەوە. لەو نێوەندەشدا سەرانی شازدەی ئۆکتۆبەر، تا ئێستە لە بەتاڵانبردنی نەوتی کەرکووک ڕووە و تەھران بەردەوامن و دووریش نییە وەک بەرپرسانی دیکەی ئێرانی، بخرێنە نێو لیستی تیرۆرەوە. 


لە سووریا ئەوەی پەیوەستە بە ئاستی ناوخۆی کوردەوە، بوونی پەیوەندییەکی بەھێزە، لەگەڵ ھەموو ئەوانەی ئەمەریکا وەک ھاوپەیمان لێیان دەڕوانێت. نزیکیی ئەجێندەی پەکەکەش لە ئێرانەوە، ھێندەی دیکە باری سەرشانی ڕۆژئاوا قورستر دەکات. گەر ئەمانە ڕاستەڕێ نەکرێن لە کوتانی خەرمانەکەدا، لۆیەک گەنممان پێ نابڕێت. 


فەڕەنسا وەک ھەمیشە و ڕوونتر لە ئەجێندەی ھەر ھاوپەیمانییەک دەستباری کوردە. سەرۆک ماکرۆن، جگە لە پەیوەستبوون بە مانەوەی لە سووریا، لە سەرۆک پۆتین ـ یشی خواستووە، کە کوردەکان بپارێزێت.  ئومێدی ئەوەیشی لێ دەکرێت کە ھاوشێوەی باشوور، ناوچەیەکی دژە فڕین لە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاواش بڕیاری لەسەر بدرێت. 


بەھۆی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لە باشوور نەیتوانی بەری رەنجی بچنێتەوە، بگرە ئەوەی ھەشیبوو لەدەستی دا. بۆیە یەکدەستی و دوورکەوتنەوە لە دوژمنەکانی ئەمەریکا، کورد لە ڕۆژئاوا باشتر سەرپێ دەخات.