سەردانەکەی بەرھەم و جەنابی سەرۆک بۆ تورکیا

 

 

لە چەند رۆژی رابردوو، بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق، سەردانی تورکیای  کرد و رەجەب تەییب ئەردۆغان پێشوازی لێکرد. پێشوازی کردنی ئەردۆغان لە بەرھەم ساڵح، بە گوێرەی ئەو پڕۆتۆکۆڵەیە کە لە دەستووری تورکیادا ھاتووە بۆ پێشوازی کردن لە سەرۆکی ھەر وڵاتێک. واتە بەرھەم وەکو سەرۆکی عێراق ئەو رێزەی لێنراوە و پێشوازی لێکراوە، نەک سەرکردەیەکی کورد.

 

ئەردۆغان زۆر زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سەردانەدا کرد، یەک تورکیا لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیک دەبێتەوە و ویستی بە باکوورییەکان بڵێت کە پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق کردووە کە کوردە و لە ھەمان کاتدا رێککەوتنی لەگەڵدا کرد بۆ لەناوبردنی پەکەکە لە باشووری کوردستان. بە رای گشتیی تورکیاشی گوت، لە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، ئیدی ئەوان پێشوازی لەو کەسایەتییە دەکەن کە کوردە و بڕوای بە یەک پارچەیی خاکی عێڕاق ھەیە. واتە بە بەردێک نەک ٢ بەڵکو ٣ چۆلەکەی کوشت.

 

ئەوەی گرنگە بۆ کورد، سەردانیکردنی بەرھەم نییە بۆ تورکیا و ئەو پێشوازییە گەرمە نییە کە لە لایەن باڵاترین سەکردەی تورکیاوە لێی دەکرێت، چونکە ئەوان بەرھەم وەکوو سەرۆکی عێراق دەناسن، نەک وەکوو سەرکردەیەکی کورد، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ کورد و رای گشتیی تورکیاشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەو سەردانیکردنەی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو لە ٢٠١٣ بۆ تورکیا.

 

لە ٢٠١٣ سەرۆک بارزانی بە سەردانێکی فەرمی رووی کردە ئامەد و لەوێ لە رێوڕەسمێکی زۆر بێوێنەدا لە لایەن رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە پێشوازی لێ کرا. ١٥ رۆژیش بەر لەوەی بارزانی ئەو سەردانە ئەنجام بدات، ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیاوە گوتی، بارزانیم داوەتی تورکیا کردووە، تا بەیەکەوە پەیامی ئاشتی لە ئامەد بڵێینەوە و بە دونیا بڵێین ئیدی پرسی چارەسەری لە تورکیا ھەنگاوی گەورە دەھاوێت.

 

ھەر ئەوکات، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەھەپە کە پارتێکی نەتەوە پەرستە و دژی کوردە، گوتی: ”چۆن دەبێت پێشمەرگەیەک داوەتی تورکیا بکەن؟ پێشمەرگە و پەکەکە ھیچ جیاوازییەکی نییە“. گوتیشی "بارزانی بە نیازی دروست کردنی دەوڵەتی کوردستانە و پێویستە دەستگیر بکرێت، نەک پێشوازی لێ بکرێت".

 

دۆغۆ پەرەنجیک، سەرۆکی پارتی وەتەنی تورکیاش، لە دیمانەیەکی بۆ کەناڵی تەلەڤزیۆنی NTV، ئاماژەی دا کە بارزانی نیازی ھەیە دەوڵەتی کوردی دروست بکات، پاشان ئەو دەوڵەتە گەورە دەکات و بەشێکی تورکیاشی لێ دەبات، بۆیە نابێت ئەو پێشوازییەی لێ بکرێت.

 

ئەردۆغان گوێی بەو قسانە نەدا و، پێشوازییەکی گەورەی لە بارزانی کرد، کە ھیچ سەرۆکێکی دونیا بەو شێوەیە پێشوازی لێ نەکراوە. ئاخر لەبەردەم یەک ملیۆن ھاووڵاتیی کورد لە ئامەد، بارزانی و ئەردۆغان وتارێکیان پێشکەش کرد و، گوتیان با لە بڕی گوللە ئاشتی قسە بکات.

 

ئەو سەردانەی بارزانی، رای گشتیی تورکیای کردە ٢ بەش، بەشێکیان دژی ئەو سەردانە بوون و بەشێکیشی پشتگیرییان لێ دەکرد. ھەر ئەوکات ئەردۆغان و راوێژکارەکانی بۆیان دەرکەوت، ئەگەر بیانەوێت ھەر ھەنگاوێک لەبارەی کوردەوە بھاوێن، بە بێ بارزانی ناکرێت و پێویستە وەکو سەرۆکێکی گەورە لێی بڕوانن.

 

بەڵێ ھەرواش دەرچوو، کاتێک بارزانی بڕیاریدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدات، بێگومان ئەو بڕیار و ھەنگاوە تەنیا بە سەرکردەی گەورە دەکرێت، نەک سەرکردەیەکی شەرمن و تا سەر ئێسقان بڕوابوون بە عێراقێکی وێران. دەبێت ئەوەش بڵێین لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس وەکوو سەرۆکێکی گەورە و بوێر باسی بارزانییان کردووە و ئەوان ئاماژەیان دەدا کە بارزانی نەک لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو نیازێتی باکووریش لە تورکیا داببڕێت. دەتوانن بچن سەیری ئەرشیڤی کەناڵی (سێن ئێن ئێن)ـی تورکی بکەن لەوڕووەوە، کە لە بەرنامەی (چی روو دەدات)ـی شیرین پایزن و ئەحمەد ھاکان، ئەو نووسەرانە لەوڕووەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە.

 

پێویست ناکات سەردانەکەی بەرھەم ساڵح بۆ تورکیا، ئەوەندە گەورە بکرێت و وەکوو دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد لێک بدرێتەوە، چونکە بەرھەم بە ئەرکی سەرۆکی عێراق ھەستاوە و پێشوازی لێ کراوە، نەک وەکوو سەرکردەیەکی کورد، بۆیە بردوویانەتە سەر گڵکۆی ئەتاتورک و لە دەفتەری یادگاریدا نووسینێکیشی نووسیوە. دڵنیام نەینووسیوە "بەرھەم ساڵح سەرۆکی عێراق و بە ڕەگەز کورد"، تەنیا نووسیویەتی سەرۆکی عێراق و بڕوام بە یەک پارچەیی خاکی عێراق ھەیە.