کێ لە بەرامبەر ڕەفتارەکانی لاھوور جەنگی بەرپرسیارە؟

 

 

ئەندامێکی پارتی لە ناو کەرکووک لە لایەن چەند چەکدارێکی ئاسایشی یەکێتییەوە کە ھەموویان ناسراون، درایە بەر چەقۆ و دواتر لە لایەن بەرپرسێکی ئاسایشی یەکێتی ھەڕەشەی لێ کرا کە ئیتر نابێت ریکلام بۆ پارتی بکات، چونکە بە فەرمانی لاھوور جەنگی پارتی لە کەرکووک قەدەغەیە.

 

کادیرێکی پارتی لە گەرمیان، بە پلەی ئەندام لق، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی لەگەڵ مامی دەبێت، لە لایەن دادگا بڕیاری ئازادکردنی دەدرێت، بەڵام ھێزێکی سەر بە لاھوور جەنگی بەرەو سلێمانی راپێچی دەکەن و بە ئاشکرا دەڵێن بۆ چاوشکاندنی ئەو بنەماڵە پارتییەیە.

 

ئاسایشی گشتی لە ھەولێر پەیوەندی بە برایانی ئاسایشی سلێمانی دەکەن و ئەوانیش ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی نازانن و دەڵێن ئەو کەسە لای ئێمە نییە و لای لاھوور جەنگییە. برادەرانی مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە دەکەن و ئەوانیش دەڵێن بابەتەکە لای لاھوورە و لێی ئاگادار نین و ھۆکارەکەشی نازانین.

 

دوای چەندان رۆژ لە ھەوڵی ھەمە لایەنە، برادەرانی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێن ئەوان بەرامبەر ڕەفتارەکانی لاھوور جەنگی بەرپرسیار نین. مانای وایە ناتوانن گیان و ماڵی کادیرانی پارتی بپارێزن و ئامادەش نین ھیچ ھەنگاوێک لە بەرامبەر ئەم رەفتارانەی لاھوور جەنگی بنێن. بۆ فشار خستنە سەر سەرکردایەتییەکی وەها پەرێشانی یەکێتی، دەبووایە وەبیریان بخرێتەوە کە ئەم دۆخەی دروستی دەکەن، ئەنجامەکەی چی دەبێت.

ئەگەر ئێستا ئەمانە بە خۆ نەھێننەوە، خوا نەخواستە کێشەی گەورتر دەخوڵقێنن کە مسۆگەر زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.

 

بۆیە دەبێت ماڵباتی تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتی، بەرپرسیارانە سنوورێک بۆ ئەم سەرەڕۆییانە دابنێن.