پارێزگارێکی پارتی نا، بەڵکوو بە (حورمەت!)

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، پیاوی (کابرا بەحورمەتەکە)، لە وتارێکیدا دەربارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە ناونیشانی “پارێزگارێکی پارتیی بێلایەن؟!”، هەندێ شەکری شکاندووە، کە مەگەر هەر خۆی لەزەتی لێ ببا، دەنا کەس ئیرەیی پێ نابات.


ئەو زەلامە لە دەستپێکی وتارەکەیدا و بە لۆژیکی (فیتی سەر بە قولابە!) خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک و دەنووسێت “لە سەرۆکی ھەرێمەوە ھەتا چایچییەک، لە سنووری زەرد پارتییە”. وەک ئەوەی لە زۆنی سەوز هەرچی پلە و پۆست و وەزیفە هەیە، بە برابەشی لەنێوان هێز و لایەنەکاندا دابەش کرابێت. ئێ برالە بیرت چوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی، کە پشک و ئیستیحقاقی گۆڕان بوو، کەچی چاویان چووە پشتی سەریان، تا دوو ساڵ پێیان ڕەوا بینین و بە منەت و هەزار تکا و فشار کورسییەکەیان ڕادەست کردن. ئەوە هیچ کە خۆت لە هەمووان باشتر دەزانیت، ئەگەر لە ڕووخساریشدا یەک حکوومەتیی هەبووبێت، ئەوا بە کردەنی، سەرۆکی حکوومەت لەودیو دێگەڵە دەسەڵاتی دامەزراندنی بەردەست و کارگوزارێکیشی نەبووە، ئیتر ئەم کەش و فشەت لەپای چی؟


(سێمان*) کە هەر لە سێبەری نازی کابرادا گەورە بووە و لەسەر ئیمتیازی یەکێتی و مافی خەڵکی تیکۆشەر و قوربانیدەر و مافداری یەکێتی، لە نەرم نووستوە و لە گەرم خواردوویەتی، کەچی کە لەگەڵ مامۆستاکەیدا چووە ناو هاوپەیمانی، هیچ نەما بەو یەکێتییە نەکات، هەزاران بەرد و تفی کردە ئەو کانییەی، کە پێش خەڵکی موستەهەق و تیکۆشەر و قوربانیدەری یەکێتی، ئەو بە قووم نا، بەڵکوو بە جەڕە و شەربە و دەبە لێی خواردەوە، وەلێ چونکێ ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، بۆ ئەوەی لە ئاست یەکێتیدا کەفارەتی گوناه بدا و ڕووی ئەوەی هەبێت بچێتەوە ڕیزەکانی، هاتووە پەلاماری پارتی دەدات.


برالە ئەو ڕۆژانە لە خەمی (قودس و قەڵا)دا بوایت، کە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، بە خاک و خەڵکەکەیەوە خستیانە توورەگە و پێشکەشی حەشدی وەحشییان کرد، نەک ئێستا فرمێسکی تیمساحی بۆ بڕێژیت و ئەوەش بە پارتی ڕەوا نەبینی، کە داوای دانانی پارێزگارێکی بێلایەن بۆ شارەکە بکات.


ئەو زەلامە وەک بووقی شەڕ، هاتووە و لەبری ڕاوێژی حەکیمانە و پێشنیاری ئاشتیخوازانە، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێ بە ڕووێکی سوور بچێتەوە ناو یەکێتی و بەم وڕێنانەی، هەڵوێستەکانی خۆی لە سەردەمی (ناوەندی بڕیار) و (دامەرزاندنی هاوپەیمانی) لە بیری یەکێتییەکان بباتەوە، ئامۆژگاریی یەکێتی دەکات، کە چۆن لە بابەتی پۆستی سەرۆک کۆماردا، پشتی پارتی بە زەویدا دا، ئاواش ئەمجارە و لە بابەتی پۆستی پارێزگاردا “لەلایەن یەکێتییەکی یەکگرتووی بەھێزەوە، بخرێتەوە بەزەویدا، جا پارتی چۆن دەکەوێت بە ئەرزا و کوێی بریندار دەبێت، با یەکێتی بیری لێ نەکاتەوە!”. جارێ ئەوە هیچ کە هەموومان دەزانین مامۆستاکەی، بە چ گەمەیەک گەیشتە سەر کورسیی سەرکۆماری و حورمەتەکەی لەناو قووتووی کام عەتاردا بەجێما، بەڵام ئەوەی کە ئەو زەلامە ئامۆژگاریی یەکێتی دەکات پارتی بە زەویدا بدا و کوێیشی بریندار دەبێت گرفت نییە، گەمەیەکی زۆر ساویلکە و منداڵانەیە، چونکە ئەو لە هەموومان باشتر دەزانێت، کە دەردی یەکێتی هەر تەنیا لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکدا نییە (ئەو پۆستەی بە حیساب ناوەکەی لەناو گیرفانی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بوو!)، بەڵکوو لە پۆستە وزارییەکانی بەغدا دایە، وەک چۆن لە پشکەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دایە، کە هێشتا لە سای ئەو “یەکێتییە بەهێز و یەکگرتوو”ەی سێمان باسی دەکات، لەبەر فرەکوێخایی و باڵ باڵێن، نەیانتوانیوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (کە ڕەنگە ببێتە پشکی یەکێتی) لەناو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.


وێدەچێت ئەو زەلامە زۆر خۆشیی بە شێواندنی مێژوو و ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان بێت، ئەوە بۆیە هێشتا بە هەوای ئەو وەهم و وڕێنانە دەژیێت و دەنووسێ، کە گوایە “پارتی لەڕابردودا دەرفەتی بووە لە سۆنگەی غافڵگیرییەکانی پەرتەوازەیی ناو ماڵی ڕکابەرەکەی و کێماسییەکانی پەنجا بە پەنجاوە، مستەکۆڵەی بەھێزی لە دەموچاوی یەکێتی بدات”، بەڵام لەبیری خۆی دەباتەوە، کە هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان سەلماندییان، سەنگ و قورسایی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا چەند و چۆنە. واتە ئەوە پارتی نییە مستەکۆڵەی لەم و لەو داوە، بەڵکوو ئەوە دەنگدەرە دەزانێت، چۆن و لەسەر چ بنەمایەک تۆڵەی خۆی لە هەموو ئەوانە دەکاتەوە، کە تەنیا میزڵدانی دروشمەکانیان پڕە، وەکووتر هەر کە بە هەوادا چوو، میزڵدانەکە بۆ خۆی بەرگەی ئەم هەموو هەوای درۆ و دروشمە ناگرێ و دەتەقێ!


دیارە سێمان پێی ناخۆشە، کە پارتی دەڵێ کۆتایی ئەو سەردەمەیە (مەبەستی تەوافووقی سیاسیی هێزە کوردییەکانە). ئێ برالە ئەوە هەر ئەو حزبە بڕیاری کۆتاییهێنان بەو سەردەمەی دا، کە هەتا دوێنێ تۆ تەقەت لێی دەکرد و ئەمڕۆش دەتەوێ لەسەر حیسابی فیتنەگێڕی و پلارگرتن لە پارتی، ئەستۆپاکیی خۆتی بۆ بسەلمێنی. ئەو حزبەی لە بەغدا لە عورفی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرکۆمار، وەک پشکی کورد دەرچوو و لەبری ڕێککەوتن لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا، بە دەستی ئەنقەست بردییەوە سەر سفرەی پەرلەمانی عێراق. ئێ پارتی هەنووکە دەیەوێ هەر بە هەمان بژاردەی دڵخوازی ئێوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و بەگوێرەی ئیستیحقاق و سەنگ و قورسایی هێزەکان، دابەش بکرێن. ئیتر بۆچی ئەمیان عادەت بێت و ئەوەیان عیبرەت؟


سێمان خوات بێت، هەر دوێنێ بوو، زۆر دوور نییە، لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەشێکی ناو یەکێتی، ئەوانەی کە مامۆستاکەتیان بردە سەر کورسیی سەرکۆمار و حورمەتەکەی لە جانتاکەی ئەواندا بەجێما (نەک یەکێتییە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و قوربانیدەرە ڕاستەقینەکان)، غەدریان لە “کەرکووکییەکان و قوربانی و دەسکەوتە دیموکراسییە بەخوێن بەدیھاتووەکانی” یەکێتی کرد و لە یاریێکی زۆر کەشفدا، سازشیان لەسەر (قەڵا و قودسە سەوزەکەی مام جەلال) کرد، ئیتر ئەو هەرزانفرۆشکردنەی کوردایەتی و مەراییکردنەت بۆ ئەو یەکێتییەی دوێنێ تیغت لێی دەسووی و تیرت تێی دەگرت، لە پای چی؟


چییە؟ دەڵێی گەدەت بە (کوردایەتیی زەردی پارتی) دەترشێ؟ برالە پارتی وەک ئەوەی تۆ دەیڵێیت و دەتەوێ بە هۆیەوە خۆت لەبەردەم یەکێتی و کەرکووک و کەرکووکییەکاندا شیرین بکەیت “پارێزگارێکی بێلایەن بەڵام پارتی” ناوێت، بەڵکوو پارێزگارێکی بێلایەن، یان سەر بە هەر حزبێکی دیکەی بۆ کەرکووک دەوێ، کە بە لایەنی کەمەوە (بە حورمەت) بێت!


جەنابی لیوای بندیوار، چش لەم وڕێنە و مەراییە سیاسییانەت، ڕاستییەکەی پێش ئەوە دەبێ تۆ لەسەر ئەتککردنی زمان و ڕێنووس، سەرکۆنە بکرێیت. واز لە هەموو هەڵە زمانەوانی و ڕێنووسییەکانی دیکە بێنە، خوات بێت ئەم نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانە (؟!)ت بە چ بۆنەیەکەوە لە پشتی ناوونیشانی نووسینەکەت داناوە؟
لە ڕاستیدا ئەوە بەتەنیا ڕای سێمان نییە، بەڵکوو وەک پەیک و هەواڵنێری کابرا، لە ناواخنی نووسینەکەیدا پەیامی ئەویشی بە خشکەیی گەیاندووە.


بەهەرحاڵ، هەر کێ لە شوێنی سێمان بێ و لە پڕێکەوە کرابێتە کوڕێک، هەر وا دەکات و بە ماستی خۆی ناڵێ ترشە. هەر کێ بێت و فیشەکێکی نەتەقاندبێت و بە پلەی لیوا خانەنشین کرابێت، هەروەک ئەو دەکات و تۆزێ وەفای بۆ خانەنشینییە بندیوارەکەی دەبێت. ڕاستیی بابەتەکە هەر ئەوەیە، ئێ خۆ ناکرێ چاوەڕێی ئەوەی لێ بکەین، لە ئاست ئەو ناز و نیعمەتەی، کە وەک مەکرەمە بەسەریدا بارێنراوە، نمەکحەرام و سپڵە دەرچێت!

 

* لای ئێمە بە سلێمان دەڵێن سێمان.