كورد له‌ نێوان كیسنجه‌ر و تیله‌رسۆن...

 

كورد له‌سه‌رده‌می هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا گه‌لێ نه‌هامه‌تی و گه‌له‌كۆمه‌یان له‌سه‌ر كرا.


(هێنری كیسنجه‌ر) له‌دایكبووی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌ و دایك و باوكیشی یه‌هودی و له‌ترسی (ئه‌ڵمانییه‌ نازییه‌كان) چووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا و بووەته‌ به‌ (لێكۆڵه‌ره‌وێكی سیاسی) له‌سه‌رده‌می (سه‌رۆك نیكسۆن) بووەته‌ (راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا) و له‌ساڵی (1972) له‌گه‌ڵ شاندی (سه‌رۆك نیكسۆن) له‌ رووسیاوه‌ گه‌راوه‌ و سه‌ردانی (شاه‌)ی ئێرانیان كرد و قه‌یرانی گرانی نه‌وتیان تاوتوێ كرد و به‌سه‌ره‌تای رێككه‌وتنی هه‌ردوولا هه‌ژمار ده‌كرێ دژ به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌، له‌پاشان (كیسنجه‌ر) بووه‌ به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ماوه‌ی ساڵانی (1973 - 1977)، كه‌ ئه‌وكات شۆرشی ئه‌یلولی مه‌زن به‌ رێبه‌رایه‌تی (بارزانی نه‌مر) هه‌ڵگیراسبوو و ئاگری شۆرش هه‌موو شوێنكی گرتبووەوه‌.

 

ئه‌وه‌بوو ئه‌مه‌ریكا گلۆپی سه‌وزی بۆ وڵاتی (ئێران) هه‌ڵكرد كه‌ له‌گه‌ڵ (عێراق) رێكبكه‌ون له‌ ژێر ناوى (رێككه‌وتنی جه‌زائیر) له‌ (ئاداری 1975) كه‌ له‌نێوان (صدام حسین) جێگری سه‌رۆككۆماری ئه‌وكات و (شا ره‌زا محمد به‌هله‌وی) له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكی جه‌زائیر (هه‌واری بۆمدین) كه‌ بۆ (پاراستنی ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق) داوای له‌ هه‌ردوو وڵات كرد رێكه‌وتنێك مۆربكه‌ن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئامانجیان بوو شۆرشی كوردان و دۆزی كورد به‌جارێك له‌ناو ببه‌ن، بۆ ئه‌م ئامانجه‌یان هه‌ردوو وڵات ده‌یان ته‌نازولیان بۆ یه‌كتر كرد و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی شۆرشه‌كه‌یان هه‌ره‌س پێ هێنرا، به‌ڵام دواتر خاڵه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ وه‌ك خۆی جێ به‌جێ نه‌كران و شه‌ری نێوان (عیراق و ئێران) هه‌ڵگیرسا و له‌ ئاكامدا گه‌لانی ناوچه‌كه‌ تووشی نه‌هامه‌تی بوون و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی كۆتایهێنان بوو به‌ رژێمی به‌عس و رووخانی ئابووری هه‌ردوو وڵات.

 

كورد له‌سه‌رده‌می (رێكس تیله‌رسۆن)دا كه‌ ئه‌ندازیاری بواری (وزه‌) بوو و له‌ كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبێل) كاری ده‌كرد و له‌گه‌ل ده‌رچوونی (ترامپ) له‌ مانگی (2)ی ساڵی (2017) كاندید كرا بۆ ئه‌وه‌ی جانتای دیبۆلماسیه‌ت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای وه‌ربگرێت، له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونی هیچی له‌ (كیسنجه‌ر) كه‌متر نه‌كرد، به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌تایبه‌تی كاتێك (سه‌رۆك بارزانی) سه‌ركردایه‌تی پرۆسه‌ی (سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆمی) كرد به‌جۆرێك بووه‌ فاكته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌ ئیداره‌ی (ئه‌مه‌ریكی) بهێنی كه‌ گلۆپی سه‌وز هه‌ڵبكات بۆ وڵاتانی (عێراق، ئێران و توركیا) و میلیشیا شیعه‌كان تا رێككبكه‌ون دژی (سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) رۆڵێكی سلبی گێرا، به‌جۆرێك هه‌ر له‌سه‌ره‌تای مانگی (8)ی سالی (2017) (سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركی و ئێرانی) له‌ (ئه‌نقه‌ره‌) كۆبوونه‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتن كرده‌ی سه‌ربازی له‌ دژی (یه‌په‌گه‌) له‌ رۆژئاوا و له‌باشووری كوردستان دژی (ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی) بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ریككه‌وتنه‌ تا ئێستاش (ساری مفعول)ه‌، ئیداره‌ی (ترامپ)یش بێ ده‌نگی هه‌ڵبژارد به‌جۆرێك پشتگیری ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بوو كاتێك لێدوانه‌كانی كۆشكی سپی ده‌یانگووت (یه‌كپارچه‌ی خاكی عێراق) لای ئه‌وان گرنگه‌، ئه‌وه‌بوو له‌ رێكه‌وتی (21/9/2017) له‌ (نیۆیۆرك) هه‌رسێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ (ابراهیم جه‌عفه‌ری/عیراق، محمد جواد زه‌ریف/ ئێران و مه‌ولود چاوشئۆغلۆ/ توركیا) رێككه‌وتن كه‌ دژی (ریفراندۆم) و پارچه‌پارچه‌ كردنی خاكی عێراقن، چونكه‌ كێشه‌ و ناسه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ رووده‌دات و ئه‌م وڵاتانە سه‌رپشك كران كه‌ پرۆسه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن ئه‌گه‌ر پێویست كرا و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش به‌ ئاگاداری به‌رپرسانی (ئه‌مه‌ریكا) به‌تایبه‌تی (تیله‌رسۆن) و (به‌ریتانیا)ش مۆركرا، كه‌ مه‌به‌ستیان بوو هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كوردستان و ئامانجه‌كانی (ریفراندۆم) له‌ بارببه‌ن و خه‌ونی سه‌دان ساڵی كوردان له‌ناو ببه‌ن، له‌ ئاینده‌دا ئه‌م وڵاتانە و گروپانه‌ی كه‌ (گه‌له‌كۆمه‌یان) له‌سه‌ر كورد كرد ئاكامه‌كانیان له‌ (صدام و شاه‌) باشتر نابێ و ئه‌مرۆ نا سبه‌ی باجی ئه‌م رێككه‌وتنه‌یان ده‌ده‌ن هه‌روه‌كو له‌ساڵی (1980) باجی رێككه‌وتنامه‌ی (جه‌زائیر) هه‌ردوو وڵاتی (عێراق و ئیران) دایان.


بۆیه‌ (ریفراندۆم) به‌ باشترین كارت و بریار و پرۆسه‌ هه‌ژمار ده‌كرێ له‌مێژووی كوردستان كه‌سه‌ركردایه‌تی كورد بریاری دابێت، چونكه‌ تا (كوردستان) نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌وا كورد رۆژانه‌ ده‌بێته‌ قوربانی هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌م رۆژانه‌ پرسیار له‌ نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوریا (جیمس جیفری) كرا ئایا ئێوه‌ به‌رده‌وام نابن له‌ هاوكاری گروپه‌ كوردییه‌كان؟ له‌ وەڵامدا گوتی هه‌موو ئیداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ناتوانن تا هه‌تاهه‌تایێ هاوكاری گروپه‌ (نا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان) بكه‌ن!!!.