حەزكردن لە كەسانى بەتەمەن

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

جیرانتەفیلیا، واتە حەزكردن لە كەسانى بەتەمەن، لە ڕووى سۆزدارى و سێكسیییەوە، هەرچەندە لە هەندێ سەرچاوەى سایكۆلۆژیدا وەك لادانى سێكسى ئاماژەى پێ دراوە، بەڵام توێژینەوەكان دەربارەى سنووردارن.

 

پ: زاراوەى جیرانتەفیلیا لە چییەوە هاتووە؟
و: جیرانتەفیلیا، یان ئارەزووكردنى كەسانى بەتەمەن، لە بناغەدا لە ساڵى 1901 لەلایەن پزیشكى دەروونیى ئەڵمانى ڕیچارد فون كرافت-ەوە داڕێژراوە. جیران وشەیەكى یۆنانییە، واتە پیاوى پیر، یان ژنى پیر، فیلیا واتە خۆشەویستى. هەروەها زاراوەى پیربازى –یش بۆ وەسفكردنى ئەم حاڵەتە بەكاردێ.


لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە زانا چارلز فیرى فەڕەنسى (1852-1907) لەسەر حاڵەتى كوڕێك لە ساڵى 1905دا ئەنجامى دابوو، تێبینیى كردبوو ئەو كوڕە تەمەن 27 ساڵە بەوپەڕى ئیرادەى خۆیەوە و بێ بوونى هیچ بەرژەوەندییەكى ماددى یان كۆمەڵایەتى، هاوسەرێتیكردنى لەگەڵ كچێكى گەنجى تەمەن بیست ساڵ ڕەت كردبووەوە و ژنێكى تەمەن 62 ساڵیى هێنابوو.

 

پ: لە چ تەمەنێكدا ڕوو دەدات؟
و: ئاشكرا نییە ئەم لادانە لە ئارەزووى سروشتى، لە كەیەوە سەرهەڵ دەدات، وەلێ زۆربەى ئەو حاڵەتانەى كە لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە، دان بەوەدا دەنێن، كە هەر لە قۆناغى هەرزەكارییەوە هەستیان بەو مەیلە سۆزدارییە بۆ كەسانى پیر و زۆر گەورەتر لە خۆیان كردووە. ئەوەش دیار نییە كە ئایا هەستیان چۆن دەبێت كاتێك كە خۆیان پیر دەبن.

 

پ: ئەى لە كەسانى بەتەمەندا؟
و: لە لادانى سێکسیی پیربازیدا تاك لە هەردوو توخمەکە مەیلی بۆ هاوبەشێکی سێکسیی هەیە، کە چەندەها ساڵ لە خۆی گەورەتر بێ، وەلێ ئەم ئاڕاستەیە لە کەسی بەتەمەندا بە لادان دانانرێ، كاتێك پەیوەندی لەگەڵ كەسێكى بەتەمەنتر لە خۆى دەبەستێت، بەتایبەتى ئەگەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی، یان ئابووری ئەو کەسەى ناچار کردبێ، یان ئەگەر لەبەر پێویستیی سێکسی پەنا بۆ هاوبەشێكى بەتەمەن برابێت.


بەكورتى كاتێك ئەم ئاراستەیە لە پەیوەندى بە ناسروشتى دادەنرێ، ئەگەر كەسێكى گەنج هەر لە سەرەتاى پێگەیشتنى سۆزدارى و سێكسییەوە و بەردەوامیش بۆ تێركردنى لایەنى سۆزدارى و سێكسى ئارەزووى خەڵكانى بەتەمەن بكات.

 

پ: هۆكارى ئەم لادانە چییە؟
و: ئەم ئارەزووكردنە بەدەر لە هەندێ حاڵەتى دەگمەن، كە هەندێ جار بە هۆى خۆشەویستییەكى قووڵ، یان هەستى ئینسانییەوە لەنێوان دوو كەسى تەمەن جیاوازدا ڕوو دەدات، زۆربەى حاڵەتەكان هۆكارەكەى دەروونییە.


توێژەران ئەم دیاردەیە لەسەر چەندەها بناغەی جیاواز لێک دەدەنەوە، یەکێک لەو لێکدانەوانە لەسەر بناغەی دەروونشیکاریى فرۆیدییە، بەم پێیە هۆكارى پیربازى بۆ چەقبەستنى كەسى تووشبوو دەگەڕێنێتەوە لە قۆناغی ئۆدیبدا، لەم قۆناغەدا منداڵ کوڕ بێ یان کچ، هۆگری یەکێک لە باوانی دەبێ، لە توخمە دژەکەی خۆی، واتە کوڕ هۆگری دایکی دەبێ، بۆیە لە گەورەییدا بە شوێن ژنێکدا دەگەڕێ کە لە دایکی بچێ و وەک دایکیشی زۆر لە خۆی گەورەتر بێ، بە هەمان شێوە، کچیش بە هۆی هۆگربوونییەوە لەگەڵ باوکیدا، لە قۆناغی ئۆدیبدا و چەقبەستنی لەو قۆناغەدا، بە شوێن پیاوێکدا دەگەڕێ کە زۆر لە خۆی گەورەتر بێ و سێکسی لەگەڵدا بکات.


هۆكارێكى دیكەش، دەشێ بۆ متمانەنەكردنى تاك بە خۆى بگەڕێتەوە، كاتێك كە ژن بێت یان پیاو لەتواناى سەرنجڕاكێشانى خۆى لەلایەن هاوتەمەنەكانى دڵنیا نەبێت، بۆ ڕزگاربوون لەو دڵەڕاوكێیە، بیر لە كەسانى بەتەمەن دەكاتەوە، چونكە پێى وایە بە بەراورد بە تەمەنى ئەوان، ئەم سەرنجڕاكێشتر دەبێت و ئەوان زیاتر قەدرى دەزانن، واتە دڵنیایە كە لە لایەن كەسانى بەتەمەنترەوە لە خۆى، خوازراو دەبێت.


هۆكارێكى دیكە، ئامادەنەبوونى دایك، یان باوكە لە قۆناغى منداڵى و هەرزەكاریدا. هەندێ جار بەهۆى ئەم ئامادەنەبوونەوە، ئەو منداڵە لە گەورەییدا دەیەوێ لە ڕێى ئارەزووكردنى كەسانى بەتەمەنتر لە خۆى قەرەبووى ئەو بۆشاییە بكاتەوە. دەشێ ئەم ئامادەنەبوونە ڕاستەقینە ببێت بەهۆى مردنەوە، یان جیابوونەوەى دایك و باوكەوە لە یەكدى، یان ڕۆحى بێت، واتە دایك، یان باوك بە فیزیكى وجودى هەبووبێت، وەلێ لەبەر هەر هۆكارێك بێت، منداڵ بێبەش بووبێت لەو هەست و سۆزە سروشتییانەى كە باوان بۆ منداڵەكانیان هەیانە.

 

پ: پیربازى لە كۆمەڵگەى خۆماندا هەیە؟
و: بەهۆى كەمى، یان نەبوونى توێژینەوەى سایكۆلۆژى دەربارەى ئەم جۆرە بابەتانە، ناتوانین وەڵامێكى یەكلاییكەرەوە بدەینەوە. پێم وایە هەبێت، وەلێ نادیارە. لە كۆمەڵگەى خۆماندا كاتێك كچى گەنج پەیوەندى دەبەستێ، یان هاوسەرگیرى لەگەڵ پیاوى بەتەمەندا دەكات، یان هیچ نەبێت لە خۆى گەورەتر، هۆكارەكە زۆربەى كات ئەوە نییە ئەو كچە پشێویى حەزكردن لە پیاوى بەتەمەنى هەبێت، چونكە ئەوەى دەستپێشخەرى دەكات و ئەوەى لەسەرەتادا هەڵبژاردن دەكات، پیاوە بەتەمەنەكەیە نەك كچە گەنجەكە. حاڵەتە پێچەوانەكەش، واتە كوڕێكى گەنج حەز لە ژنێكى بەتەمەن بكات، دەگمەنە، گەر هەشبێت، پێم وایە هۆكارەكە ئەم پشێوییە دەروونیە نییە، بەڵكوو جۆرێك لە بەرژەوەندى وا دەكات كە ئەو پەیوەندییە دروست ببێت، ئیدى بەرژەوەندیى ماددى بێت، یان سێكسى.


لە ڕاستیدا لە كۆمەڵەگەى خۆماندا بووەتە كولتوور، كە پیاو بەلایەنى كەمەوە چەند ساڵێك لە ژن گەورەتر بێت، پێچەوانەكەیشى ڕاست نییە و ڕوودانى دەبێتە مایەى لۆمەكردن و دەستێوەردانى خێزانى كوڕەكە، كە پێیان خۆش نییە تەنانەت یەك ساڵیش ئەو كچەى دەبێتە هاوسەرى كوڕەكەیان لە كوڕەكەیان گەورەتر بێت. كەواتە ئەم لادانە گەر هەشبێت، لەنێو كولتوورى باوى كۆمەڵگەدا ون بووە و بووەتە حاڵەتێكى سروشتى و خوازراو.

 

پ: ئەى لە كۆمەڵگەكانى دیكەدا ئەم حاڵەتە باوە؟
و: حاڵەتەكە هەیە، بەڵام دەستنیشانكردنى ئاسان نییە، چونكە هەندێ لە پیاوانى بەتەمەن، نزمیى ئاستى ئابووریى كچانى گەنج بە هەل دەقۆزنەوە و پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستن، چونكە هەندێ لە كچان خۆشیان پیاوێكیان دەوێ كە بەرپرسیارێتیى هەموو شتێكیان لەئەستۆ بگرێ. بەتایبەتى لە وڵاتانى ئەمەریكا و ڕۆژئاوا، كە فشارێكى ئابووریى گەورە دەكەوێتە سەر گەنج. هەروەها كوڕانى گەنج، پەیوەندى لەگەڵ ژنانى بەتەمەندا دەبەستن، چونكە هەندێ لە كوڕان پێیان وایە ژنانى كامڵ باشتر دەتوانن لە ڕووى سێكسییەوە تێریان بكەن. لەنێو ئەم جۆرە پەیوەندییە بەرژەوەندیئامێزانەدا لادانەكان ون دەبن.

 

پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.