دەسەڵات لە سێبەری حەساردا

ڕاڤەی ڕۆمانی (حەسار و سەگەکانی باوکم)ی شێرزاد حەسەن

(1)

ن: ڕەزا خەندان
و: مەریوان هەڵەبجەیی

 

ڕەزا خەندان، ڕەخنەگری گەورە و دیاری ئێرانی و خاوەن زیاتر لە سی کتێب لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا، لە بوارەکانی، ڕەخنەی چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوە لە ئەفسانەدا، دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی بڵاو کردووەتەوە و زیاتر لە سی ساڵە دەنووسێت و کار دەکات و ماوەی هەژدە ساڵ دەبێت بەوردی چاودێریی ئەو بەرهەمانە دەکات، کە لە ئەدەبیاتی کوردییەوە وەردەگێڕدرێنە سەر ئەدەبیاتی فارسی. لە شارەکانی تاران و کرماشان و کەرەج و چەندین شاری تر کۆڕی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی کوردی و بەتایبەت بەرهەمەکانی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن بەڕێوە بردووە و وتار و بابەتی لەبارەیانەوە نووسیوە و وەک ئەدەبیاتی گرنگ و بەتوانا و جێگای شایستە ناوی بردوون. ڕەزا خەندان، ماوەی چەند ساڵێکە سەرۆکی ناوەندی نووسەرانی ئێرانە. وتاری (دەسەڵات لە سێبەری حەساردا)، یەکێکە لە وتارەکانی دەربارەی ڕۆمانی (حەسار و سەگەکانی باوکم)ی نووسەری کورد شێرزاد حەسەن.


کتێبی حەسار و سەگەکانی باوکم، لە نووسینی شێرزاد حەسەن، یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٤ بە وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی، لە لایەن خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (چەشمە)وە، کە دیارترین و بەناوبانگترین خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە ئێراندا، چاپ کرا و لە لایەن خوێنەرانی ئێرانەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کرا و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چوار جار چاپ کرایەوە و چاپی پێنجەمی قەدەغە کرا و لە کتیبخانەکاندا کۆ کرایەوە. ئەم ڕۆمانە لەپێش چاپبوونییەوە، وەک زۆر کتێبی تر لە ئێراندا لە چەقۆی سانسۆر پارێزراو نەبوو و پێش چاپبوونی بە سانسۆرەوە زیاتر لە پێنچ ساڵ چاوەڕانی مۆڵەتی چاپی کردووە. وەزارەتی کولتووری دەوڵەتی ڕیفۆرمخواز (ئەگەر بە دروستی لە یادم مابێت) شازدە جێگای لە ڕۆمانەکە سانسۆر کردبوو و داوای دەستکاری و گۆڕانکاریی لە هەندێ شوێندا کردبوو، تا پاشان ڕازی بێت بە چاپ و بڵاوکردنەوەی، پاشان مافی چاپی لێ سەندرایەوە و پاش قەدەغەبوونی، چەندین جار بە شێوەی قاچاغ چاپ کرایەوە. ئێستا سێزدە ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژگارەدا تێدەپەڕێت، بەڵام تازە و لەم ڕۆژانەدا، ئەو کتێبە لە فەزای بەرتەسکی قەدەغەبوون ڕزگاری بووە. بەو مەرجەی لە چاپە نوێیەکەدا نە نووسرێت چاپی شەشەم و بنووسرێت چاپی یەکەم و وەک کتێبێک کە یەکەم جارە و تازە دێتە نێو کتێبخانەی فارسییەوە! هەروەها سانسۆرێکی زۆر کراوە! پاشان مۆڵەتی چاپی نوێی دراوە! چونکە لە ڕابردوودا سکاڵای لایەنە توندڕەوە نیزامی و ئایینییەکانی ئێرانی لەسەر بووە و کۆ کراوەتەوە. وەک زۆری بەرهەمی تر، ئێستا لە فەرمانگەی سانسۆر زیاتر لە پەنجا جێگای ڕۆمانەکە لە وشەوە تا دێڕ، ئەگەر دەستکاری بکرێن، ئەوا مۆڵەت دەدەن چاپەکانی بەشێوەی یاسایی بڵاو بێتەوە، ئەم ڕوونکردنەوەیە لەو ڕووەوە بە پێویست دەزانم، کە بزانین خوێنەرانی فارسزمان لە ئێرانی ئەو کاتەدا، ئاشنایەتییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ کەسێک بە ناوی (شێرزاد حەسەن)ی نووسەری حەسار و سەگەکانی باوکمدا نەبوو (یان ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک نەیانناسیبێ) پێشوازییان لە کتێبەکە کرد، بۆچی؟ وەڵام، یان بەشێک لە وەڵامەکە ئەوەیە، کە کەشێکی تا ڕادەیەک هاوبەشیان لەنێوان خود و جیهانی ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکمدا هەست پێ دەکرد، دەڵێم تا ڕادەیەک هاوبەش چونکە جیهانی ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم زۆر نەریتییە و نامۆدێرنە و خوێنەری ئێرانی لە ڕاستیدا چەندین ساڵە لەو کەشە دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە ئەوەیە، کە لەگەڵ ئەو دوورییەشدا، هێشتا بەتەواوەتی لەو ڕەگەز و تابۆیانە دەرنەچووە، ویستی تابۆشکاندن و ڕەخنەگرتن لە ڕەگەزەکانی جیهانی نەریتی، هۆکارێکی ترە بۆ ئەو پێشوازییە زۆرەی خوێنەری ئێرانی (هەروەها ترس سەرنجڕاکێشی جوانیناسی هەیە!) لەو ڕۆمانە کرا و لە لایەن خوێنەرانی ئێرانییەوە و بەتایبەت بۆ بابەتە سێکسییەکان، کە دووان لەبارەیانەوە لە جیهانی ڕاستەقینەی خوێنەرانی ئێرانیدا سزای یاساییان لەسەرە، جەسارەتی شێرزاد حەسەن لە دەربڕینی بابەتە سەرنجڕاکێشاکان و هەوڵ و کۆششی سێکسییانەی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم، تابۆ شکێنانەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا یاساشکێنانەشە، ئەمەش وا دەکات ئەو خوێنەرانە جۆش و خرۆشێکی زیاتریان بۆی هەبێت. دیارە دەبێت سەرنجڕاکێشیی قەڵەمی نووسەرەکەش بە گرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێت. ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم، چیرۆک یان ڕوداوێکی سادەی هەیە. خێزانێك بێزار بوون لە توندوتیژی و ستەمی باوک و کوڕی گەورەی خێزانەکە، لە دەست تێکەڵکردنێکدا لەگەڵ گەنجترین ژنی باوکیدا، کە عەشقێکی شاراوەشی هەیە بۆی، باوکی دەکوژێت. لەم جۆرە چیرۆک و ڕووداوانەمان زۆر بیستووە یان خوێندووەتەوە. نووسەریش لە هەمان چەند لاپەڕەی سەرەتادا چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و لەم ڕێگایەوە نیشانی دەدات، کە چیرۆکی ڕۆمانەکە زۆریش گرنگ نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی دروستبوون و گێڕانەوەکەیەتی کە گرنگە. کاڵکردنەوەی چیرۆک یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی مۆدێرن. لە بنەمادا جۆری ڕەفتاری نووسەر لەگەڵ ڕەگەزەکانی چیرۆک و ڕۆماندا و بەتایبەت چیرۆکی ناو ڕۆمان و شێواز و جۆری ڕۆمانەکە، دیاری دەکات. لە چیرۆکنووسینی کلاسیکدا و شێوازی ڕیالیزمی کۆندا، چیرۆک یان بابەت ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەناو ڕۆماندا. تا ڕادەیەک هەموو ڕەگەزەکانی تری چیرۆک لە خزمەتی پەروەردەکردن و گەشەی بابەتیی چیرۆکەکەدان. لە چیرۆکنووسینی مۆدێرندا، بابەتی چیرۆکەکە بایەخێکی تایبەتی و ئەوتۆی نییە و ڕەگەزێکە لەپاڵ ڕەگەزەکانی تری چێرۆکدا. لە ڕاستیدا چیرۆکنووسین لە قوتابخانە و قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، یان بەدوای (چیی بووە؟) یان (چۆن بووە و چی ڕووی داوە؟)دان. چیرۆکنووسینی مۆدێرن بە کاڵکردنەوە و کەمکردنەوەی ڕەگەزی چیرۆک و دانانی لەپاڵ ڕەگەزەکانی تردا لە (چیی بووە؟) تێدەپەڕێت و کار لەسەر (چۆن بووە) دەکات. چیرۆکنووسینی پۆست مۆدێرن هەوڵ دەدات، بە هیچ شێوەیەک چیرۆکێکی نەبێت، چیرۆکەکەی بەبێ ڕووداو دەبێت.


لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکمدا، چیرۆکی ڕووداوەکە لە سەرەتادا و لە زمانی گێڕەرەوەوە دەگێڕێتەوە. خوێنەر هەر لە سەرەتاوە پەی بە ڕووداوەکان دەبات، بەڵام ئەو شتەی ڕایدەکێشێت بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەوەی بدات، چۆنیەتیی ڕووداوەکەیە. ئەو جیهانەی لە حەسار و سەگەکانی باوکمدا وێنا کراوە، زۆر نەریتی و سروشتی و نامۆدێرنە. هیچ نیشانەیەکی تێدا نییە کە پەیوەندیی بە جیهانی مۆدێرنەوە هەبێت. نە ئۆتۆمۆبێل، نە شەقام، نە ئامرازی پیشەسازی و نە هیچ کاڵا و شتێك، کە پەیوەندیی بە مۆدێرنیزمەوە هەبێت، بەرچاو ناکەوێت. ژیانی خێزان لە حەسارێکدا، کە دروستکراوی باوکە و بە شێوەیەکی بەدەوییانە دەڕوات بەڕێوە و مرۆڤەکان پەیوەندییەکی ئاساییان بەیەکەوە هەیە. ئەوان ئەندامی خێزانێکن، کە لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتیی باوکدا ڕۆژگار بەسەر دەبەن. باوک بە دەسەڵاتێکی ڕەهاوە حوکمڕانی دەکات و کەس توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوی نییە. ئەوە، ئەو باوکەیە کە بەش و شێوازی ژیان بۆ تاکەکانی تری ژێر دەسەڵاتی دیاری دەکات و کەس نابێت ناڕەزاییەتی بەرامبەر بەو بەشەی کە بۆی دیاری کراوە، دەرببڕێت:


(هەر هەموومان لە سپێدەی سەحەرەوە تا شەوخەوتنان نەدەسرەوتین. خوشکێکم لە بەیانییەوە تا ئێوارە جلەکانی پینە دەکرد. ئەمی تریان مانگای دەدۆشی، ئەوی دیکەیان بزن و یەکێکیان مەڕ و ئەوی دیکەیان ڕەفتەی دەچنی و یەکێکی دیکەیان کڵاوی دەدوری و ئەویان مەشکەی دەژەند و ئەوی تریان تەشی دەڕست. ئەمیان ئاوی لە بیرەکە هەڵدەهێنجا و دۆلکەکەی قڵپ دەکردەوە نێو پەقرەجاکان و ئەویان گەسکی لە ژوورەکان دەدا، ئەمیان پەنجەکانی توانەوە، ئەوەندەی دەرپێیەکانی بۆ بشوات و یەکێکی دیکە پیازی پاک دەکردەوە و ئەوی تریان سەوزەی بژار دەکرد و ئەویان ڕۆنی دەقرچاندەوە، ئەویان کۆترەکانی دان دەدا و ئەمیان گیای بۆ کەروێشکەکان ڕۆ دەکرد. ئەویان دەرگای حەساری لە مەڕ و و بزن و ڕەشەوڵاخەکان دەکردەوە و ئەمیان قەفەزی بولبول و کولانەی سەگەکانی لە ڕیقنە و گوو پاک دەکردەوە، بەیانییان زوو...هەر هەموو خزمەتکار و گزیر و کارەکەرەکان لەبەردەمیدا ڕیز دەبووین. ئەو خزمەتکارانەی یان خەسیو یان نێرەمووک بوون. ڕێك سەیری پنتێکمان دەکرد لە ئاسۆ و چاومان نەدەترووکاند، بەرلەوەی گزنگ بدا، دەستی دەگەیاندە قامچی و گۆچانەکەی بە دەستی ڕاستی قامچی و بە چەپ کامەی گۆچانەکەی دەگرت و خۆی بەسەردا دەدا...)، (ل ٥١-٥٢)، گێڕەرەوە بەدرێژایی ڕۆمانەکە، چەندین جار باس لە چەوساندنەوەی ئابووریی ژنان و منداڵەکان لە لایەن باوکەکەوە دەکات، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی ڕق و بێزاریی ئەوان لە باوکیان، ئەم جۆرە ستەمانە نییە، ئەوەی وا دەکات لە ئەوان تا مەرگی باوکیان بوێت، بێبەشبوونیانە لە سێکس:


(چی لەو خوشکە قەیرانەم بکەم، کە تا ئەو شەوە بۆنی پیاویان نەکردبوو، لە حەیبەتا دەچوونە گژ ئەسپەکانی باوکم، نێری و کەڵەکێوییەکانی ئەو نێرە پشیلانەیان بەدزییەوە ڕاو دەکرد، کە باوکە بۆ ڕاوەمشک حەساری لێ پڕ کردبوون. نەگبەت بوون ئەو خوشکانەم) (ل٤١).


لە جێگەیەکی تردا گێڕەرەوە لە زمانی براکانییەوە دەڵێت:
(... تاکەی ئێمە ئەسیر بکات، تا کەی شەوانە بەدزییەوە بچێتە گژ ماکەر و ئەسپەکانی؟) (ل ٤٧).


پاڵنەری سێکسیی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و بێبەشبوونیان لە سێکس لە حەساردا، هێندە زۆر و بەهێزە، کە خەونی مرۆڤەکانیشی داگیر کردووە:
(... شەوەهای شەو لەتاو هاوار و زریکە و ڕاوەی ناوەختی ئەوان خەویان لە چاوانم دەزڕاند...ناوی ئەو پیاوانەیان بە زماندا دەهێنا، کە دەکەوتنە نێو تەڵەی خەونەکانیانەوە.بە پەلەپڕوزێ دەرباز دەبوون، شەوەهای شەو دەکەوتنە دوای ئەو تارماییانە. نێوتەوێڵیان بە دەرگاو پەنجەرە و دیواردا دەکێشا، کە بەیانییان لە خەو ڕادەبوون و نەیاندەزانی ئەو خوێنە مەیوەی بەلاجانگیانەوەیە چییە....) (ل٥٢).


داڕشتن و دروستکردنی کەسێتی لە ڕۆمانەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و پشت ئەستوورە بە فەلسەفەیەکی تایبەتەوە. لە ڕۆمان نووسینی کلاسیکدا، کارەکتەر خاوەنی تاکگەرایی نییە و ئەوەی ڕەفتاری کەسێتییەکەی دیاری دەکات (کۆمەڵە). لە ڕۆمان نووسینی ڕۆمانتیکدا کەسایەتیی خاوەن (من)ە، بەڵام (من) لە ڕەهەندی سۆزداری و حەز و ئارەزووەکانی دڵەوە دروست دەبێت. لە شێوازی ڕیاڵیستیدا (واقیعیەت) بنەمای بنیاتی و کەسێتی دروست دەکات و لە شێوازی مۆدێرنیستیشدا کەسێتی بوونەوەرێکی تەنیایە لە جیهانێکی پەرێشاندا و بوونێکی زەینیی هەیە و لە گۆشەنیگای ڕەنگدانەوەی جیهانی دەرەوەیە، کە لە زەینیدا پێکهاتەی چیرۆک لەخۆ دەگرێت. پێشتر نووسیم، ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم ڕۆمانێکی مۆدێرنە، کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانەکە کە خۆیشی گێڕەرەوەیە، لەناو کۆمەڵێکی نامۆ و جیهانێکی خراپدا کەسێکی تەنیایە. کۆی ڕۆمانەکە لە زەینی ئەوەوە دەگێڕدرێتەوە. دیارە گێڕانەوەکەی ئەو دەربڕ و نیشاندەری دیدگا و فەلسەفەیەکی تایبەتە. ڕەفتارەکانی کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکە لەسەر بنەمای ئەم دیدگایانە و تێگەیشتنێکی تایبەت دەربارەی مرۆڤ بنیات نراون. هەموویان حەز و ئارەزوو و دڵەڕاوکێی سێکسییان هەیە، ڕەفتارەکان و پەیڤەکانیان لەبارەی بێبەش بوونیانەوەیە لە سێکس. لەتاو پێویستبوونێکی زۆر بە سێکس، کە لەلایەن باوکەوە سەرکوت کراوە، هاواریان لێ هەستاوە و گرنگترین کرداری ناو ڕۆمانەکە، واتە کوشتنی باوک، بەهۆی ئەوەوەیە، کە ڕێگرە لەسەر ڕێگای پێداویستییەکانی و دەیەوێت ئەو بەربەست و ڕێگرە لابەرێت. دەستەواژەی (گرێی ئۆدیب)مان زۆر بیستووە و خوێندووەتەوە. لە دەروونشیکاریی فرۆیدیدا کوڕی منداڵ دەیەوێت بگات بە عیشقی دایک. لەم ڕێگایەشدا باوک بە ڕکابەری خۆی دەزانێت. لەناوبردنی باوک و گەیشتن بە دایک خەونی ئەوە. گێڕەرەوەی ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم، چەندین جار ژنە جۆراوجۆرەکانی باوکی بە (دایک)ە، بانگ دەکات. کەواتە (رابی)ش، کە گەنجترین هاوسەری باوکێتی، بە (دایک)ی دادەنرێت. ئەو عاشقی (رابی)یە و واتەی عاشقی دایکی خۆیەتی و بۆ گەیشتن بە ئەو، باوکی دەکوژێت. ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای نموونەی (گرێی ئۆدیب) بنیات نراوە و کاری لەسەر کراوە. هەروەها ڕەفتارەکانی تری کەسێتییەکانی ڕۆمانەکە، نموونەیەکی فرۆیدین. کەسایەتیی بەرامبەر بە گێڕەرەوە (پیاوە گۆڕهەڵکەنەکەیە) کە کار و کردارەکانی بەتەواوەتی سێکسییە:
(زێوانێکی شەل و شەهوەتبازیش بوو بە یەکەمین عاشق و دڵداری خوشکە دڵ شکاوەکانم. نامەردانە گەڕا و بازاڕیی لە هەموویان ورد دەبووەوە و قاچێکی بەدوای خۆیدا ڕادەکێشا و بەر و پشت تێیان ڕادەما، نوقورچی لە ڕوومەت و لە کوڵمی یەکە بە یەکیان گیر دەکرد، تا بزانێ هی کامەیان پتر خوێنی تێ دەزێ، چنگی لە ڕانی زۆریان گیر کرد، تا بزانێ هی کامەیان تورتە و هی کامەشیان لەرپە و داکەوتووە...) (ل٤١).


شەهوەتی سێکسیی (گۆڕهەڵکەن) نمرەی ئاسایی مرۆیی زیندووی تێپەڕاندووە و جیهانی مردووەکانیشی گرتووەتەوە..


(من دەمدی.... ئەو شەلە شەهوەت بازەم دەدی، کە کچە تازە مردووەکانی لە گۆڕ دەردەهێنا... بۆنی دەکردن...وەک ئەرژەنگ... لە دواجاردا ئەو کافربابە بێ بنی دەکردن و کەس نەزانم دەنێو گۆڕەکاندا پاڵی دەخستنەوە...) (ل٤٢).


بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، کار و کردارە سێکسییەکانی (گۆڕهەڵکەنەکە) لەسەرووی زەمەنەوەیە. ئەو هێمای پاڵنەر و بزوێنەری سێکسە، کە زەمەن ناناسێت و وەکوو ڕەگەزی (ئیگۆ)یە، لە دەروونشیکاریی فرۆیددا تەنیا بیر لە گەیشتن بە چێژ دەکاتەوە، گۆڕهەڵکەنەکە هێمای مێژووی نێرسالارییە، ئەو نیشانە مێژوویەیی کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە ناتەواوە، هەر لەم ڕووەشەوەیە ئەو بە شەل، یان بەو جۆرەی کە گێڕەرەوە بە (گۆج) بانگی دەکات، خولقێندراوە. ئەو پاسەوانی ئەسپە مردووەکەی باوکی و گۆڕستانەکەیە. ئەسپ هێمای نێربوون و دەسەڵاتی سێکسییە. گۆڕستانیش هێمای مەرگ و مێژووی مردووەکانە. هەر ئەم پێکهاتەیە لە چاوی (گۆڕهەڵکەندا) دەبینین. گێڕەرەوە لە وەسفی چاوەکانی ئەودا دەڵێت:
(یەکەم جار بوو ببینم بنیادەمێک ئەهریمەن ئاسا چاوەکانی دە نێوە چڕی تاریکیدا بە دووباریکەی تروسکەی سوور بدرەوشێتەوە...)(ل٣٩).


ڕەنگی سوور، ڕەنگی ئاگرە، ڕەنگی هێماخوازی شەهوەت، چاوانی سوور بەبیرهێنەرەوەی چاوی گورگە، گورگیش هێمای دڕندەیی و مەرگە.


پیاوە گۆڕهەڵکەنەکە ناوی نییە. وەک باوک و وەک خودی گێڕەوە، کە ناویان نییە. ئەوان نە لە زەمەندا دەگونجێن و جێیان دەبێتەوە و نە لە چوارچێوەی ناوێکدا، کەواتە هەر وەک بزوێنەر و پاڵنەرێکی سێکسی، لە دیدگای (فرۆید)ەوە ئەزەلی و ئەبەدین.