من لە رەقە بووم - 12

غه‌زوه‌ و شه‌ڕ، هەم حەزم لێی بوو هەم دەترسام

مارسى 2015 گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ڕه‌قه‌، جارێكى تر له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا له‌ جێگایه‌كدا كۆبووینه‌وه‌. دیدارگه‌لی چێژبه‌خشمان پێكه‌وه‌ هه‌بوو، هه‌میشه‌ له‌و پێكه‌وه‌بوونه‌ماندا مه‌ڕێك یان بزنێكمان ده‌كرده‌ قوربانى و سه‌رمان ده‌بڕی. هاوڕێكه‌م ئه‌بو شه‌هید، له‌ خه‌ڵكى عه‌وامه‌وه‌ نزیك بوو و له‌و خه‌ڵكه‌ عه‌وامه‌ى كه‌ له‌ ڕیفی بڵاو بووبوونه‌وه‌، مه‌ڕ یان بزنێكى قوربانیى بۆ ده‌هێناین.


ڕۆژگارمان به‌م شێوازه‌ ده‌گوزه‌راند. به‌ ڕۆژدا له‌ یه‌كتر جیا ده‌بووینه‌وه‌ و شه‌وان هه‌مدیسان له‌ ده‌ورى یه‌كتر كۆ ده‌بووینه‌وه‌. له‌و شه‌ودانیشتنانه‌مان، له‌ هه‌ر باس و خواسێكه‌وه‌ قسه‌ و باسمان ده‌كرد، به‌ڵام به‌زۆری قسه‌كردن له‌باره‌ى كوشتن و كه‌سانێك كه‌ ئه‌وانمان بە كافر و مورته‌د ده‌زانى، خۆمان دوور ده‌خسته‌وه‌. بڕیارێكى نه‌نووسراو له‌نێوان شه‌ڕكه‌راندا هه‌بوو. نرخ و بایه‌خى هه‌ر شه‌ڕكه‌رێك به‌و شه‌ڕ و غه‌زواتانه‌ى تیایدا به‌شداریی كردبوو و له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی ئه‌و كوشت و كوشتاره‌ى كه‌ ئه‌نجامی دابوو، ده‌پێورا!


به‌ڵام چیرۆكه‌كانى شه‌ڕه‌كانمان، كه‌ پڕ له‌ خوێن و سه‌ربڕین بوون، به‌و پاساوه‌ى كه‌ نه‌بێته‌ ڕیا و ڕیابازى، له‌باره‌یه‌وه‌ له‌نێوانماندا قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا. توونسییه‌كان هه‌میشه‌ له‌ ڕیزى یه‌كه‌مى شه‌ڕه‌كاندا ئاماده‌ ده‌بوون و به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌پێشه‌وه‌ بوون، له‌ ڕیزى ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمانه‌ بوون، كه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنى بێ سه‌روشوێنكردنى شاراوه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درا!


به‌پێى یاسا، هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئه‌سیرێكى ده‌گرت، مافی له‌پێشینه‌ى كوشتنى ئه‌و ئه‌سیره‌ى هه‌بوو. زۆر شه‌ڕ بوون كه‌ توونسییه‌كان له‌ودا به‌شدارییان كردبوو و پشكى شێریان له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌بوو. پێده‌چێت شه‌ڕى سه‌یته‌ره‌كردن به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌ربازیى (ته‌به‌قه‌) له‌ ئۆگۆستى 2014 باشترین نموونه‌ى ئه‌م شه‌ڕانه‌ بێت. ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ زیاتر له‌ هەزاران نه‌فه‌ر له‌ سه‌ربازانى ئه‌سیربووى حكوومه‌تى سووریا له‌نێوان گووته‌ و بێژه‌ى لااله‌الاالله‌ و ته‌كبیراتى جۆراوجۆر، به‌ خوێنساردیى ته‌واوه‌وه‌ كوژران و له‌نێو بران. له‌و ڕووداوه‌دا توونسییه‌كان زۆرترین ژماره‌ بوون، كه‌ له‌و ده‌ستگیركراوانه‌یان كوشت. ئه‌م كوشتاره‌ ساڵێك پێش له‌ هیجره‌تى من بۆ ڕه‌قه‌ ڕووی دابوو. ئه‌و ڕۆژانه‌ هه‌روه‌ها ده‌یان نه‌فه‌ر له‌ سه‌ربازانى حكوومه‌تى سووریایان به‌پێى په‌تى و ڕووت و قووت هێنا و له‌ ڕیزێكدا دایان نیشاندن و له‌پشته‌وه‌ فیشه‌كیان به‌سه‌ریانه‌وه‌ نا. له‌باره‌ى هیچ كام له‌م شتانه‌ قسه‌مان نه‌ده‌كرد. ئه‌مه‌ یاسای شه‌ڕ بوو، كه‌ هه‌زاران نه‌فه‌ر بۆ به‌شداریكردن له‌ودا هاتبووین. (ئه‌گه‌ر نه‌كوژیت، ده‌تكوژن.)


به‌هه‌رحاڵ، بۆ من قسه‌گه‌لی تر جگه‌ له‌ قسه‌كردن له‌باره‌ى قوربانییه‌كانى جه‌نگ خۆش بوون. له‌گه‌ڵ بوونى قۆناغی ئارامى كه‌ له‌و كاتانه‌دا ده‌مگوزه‌راند، بیری محەمەدئەلزین یان هه‌ر ئه‌و ئه‌بو ده‌جانه‌ى توونسی وه‌كوو (خوره‌یه‌ك) كه‌وتبووه‌ گیانمه‌وه‌. له‌و ڕۆژانه‌دا محەمەدئەلزین به‌ هۆكارێكى نادیار له‌ یه‌كێك له‌ به‌ندینخانه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ ڕه‌قه‌دا زیندانى بوو. ئه‌بو ده‌جانه‌ له‌ وه‌چه‌ى یه‌كه‌مى كه‌سانى كاریگه‌ر له‌ دامه‌زراندنى سه‌ره‌تاى ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ شام (پێش له‌ ڕاگه‌یاندنى فه‌رمیى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ مانگى ڕه‌مه‌زانى 2014) بوو. هه‌ر كاتێك له‌باره‌ى مه‌ته‌ڵی ونبوون و (گرتنى ئه‌و) پرسیارم ده‌كرد، به‌س بێده‌نگى و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ى به‌رامبه‌رم ده‌ست ده‌كه‌وت. سه‌رسوڕهێنه‌رتر له‌ هه‌مووى، ئه‌و بێده‌نگییه‌ بوو كه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌كانى توونس له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌یانبوو. هۆكارى به‌ندكردنى محەمەدئەلزین بۆ من بووبووه‌ جێی گومان، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌ستگیركردنى ئه‌بو ده‌جانه‌ى توونسی بە یه‌كه‌مین شێواز له‌م جۆره‌ ده‌ستگیركردنانه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا دادەنرا.


شتێك كه‌ گومان و شوبهه‌ى منى زیاتر ده‌كرد، ئه‌و بێده‌نگییه‌ موتڵه‌قه‌ بوو، كه‌ ده‌یانویست له‌باره‌ى هه‌ر جۆره‌ ونبوون و نه‌مان یان ده‌ستگیركردن له‌ هێزه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا ده‌بێت هه‌بێت. بابه‌ته‌كه‌ش بۆ هه‌مان ڕووگه‌ى په‌یڕه‌ویكردنى بێ ئه‌ملاولا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ فه‌رمانده‌ و شه‌ڕكه‌رانى ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر خه‌لیفه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیدا هه‌یانبوو و هه‌ر جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌كیان به‌ شێوازێكى موتڵه‌ق ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌. ڕاسته‌ منیش بۆ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى بایه‌خم داده‌نا و ئه‌وم به‌ ڕابه‌رى خۆم ده‌زانى، به‌ڵام له‌ گه‌وره‌ زانینى ئه‌ودا تا سنوورى په‌رستن و پیرۆزى ئه‌و هه‌نگاوم نه‌ده‌نا، ڕێك به‌پێچه‌وانه‌ى زۆر كه‌سانی تر له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا. ئه‌م بابه‌ته‌شم به‌ ڕوونى له‌ زۆر له‌ گفتوگۆكانمدا ده‌بینى. ئه‌م بابه‌تى په‌یڕه‌وكردنى بێ ئه‌ملاولایه‌، به‌ربه‌ستێك له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ ڕه‌خنه‌گرتنێك له‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌كارى، كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ده‌یكرد، دادەنرا.


بوونى ئه‌م هه‌ڵانه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا، هه‌مان ئه‌و (كه‌شفكردنه‌) بوو كه‌ له‌و ده‌ترسام. بۆ دڵدانه‌وه‌ى خۆم هه‌وڵم ده‌دا بابه‌ته‌کە بچووكتر پیشان بده‌م و ئه‌و كۆمه‌ڵێك ڕه‌فتار و ڕای شه‌خسی له‌ ڕوانگه‌مدا دابنێم، كه‌ گوناحه‌كه‌ى له‌ به‌غدادییه‌وه‌ نییه‌. ده‌مگوت ئه‌وه‌ى كه‌ ڕوو ده‌دات ناگاته‌ گوێى شێخه‌وه‌!


ئه‌و زوڵم و سته‌مكارییانه‌ى كه‌ ده‌مبینى، هه‌مان ئه‌و زوڵمانه‌ى كه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌رمانده‌كانى به‌ره‌و به‌ندیخانه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و كارى هه‌ندێكی تریانى به‌ لابردنیان كێشابوو، به‌دواى یه‌كدا له‌ زه‌ینمدا پرسیاریان دروست ده‌كرد. به‌ چاوه‌كانى خۆم درۆكردنى هه‌ندێك و هه‌وڵدانیان بۆ گه‌یشتن به‌ هێز و پلانداڕێژییان بۆ گه‌یشتنه‌ ئامانجى شه‌خسیی قازانج ویستانه‌م ده‌بینى. خوایه‌گیان مه‌گه‌ر ده‌بێت ئێره‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بێت؟!


له‌وكاته‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م پرسیارانه‌م هه‌بوو، نیگه‌رانیشیان ده‌كردم! نه‌مده‌ویست كه‌ ئه‌م پرسیارانه‌م هه‌بێت! من كه‌ له‌به‌ر خاترى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت خۆشه‌ویستترین حه‌ز و خولیاكانم كه‌ هه‌مبوون، له‌ وڵاتى خۆماندا دامنابوو و بۆ ئێره‌ كۆچم كردبوو، هه‌زاران كێلۆمه‌ترم بڕیبوو (نه‌ده‌بوو ئاوا پرسیار و گومانێكم تووش ده‌بوو)، نه‌مده‌ویست ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ده‌وربه‌رم رووی ده‌دا باوه‌ڕ پێ بكه‌م. نه‌مده‌ویست باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌م، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ خه‌یاڵات بووه‌ و من ئه‌م هه‌موو خه‌یاڵاته‌م باوه‌ڕ كردووه‌!


هه‌وڵم دا ئه‌م بیروخه‌یاڵاتانه‌ (كه‌ ئه‌وكات بە وه‌سوه‌سه‌ى شه‌یتانیم ده‌زانین) له‌بیر بكه‌م. هه‌وڵم ده‌دا وه‌كوو هه‌موو موهاجیره‌كانی تر، له‌ ڕه‌قه‌ى پایته‌ختى خه‌لافه‌تدا بژیم.


له‌ ئه‌نته‌رنێت به‌شى هه‌واڵه‌كانم، به‌ هه‌موو زمانه‌كان له‌باره‌ى خۆمان و له‌باره‌ى ڕه‌قه‌ سه‌یر ده‌كرد. ئێمه‌ بووبووینه‌ جێى سه‌رنج و ڕوانینى دونیا. له‌ ئێمه‌ ده‌ترسان. زۆر كات، مه‌وداى زۆر له‌نێوان ئه‌و قسانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى ئێمه‌وه‌ ده‌كران و دۆخێك كه‌ ئێمه‌ به‌ڕاستى تیایدا بووین، هه‌ست پێ ده‌كرد. مه‌ودایه‌كى گه‌وره‌ كه‌ له‌نێوان ته‌مومژى ڕاگه‌یه‌ندراوى تێكه‌ڵاو به‌ شه‌ره‌فمه‌ندى و شانازییه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ورى ئێمه‌ دروست بووبوو، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك دیمه‌نى ده‌رد و ڕه‌نجى ڕۆژانه‌ كه‌ ده‌مانبینى.


من خۆم له‌ گه‌ڕه‌كى (بنكه‌)، هه‌میشه‌ بینه‌رى ئێش و ژانى گشتیى خه‌ڵكى ڕه‌قه‌ بووم. ڕیزى دوور و درێژیان له‌به‌رامبه‌ر جێگایه‌ك كه‌ ده‌وڵه‌ت پێی ده‌گوت: (چێشتخانه‌ى یارمه‌تیدان). ڕیزى ڕه‌شپۆشی ژنانى عه‌وامم ده‌بینى، كه‌ ناچار كرابوون په‌چه‌ لێ بده‌ن، له‌ ڕیزێكى دوور و درێژ به‌ قاپی خاڵى له‌ چاوه‌ڕوانیى سه‌ره‌هاتنیان بۆ وه‌رگرتنى كه‌مێك برنج یان شله‌ ده‌وه‌ستان. ئه‌و ڕیزه‌ ڕه‌شپۆشه‌ى كه‌ به‌ درێژایی شه‌قامه‌كه‌دا ده‌كێشرا و شتێك جگه‌ له‌ شه‌ڕكردنى منداڵانى برسی، كه‌ له‌گه‌ڵ دایك و باوكانیان بوون و هاتبوون، بێده‌نگییه‌كه‌ى نه‌ده‌شكاند.


ئه‌و ڕۆژه‌ كاتێك به‌و گه‌ڕه‌كه‌دا تێپه‌ڕیم، هه‌وڵم ده‌دا كه‌ ئه‌م ڕیزه‌ دوور و درێژه‌ نه‌بینم. من خۆشییه‌كانى ڕه‌قه‌ و خه‌فه‌ته‌كانیم ده‌چه‌شت، له‌گه‌ڵ ژیانى بۆردومانكردنى ڕۆژانه‌ و هه‌رچییه‌ك كه‌ له‌ شاردا بوو، خوو و عاده‌تم كردبوو.