بۆ مه‌رگی كاكه‌ مسته‌فا


مه‌رگی برای خۆشه‌ویستم كاكه‌ مسته‌فا ساڵح كه‌ریم تاساندمی و زۆر خه‌مباری كردم.


به‌تایبه‌ت كه‌ چاوه‌ڕوانی له‌ پڕ ماڵئاواییكردنی نه‌بووم، چونكه‌ به‌ر له‌ سێ هه‌فته‌ كاتێ پتر له‌ نیو سعات به‌ته‌له‌فۆن پێكه‌وه‌ گفتوگۆمان كرد و نه‌ختێكیش ده‌رده‌ دڵمان كرد و بیروڕاشمان له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌م (هه‌ڵاتن له‌ سه‌ربه‌خۆیی) گۆڕیه‌وه‌، دوای ئەوەی بۆم ناردبوو، كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و بۆچوونی جوانی له‌وباره‌وه‌ دامێ، هه‌روه‌ها وا ڕێكه‌وتبووین كه‌ به‌م زووانه‌ بێته‌ هه‌ولێر و یه‌كتر ببینین، بڵێین چی مه‌رگی ئه‌و ڕێگه‌ی ئه‌و دوا دیداره‌ی نه‌داین.


هه‌ر چه‌نده‌ پێش ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دوای شكستی شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ردوولامان له‌ رمادی خۆمان دیته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌مان هه‌بوو، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌وێ مامۆستای هه‌ڵگوردی براشم بوو، هه‌روا دواتریش كه‌ بوومه‌ پێشمه‌رگه‌، ناوه‌ ناوه‌ ئه‌ویش به‌نهێنی سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیێتی ئه‌كرد و هه‌موو جارێكیش به‌هۆی براده‌رانه‌وه‌ سه‌لام و كه‌لامی بۆ ئه‌ناردم، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین تا نزیك به‌دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ كارمان ئه‌كرد، زۆر شتی ئه‌و ئه‌دیب و ڕۆژنامه‌نووسه‌ سه‌رنجی منیان رائه‌كێشا، له‌ هه‌موویان گرنگتر ئه‌و توانایه‌ی بوو له‌ كاركردندا، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك پتر له‌ زۆر له‌و گه‌نجانه‌ی پێكه‌وه‌ كارمان ئه‌كرد، ئه‌و گره‌وی كاركردنی ماندوونه‌ناسانه‌ی له‌ زۆربه‌مان ئه‌برده‌وه‌.


له‌ دوا گفتوگۆی ته‌له‌فۆنیماندا هه‌واڵی ئه‌وه‌ی دامێ كه‌ دوو كتێبی تازه‌ی چاپ كردوون و به‌ڵێنی دا له‌ڕێی براده‌رێكمانه‌وه‌ بۆم بنێرێ، به‌داخه‌وه‌ هێشتا به‌ده‌ستم نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵام دڵنیام ئه‌و هه‌مان ڕۆژ داویه‌تیه‌ ده‌ست براده‌ره‌كه‌مان و لای ئه‌و دواكه‌تووه‌، چونكه‌ شاره‌زام كه‌ له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كار و به‌ڵێنه‌كانیدا چه‌نده‌ پابه‌ند و ته‌ڕده‌ست بوو. كاتێ باسی دوو كتێبه‌كه‌شی كرد، هێندێ گله‌یی له‌وه‌ كرد كه‌ كه‌س بۆی چاپ نه‌كردووه‌ و خۆی ئه‌ركی چاپكردنه‌كه‌ی گرتووەته‌ ئه‌ستۆ.


دڵنیام، كه‌ له‌ چله‌كه‌یدا ده‌زگاكه‌ی خۆی بۆنه‌ی تایبه‌تی بۆ ساز ئه‌كا، كه‌ شایسته‌یه‌تی، به‌ڵام من پێشنیارێك بۆ مه‌ڵبه‌ندی گشتیی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئه‌كه‌م، ئه‌وانیش پێكه‌وه‌ و به‌هاوبه‌ش دوای ئه‌و یادكردنه‌وه‌ فه‌رمیه‌، به‌شێوه‌یه‌كی تر له‌ پایته‌ختی كوردستان و له‌ دووتوێی هێندێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مسته‌فا ساڵح كه‌ریمی چیرۆكنووس و هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌نووس یادی بكه‌نه‌وه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌ره‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی كه‌ خۆشحاڵم هێشتا له‌ ژیاندا ماون، وه‌ك دكتۆر عیزەدین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، كاكه‌مه‌م بۆتانی، حسێن عارف، ره‌وف بێگه‌رد، حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی، ره‌وف حه‌سه‌ن و زۆری تر، ئه‌توانن له‌باره‌ی شێوازی چیرۆك نووسینی ئه‌و، بابه‌تی تری په‌یوه‌ست به‌دنیای چیرۆك نووسی ئه‌و سه‌رده‌م و بگره‌ ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌كانی نێوان ئه‌دیبانی كورد له‌و سه‌رده‌مانه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن.


له‌و بواره‌دا پێمخۆشه‌ ئاماژه‌ به‌سێ چیرۆكی دانسقه‌ی خوالێخۆشبوو بده‌م كه‌ شایانی له‌ نوێوه‌ لێوردبوونه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ن، بریتین له‌ چیرۆكه‌كانی (شه‌هیدانی قه‌ڵای دمدم، ڕه‌شپۆشێكی جیهانی چواره‌م و باڵنده‌كان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوێستان). وه‌ك چۆن شاره‌زایانی بواری مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیش ئه‌شێ ئه‌و بۆنه‌یه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ باسكردنی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ كاك مسته‌فا له‌ ڕۆژنامه‌ی ژینه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، ڕه‌نگه‌ مامۆستایان ڕه‌فیق ساڵح و سدیق ساڵح و نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د و جه‌مال خه‌زنه‌دار و به‌ڕێزانی تریش له‌وباره‌وه‌ توێژینه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. هاوكات ئێستە ڕه‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی گه‌نج و ئه‌كادیمییش پێگه‌یشتوون، كه‌ گرنگه‌ ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وانیش له‌و باره‌وه‌ بڕه‌خسێنرێ تیایدا به‌شدار بن.


دوا وشه‌م، كه‌ پێشنیارێكه‌ ئه‌وه‌یه له‌ زانكۆكاندا (به‌شه‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ڕۆژنامه‌گه‌ری) له‌ مه‌رگی كاك مسته‌فاوه‌ نه‌ریتێك دابهێنرێ، هه‌ر كاتێك نووسه‌رێكی ناسراو و به‌توانا یان هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو و به‌بڕشت و یان هه‌ر داهێنه‌رێكی تر كۆچی دوایی ئه‌كا، مامۆستایانی پسپۆڕی ئه‌و بوارانه‌ له‌ زانكۆكان و په‌یمانگاكانی كوردستاندا له‌وانه‌ی خۆیاندا چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ باسكردنی هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیبه‌كه‌ ته‌رخان بكه‌ن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پێشنیاره‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی تری بواری سیاسه‌ت و ئه‌كادیمیا و بواره‌كانی تریش ئه‌گرێته‌وه‌.