پزیشک ڕووخساری هاوشێوە بە خانمان دەبەخشێ یان جوانکاریی (تی ئێن تی) ڕووخساری خانمان

هەر جوانییەک هاوتەریبی جوانی ناخ نەبێ بێ بایەخە

پێوەرەکانی جوانی چین؟
بە کام پێوەر تۆ خۆت بە ناشیرین دەزانی؟
ئایا لەسەر شێوەی رووخسار بڕیاری جوانیی دەدرێت؟
بەها ئینسانییەکان، بەها جوانییەکان پێچەوانەی یەکترن، یان تەواوکەری یەکترن؟

 

پێشەکی
لەو وتارەدا دەمەوێ لەو هۆیانە بدوێم، کە خانمێک ناچار دەکات، لەپێناو (جۆرێک لە جوانی) خۆی بخاتە بەر نەشتەری دکتۆر. ئەو هۆیانە چین؟ ئایا بە ڕاستی جەستە پێویستی بە بڕین و لێکردنەوە و زیادکردن و قەبەکردن و ئەستوورکردن، خڕکردن و نیشانەکردن هەیە؟ ئایا ئەو جوانییەی هۆکارێکی تەندروستیی لەپشتەوە نییە، جوانییەکی ڕاستەقینەیە یان وەهمی؟ ئەو جوانییە لە ناخەوە (کەسەکە) خۆی دەیەوێ یان لەدەرەوە بەسەریدا سەپێنراوە؟ ئەوەی زۆر گرنگە، ئەو کەمکردنەوەیە یان زیادکردنەی جەستە بۆ ژیان و تەندروستیی جەستە پێویستە یان کێشەیە؟
هەر بەو ئاڕاستەیەدا هەوڵ دەدەم لە ڕاستییەک نزیک ببمەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەو دەستکاریکردنانە، ئاسوودەیی دروست دەکەن، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا یان سێکسیدا، بەکار دێن. بەکورتی ماچێک بە لێوێکی وا زلەوە بەلەزەتترە لە ماچێک بە لێوێکی باریکەوە؟ ئایا کوڵمەیەکی خڕ و ئەندازەیی وەک سێو، پڕ لە نایلۆن و فیلەر بۆ ماچکردن و لەزەت دەبن، یان تەنیا بۆ نیشاندانە؟ ئایا دەست خستنە سەر سمتێکی پڕ لە سیلیکۆن، گەرمیی دەخاتە پەیوەندییەوە؟
بەکورتی، ئایا ئینسانی ئێستا بۆ دەرەوەی خۆی دەژی، یان بۆ خۆی دەژی؟

 

جوانیی ژن
ناونیشانەکەیم کردە ژن، چونکە ژن بۆ ژیان و خۆشەویستی و دۆستایەتی و فڕین زۆر لە ئافرەت گونجاوتر و کاریگەرترە. نازانم ئافرەت زیاتر بۆ سیاسەت و ناو ڕستەی سارد و حورمەت و ئەو شتانەی باشە. ژن لە دۆستایەتی، ژن لە عەشق، لە ئاو نزیکترە، ئافرەت وەک وشە دەچێتەوە سەر ڕەچەڵەکی حورمەت، مەردانە، پەیمان و بەڵێنی پیاوانە و فیداکاریی لە ڕێگای خاک و نیشتمان، کە ئەوەش پێویستی بە بۆتۆکس نییە.
باسەکەی خۆمان، جوانیی ژن لەچیدایە؟
مێژووی ژن، مێژوویەکی پڕ و دەوڵەمەند و پڕ جوانی و نەوە خستنەوەیە، بە تەنیشت دەریایەک خوێن و غەدر و خیانەتەوە. ئەو نێرینەی لە ژنەوە دێتە دنیاوە، دواتر دەبێتە کوڕ و باوک و مێرد، هەمووشیان بە بۆنی جەلادەوە.
مێژوو دەڵێ، سەردەمێک ژن ئاغا و سەروەر بووە، بڕیاردەر و سەرمایەدار بووە، سەرپاڵە و کوێخا بووە. هەموو شتێک هی ئەو بووە، بە پیاویشەوە. ژن هەبووە یەک (نێرەگەل) پیاوی هەبووە، لەسەر وەزنی (مێگەلە ژن). لەگەڵیاندا جووت بووە، یان نا، ئارەزووی خۆی بووە، دواتر لە تاریکیدا منداڵێکی بووە، پیاو بەو چاوە سەیری کردووە، کە ژن (یەزدانە)، توانای هێنانە وجوودی ئینسانی هەیە، توانای خەڵقکردنی ئینسانی هەیە. پیاو نەک هەر ڕێزی ژنی گرتووە، یان نەک هەر لێی ترساوە، بەڵکوو پەرستوویەتی، کڕنۆشی بۆ بردووە. ئەو سەردەمە سەردەمی مێ بووە، جارێ مەمک بەو هەموو شیرەوە پیاوی بەتەواوی کەر کردووە، چونکە ئەو شیری نەبووە و نەیتوانیوە هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لەگەڵ کۆرپە یان منداڵ دروست بکات.
پیاو لە تاریکیدا بووە، لە رووی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی لە گرووپ یان خێزاندا، بە مەزندەی مێژوو پێش دەرکەوتنی ئایینەکانە، بە ئاسمانی! و زەمینەکانیانەوە. لەو سەردەمەدا پیاو کارێکتەرێکی پاسیڤ بووە، نەیزانیوە منداڵ خستنەوە پەیوەندیی بەوەوە هەیە. کائنێک بووە بۆ ئیشکردن و گوێڕایەڵی.
گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژوو، (کە وردەکارییەکانی زۆر دوور و درێژن) دیارترینیان، منداڵبوونە. منداڵبوون کاریگەریی بەسەر جەستەی ژنەوە، پاشەکشەی بەو دەسەڵاتەی ژن کرد، پیاویش لەجیاتی ئەوەی بە مافی خۆی ڕازی بێت، وەک بەشی هەرە زۆری شۆڕشەکانی ناو مێژوو، بە کۆیلەکردنی گرووپێک و سەرکەوتنی گرووپێک کۆتایی هات.
پیاو زۆر دڵڕەقانەتر ژنی خستە ژێر ڕکێفی خۆی. کردی بە بابەتی خۆشی و لەزەت و ڕابواردن و چەوسانەوە و بازرگانی پێکردن و کارکردنیش. شوێنەواری ئەو چەوسانەوە تەیقلیدیە تا ئەمڕۆ بە خێڵە کۆچەرییەکانەوە دیارە، بەتایبەتی خێڵە کۆچەرییە عەرەبەکان، کە ژن منداڵی دەبێ، ڕشماڵ دەچنێ و خواردن لێ دەنێ، جلکوبەرگی خۆی و منداڵەکانی و مێردەکەیشی ساز دەکات.
ناکرێ نموونەی زۆر بۆ ئەو ڕایانە بهێنینەوە. لە مێژووی نزیک، ئەوەی زۆر گێڕدراوەتەوە، ئەو مێژووە کەمەیە کە دەکەوێتە پێش دەرکەوتنی ئیسلامەوە. پیاوان ژنیان بە مێگەل ڕاگرتووە، لێیان فرۆشتوون، زایەیان کردوون، دواتریش بە میرات بۆ کوڕەکانیان ماوەتەوە.
ئەو مانەوەی بە میراتە و بەدیاری ناردنە تا سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلامیش گەیشتووە. باوک کە دەمرد، کۆمەڵە ژنێکی لەدوا بەجێ دەما. چەندانیان وەک ژن و دایک منداڵەکانیان و هەندێکیان وەک کەنیزەک و بەشی شەڕ و هەندێکیان وەک کۆیلە و کڕدراو. هەموو ئەوانە لە کاتی مردنی باوکدا بەپێی عورف و دین بەسەر میراتگرەکاندا دابەش دەکران. واتا ژنەکان وەک کەلوپەل و ئاژەڵەکانی دیکە دابەش دەکران، هەتا کوڕ بۆی هەبوو لەگەڵ ژنەکانی باوکیدا بنوێ، تەنیا دایکی خۆی نەبێ. ئەو کەنیزەک و ژنە کڕدراوانە بە هاوبەشی، هەموو نێرینەکانی ماڵ بۆیان هەبوو لەگەڵیان جووت ببن.
ئەوەی پەیوەندیی بە بە (دیاری) ناردنی ژنیشەوە هەیە، وەک زانیمان هەر لە سەردەمی ئیبراهیمەوە هەبووە، کە (سارا) هاجەری کەنیزەی خۆی وەک دیاری پێشکەشی ئیبراهیم کرد و ئەویش قبووڵی کرد. هەتا لە سەردەمی ئیسلامیشدا، بەدیاری ناردنی ژن باو بووە.
بۆ سەلماندنی دۆستایەتیی نێوان عەلی کوڕی ئەبوو تاڵیب و عومەری کوری خەتاب، کاتێک خەلیفەی موسڵمانان بووە، قسەیەکی عەلی کوڕی ئەبوو تاڵیب دەهێننەوە کە دەڵێ، من دیاری و کەنیزەکم جگە لە خەلیفە عومەر لە کەسی دیکە وەرنەگرتووە، ئەوەشی بەو بۆنەوە گوتووە، کە بەشی خۆی لەو ژنانە بۆ دەنیرێ، کە لە وڵاتی فارس وەک کەنیزە و غەنیمەت بۆ مەککە و مەدینە هێنرابوون. دواتریش لەو ژنە فارسەی بەدیاری دەیدەنە ئیمامی حوسێن، زەین عابدین لە دایک دەبێ، کە یەکێکە لە دوازدە ئیمامەکەی شیعە.
ئاست و پایەی ژن نەک لە ڕۆژهەڵات لە تەواوی دنیادا هاتووەتە خوارێ و ئەو شکۆ و گەورەییەی جارانی نەماوە. ڕاستە لە کولتووری تەواوی گەلاندا، شوێنی ژن، بەتایبەتی دایک بەرزە، بەڵام ئەو شوێنە تەنیا لە ئەدەبیاتی ڕۆژانە و کاتی سۆزدا بووە. دەنا نیشتمانی ژن لە ماڵدا و لە ماڵیشدا لە خواردن دروستکردن کورت کراوەتەوە. دەنا ژن هەرگیز حورمەتی ڕاستەقینەی لێ نەگیراوە و هەموو ئەو ستایشانەی کراویشە رواڵەتین و لە ژیانی ڕۆژانەدا نرخیان نییە.
هۆیە سەرەکییەکانیش ئەوانەن:
یەکەم: منداڵبوون، منداڵبوون کاتێکی زۆری ژن داگیر دەکات، نۆ مانگ تەنیا لە سکیدا دەبێت، سێ نۆ مانگی دیکەش بە باوەشیەوە، لەو ماوەیەشدا منداڵێکی دیکە و منداڵێکی دیکە.
دووەم: منداڵبوون تەنیا کاتی ژن ناگرێ، بەڵکوو بەردەوامبوونی لەسەر سک و زا، جەستەشی تێکدەشکێنێ و هەموو ئەندامەکانی ماندوو دەبن، ئەگەر چاودێری و ئاگادارییەکی بەردەوام نەبێ، جەستەی ژن بەتەواوی دادەکەوێ و توانای خۆ بنیاتنانەوە و هەستانەوەی نامێنێ.
سێیەم: هەر ئەو ماندووبوونەی جەستەشە، وا دەکات تەمەنی ژن هەم کورتتر بێت، هەم لە کاتی ژیانیدا بەتەمەنتر دەرکەوێ، تا ئامادەیی ئەوەی تێدابێ شوێنی خۆی لە خێزاندا بداتە ژنێکی دیکە، کە هەوێیەتی.
چوارەم: بۆ ئەوەی ژن بە یەکجاری لە بواری ئابووری و سەرمایە دوور کەوێتەوە، بەتەواوی لە بازاڕ پاشەکشەیان پێ کرد، سیستەمی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەوە داڕێژرایەوە، کە یاخیبوونی ژن لە ماڵ یان هاتنە دەرەوەی، واتا داڕمانی خێزان و لێکهەڵوەشانەوەی کۆمەڵگە.
پێنجەم: هاتنە دەرەوەی ئێستای ژن، یان کارکردنی، تەنیا کارکردنێکی ڕوواڵەتییە، واتا ژن ئازادیی سەرمایەی نییە، ناتوانێ بۆ خۆی پارەکانی خەرج بکات، پلان بۆ ژیانی دابنێ. ئەو دەتوانێ کار بکات، مووچە وەرگرێ، لە کاتی خۆیدا بێتەوە، منداڵ بخاتەوە، خزمەتی گەورە و بچووک بکات.
(با کەس لێوی لەبنەوە با نەدات، ئەوە حاڵەتی تایبەت ناگرێتەوە، کە ژن و پیاوێک ژیانی یەکتریان کردووەتە دۆزەخ).
شەشەم: ئەو پاشەکشەیەی ژن، ئەو جێگۆڕکێیە مێیژووییە، لەسەر ئازادیی جەستە یان سێکسی زۆر بەتوندی ڕەنگی دایەوە. کۆمەڵگە هیچ کارێکی نەما جگە لە چاودێریکردنی (هەست و جەستەی)ی ژن، یان بەڕوونتر، گرنترین ئەرکی کۆمەڵگە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات چاوێردیکردنی (زێ و مەمک)ی ژنە، هیچ کەتنێکی گەورەی سیاسی، خیانەت و دزین، فێڵکردن و درۆکردن، کوشتن و بڕین، گەندەڵی و ملشکانی یەکتر، هیچیان ئەوەندەی ژن، ئەوەندەی ئەندامی زاوزێی ژن سزا و چاودێرییان لەسەر نییە. کەواتە ژن لەو کائینەی کە بڕیاری دەدا، کاری دەکرد، سەردار بوو، دابەزییە حاڵەتێک کە هیچ (هەڵبژاردنێک) بە دەستی ژن نییە، ناخۆشترین حاڵەتیش ئەوەیە، ژن ناتوانێ ئەو کەسە هەڵبژێرێ کە دەیەوێ لەگەڵیدا بژیت، واتا، ژن هەڵدەبژڵردرێت، هەڵنابژێرێ. لایەنی سێکس و هەستی بەتەواوی قوفڵ کراوە.
ئەوانەی سەرەوە هەم هۆکارن، هەم ئەنجام، هۆکاری پاشەکشەی ژنن لە مەیدانی ژیان و ململانێی بوونەوەرەکان. لە باشترین حاڵەتدا، ژن بووە بووکەشووشەی دەستی پیاو، لە باشترین حاڵەتدا لە ماڵ بەند کرا، تا پیاو، تا کەڵەگاکەی دێتەوە. ئەوانە بابەتی قووڵ و فڕە ڕەهەندن، تەنیا چەند سەرەقەڵەمێکم لێ نووسین، دەنا، من مەبەستم ئەوەیە:
ژن بەو حاڵەوە، دەکەوێتە کوێی جوانییەوە، دیدی ژن بۆ جوانی چییە؟ ئەگەر ژن سەرمایەی بەدەست نەبێ؟ ئەگەر نەتوانێ هاوبەشی ژیان هەڵبژێرێ؟ ئەگەر ئەو وەک بەشێک لە کەلوپەل سەیر بکرێ، لە باشترین حاڵەتدا پرسی پێ دەکرێ، دەکرێ ڕازی بێت، بەڵام ناتوانێ بڕیار بات.
ڕستە گرنگەکە:
ژن بڕیار لەسەر جوانیی خۆی نادات، ژن کاڵایە نەک کارێکتەر. کەواتە، کەسێک کاڵا بێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئێستا دەکرێت بێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان، کە نەشتەرگەریی جوانکارییە.

 

جلک و بەرگ و ژن
بابەتەکە داوام لێ دەکات، شتێک لە مێژووی جلک و بەرگ و پێویستی داهێنانی یاد بکەمەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بابەتەکە زۆر درێژ نەبێتەوە، چاوم لەوە پۆشی. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ژنەوەیە هەیە.
- ژن نە بۆ خۆگەرمکردنەوە و نە بۆ پاراستنی پێست و نە بۆ ڕازیکردنی خۆی جلک لەبەر ناکات، بەڵکوو ئەو یەک تاکە مەبەستی هەیە، ئەوەیش ئەوەیە، کە کۆمەڵگە لەو جۆرە پۆشینەی ڕازی بن، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتییش واتا پیاو، واتا پیاو لە جلکوبەرگەکەی ڕازی بێت.
واتا: کاتێک ژن باڵاپۆشە، سەراپای خۆی داپۆشیوە، نە لە سەرمانە و نە بەوردیش شارەزای ئەوەیە کە دەبێ کوێی داپۆشێ، نە مێژووی باڵاپۆشیی دەزانێ، ئەو یەک تاکە مەبەستی هەیە، کە وەک کارێکتەرێکی خۆپارێز، ئیماندار، بەئەدەب، خۆڕاگر دەرکەوێت، چونکە کۆمەڵگە یان پیاوە ئەوەی بەدڵە. پیاو شانازی بەو ژنانەوە دەکات و بە (مەردیان) دادەنێ. جوانیی خۆی دەشارێتەوە، ناسکیی خۆی نیشان نادات، هەموو شتێکی خۆی بۆ مێردەکەی، بۆ پیاوەکەی هەڵگرتووە.
- لەلایەکی دیکەوە، کە ژن پۆشاکی تەسک و پیاوکەر کەر لەبەر دەکات، هەرگیز بە مانای ئەوە نایات، کە حەزی لەو جۆرە جلانەیە، مانای ئەوە نییە، حەزی لێیە هەمیشە سمتی خڕ و مەمکی قیت و کوڵمەکانی ئاگرین دەرکەون، نا بۆ خۆی ئەوانەی بەلاوە گرنگ نییە، ئەوە پیاوە ئەوەی خستووەتە مێشکی ژنانەوە (بەگشتی) کە ئەو مۆدیلە لە ژن، دڵ لەتلەت دەکەن، عەقڵ دەدزن و هۆش ڕادەکێشن.
ئەوەی گرینگە:
کۆمەڵگەی پیاوسالار، کۆمەڵگەی نێر (وێنایەکی) بۆ ژنی سەرنجڕاکیش دروست کردووە، ژنیش بە هەموو توانایەوە، کە خۆیشی لەسەر پارچە پارچە کردبێ، کە تەندروستیی خۆیشی لەسەر دانابێ، دەیەوێ بگات بەو وێنەیە کە لای پیاو وێناکردنێکی نموونەییە.
دوای ئەو هەموو دەردەسەرییە، گەیشتمە ئەو شوێنەی کە دەکرێ، مەبەستەکەم بڵێم، ئەویش بە شێوەی پرسیار:
ئایا ژن ئەو هەموو جوانکارییە دەکات، پێویستییەکی ناخی خۆیەتی؟
ئایا ژن بۆ خۆی حەز دەکات لێوی پڕ کات لە سیلیکۆن، کە پەنجەرەش لەو مادەیە بێزار بووە؟
ئایا ژن حەز دەکات سمتی بە نایلۆن و فلین (ئەوە ناوانەم بە مەبەست بەکار هێناوە) ئەوەندە بەرز کاتەوە، وەک ئەوە وابێ هەمیشە دۆشەکەڵەیەکی پڕ لە تەبەدۆی لە سمتی خۆی بەستبێ؟
تا من دێمەوە، هەر کەسەتان دەکرێ هەندێ لە وەڵامەکانی خۆتان بنووسن. لە دەفتەری بیرەوەرییەکانتان، نا، لە پەڕەی دڵتان.
ببوورن: لە ژمارەی ڕابردوودا، لە ناونیشانەکەیدا هەڵە هەبوو، ئەوەش خەتای من بوو. ببوورن.