دره‌وشانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى به‌ختی حه‌سه‌ن ته‌شكۆ

ته‌یراوه‌.. هه‌ر به‌ پیاسه‌ - 25

سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو و رێكکه‌وتن و راگەیاندنى به‌یاننامه‌ى (11)ى ئازارى نێوان شۆڕش و حكوومه‌تى به‌عس، بووه‌ وێستگه‌ و قۆناغى حه‌سانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانى شۆڕشى ئه‌یلوول. هه‌ر له‌م قۆناغه‌شدا كه‌ به‌ بوژانه‌وه‌ و حه‌سانه‌وه‌ ناسراوه‌، ده‌یان پێشمه‌رگه‌ و كادیرى شۆڕش، ئه‌وانه‌ى كوڕ بوون و بوخچه‌ى نه‌كراوه‌ بوون، كه‌وتنه‌ هه‌ڵپه‌ى ژنهێنان و هاوسه‌رگیرى. به‌م شێوه‌یه‌ش ئاهه‌نگیان ده‌كرده‌ دوو ئاهه‌نگ و خۆشیى سه‌ركه‌وتنى شۆڕش و رێککەوتننامەی (11)ى ئازارى مێژوویى، له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگى بووكگواستنه‌وه‌ و شایى و ڕه‌شبه‌ڵه‌كى سێ شه‌و و سێ رۆژه‌.


جا له‌م شایى و ئاهه‌نگ و خۆشى و به‌زم و ره‌زمانه‌ى ته‌یراوه‌ى، پاڵه‌وانانى سه‌ره‌كى و هه‌ڵسوڕاوانى شایى و ره‌شبه‌ڵه‌ك، سه‌ید كه‌ریمى زوڕناژه‌ن و عه‌دۆى دۆڵه‌نگێو و حه‌سه‌ن ته‌شكۆى سه‌رچۆپیكێش، داینه‌مۆى سه‌رجه‌م ره‌شبه‌ڵه‌كه‌كان بوون.


حه‌سه‌ن ته‌شكۆ، پیاوێكى كورته‌ك و شه‌ڵوار ره‌ش له‌به‌ر و جه‌مه‌دانیى قیت و پشتێنى گرێ گرێى گوڵ گوڵی و باڵا به‌رز و ره‌قه‌ڵه‌ و ته‌مه‌نى په‌نجا ساڵێك ده‌بوو، هه‌ر كه‌ به‌ نه‌زمى ئایشۆكێ و فاتمێ زاڵمێى زوڕناى سه‌ید كه‌ریمى ده‌هاته‌ ناوه‌ڕاستى شایى و خۆى ده‌لاوانده‌وه‌ و به‌ نه‌زم و به‌ به‌زم ده‌ستێكى له‌ كه‌مه‌رى گیر ده‌كرد و به‌ ده‌سته‌كه‌ى دیشى ته‌سبێحه‌ زه‌رده‌ به‌گوڵینگه‌كه‌ى راده‌وه‌شاند، ژن و پیاوى ناو شایى حه‌یرانى ده‌بوون و باشتر و به‌گوڕتر هه‌ڵده‌په‌ڕین و دڵیان خۆشتر و ئاهه‌نگه‌كه‌ خۆشتر ده‌بوو.


هه‌ر زوو به‌ زوو ناو و ناوبانگى (حه‌سه‌ن ته‌شكۆ)ى له‌ ته‌یراوه‌ى بڵاو بووەوه‌ و له‌ هه‌ر كێنده‌رێ شایى و زه‌ماوه‌ند و زیڕ و هۆڕى زوڕناى سه‌ید كه‌ریم و رمب و هۆڕى دۆڵى عه‌دۆى دۆڵه‌نگێو بهاتبا، ئه‌وا هه‌ر بابایه‌ و له‌لاى خۆیه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌ستگرتنى ریزى شایى. چاویان بۆ حه‌سه‌ن ته‌شكۆ ده‌گێڕا، سه‌رچۆپیش له‌سه‌ر ئه‌و تاپۆ ده‌كرا، هه‌تا ئه‌و سه‌رچۆپیى كێشابا، كه‌سى دى غیره‌تى وه‌ى نه‌ده‌كرد پڕ داته‌ سه‌رچۆپى و نه‌زمى شایى و ته‌بیعاتى (ته‌شكۆ)ى بترشێنێ!


ئه‌وێ رۆژێ وه‌ى لێ هات، هه‌ر كه‌ كوڕه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌چووه‌ داخوازیى كیژه‌ ته‌یراوه‌ییه‌ك و پێك ده‌هاتن، ده‌با هه‌موو شته‌كیش ببڕاباوه‌، به‌ڵام ماڵى بووكێ تاكه‌ یه‌ك مه‌رجیان زۆر به‌توندى له‌سه‌ر كاكى زاوا ده‌سه‌پاند:
-ده‌بى شاییه‌كه‌ به‌ زوڕناى سه‌ید كه‌ریم و دۆڵى عه‌دۆى بگه‌ڕێ و سه‌رچۆپیش مام حه‌سه‌ن ته‌شكۆ بیكێشێ، ئه‌گه‌ر نا بووك هه‌ر له‌ مارێ ده‌بى و پێ له‌ ده‌ركه‌ى حه‌وشێ ناوێته‌ ده‌رێ.


هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ش بووبووه‌ ئیتقات، هه‌ر شاییه‌كى بووك و زاواى ته‌یراوه‌ییان حه‌سه‌ن ته‌شكۆ سه‌رچۆپیى نه‌كێشابا، وا حیساب ده‌كرا بووك و زاوا ماره‌ییان نه‌هاتییه‌ و حه‌رامه‌ لێك نزیك ببنه‌وه‌ و وه‌كى خوشك و برایانن.


له‌م نێوه‌نده‌شدا، بازاڕى ته‌شكۆى گه‌رم بوو، هه‌ ركه‌ ده‌چووه‌ ناو گه‌ڕى شایى و چاوى به‌و هه‌موو ژنه‌ زه‌رد و سۆر و به‌ژن زراڤانه‌ ده‌كه‌وت، به‌گوڕتر هه‌ڵده‌په‌ڕى و باشتر ده‌یعواند و بێمنه‌تتر مگێزى بۆ دۆى شایى ده‌بزوا و سه‌رى به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و ده‌ستى راده‌وه‌شاند و هاواره‌ ده‌كرد:
-هه‌ى دۆۆ.. وه‌ى دۆۆ!


ده‌بوایه‌ ده‌لعاز ماڵه‌ زاوا كیژوكار و ژنه‌ مێخه‌ك له‌ مل و گه‌ردن كێله‌ بۆنخۆشه‌كان ره‌وانه‌ى ده‌ستى ته‌شكۆى بكه‌ن، هه‌ر له‌به‌ر هیچ نا، هه‌تا كه‌یف و خۆشى و جۆش و خرۆشى شاییه‌كه‌یان سارد و سڕیى تێ نه‌كه‌وێ.


واى لێ هاتبوو حه‌سه‌ن ته‌شكۆ ده‌یزانى له‌ شاییان مه‌رغووبه‌ و ماڵى بووك و زاواى ده‌ستى لێ به‌رناده‌ن و ئاره‌زووه‌كانى جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، جارجاره‌ گران ده‌یفرۆشت و مه‌رجى داده‌نا، مه‌رجه‌كه‌شى هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو:
- با لە شاییه‌كه‌تان ژن و كیژ زۆر له‌ پیاوان زیاتر بن، ئه‌گه‌ر (سه‌ید كه‌ریم و عه‌دۆ )مان له‌گه‌ڵ نه‌بى، ئیشه‌كه‌ سه‌لكه‌ تووره‌كى ناینى و به‌ شایى حسێب نییه‌، هه‌ڕون مه‌ولووده‌كى له‌ مزگه‌فتێ بخیننه‌وه‌ و ئاوێ بینن و ده‌ستان بشۆن و كه‌سیش ماندى مه‌كه‌ن.


له‌ زه‌ماوه‌ندى ئامۆزایه‌كى دایكم، كه‌ پاشنیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌یه‌ك شایى دامه‌زرا و رمب و هۆڕى ده‌هۆڵ هه‌ناوى كیژوكار و كوڕه‌ جحێڵانى ده‌هێنا هه‌له‌كه‌سه‌مایێ، هه‌تا تاریك داهات له‌ناو كۆڵانێ و له‌ به‌رده‌ركى ماڵى دایه‌ حاجى به‌سێ، له‌وسه‌رى هه‌تا ئه‌وسه‌رى شایى گه‌رم بوو، حه‌تمه‌ن پاڵه‌وانى بێ ڕكابه‌ریش هه‌ر حه‌سه‌ن ته‌شكۆ بوو، ئه‌و ئێواره‌یه‌ حه‌شرى به‌ سه‌رچۆپى كرد و سه‌رتاپاى له‌شى ئاو و ئاره‌قه‌ بوو و به‌ دار و به‌ردیش رانه‌ده‌وه‌ستا.


بۆ نانى ئێواره‌ ماڵى زاوا شله‌ ساواریان بۆ مێوانان لێ نابوو، ئیدى نان خورا و ژن و پیاو تێر و پڕ بوون، له‌ كاتى شه‌و راكشان، ده‌سته‌ى پیاوان له‌ ژوورێكى لاچه‌پى ماڵى زاوا كه‌وتنه‌ گه‌مه‌ى كڵاوكڵاوانێ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نگوستیله‌ و ده‌سته‌گوڵ لێدان. هه‌ر له‌ په‌ناوه‌ش ورده‌ ورده‌ (بیره‌)ى سارد هه‌ڵده‌قوڕێنرا و سه‌ر گه‌رم ده‌كرا. شه‌وى وا كێ ده‌نوێ؟ بووه‌ نیوه‌ شه‌و و كوڕگه‌ل برسییان بوو، چى بكه‌ن و چى بخۆن؟ به‌م نیوه‌ شه‌وه‌ چ حازر ده‌كرێ؟ هه‌ینێش، حه‌سه‌ن ته‌شكۆ به‌هانایانه‌وه‌ هات. له‌بیرمه‌، من و چه‌ند هاوزه‌یه‌كم له‌ژێر قاڵدرمه‌ى ماڵى زاواى خه‌ریكى قسه‌ و فشقیات بووین، حه‌سه‌ن ته‌شكۆ به‌ پارێز به‌ سه‌ربانی كه‌وت و هه‌نده‌ى نه‌برد بووه‌ قیژ و هۆڕى مریشكان، ده‌ستبه‌جێش ته‌شكۆ به‌ دوو مریشكى قه‌ڵه‌و هه‌ر به‌ پارێز هاته‌وه‌ خوارێ و ده‌ستوبرد هه‌ردووكى سه‌ربڕى. ئێمه‌ش كه‌وتینه‌ هاریكارى و مه‌نجه‌ڵ و ته‌داره‌كى خواردنێمان بۆ په‌یدا كرد. ئیدى به‌ گورجوگۆڵى یه‌ك مه‌نجه‌ڵى گه‌وره‌ى مریشكى به‌ چه‌لاوى خۆى پێگه‌یاند و نانى تیرى ته‌ڕ كرا و پیاز و ته‌ماته‌ قاش قاش كران، ته‌شكۆش به‌ خۆ و به‌ مه‌نجه‌ڵه‌وه‌ به‌ناو مه‌جلیسێ كه‌وت و وه‌ك ئه‌وه‌ى نهێنى نه‌دركێنێ و گوایه‌ خواردنى ناو مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ (نیسكه‌) و مریشكى دزراو نییه‌، پێ ده‌كه‌نى و هاوارى ده‌كرد:


-بخۆن ماره‌باب بخۆن.. نیسك و سه‌رله‌نوو.. ره‌بى له‌ قه‌لب و گه‌ڕێ تێر بخۆن.. سبه‌ و دووه‌ى شاییه‌كى گه‌ورۆنه‌ى ره‌شبه‌ڵه‌كمان له‌پێشه‌.