پلكه‌ ئافتاو كوشته‌ی به‌هار بوو

کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە - 84

هه‌ر جارێ ناوی بابم بێ، حه‌ز ده‌كه‌م سه‌ربرده‌یه‌كی بگێڕمه‌وه‌:
له‌ ته‌مه‌نی ئێستای من بوو، شتێ گچكه‌تر، گه‌وره‌تر، شتێ نییه‌ و ته‌مه‌نه‌كه‌ شتێك له‌ گێڕانه‌وه‌ ناگۆڕێ، هاوینه‌، چ هاوین! گه‌رمایی چه‌ند هاوینی به‌ هێواشی مشتییەوە و به‌خێرایی ده‌یداته‌وه‌ و ره‌مه‌زانیش به‌سه‌ردا هات، بابم به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ و به‌ زاری به‌ رۆژووه‌وه‌ كار ده‌كات، چ كار؟ بناخه‌ی ئه‌و ته‌لاره‌ی لێ ده‌دا كه‌ دواتر بووه‌ جێی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێ به‌عسی یاسایان لێی داده‌ڕشت، پاشانیش به‌ هه‌ندێ به‌عسیه‌وه‌ پەرله‌مانێ هاتێ، پاشتریش، له‌وه‌ گه‌ڕێ.
بابم دوای عه‌سران ده‌هاته‌وه‌، كورته‌كه‌كه‌ی ده‌تگوت ماستی پێوه‌ وشك بۆته‌وه‌، ده‌بێ چه‌ند دۆلكه‌ ئاره‌قه‌ی ده‌ردابێت، بێ ئەوه‌ی په‌رداخه‌ ئاوێك بخواته‌وه‌، چه‌تۆ سه‌رناس، كه‌ له‌گه‌ڵ وی كاری ده‌كرد، زۆر رۆژ رۆژییه‌كه‌ی ده‌شكاند، ده‌یگوت:
نازانم ئه‌و بابه‌ی ئێوه‌ چۆن وه‌ك داری بڕاو وشك نابێته‌وه‌.
ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ وان ئیشی ده‌كرد، وه‌ك ده‌یانگوت، رۆژی دوو ته‌نه‌كه‌ ئاو ده‌خواته‌وه‌، ده‌یگوت:
من بزانم پێیه‌كانی ره‌گن و له‌ عه‌رده‌وه‌ ئاو ده‌مژن!
جارێك له‌ رێ حه‌مه‌د مه‌ستانی هه‌میشه‌ مه‌ست، بابمی راگرت و به‌ پێكه‌نینه‌وه‌:
+ كاكی برا، به‌و حاڵه‌وه‌ ناگه‌یته‌ سه‌ر، ده‌مری، خه‌می منداڵه‌كانتمه‌، بیشكێنه‌، ئۆباڵه‌كه‌ی بخه‌ ئه‌ستۆی من.
- حه‌مه‌د، لێم گه‌ڕێ، دوای فتار قسه‌یه‌كی لێ ده‌كه‌ین.
رۆژووی بابم بووبووه‌ قسه‌ی سه‌ر زاری كرێكاران و گه‌ڕه‌ك و خزم و ناسیاران، گه‌یشته‌ زاری مه‌لاكانیش، له‌ خوتبه‌ش باس كرا، فیشه‌كه‌ شێته‌ی مێردی شاتكه‌ شێت، ئێواره‌یه‌ك گۆتییه‌ بابم:
+ ئه‌وڕۆ مه‌لا باسی تۆی كرد.
= هه‌ر ئه‌وه‌ مابوو! به‌ باش یان به‌ خراپ؟
+ به‌ خودای باش تێنه‌گه‌یشتم، به‌ باشه‌ بوو یان خراپه‌، به‌ڵام گۆتی: هه‌یه‌ به‌و هاوینه‌ له‌به‌ر گه‌رمایێ كاری قازمه‌ و خاكه‌ناس ده‌كات و به‌ڕۆژیشه‌، ناوی تۆشی هێنا.
وابوو، له‌ مزگه‌فتی حاجی قه‌رۆ باسی رۆژووی بابم كرابوو، دێته‌ بیرم، قسه‌ی سێ مه‌لام له‌باره‌ی بابمه‌وه‌ دێته‌وە بیر، مه‌لا سه‌دیق گوتی:
كاكه‌، گوناهت ده‌گاتێ، به‌ رۆژی مه‌به‌، زستانێ بیگره‌وه‌، ئێ ئه‌گه‌ر بمری، كێ منداڵه‌كانت به‌خێو ده‌كات؟!
مه‌لای مزگه‌فته‌كه‌ی ته‌نیشت گۆڕستانی سه‌ید مارف گوتی:
نا، ئه‌گه‌ر بیگرێ، گوناهی ناگاتێ، ئاساییه‌.
به‌ڵام مه‌لای مزگه‌فتی به‌لاشاوه‌، وای گوت:
به‌خودای به‌ هه‌ر بڕوبیانووه‌ك رۆژی نه‌گریت، جێت ناوه‌ندی دۆزه‌خێیه‌.
بابم له‌ وه‌ڵامی ئه‌و سێ مه‌لایه‌ چی گوتبێ باشه‌! ئه‌نگۆ بڵێن، به‌ برایه‌تیمان، گوتی:
به‌ سه‌ری هه‌موو مه‌لایان، رۆژیی من نه‌ له‌ خۆشیی به‌هه‌شته‌، نه‌ له‌ ترسی دۆزه‌خ، حه‌زم لێیه‌ و ته‌واو.
من ده‌بێت ببینم و بزانم بابم چۆن بناخه‌ی په‌رله‌مان لێ ده‌دات، دێته‌وه‌ بیرم، له‌ گه‌ڕه‌ك كه‌سێك كتوپڕ مرد، دایكم ناردمی به‌دوای بابمدا، شوێنه‌كه‌م پێ ده‌زانی، هه‌ر به‌ غار رۆیشتم، له‌ناو بازاڕیش غارم ده‌دا، له‌ به‌لاشاوه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان دووره‌، نازانم، چه‌ندم پێچوو، گه‌یشتمێ، بابم له‌ كوێ ببینمه‌وه‌؟ له‌ناو قۆرتێ، هێنده‌ی به‌ژنی خۆی وا به‌ خاكه‌ناس خۆڵ هه‌ڵده‌داته‌ ده‌رێ، له‌پڕ پیاوێكی به‌خۆوه‌ی ره‌شتاره‌ له‌ته‌نیشتم په‌یدابوو، دوایی زانیم ناوی ئیستیقلاله‌ و سه‌رپه‌رشتیی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كا، هه‌ندێك ده‌ڵێن گه‌رگه‌رییه‌، به‌ زمانێك هه‌ر ئه‌وه‌تا تێی گه‌یشتم، پرسی:
+ چی ده‌كه‌یت لێره‌؟
- له‌ دوو بابم ده‌گه‌ڕێم.
+بابت كێیه‌؟
- كا..
نه‌یهێشت ناوه‌كه‌ ته‌واو بكه‌م، گوتی:
پیاو، رۆژی، سپی ردێن.
گوتم: ئا، ئه‌وه‌ته‌ وا له‌و قۆرته‌یه‌.
بابم هات و هاتینه‌وه‌، به‌سه‌ر قه‌بران راگه‌یشتین، پلكه‌ ئافتاویان شۆڕ ده‌كرده‌وه‌ گۆڕ، ئه‌و ژنه‌ به‌ قسه‌ی خۆی بێ، فشه‌ی به‌ مردن دێ، به‌ڵام قووڵیی گۆڕ زراوی رژاندووه‌، خه‌می گه‌وره‌ی نه‌دیتنه‌وه‌ی كه‌سكایی به‌هار و بۆنی به‌هاره‌، ئه‌و ژنه‌ له‌ چ ژنان نه‌ده‌چوو، كوشته‌ی به‌هار بوو، حه‌زی ده‌كرد گۆڕه‌كه‌ی قووڵ نه‌بێ، نه‌گاته‌ چۆكێ، لێیان ده‌پرسی بۆچی؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌هاریانه‌یه‌:
ره‌گی گیا و گۆڵی به‌هاری بمگاتێ.
پلكه‌ ئافتاویان به‌ سه‌گ ده‌ترساند، ئه‌گه‌ر گۆڕه‌كه‌ت قووڵ نه‌بێ، سه‌گ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ونجڕونجڕت ده‌كات، پلكه‌ ئافتاو نه‌ده‌ترسا و ده‌یگۆ:
ناو زاری سه‌گ له‌ گۆڕی قووڵ و ته‌نگه‌به‌ر خۆشتره‌.
گۆڕه‌وشاریان بیری پلكه‌ ئافتاو ده‌هێنایه‌وه‌:
ئه‌گه‌ر گۆڕی ژن زۆر قووڵ نه‌بێ، له‌ هی پیاویش قووڵتر نه‌بێ، له‌ كاتی گۆڕه‌وشاردانێ، زاره‌تره‌ك ده‌بیت و له‌ گۆڕێ دێیه‌ ده‌رێ.
پلكه‌ ئافتاو گه‌مه‌ی به‌ گۆڕه‌وشار ده‌هات و ده‌یگۆ:
بۆنی ره‌گی گیام هه‌بێ، گۆڕه‌وشار نامبزوێنێ.
پلكه‌ ئافتاو له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا گوتبووی:
گۆڕه‌كه‌م له‌ دوو بست قووڵتر نه‌بێ، حه‌فته‌ی دوو جاریش ئاوم بده‌ن، گواره‌ و گه‌ردانه‌كه‌م بده‌نه‌ ئاوكێشی گۆڕم.
خواگیرانه‌ به‌ قسه‌یان نه‌كرد، ئه‌و گۆڕه‌ی من دیتم، هه‌ڵه‌ نه‌بم یه‌كه‌مین گۆڕه‌ وا له‌نزیكه‌وه‌ بیبینم، سه‌رم به‌سه‌ردا داگرت و شه‌و خه‌ونیشم پێیه‌وه‌ دیت، ئه‌و گۆڕه‌ كار له‌ بست و چۆك نه‌بوو، ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر گۆی مه‌مكیش، به‌ڵام ئه‌و هاوینه‌ تا پاییزیشی به‌سه‌ردا هات و باران باری، من حه‌فته‌ی یه‌ك دوو جار له‌ مزگه‌فتی ته‌نیشت سه‌ید مارفه‌وه‌ به‌ دوو مه‌سینه‌وه‌ ده‌چوومه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، كه‌ كه‌وتبووه‌ نزیك گۆڕی پیری سوارچاكان و زێنه‌به‌ و حه‌سه‌نه‌وه‌.
پرسه‌كه‌ی پلكه‌ ئافتاو كه‌وته‌ مزگه‌فته‌كه‌ی بن سه‌ید مارف، لێره‌ شتێك له‌ شیوی ئێوارانی تازیمانه‌ نیشان ده‌ده‌مه‌وه‌، ده‌بوو زووتر له‌ تازیمانه‌ی پیری سوارچاكان ئه‌وه‌ بكه‌م، له‌بیرم چوو، یان له‌بیر خۆم برده‌وه‌! ماڵی پلكه‌ ئافتاو خواردن چێ ناكه‌ن، نه‌ریت وایه‌ ماڵی مردوو مه‌نجه‌ڵ ناخه‌نه‌ سه‌ر ئاگره‌وه‌، ئه‌گه‌ر بۆ چایه‌، ده‌نا ئاگر ناكه‌نه‌وه‌، له‌ ماڵان سینی سینی شیو به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ مزگه‌فتێ، یان ئه‌و ماڵه‌ی پیاو لێی داده‌نیشن، هه‌ندێ سینیش بۆ ماڵی مردوو، پیاوه‌كان هه‌ر كه‌سه‌ و سینیی ماڵی خۆی دێته‌ پێشێ، مه‌لا نه‌بێ، هی ئه‌و تایبه‌ته‌ و له‌جێی تایبه‌ته‌وه‌ بۆی دێ و له‌گه‌نی وی له‌ هه‌مووان پتر گۆشتی له‌سه‌ره‌.
سینیی ده‌ستی من كه‌ بۆ بابمی ده‌به‌م، گۆشتی له‌سه‌ر نییه‌، سینیی ده‌ستی هه‌ندێ منداڵیش بێ گۆشتن، سینیش هه‌یه‌ رانه‌ مریشك له‌ دووره‌وه‌ دیاره‌، مریشك له‌سه‌ر برنج، مریشك له‌سه‌ر ساوار، سینیی ده‌ستی فازیل رێحانه‌ش بێ گۆشته‌، ده‌ڵێته‌ من:
+ هی تۆش له‌ بنی هه‌یه‌؟
- رانه‌كی له‌ بنه‌.
+ هی من رانه‌ك و سینگه‌ك، راوه‌سته‌ نیو سینگت بده‌مێ.
نه‌مویست، پێی داگرت، به‌ زۆر رایگرتم و دانیشتین و ساواری هه‌ڵدایه‌وه‌ و سینگه‌كه‌ی كه‌رت كرد و خستمه‌ ته‌نیشت تاقه‌ رانه‌وه‌، ساوارمان به‌ سه‌رداداوه‌، گه‌یشتینه‌ مزگه‌فت، پیاوێك له‌سه‌ر ده‌رگا له‌ دیوی ژوورێ راوه‌ستایه‌، لێت وه‌رده‌گرێت، به‌ قسه‌ یان به‌ ئاماژه‌ تێی ده‌گه‌یه‌نی له‌پێش كێی داده‌نێی.
گۆشت شاردنه‌وه‌ له‌ هه‌ینێی هه‌ندێ كۆڵان و ماڵی به‌لاشاوه‌ وه‌ك نه‌ریتی لێ هاتبوو، ئاخر ماڵ هه‌بوو زۆر ده‌ستكورت، بۆی نه‌ده‌چووه‌ سه‌ر، هه‌ر سێ رۆژی پرسه‌ مریشك بكوژێته‌وه‌، بۆ ئەوه‌ی ئه‌و پیاوه‌ تووشی هه‌ست به‌ كه‌می نه‌كات، ئه‌وانی دی گۆشتیان له‌بن ساوار و برنج ده‌شارده‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێ گۆشتی نه‌با، بێ گۆشت نه‌ده‌مایه‌وه‌، كه‌سی ته‌نیشتی یه‌ك دوو پشكه‌ گۆشتی ده‌خسته‌ سه‌ر له‌گه‌نه‌كه‌ی.
ئێ، به‌ سینیی به‌تاڵ به‌ غار ده‌هاتینه‌وه‌ و وه‌رده‌گه‌ڕاینه‌ سه‌ر شیو، سه‌ڵاحی پلكه‌ ئایش، كه‌ زۆر حه‌زی له‌ گۆشت بوو ده‌یگۆ:
خوایه‌ هه‌موو رۆژێ یان جه‌ژن بێ، یان شایی، یان شین.
ئاخر ئه‌و سێیه‌ گۆشتیان پێوه‌ بوو.
له‌بیرم نه‌چێ بابم كاتێ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵێ، گۆتییه‌ دایكم:
به‌سێ، رانه‌ك به‌س بوو، بۆ سینگت نارد؟ ئه‌دی به‌شی خۆتان؟ به‌ڵام ده‌ی، پیاوه‌كه‌ی ته‌نیشتم گۆشتی نه‌بوو، دامه‌ وی.
دایكم به‌ سه‌رسوڕماویی‌وه‌:
+ سینگ؟ من ته‌نیا رانم ناردبوو، هه‌بێ نه‌بێ خواردنه‌كه‌ گۆڕاوه‌.
- سینی و له‌گه‌نی خۆمان ده‌ناسمه‌وه‌.
خۆم له‌ گێلی دا و چاكه‌ی رێحانه‌ی هاوڕێم ئاشكرا نه‌كرد.