گفتوگۆیه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ تاکی (شیزۆفرێن)دا

پێویستە ‌پێش هه‌موو شتێک وشه‌ی (شێت) بۆ شیزۆفرێن بگۆڕین

هه‌تا چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا، به یاساکانی پسیشیاتری و کڵاسیفیسیره‌ی (پۆلێنکردنی) نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ تێکچوونه ده‌روونییه‌کان، که به کورتکراوه‌یی ناو ده‌نرێت (ICD-10)، گوێ لێبوونی ده‌نگ به یه‌کێک له سیمپتۆمه بناغه‌ییه‌کانی نه‌خۆشیی شیزۆفرێن ده‌ناسێنرا، به‌ڵام دواجار زانستی مێشک سه‌لماندی، که بیستنی ده‌نگ له‌و خه‌ڵکانه‌شدا په‌یدا ده‌بێت، که شیزۆفرێن نین، که هیچ کێشه‌یه‌ک یاخود نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونییشیان نییه. له‌ناو ئه‌مانه‌دا چه‌نده‌ها که‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی ده‌رکه‌وتوو هه‌ن، که له جیهاندا ناسراون، بۆ نموونه وینستۆن چه‌رچڵ، که یه‌کێک بوو له ده‌رکه‌وتووترین سیاسییه‌کانی به‌ریتانیا له سه‌ده‌ی بیستدا. بیستنی ده‌نگ سه‌ره‌تا چ تاک تووشی شۆک ده‌کات و چ ده‌شیترسێنێت، کاتێک گوێی له ده‌نگێکه، که که‌سێک قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات، له‌کاتێکدا که‌سی له ده‌ور نییه، یاخود ده‌نگی ئه‌وانه نییه، که له ده‌ورین. زۆر جار ده‌نگه‌کان نه‌رم و نیان و له‌سه‌رخۆن، یان ژنانه‌ن یان پیاوانه، یاخود هیچیان، ته‌نیا ده‌نگێکی هێمن. هه‌ندێ جاریش ده‌نگه‌که وه‌ک یه‌کێک له فریشته‌کان خۆی ده‌ناسێنێت. هه‌ندێ جار وه‌ک دێمۆنێک تووڕه و دڵڕه‌ق خۆی ده‌ناسێنێت، هه‌مان کاتیش بەتووڕه‌یی له‌گه‌ڵ تاک قسه ده‌کات.


ئیمڕۆ زانستی مێشک ده‌یسه‌لمێنێت، که بەگشتی ئه‌وانه‌ی گوێیان له ده‌نگەیە و شیزۆفرێن نین، ئه‌وانه‌ن، که له منداڵییدا تووشی تراومایه‌ک بوون، که پۆست تراومایه‌ک تووشیان بووه، که به پۆست تراومای ئه‌رک قورس و شترێس ناسراوه. له (ICD-10) دا خاوه‌نی کۆدی (F43.1)ه. هه‌ندێک له‌مانه ئه‌و تراومایه‌یان بیر نه‌ماوه، که تێیدا ژیاون، هه‌ندێکی تر بیریانه و هه‌تا ئێستاش به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن. هه‌ندێکیان بیریانه و ژیانێکی نۆرماڵی ڕۆژانه له ژیانی تایبه‌ت و کاردا ده‌ژین، خاوه‌نی سه‌رکه‌وتنن له کار و پیشه‌کانیاندا، وێڕای ئه‌وه‌ی گوێیان له ده‌نگه. یه‌کێک له ئه‌کته‌ره ناوداره‌‌کانی شانۆ له ئه‌ڵمانیادا به ناوی (ڕاڵف فارن پێته‌رسن) له گێڕانه‌وه‌ی ژیانیدا، ده‌گێڕێته‌وه، که به‌هۆی خراپیی ژیانی منداڵییه‌وه، له خێزانێکی شێواودا، پاشان له ته‌مه‌نی دوازده ساڵییدا ده‌ستدرێژیی ده‌کرێته‌ سه‌ر. ڕالف گیرۆده‌ی ژیان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردن و گه‌وره‌بوونیدا ده‌بێته که‌سێکی ئه‌لکهۆلیکه‌ر و ماوه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌ژی، بێ ماڵ و بێ جێگای خه‌و. ڕۆژێک داوای لێ ده‌که‌ن، که ئاخۆ ده‌یه‌وێت له شانۆیه‌کدا ڕۆڵ ببینێت؟ ئیدی هه‌ر ئه‌و پرسیاره ژیانی ئه‌م ئه‌لکهۆلیکه‌رە بێ نه‌وایه‌ی بۆ هه‌تا هه‌تایه گۆڕی و گه‌یاندییه ئه‌وه‌ی، که نۆمینیره بکرێت بۆ خه‌ڵاتی ئۆسکار. ئه‌م ئه‌کته‌ره نیگارکێشێکی گه‌وره‌شی لێ ده‌رچوو، که وێنه‌کانی قسه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگانه ده‌که‌ن، که قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.


تراوما هۆکار نییه بۆ نه‌خۆشیی شیزۆفرێن، به‌ڵام هه‌ندێک له سیمپتۆمه‌کانی نه‌خۆشیی پۆست تراومای ئه‌رک قورس و شترێس هاوشێوه‌ی شیزۆفرێنن، که زۆرینه‌ی جار دکتۆره‌کانیش تووشی هه‌ڵه ده‌بن تێیدا و دیاگنۆزه‌یه‌کی هه‌ڵه به نه‌خۆشێک ده‌ده‌ن وه‌ک شیزۆفرێن. ئه‌م ڕووداوه زۆرجار ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیی بۆرده‌رڵاینشدا ڕوو ده‌دات، چونکه هه‌مانشێوه خاوه‌نی هه‌ندێک سیمپتۆمه‌، که تاکی شیزۆفرێنیش هه‌یه‌تی. له یه‌کێک له کلینیکه‌کانی ده‌روونییدا له دانمارک، گوێگری خانمێکی گه‌نج بووم، که پێشتر دیاگنۆزه‌ی شیزۆفرێنیان بۆ کردبوو، له کاتێکدا خانمێکی شیزۆفرێن نه‌بوو. ئه‌م خانمه له ته‌مه‌نی حه‌ڤده بۆ هه‌ژده ساڵییدا له نه‌مسا له باخچه‌یه‌کی ئاژه‌ڵاندا تووشی شۆکێکی گه‌وره ده‌بێت، به‌وه‌ی، که لیۆپارتێک له شوێنه‌که‌ی دێته ده‌ره‌وه و هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر خه‌ڵکی و چه‌ندین که‌س له‌به‌رچاوی ئه‌مدا ده‌کوژێت. ئه‌م کیژه به قیژه و هاواره‌وه ڕاده‌کات، ڕاکردنێک ڕاده‌کات، که وه‌ک خۆی ده‌گێڕێته‌وه، نه‌یتوانیوه ڕابوه‌سێت، به به‌رده‌وامی ڕایکردووه و قیژاندوویه‌تی، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماندووبوون بکات. کیژه‌که له ئێواره‌دا له دارستانێکدا ده‌دۆزنه‌وه. پاشان دێته‌وه دانمارک له یه‌کێک له پسیشیاترییه‌کاندا دیاگنۆزه‌ی شیزۆفرێنی بۆ ده‌که‌ن. هۆکاره‌که‌یشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که ئه‌م کیژه له‌گه‌ڵ که‌سێکدا قسه‌ی ده‌کرد، که ناوی (جۆن) بوو. جۆن ئه‌و ده‌نگه بوو، که ئه‌م کیژه گوێی لێ ده‌بوو، جۆن ته‌نیا ده‌نگێک نه‌بوو، به‌ڵکوو کیژه‌که ده‌یتوانی بیشی بینێت. جۆن گه‌نجێکی هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو، وه‌ک کیژه‌که ده‌گێڕێته‌وه، هه‌میشه هاوکاریی کیژه‌که‌ی کردووه و گوتوویه‌تی، که ڕۆژێک دێت ژیانی باش ده‌بێت. له‌دوای چه‌ند ساڵێک جۆن نامێنێت، ئیدی ئه‌م کیژه نه ده‌یبینێته‌وه و نه گوێشی له ده‌نگی ده‌بێت. له‌و ڕۆژه‌شه‌وه کیژه‌که ژیانی ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌و باشتربوون ده‌ڕوات. پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه دیاگنۆزه‌ی شیزۆفرێنی له‌سه‌ر لاده‌چێت و دیاگنۆزه‌یه‌کی تری وه‌ک پۆست تراومای ئه‌رک قورس و شترێسی ده‌ده‌نێ. ئه‌م کیژه ئێستا خاوه‌نی مێرده و منداڵێکیشی هه‌یه، کتێبێکی له‌سه‌ر ژیانی خۆی نووسیوه و له کلینیکه‌کاندا و له بواره‌کانی خوێندنی ده‌روونناسییدا وه‌ک میوان، ژیانی خۆی بۆ کارمه‌ندان و خوێندکاران ده‌گێڕێته‌وه، که وه‌ک کۆرسێک بۆ خوێندکاران و کارمه‌ندان بەسووده.


هه‌ر ئه‌م دوو نموونه ساده‌یه، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، که ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌کته‌ره ئه‌ڵمانه‌ و ئه‌م کیژه دانمارکییه کورد بوونایه و له کوردستان بژیابانایه، ئه‌وا ژیان و چاره‌نووسێکی تریان ده‌بوو. چاره‌نووسێک، که له‌سه‌ر جاده‌کان ده‌که‌وتن. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ بۆچی له وڵاتێکی تردا ئه‌مانه خه‌ڵکانی کریاتیڤ و به‌رهه‌مهێنه‌ریان لێ ده‌رده‌چێت و له کوردستانیشدا ده‌که‌ونه سه‌ر جاده‌کان؟


وه‌ڵام. یه‌که‌م: چونکه له کوردستاندا سیستێمی ته‌ندروستی وه‌ک پێویست له خزمه‌تی هاووڵاتییاندا نییه. هه‌تا ئێستا کورد له ته‌واوی باشووری کوردستاندا خاوه‌نی پسیشیاتری نییه، خاوه‌نی هیچ ئینستیتووتێکی به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی نه‌خۆش نییه، چ نه‌خۆشی سۆماتی و چ نه‌خۆشیی ده‌روونی. ده‌شێت سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی هه‌رێم بیرێک له‌م بواره بکاته‌وه، چونکه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه، که بتوانێت بڕیاری دروستکردنی پسیشیاتریی له زاخۆوه هه‌تاوه‌کوو ته‌وێڵه و بیاره بدات.


دووهه‌م: نه‌بوونی مۆڕاڵ له گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ تاکی ده‌روون نه‌خۆشدا، به‌تایبه‌ت شیزۆفرێن. دیاره ئه‌مه‌ش کولتووره، به‌ڵام کولتوورێکی وه‌ها ده‌توانرێت وه‌لا بنرێت و کولتوورێکی نوێ له جێگای دابنرێت، ئه‌ویش به پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی مۆڕاڵ له گفتوگۆدا. کارێکی ئێتیکانه نییه، که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی ده‌روون نه‌خۆش بهێنیته سه‌ر شاشه‌ی تێلێڤیزیۆن و له‌به‌رده‌میاندا بۆ بینه‌ر قسه له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌کانیان بکه‌یت، چونکه هه‌ستی نه‌خۆشه‌کان بریندار ده‌بێت. هه‌مان کاتیش پێویسته ویستی ئه‌و نه‌خۆشانه وه‌ربگیرێت، که ئاخۆ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی به‌رنامه‌یه‌کی وه‌ها بن یاخود نه‌خێر. هه‌مان کاتیش ئاستی گفتوگۆیان هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، که ئاخۆ ئه‌و (به‌ڵێ)یه‌ی ئه‌وان بۆ به‌رنامه‌یه‌ک (به‌ڵێ)یه‌کی ڕاسته یاخود نه‌خێر.


له به‌رنامه‌یه‌کی دۆکومێنارییدا ده‌توانرێت ئیندیڤیدوێل قسه‌ له‌‌گه‌ڵ نه‌خۆشدا بکرێت و ویستیان وه‌ربگیرێت، که ئاخۆ ده‌یانه‌وێت به‌شدار بن یاخود نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌و به‌رنامانه‌ی من ده‌یبینم، هیچی دۆکومێنتاری و زانستی نین، به‌ڵکوو وه‌ک تی ڤی شۆیه‌که (Show). به‌رنامه‌یه‌کی دۆکومێنتاریی زانستییه، هه‌میشه به زانست له بوارێک ده‌کٶڵێته‌وه، که تێیدا چه‌ندیین خه‌ڵکانی زانا و پسپۆر به‌شدارن، هه‌مان کاتیش تاکی نه‌خۆش، که باس له ژیانی خۆی و نه‌خۆشییه‌که‌ی ده‌کات. ئه‌م جۆره به‌رنامانه هه‌میشه سوودبه‌خشیشن بۆ خوێندکار، که ده‌توانن له ڕێگایه‌وه فێر بن.


کورد پێویستی به گفتوگۆیه‌کی نوێیه له‌گه‌ڵ تاکی نه‌خۆشدا، له‌گه‌ڵ تاکی شیزۆفرێندا، گفتوگۆیه‌کی نوێ چ له بازاڕدا و چ له میدیاشدا. له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه گۆڕینی وشه‌ی (شێته) بۆ شیزۆفرێن. دیاره له هه‌موو وڵاتانی پێشکه‌وتوودا چه‌مکێکی بازاڕی هه‌یه وه‌ک شێت، به‌ڵام که‌س شیزۆفرێنێک به (شێت) ناو ناهێنێت، به‌ڵکوو به شیزۆفرێن. هه‌ر بۆیه ده‌کرێت بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌مکی شیزۆفرێن له‌ناو خه‌ڵکیدا، سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ گۆڕینی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تاکی شیزۆفرێندا. لێره‌شه‌وه ئێتیکانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاکێکی شیزۆفرێن بکرێت. گرنگیدان به هه‌ستی شیزۆفرێن گه‌وره‌ترین کاره، که به‌رامبه‌ر به تاکێکی شیزۆفرێن بکرێت. ته‌نانه‌ت شیزۆفرێنێکی پارانۆید به مامه‌ڵه‌ی باش و هه‌ستیار، ده‌توانرێت تووڕه‌یی له ژیانی که‌م بکرێته‌وه، که ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگه ده‌بێت، که قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات. بۆ نموونه له‌بری ئه‌وه‌ی به تاکی شیزۆفرێن بڵێ، که بتکوژێت، پێی بڵێ، که تۆ که‌سێکی بۆ نموونه بێ ئه‌قڵیت. من خۆم له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌‌‌لای خاتوونێک بووم، که به هۆی که‌وتنه‌وه که‌مه‌ری شکا بوو، له پاش نیوه‌ڕۆیه‌کدا سه‌ردانیم کرد، سه‌ردانه‌که‌م هه‌وڵێک بوو بۆ چالاککردنی له پاش نیوه‌ڕۆدا، به‌ڵام ئه‌و حه‌زی لێ بوو له جێگادا بمێنێته‌وه و بخه‌وێت، چونکه ماندووه. هه‌وڵه‌که‌م سه‌رکه‌وتوو نەبوو، کاتێک ویستم بڕۆم به ده‌نگێکی بڵند گوتی، ئا بێ ئه‌قڵه، تێناگات که من نامه‌وێت هه‌ڵبستم. بە تێڕوانینی من، ده‌نگێک پێی گوت، که من بێ ئه‌قڵم و خاتوونه‌که‌ش بۆی پشتڕاست کرده‌وه، که به‌ڵێ، من بێ ئه‌قڵم.


گۆڕینی گفتوگۆی بازاڕی بۆ گفتوگۆی پرۆفیشیۆناڵ ژیانی ڕۆژانه‌ی شیزۆفرێنه‌کان ئاسانتر ده‌کات. کاره‌سات له ژیانی شیزۆفرێنه‌کانی کوردستاندا ئه‌وه‌یه، که هیچیان مێدیسین وه‌رناگرن، هه‌ر بۆیه ژیانیان به بیست و چوار سەعاته سه‌خته.


مێژووی شیزۆفرێنی به‌قه‌د مێژووی مرۆڤایه‌تیی خۆی کۆنه. بۆ یه‌که‌م جار له یۆنانی کۆندا قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه. له‌دوای یۆنانی کۆنه‌وه‌ چه‌مکی شیزۆفرێنی قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرا، هەتا ساڵی 1911 پاوڵ ئۆیگن بلۆیله‌ر، وه‌ک پسیشیاته‌رێکی سویسری (دکتۆرێکی ده‌روونیی. تێبینی پسیشیاته‌رێک ده‌بێت چ خاوه‌نی دکتۆرا بێت له ده‌روونناسییدا و چ مێدیسینیشی خوێندبێت، واته دکتۆری مێدیسینیش بێت) چه‌مکی شیزۆفرێنی هێنایه‌وه به‌ر باس. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه، که له ساڵی 1896دا ئێمیل کرێپه‌لین، پسیشیاته‌رێکی ئه‌ڵمان قسه‌ی له‌سه‌ر ڕۆچوونی ئه‌قڵ کرد له هه‌ندێک نه‌خۆشدا و ناوی نا دێمێنتیا پرێکۆس. ئه‌مه‌ش به واتای تێکچوونی بیرکردنه‌وه، به‌ڵام بۆ بلۆیله‌ر نه‌خۆشییه‌که زیاتره وه‌ک له تێکچوونی ئه‌قڵ یاخود ڕۆچوونی ئه‌قڵ، که ئیمڕۆ ڕۆچوونی ئه‌قڵ چه‌نده‌ها جۆری لێ پۆلێن کراوه و زۆرترین تووشبوان تێیدا تووشبوانی ئاڵتسهایمه‌رن، به‌ڵام شیزۆفرێنی بۆ بلۆیله‌ر نه‌خۆشییه‌کی تره، که قسه له‌سه‌ر که‌رتبوونی ڕۆح ده‌کات، قسه له‌سه‌ر که‌رتبوونی ئه‌قڵ و هه‌ست ده‌کات.


له وتاری پێشوودا قسه‌م له‌سه‌ر که‌رتبوونی هه‌ست و ئه‌قڵ کرد، که تووشی مرۆڤی شیزۆفرێن ده‌بێت. ئه‌م که‌رتبوونه ئیمڕۆ به زانستی نۆیرۆلۆگیی ده‌سه‌لمێنرێت. مێشک خاوه‌نی دوو هیمسفێره‌یه، خاوه‌نی دوو که‌رته. بۆ نموونه سێوێک یه‌که‌یه‌که، به‌ڵام کاتێک له ناوه‌ڕاستدا قاشی ده‌که‌یت، ده‌بینیت لێک ده‌چن. مێشک دوو که‌رته، که له زانستی مێشکدا ناو ده‌نرێت هیمسفێره. ئه‌م دوو که‌رته ئۆرگانێک پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێت، که ناوی (کۆرپوس کالۆسوم. Corpus Callusom)ه. تێکچوونی کۆرپوس کالوسۆم ده‌بێته هۆی پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌قڵ و هه‌ست، چونکه که‌رتی ده‌ستەڕاست، سه‌نته‌ری ئه‌قڵی تێدایه و که‌رتی ده‌ستەچه‌پیش سه‌نته‌ری هه‌ست. به‌ده‌ر له‌م دوو سه‌نته‌ره، چه‌نده‌ها سه‌نته‌ری تری گرنگ له‌م دوو هیمسفێره‌یه‌دا هه‌ن، که به هه‌مه‌ئاهه‌نگیی پێکه‌وه کار ده‌که‌ن. سه‌نته‌ری زمان له ده‌ستەچه‌پی مێشکدایه، که دیسان له دوو شوێنی جیاوازدا و به دوو سیستێمی جیاواز کار ده‌که‌ن. یه‌کیان له فرۆنتال لاپندایه و ناوی (برۆکا.Broca)یه، لێره‌دا مرۆڤ قسه ده‌کات. ئه‌وی تریان له تێمپوراڵ لاپندایه و ناوی (ڤێرنیکه.Wernicke)یه، لێره‌دا مرۆڤ له قسه‌کردن تێده‌گات. هه‌ر بۆیه شیزۆفرێنێک تووشی تێکچوونی قسه‌کردن ده‌بێت. له ده‌ستەڕاستی مێشکیشدا بۆ نموونه سه‌نته‌ری زانیاری هه‌یه، هه‌ر بۆیه شیزۆفرێنێک تووشی کێشه‌ی دۆزینه‌وه‌ی وشه، وه‌ڵامی ڕاست و بیرکردنه‌وه ده‌بێت.


مێشکی شیزۆفرێنێک زۆرترین ڕێژه‌ی هۆڕمۆنی دۆپامین (هۆڕمۆنی جووڵه) ده‌ڕێژێت، که ده‌بێته هۆی شێواندنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو هیمسفێره‌ی مێشک (ده‌ستەڕاست و ده‌ستەچه‌پ). شیزۆفرێنێک ناتوانێت کۆنتڕۆڵی هه‌سته‌کانی بکات، هه‌ر بۆیه گرنگه، که هه‌‌موو هه‌وڵێک بده‌یت بۆ ڕاگرتنی هه‌ستی شیزۆفرێنێک، نه‌ک هه‌وڵی شێواندنی بده‌یت، بۆ نموونه له ڕێگای دڵشکاندنیه‌وه، جنێو پێدانه‌وه، لێدانه‌وه ...هتد. چونکه مێشکی شیزۆفرێنێک کۆنتڕۆڵی هه‌سته‌کان ناکات و خێرا تووڕه‌بوونی ده‌بێته کردار. ڕشتنی دۆپامینێکی زۆر له مێشکدا تاک ده‌خاته دۆخێکی پسیشۆزه‌وه، واته تاک چ پارانۆید ده‌بێت، چ هالوسیناسیۆنی ده‌بێت و چ باوه‌ڕ ده‌کات، که خه‌ڵکانێک به‌دوایه‌وه‌ن، که بیکوژن. بۆ ڕاگرتنی ڕشتنی زۆرینه‌ی هۆڕمۆنی دۆپامین له مێشکی شیزۆفرێنێکدا، پێویستمان به مێدیسینه، مێدیسنی دژ به پسیشۆزه (ئه‌نتی پسیشۆزه). مێدیسینێک که سپێنسۆره‌کانی سێله‌کانی مێشک داده‌خات، که چیتر ڕێگا به ڕشتنی دۆپامین له‌وه‌ زیاتر نه‌دات، که مێشک پێویستیه‌تی.


مێشکی تاکێکی مانی دیپرێسیڤ (بیپۆلار) زۆرترین سێرۆتۆنین (هۆڕمۆنی به‌خته‌وه‌ری) ده‌ڕژێت، هه‌ر بۆیه تاک له پێریۆدێکدا (ماوه‌یه‌ک) بێ سنوور به‌خته‌وه‌ره و حه‌ز به زۆرتریین چالاکی ده‌کات له ژیانی ڕۆژانه‌یدا، به‌شێوه‌یه‌ک، که نه‌یه‌وێت بخه‌وێت و هه‌موو ژیانی پڕ بکات له ئاهه‌نگ و خۆشی. چه‌ند شیزۆفرێن هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش خه‌ڵکانی بیپۆلار هه‌یه له کوردستاندا و که‌س درکیان پێ ناکات. به‌پێچه‌وانه‌ی شیزۆفرێنه‌وه، که زۆرینه‌یان پیاون، به‌شێکی زۆری بیپۆلاره‌کان ژنن. ئه‌مانه زۆرجار ناوبانگیان به قه‌حبه ده‌رده‌چێت، پاشان ده‌که‌ونه پێریۆدی (ماوه‌ی) دێپرێسیۆنه‌وه (خه‌مباری)، له‌م ماوه‌ی خه‌مبارییه‌دا، به‌شێکی زۆری به‌رکه‌وتووانی بیپۆلار خۆیان ده‌کوژن، چونکه شه‌رم ده‌که‌ن له‌و کارانه‌ی، که کردوویانه. کولتووری کوردییش هۆکاره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ژنانه زیاتر شه‌رم بکه‌ن، وه‌ک له‌وه‌ی که پێویسته.


مه‌رج نییه شیزۆفرێن له گێنه‌وه وه‌ربگیرێت، به‌ڵکوو له ڕێگای به‌کارهێنانی مادده سڕکه‌ره‌کان و ئه‌لکهۆلیشه‌وه ده‌توانرێت تاک ببێته تاکێکی شیزۆفرێن. بۆ نموونه کێشانی هه‌شێکی زۆر، به‌کارهێنانی ئامفیتامین، هێرۆوین و چه‌ندینی تر. به‌م شێوه‌یه تاک سێله‌کانی مێشکی ده‌شێوێنێت و ده‌بێته خاوه‌نی ئیندیوسترێله شیزۆفرێن، واته شیزۆفرێنێکی به‌رهه‌مهێنراو، که هیچ په‌یوه‌ندیی به گێنەی دایک و باوکه‌وه نییه.


وه‌رن با پێکه‌وه کولتوورێکی نوێ به‌رهه‌م بهێنین، که تێیدا مرۆڤ له چه‌قدا ڕاوه‌ستابێت، نه‌ک وه‌ک ده‌روون نه‌خۆش ته‌ماشا بکرێت.