توندوتیژی دژ به ژنان

 

ده‌روونناسیی کۆ له توندوتیژیی دژ به ژناندا
لەدوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئه‌م چرکەساته، قسه‌کردن له‌سه‌ر توندوتیژی دژ به ژنان له باشووری کوردستاندا، قسه‌کردنێک بووه، که زیاتر پشتی به جیهانبینییه‌کی فێمێنیستی، یان به تێڕوانینێکی فه‌لسه‌فی به‌ستووه. هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ش هه‌تاوه‌کوو ئێستا دراون، نه‌یانتوانیوه کۆتایی به توندوتیژی دژ به ژنان بهێنن، بگره نه‌یانتوانیوه ڕێژه‌ی توندوتیژیی دژ به ژنانیش که‌م بکه‌نه‌وه. تێڕوانینی کۆمه‌ڵناسییانه یاخود ته‌کنیکی کۆمه‌ڵناسییانه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی توندوتیژییش له هیچ بوارێکدا به‌کار نه‌هاتووه. ئه‌نالیزه‌کردنێکی ده‌روونناسییانه له پراکتیزه‌کردنی توندوتیژییدا هه‌مان شێوه جێگای قسه و باسی میدیا و ته‌نانه‌ت ده‌روونناسه‌کانی کوردیش نه‌بووه. له‌م بواره‌دا، ده‌روونناسان و کۆمه‌ڵناسانی کورد، که‌مته‌رخه‌متریین توێژی کۆمه‌ڵگای کوردیین له باشووری کوردستاندا، نه‌ک به ته‌نیا له کێشه‌ی پراکتیزه‌کردنی توندوتیژییدا، به‌ڵکوو بەگشتی له هه‌موو بوارێکدا، که گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاک و کۆ ده‌چێته ژێر پرسیاره‌وه.


له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی ژیانمدا له ئه‌وروپا، تووشی چه‌ندین دیارده‌ی جیاواز بووم، به‌تایبه‌ت له‌ناو بازاڕدا. ئه‌م دیاردانه به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه، پێشتر زۆر گرنگییم پێ نه‌ده‌دا، به‌ڵام له ساڵی 2013ه‌وه زیاتر بیرم لێ کردنه‌وه، ئه‌مه‌ش وای کرد، که گرنگییان پێ بده‌م و سوودیان لێ وه‌ربگرم. بۆ نموونه کاتێک که‌مپینێک بۆ بوارێک ساز ده‌کرێت، بۆ نموونه هه‌وڵدان بۆ پاراستنی ژینگه، نه‌هێشتنی برسێتی، یارمه‌تیدانی په‌ناهه‌نده، یارمه‌تیدانی به‌رکه‌وتووانی کاره‌ساته سروشتییه‌کان، یارمه‌تیدانی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه ...هتد. سه‌ره‌تا ڕاسته‌وخۆ داوای ئه‌وه‌ت لێ ده‌کرێ، که ئاخۆ ده‌ته‌وێت یارمه‌تی بده‌یت، ده‌ته‌وێت ده‌نگت بخه‌یته پاڵ ده‌نگمان و ئیمزایه‌کمان بده‌یتێ ...هتد. پاشان ئه‌گه‌ر ئاماده نه‌بوویت، ئه‌وا کاڵایه‌کت پێشنیار ده‌که‌ن بۆ کڕین به نرخێکی که‌م، بۆ نموونه، کیکسێک به یه‌ک ئۆیرۆ، یاخود هه‌ر کاڵایه‌کی تر، که به ئۆیرۆیه‌ک پێت بفرۆشن. ده‌شێت تۆ حه‌زت له کیکس نه‌بێت، یاخود هه‌ر کاڵایه‌کی تر، که پێت بفرۆشن ئاره‌زووت بۆی نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌یکڕیت، ئۆیرۆکه ده‌ده‌یت و ده‌ڕۆیت. لێره‌دا ده‌بینین، کاتێک تاک هه‌قی به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه، که خه‌ڵکانێکی زۆر له جیهاندا به‌ده‌ست برسێتییه‌وه ده‌ناڵێنن، به‌تایبه‌ت له ئه‌فریقادا، یاخود میلیۆنان خه‌ڵکی تر به ده‌ست کوشتن و له‌ناوبردن و کاولکاریی شار و گونده‌وه ده‌ناڵێنن، به‌هۆی جه‌نگه‌وه ...هتد. به‌ڵام کاتێک تاک ئۆیرۆیه‌ک ده‌دات و کاڵایه‌ک ده‌کڕێت، که نایه‌وێت، ئه‌وا له ئاگایی و نائاگایی تاکدا، تاک پشتگیریی خۆی بۆ پرۆژه‌که ڕاگه‌یاندووه و هاوکارییشی ده‌کات. له ده‌روونناسیدا به‌م کارکردنه ده‌گوترێت تاکتیکی که‌رت که‌رت، یاخود تاکتیکی باسرمه، چونکه باسرمه که‌رت که‌رت ده‌خورێت، که دواجار تاک هه‌موو باسرمه‌که‌ی خواردووه.


لێره‌دا ئه‌وه فێر ده‌بین، که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی زۆر پابه‌ندی یاسا کولتووری و ئایینییه‌کانن، سه‌باره‌ت به حه‌یا و حورمه‌ت، که له چوارچێوه‌ی سێکس و ئازادیی سێکسییان گرتووه، ده‌توانن که‌رت که‌رت ژیان و مامه‌ڵه‌کانیان له ژیاندا بگۆڕن. ده‌کرێت کورد تاکتیکی باسرمه له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا به‌کار بهێنێت، که دژ به توندوتیژی دژ به ژنان پراکتیزه‌ی ده‌که‌ن.


یه‌کێک له هه‌وڵه گرنگ و سه‌رکه‌وتووه‌کانی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژ به ژنان، بریتییه له تێکه‌ڵاوکردنی کچان و کوڕان له منداڵییه‌وه، له دایه‌نگاوه، له باخچه‌ی ساوایانه‌وه هه‌تا دوا قۆناغی خوێندن له قوتابخانه پیشه‌یی، ئه‌کادێمیا و زانکۆکاندا. له منداڵییه‌وه کچان و کوڕان پێویسته فێر بکرێن، که هه‌ردووکیان خاوه‌نی یه‌ک نرخن وه‌ک مرۆڤ، هه‌ردووکیان خاوه‌نی یه‌ک سیستێمی سێکسوالن، هه‌ردووکیان وه‌ک یه‌ک خاوه‌نی ئازادیی سێکسوالن. هه‌ندێک قوتابخانه هه‌یه له کوردستاندا، ناو نراوه قوتابخانه‌ی تێکه‌ڵ، که‌چی له پۆلێکدا کچان له ڕیزێکدا داده‌نیشن و کوڕانیش له ڕیزێکدا. ئه‌مه تێکه‌ڵاوکردن نییه، تێکه‌ڵاوکردن بریتییه له پرۆسه‌یه‌کی چ ده‌روونی و چ فیزیکی، به‌م شێوه‌یه له ئاینده‌دا کورد ده‌توانێت زاڵ بێت به‌سه‌ر کوشتنی کولتوورییه‌وه، که بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر بۆچوونه ئانییه‌که لێ داوه، به‌ڵام کوشتنی دڵپیسی، واته کوشتنێک، که له تێڕوانینێکی دڵپیسییه‌وه پراکتیزه‌ ده‌کرێت، دیارده‌‌یه‌کی تره و هه‌موو پیاوێک تووشی نابێت، به‌ڵکوو ئه‌و پیاوانه تووشیان ده‌بێت، که خاوه‌نی کێشه‌یه‌کی ده‌روونیین، که خاوه‌نی تێکچوونی که‌سایه‌تیین، یاخود سایکۆپاتن.


ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، له که‌رتی په‌روه‌رده‌ی کوردستاندا ئه‌وه‌یه، که ده‌بینین سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ستاندارد نییه، که موڵکی هه‌رێم بێت. سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک، که له دایانگا، باخچه‌ی ساوایان، قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان، ناوه‌ندییه‌کان، پیشه‌ییه‌کان، ئه‌کادێمیا و زانکۆکانی کوردستاندا پراکتیزه بکرێت، به‌ڵکوو له دایانگاوه هه‌تاوه‌کوو زانکۆکان، هه‌ر پێداگۆگێک و هه‌ر مامۆستایه‌ک خاوه‌نی تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیه‌تی بۆ ژیان و مرۆڤ، به‌و شێوه‌یه‌ش منداڵ و خوێندکار په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن. ئه‌رکی حکوومه‌ته، که ڕێگا له‌م جۆره کارکردنه بگرێت و سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ندروست بۆ سیستێمی په‌روه‌رده دابڕێژێت و بیکاته یاسایه‌کی ستانداردی کوردی و له که‌رتی په‌روه‌رده‌دا پراکتیزه‌ی بکات. هه‌ر پێداگۆگێک و مامۆستایه‌کیش پابه‌ند نه‌بێت به‌م یاسایه‌وه، ئه‌وا دوور بخرێته‌وه، چونکه دواجار بێجگه له زیان، هیچ قازانجێک به منداڵان و گه‌نجان ناگه‌یه‌نێت.


یاساکانی عێراق گه‌وره‌تریین زیانن بۆ ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردی، هه‌ر بۆیه هه‌رێم پێویستی به یاسا و سیاسه‌تێکی ئیندیڤیدوێلی خۆیه‌تی سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده. کاک ئازاد جوندیانی له وتاری (کوردۆلۆجیا و پۆست کوردۆلۆجیادا) قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه کردووه، که من پێم وایه په‌روه‌رده یه‌کێکه له پایه‌کانی ئه‌م باسه.


توندوتیژیی کولتووری، توندوتیژییه‌که، که ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر بکرێت، وێڕای ئه‌وه‌ی کاتی زۆر و کاری زۆری ده‌وێت، به‌ڵام ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر بکرێت. چاره‌سه‌رێکی ئاوهاش کاری هه‌مووه نه‌ک به ته‌نیا ده‌زگا و لایه‌نێک. به‌ڵام وه‌زاره‌تی کۆمه‌‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی، ئه‌رکی گه‌وره‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان له‌سه‌ره‌. به بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی، کۆرس و سیمینار و هه‌وڵدان له ڕێگای میدیاوه.


توندوتیژیی کولتووری له گه‌شه‌ی منداڵییه‌وه، له سکی دایکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که له ئاینده‌دا تاک ئه‌م کولتووره ده‌کات به به‌شێک له سروشتی خۆی. ئه‌مه ئه‌و تیۆرییه‌یه، که فرۆید قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات و له ڕێگایه‌وه مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی خراپ ده‌ناسێنێت. فرۆید ده‌‌ڵێ، که مرۆڤ له سروشته‌وه بوونه‌وه‌رێکی خراپه. ئه‌م تیۆرییه قسه له‌سه‌ر ئه‌و کولتووره ده‌کات، که مرۆڤ تێیدا له‌دایک ده‌بێت و گه‌وره ده‌بێت، که دواجار ده‌یکات به سروشتی خۆی. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له سروشتی ژیانی کولتووری کوردی بده‌ین، ئه‌وا ده‌بینین پڕه له توندوتیژی. له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه گفتوگۆی توندوتیژ، که منداڵ له سکی دایکیه‌وه وه‌ری ده‌گرێت، به له‌دایکبوونی و گه‌شه‌ی ده‌روونی له‌و کولتووره‌دا، وا ده‌کات که منداڵ ئه‌و جۆره گفتوگۆیه بکات به سروشتی خۆی. زۆر جار ده‌بینین، منداڵێکی چوار پێنج ساڵانه له‌ کاتی تووڕه‌بوونیدا له منداڵێکی تر، پێی ده‌ڵێ، له ق...ی خوشک و دایکت بده‌م. منداڵ لێره‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، ئه‌م قسه‌‌یه‌ی، که ده‌یکات، فیزیکییه‌ن چۆن پراکتیزه ده‌کرێت، به‌وپه‌ڕی تووڕه‌بوونه‌وه به به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت. منداڵ کاتێک له‌دایک ده‌بێت، خاوه‌نی مێشکێکی خاڵییه، خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن نۆیرۆنی مێشکه، که به‌تاڵن و ئاماده‌ن بۆ پڕکردنه‌وه. ئه‌و نۆیرۆنانه‌ی، که له کارکردندان، ئه‌وانه‌ن، که له سروشته‌وه ئاوتۆماتیک ئه‌کتیڤن. له‌ له‌دایکبووندا، به‌هۆی ته‌نگیی که‌ناڵی له‌دایکبوونه‌وه، منداڵ تووشی یه‌که‌م شۆک و ترسی ژیانی ده‌بێت، که ناچاری ده‌کات، خۆی فێر بێت هه‌ناسه‌ بدات. ئه‌مه‌ش چه‌ند چرکه‌یه‌ک ده‌خایه‌نێت و له‌دوای ئه‌وه‌وه، منداڵ به‌بێ بیرلێکردنه‌وه، ئاوتۆماتیکانه هه‌ناسه ده‌دات. پاشان فێری مژینی مه‌مکی دایک ده‌بێت، جووڵه‌ی ده‌ست و قاچ، جووڵه‌ی چاو...هتد.


له سیستێمی ده‌روونیی مرۆڤدا، کۆمه‌ڵێک ناوه‌ڕۆکی بێ ئاگا تۆمار ده‌کرێت، که له ئاینده‌دا مێشک کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ریان ده‌بێت و تاک ده‌یکاته مامه‌ڵه‌ی خۆی. بۆ نموونه، منداڵه‌که هێشتا له سکی دایکیدا بووه، گوێی له توندوتیژی بووه، له ڕێگای هه‌ستی دایکییه‌وه، هه‌ستی به توندوتیژی کردووه، دایکی له توندوتیژییدا ژیاوه ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه له ڕێگای نۆیرۆنه ئاوێنه‌ییه‌کانی مێشکه‌وه، منداڵ وه‌ری ده‌گرێت و تێیدا ده‌ژی، ده‌بێته خاوه‌نی هه‌مان هه‌ست، که دایکی هه‌یه‌تی.


له‌ له‌دایکبوونی منداڵدا، منداڵ ڕاسته‌وخۆ خۆی هه‌ست به ڕووداوه‌کان ده‌کات. له‌دوای ته‌مه‌نی هه‌شت مانگییه‌وه، منداڵ بەته‌واوه‌تی چاوه‌کانی توانای بینینیان ده‌بێت، ئیدی لێره‌وه چ به بینین و چ به گوێ لێبوون، منداڵ فێری هه‌موو ئه‌و توندوتیژییه کولتوورییه ده‌بێت و له ئاینده‌دا ده‌یکات به به‌شێک له سروشتی خۆی. به‌م شێوه‌یه توندوتیژیی کولتووری له کۆمه‌ڵگای کوردییدا پرۆسه‌یه‌کی نۆیرۆنییه.


بۆ نموونه نه‌خواردنی گۆشتی به‌راز، که به دیارده‌یه‌کی چ کولتووری و چ ئایینی ناسراوه، به‌ڵام له ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌دا دیارده‌یه‌کی نۆیڕۆنییه، چونکه مرۆڤ ڕۆژێک له ڕۆژان نۆیرۆنێکی تایبه‌تی له مێشکیدا بۆ حه‌رامیی گۆشتی به‌راز داناوه، ئه‌م نۆیرۆنه ده‌توانرێت به‌رامبه‌رێکی بۆ دابنرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که گۆشتی به‌راز حه‌رام نییه. له سه‌دا نه‌وه‌ت و نۆی کورد له مشک و جرج ده‌ترسێت، که دیسانه‌وه دیارده‌یه‌کی نۆیڕۆنییه نه‌ک کولتووری. ئه‌گه‌ر ڕادیکاڵانه ته‌ماشایه‌کی کۆی دیارده‌کان بکه‌‌ین، که ئه‌وا ده‌بینین، به‌شێکی گه‌وره‌ی هاونیشتمانییانی کورد، خه‌ڵکانی نۆیرۆتیکن، که دواجار چ ژیانی خۆیان و چ ژیانی خه‌ڵکییش ناخۆش ده‌که‌ن. مێشکی مرۆڤ هه‌تا مردن توانای به‌‌رهه‌مهێنانی نۆیرۆنی نوێی هه‌یه. مێشکی مرۆڤیش یه‌که‌یه‌ک نییه، که به‌رده‌وام خاوه‌نی هه‌مان ستراکتوور بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، مێشکی مرۆڤ له شوێنی کارێکی گه‌وره ده‌چێت، که به‌رده‌وام به‌بێ پشوو خه‌ریکی ڕووخاندنه‌وه و دروستکردنه‌وه‌یه. ئیمڕۆ که‌سێکت خۆش ده‌وێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌کی تر ڕقت لێیه‌تی، ئیمڕۆ شتێک به ڕاست ده‌زانیت، ماوه‌یه‌کی تر باوه‌ڕت پێی نییه ...هتد. ئه‌مانه‌ش هه‌موو په‌یوه‌ندیی به گه‌شه‌ی مێشکه‌وه هه‌یه، به ڕووخاندنه‌وه و دروستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان نۆیڕۆنه‌کان، به فڕێدانی نۆیرۆن و دروستکردنه‌وه‌ی نۆیڕۆنی نوێ.


ئیمڕۆ سێکسوالیتێت ژیانی لێ تاڵ کردوویت، به‌هۆی به‌رده‌وام بیرکردنه‌وه‌ له حه‌یا و حورمه‌ته‌وه، سبه‌ینێ سێکسوالیتێت ژیانت پڕ ده‌کات له به‌خته‌وه‌ری، چونکه هیچ بیر له حه‌یا و حورمه‌ت ناکه‌یته‌وه، چونکه ده‌زانیت حه‌یا و حورمه‌ت په‌یوه‌ندیی به سێکسوالیتێت و ئازادی و ئازادیی سێکسوالیتێته‌وه نییه. من ئاینده‌یه‌کی باش له نه‌وه‌ی نوێدا ده‌بینم، نه‌وه‌یه‌ک که ئاماده‌یه لە ڵایڤ ڤیدیۆیه‌کدا ئه‌وه بڵێت، که بیری لێ ده‌کاته‌وه، که ده‌یه‌وێت بیڵێت، که ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت. ئه‌م دیارده‌یه له کچاندا زیاتر باوه وه‌ک له کوڕاندا. کوڕان زیاتر خه‌ریکی کۆپیکردنی نه‌وه‌ی پێش خۆیانن له خۆیاندا، له‌کاتێکدا ده‌توانن له کچانه‌وه فێری کراوه‌یی بن. هه‌ندێک کچانی تر هه‌ن، که نۆیڕۆتیکن، ئه‌مانه توندوتیژیی ده‌روونی به‌رهه‌م دێنن و تیرۆری ده‌روونی خه‌ڵکی ده‌که‌ن. ئه‌مانه نه‌ فێمێنیستن و نه ده‌توانن چالاک بن، له پرۆسه‌ی دژ به توندوتیژیی دژ به ژناندا، چونکه خۆیان توندوتیژن.


کچانی ئێستا هه‌سته‌کانیان ڵایڤ بڵاو ده‌که‌نه‌وه، هه‌ندێک به به‌ره‌ڵا ناویان ده‌به‌ن، به‌ڵام بێ حورمه‌تی نییه به‌و شێوه‌یه قسه بکه‌یت، بێ حورمه‌تی نییه ئازاد بیت و ئازادیی رەفتارت هه‌بێت، بێ حورمه‌تی نییه ژیان له‌سه‌ر تیۆرییه‌کانی ئۆشۆ بنیات بنێی، به‌ڵام بێ حورمه‌تییه ئه‌گه‌ر ژیانی خه‌ڵکی ناخۆش بکه‌یت و ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکیدا تاڵ بکه‌یت. بێ حورمه‌تییه ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بکه‌یته سه‌ر مرۆڤ، ئینجا چ ژن بێت یان پیاو، هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. بێ حورمه‌تییه مرۆڤ بکوژیت، بێ حورمه‌تییه فاکتۆر بیت له خۆکوشتنی که‌سێکدا. وته‌یه‌ک هه‌یه خاوه‌نه‌که‌ی نادیاره، هه‌ندێک ده‌ڵێن، وته‌یه‌کی ئه‌مێریکییه و هه‌ندێک ده‌ڵێن ئه‌وروپییه، گرنگ نییه کامیان ڕاسته، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی وته‌که پڕ واتایه، که ژنان و پیاوانی کورد ده‌توانن بیری لێ بکه‌نه‌وه. من وته‌که ناتوانم وه‌ک خۆی بڵاو بکه‌مه‌وه، چونکه ده‌ترسم (باس) به‌هۆی منه‌وه تووشی لێپێچینه‌وه بێت، بۆیه به فه‌نتازیای خۆم وته‌که ده‌گۆڕم بۆ شتێکی تر. وته‌که ده‌ڵێ: „ژنی باش پیاوه‌که‌ی به‌خته‌وه‌ر ده‌کات، نه‌ک ژیانی ڕه‌ق بکات. پیاوی باش ژیانی ژنه‌که‌ی ته‌ڕ ده‌کات، نه‌ک چاوه‌کانی“. دواجار ئه‌گه‌ر ژنی باشیت ئه‌وا ژیانی پیاوه‌که‌ت ڕه‌ق مه‌که، ئه‌گه‌ر پیاوی باشیت ئه‌وا چاوه‌کانی ژنه‌که‌ت پڕ ئاو مه‌که.