كاریگەریى زیادبوون یان كەمبوونى ئەندرۆجین لە ژندا

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

ئەندرۆجین هەندێ جار بە هۆرمۆنى نێرینە ناو دەبرێ، وەلێ لە ڕاستیدا لە هەردوو توخمەكەدا هەیە. جەستەى مێیینەش ئەم هۆرمۆنە دروست دەكات و كۆمەڵێك فرمانى گرنگیش جێبەجێ دەكات.


ئەندرۆجینە سەرەكییەكان دووانن، تێستێسترۆن و ئەندرۆستێنۆید. هەردووكیان بە ڕێژەى زیاتر لە پیاودا هەن و ڕۆڵى گرنگیان هەیە لە دەركەوتنى سیفەتە نێرینەكان و چالاكیى زۆربوون لە نێردا. لەم بابەتەدا باسى ئەندرۆجین دەكەین لە مێ-دا.

 

پ: ئەندرۆجین لە مێ-دا لە كوێوە بەرهەم دێ؟
و: لە هێلكەدان، ڕژێنى ئەدرینالین و چەورییە خانەكانەوە دروست دەبێت. دەشێ بڕى كەم، یان زۆر لەم هۆرمۆنە دروست ببێت. كەم دەردانى، یان زۆر دەردانى ئەندرۆجین، یەكێكە لە پشێوییە هۆرمۆنییە باوەكان لە ژندا.

 

پ: فرمانى ئەندرۆجین لە مێ-دا چییە؟
و: چەندەها فرمانى گرنگ بەجێ دێنێ وەك:
- كاریگەریی ئەندرۆجین لە مێ-دا، تا ڕادەیەك هەمان كاریگەریی هەیە كە بۆ سەر نێر هەیەتی، واتە بوونی لە حاڵەتە ئاساییەكاندا كاریگەرییەكی چالاككەری بۆ سەر كرداری سێكسی و ئارەزووى سێكسى و تێربوونى سێكسى هەیە.
- ڕۆڵى سەرەكیى هەیە لە پێگەیشتنى مێ و دەركەوتنى خەسڵەتە جەستەییەكانى قۆناغى نەرزەبوون.
- ڕۆڵى سەرەكیى هەیە لە ڕێكخستنى فرمانى زۆربەى ئەندامەكانى جەستە، وەك كۆئەندامى زاوزێ، گورچیلە، جگەر و ماسوولكە.
- ڕۆڵى هەیە لە پاراستنى پتەویى ئێسكدا.

 

پ: ئایا زۆربوونى، هیچ كێشەیەك بۆ ژن دروست دەكات؟
و: ئەرێ، دەبێتە هۆى دەركەوتنى چەندەها حاڵەتى تەندروستیى وەك:
- دەركەوتنى زیپكە لەسەر پێست، هەروەها زیادبوونى مووى نەخواستراو لە هەندێ شوێن، كە بە سروشتى موویان پێوە نییە، یان تەنیا گەندەمووى باریكیان پێوەیە، وەك چەناگە و سەروو لێوى سەرەوە. ژنى تووشبوو بە دەست بوونى مووى ئەستوور و زۆرى دەموچاو دەناڵێنێ، وەلێ تاڵە مووەكانى قژى باریك و لاواز دەبن و قژ تەنك دەبێت.
- كیسى سەر هێلكەدان، دەشێ دروست ببێ.
- ناڕێكیى سووڕى مانگانە، یان وەستانى بەتەواوى.
- ڕوودانى پشێوى لە ڕێژەى شەكردا، تەنانەت ئەگەرى تووشبوون بە شەكرە لەئارادا دەبێت.
- زیادبوونى كێش.
- بەرزبوونەوەى كۆلیسترۆڵ.
- بەرزبوونەوەى پەستانى خوێن، تەنانەت نەخۆشییەكانى دڵ دەشێ ڕوو بدەن.
- هەندێ جار ئەو ژنە، بەهۆى ئەو حاڵەتانەى سەرەوە، دەشێ تووشى دڵەڕاوكێ و خەمۆكى ببێت.

 

پ: ئەى لە حاڵەتى كەمبوونەوەیدا، چ كاریگەرییەكى هەیە؟
و: چەندەها بارى تەندروستیى نەخوازراو دروست دەكات، وەك:
- لاوازبوونى، یان نەمانى یەكجارەكیى ئارەزووى سێكسى.
- هەستكردن بە شەكەتى.
- تووشبوون بە نەخۆشیى فشەڵبوونى ئێسك و شكانى ئێسك بەئاسانى.

 

پ: ناڕێكى لە دەردانى ئەندرۆجین لە چ تەمەنێكدا ڕوو دەدات؟
و: دەشێ لە هەموو تەمەنێكدا ڕوو بدات، وەلێ بەزۆرى لە قۆناغى بەر لە چوونە تەمەنى نائومێدى تێبینى دەكرێ، بە ماوەى نزیك دوو ساڵ بۆ دە ساڵ پێش ئەم تەمەنە. ژن لە شێوەى ناوبەناو هەستكردن، گەرما و فشەڵبوونى ئێسكدا هەستى پێ دەكات. هەر لە بیستەكانى تەمەنەوە ڕێژى ئەندرۆجین بەكاوەخۆ دادەبەزێ، تا لە تەمەنى نائومێدیدا دەگاتە %50 بڕەكەى بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەكانى پێشووى تەمەن.

 

پ: ئایا لابردنى هێلكەدانەكان كاریگەریى هەیە لەسەر ئاستى ئەندرۆجین؟
و: بێ گومان. ئەو ژنەی لە سەرچاوە سروشتییەكانی ئەندرۆجین بێبەش بووە، بە هۆی لابردنی هێلكەدانەكان، یان بوونى كێشە لە سەرەگورچیلە ڕژێندا (ڕژێنی ئەدرینالین)، تێبینی كراوە كە پاڵنەرە سێكسییەكانی لەدەست دەدات، خەون و خەیاڵی سێكسیی نامێنێ و ناتوانرێ لە ڕووی سێكسییەوە بوروژێنرێ، وەك پێشتر بەر لە لەدەستدانى سەرچاوەكانى ئەم ڕژێنە، بەڵام كاتێ بۆ مەبەستی چارەسەركردنی لە ڕووی پزیشكییەوە ئەندرۆجینی پێ دەدەرێ، زیاتر لە ڕووی سێكسییەوە دەوروژێنرێ، لەبەر ئەوە لە حاڵەتەكانی تووشبوون بە سێكس ساردی، بە چارەسەرێكی گونجاو دادەنرێ لە ژندا، وەلێ كاریگەریی نێگەتیڤی ئەم هۆرمۆنە بۆ سەر ژن ئەوەیە، دەشێ ڕووخسارەكانی نێرینەی لەسەر دەربكەوێ، وەك زۆربوونی مووی لەش و گۆڕینی دەنگ.

 

پ: چۆن ئاستى ئەندرۆجین دەستنیشان دەكرێ؟
و: ئاستى ئەندرۆجین لە ڕێى پشكنینى خوێنەوە دیارى دەكرێ، دیاریكردنى ئاسان نییە، چونكە ئاستەكەى بەردەوام لەگۆڕاندایە، ئەگەر نەخۆش هێشتا سووڕى مانگانەى نەوەستابوو، ئەوا پێوستە هەشت بۆ بیست ڕۆژ لەدواى دەستپێكردنى سووڕى مانگانە ئەم پشكنینە ئەنجام بدات. هەروەها ئەنجامەكان دەگۆڕێن بەپێى تەمەنى نەخۆشەكە، كاتێك كە سووڕى مانگانەى وەستاوە، ڕێكکەوتنێكى زانستى نییە دەربارەى ئاستى ستاندەرى ڕێژەى ئەندرۆجین لە ژندا، چونكە دەشێ ئاستێكى دیاریكراو بۆ كەسێك سروشتى بێت، هاوكات بۆ كەسێكى دیكە كەم بێت. بەڵام بەگشتى دیاریكردنى ڕێژەى بەرزى ئەندرۆجین ئاسانترە وەك لەوەى كە ڕێژەكەى نزم بێت.

 

پ: هۆكارەكانى زیادبوونى بڕى ئەندرۆجین چیین؟
و: گرنگنترین هۆكار بەرزبوونەوەى بڕى هۆرمۆنى تێستێسترۆنە لە ژندا، بەهۆى زیاد دەردانییەوە، یان بەهۆى هۆكارى بۆماوەییەوە، هەندێ جاریش وەرەمەكانى هێلكەدان و نەخۆشییەكانى سەرە گورچیلە ڕژێن، یان وەرگرتنى هەندێ چارەسەر بۆ كێشەى دیكەى تەندروستى، هەمان حاڵەت دروست دەكەن. دەشێ تەمبەڵیى ڕژێنى دەرەقى، هەروەها زیاد دەردانى هۆرمۆنى شیریش ببنە هۆى زیادبوونى بڕى ئەم هۆرمۆنە.

 

پ: چۆن زیادبوونى بڕى هۆرمۆنى ئەندرۆجین چارەسەر دەكرێ؟
و: - پەیڕەوكردنى سیستمێكى خۆراكیى تەندروست، شانبەشانى وەرگرتنى هەندێ پاشكۆى خۆراكى، وەك ڤیتامین و كانزاكان، ئەمانە یارمەتیى ئەندامەكانى لەش دەدەن بە باشى فرمانەكانیان جێبەجێ بكەن و دەردانى هۆرمۆنەكانیش هاوسەنگ بێت.
- وەرگرتنى چارەسەر لەژێر چاودێریى پزیشكى پسپۆردا.
- دووركەوتنەوە لە خواردنى دەوڵەمەند بە پڕۆتین، چونكە دەشێ ئاستى تێستێسترۆن بەرز بكەنەوە.

 

پ: ئەى لە حاڵەتى كەمیى بڕى ئەندرۆجین، چارەسەر چۆن دەبێ؟
و: چارەسەر لە ڕێى دەرزى، كەپسوول، یان جێڵیى تایبەتەوە دەبێت. ژنى دووگیان و ئەو دایكەى كە شیر دەدات، نابێ چارەسەرى هۆرمۆنى ئەندرۆجین وەربگرن، چونكە بۆ منداڵەكە دەگوازرێتەوە.

 

پرسیارەكانتان لە ڕێى ئەم ئیمەیلەوە وەڵام دەدرێنەوە:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.