من لە رەقە بووم - 11

ئه‌میر و فه‌رمانده‌ باڵاكان، خه‌سڵه‌تى له‌خۆباییبوون و شه‌ڕه‌نگێزییان تێدابوو

حه‌زكردن به‌ كه‌نیزه‌ك

له‌ مووسڵدا، به‌پێچه‌وانه‌ى شارى ڕه‌قه‌ى سووریا، له‌باره‌ى سوودبردنى ژنان له‌ په‌چه‌، جۆره‌ ئیهاملكردن و گوێپێنه‌دانێك به‌دی ده‌كرا و زۆرجار ده‌كرا به‌ڕوونى چاوى كچان و ئافره‌تان ببینیت.


له‌باره‌ى باسی ژنان و له‌و نموونه‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ى كه‌ له‌م سه‌فه‌ركردنەى مووسڵ ڕووی دا، ئه‌مه‌ بوو كه‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێیانى خه‌ڵكى سعوودیه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ مندا له‌ ڕه‌قه‌وه‌ بۆ مووسڵ هاتبوو، بۆ ئه‌و كه‌نیزه‌كه‌ى كه‌ هه‌یبوو، دیاریى ده‌كڕی. هاوڕێ عه‌ره‌بستانییه‌كه‌م، بێ شه‌رمانه‌ ده‌یگوت (عاشق)ى كه‌نیزه‌كه‌ یه‌زدییه‌كه‌یه‌تى، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى زومار بوو له‌ ناوچه‌ى شنگال.


گێڕانه‌وه‌ى زۆر له‌باره‌ى كه‌نیزه‌كان و كه‌سانی کە كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كردن، ده‌گێڕدرانه‌وه‌. هه‌م چیرۆكگه‌لێك له‌ خراپ ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵیان و هه‌م چیرۆكگه‌لی جۆراوجۆری تر، وه‌كوو چیرۆكی هه‌ڵبه‌ستراوێكى ئه‌ندامانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت كه‌ ده‌یانگوت، كه‌نیزه‌كه‌كان حه‌زیان له‌ كڕیاریان بووه‌ و حه‌زیان كردووە له‌ لایان بمێننه‌وه‌، تا شه‌رعیه‌ت به‌م كاره‌ ناشه‌رعییه‌ى خۆیان، به‌ مه‌به‌ستى شه‌رعاندنى ئه‌م كاره‌ نامرۆڤانه‌یان بده‌ن.


ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، ساڵێك پێش له‌ هاتنى من، دوای داگیركردنى ناوچه‌ى شنگال، سه‌دان کەسی له‌ ژنان و كچانى ئێزیدى به‌ كه‌نیزه‌ك گرتبوو و ئه‌وانى وه‌كوو غه‌نیمه‌ى جه‌نگى له‌نێوان شه‌ڕكه‌ران و سه‌ربازانى شه‌ڕ و غه‌زوه‌ى شنگالدا دابه‌ش كردبوو. یه‌ك له‌سه‌ر پێنجى كه‌نیزه‌كه‌كانیش به‌شی دیوانى (غه‌نائیم و فیئه‌) بوون، كه‌ دیوانى ناوبراویش ئه‌م كه‌نیزانه‌ى به‌ شه‌ڕكه‌رانى تر فرۆشتبوو. نرخى كه‌نیزه‌كه‌ كه‌م ته‌مه‌نه‌كان تا 12 هه‌زار دۆلار ده‌ڕۆیشت. نرخى كه‌نیزه‌كه‌كان له‌ ڕه‌قه‌ و مووسڵ به‌ ژماره‌ى ئه‌ستێره‌یی (نجومى) گه‌یشتبوو!


زۆر له‌ ژنانى ئێزیدى كه‌ به‌ كه‌نیزه‌ گیرابوون، توانییان ڕا بكه‌ن و یه‌كه‌مین چیرۆكه‌كان له‌باره‌ى خۆیانه‌وه‌ و به‌ كه‌نیزه‌ك گرتن و و ڕه‌فتار خراپیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریان، كه‌ به‌وان له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا كرابوو، توانییان بگه‌یەننه‌ گوێى هه‌موو جیهان‌.


ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ چواره‌مین ژماره‌ى گۆڤارى (دابیق) كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2014دا بڵاو بووه‌وه‌، له‌ وتارێكدا به‌ناونیشانى (زیندووكردنه‌وه‌ى سه‌رله‌نوێی به‌رده‌یی پێش له‌ هاتنى قیامه‌ت) به‌ كه‌نیزه‌ك گرتنى ژنانى ئێزدیى په‌سه‌ند ده‌كرد. له‌ ڕاستیدا و له‌گه‌ڵ بوونى پێشوازیى تا ڕاده‌یه‌ك زۆری كه‌نیزه‌كانى ئێزدى (له‌لایه‌ن عه‌ره‌بستانییه‌كان كه‌ سه‌روه‌ت و سامانیان زۆر بوو) كێشه‌ى ژنهێنان و هاوسه‌رگیریكردن كێشه‌یه‌كی بۆ سه‌ربازه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و موهاجیره‌كان له‌ هەژمار نه‌ده‌هات.


له‌ هه‌ر شارێكدا كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت سه‌یته‌ره‌ى به‌سه‌ر ئه‌واندا ده‌كرد، میوانخانه‌یه‌ك به‌ناوى (میوانخانه‌ى كچانى موهاجیر) داده‌مه‌زرا. ئه‌م میوانخانه‌یه‌ تایبه‌ت به‌و كچانه‌ بوو كه‌ سه‌ڵت بوون و خۆیان ده‌گه‌یانده‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌. له‌م میوانخانه‌یەدا، به‌ هیچ شێوازێك به‌ كچه‌ موهاجیره‌كان تا ئه‌و كاته‌ى كه‌ هاوسه‌رێك بۆ ئه‌و په‌یدا ده‌بوو، مۆڵەتى ده‌رچوون نه‌ده‌درا. هەڵبەتە كچ و كوڕ یه‌كتریان ده‌بینى و ئه‌گه‌ر كچه‌ موهاجیره‌كه‌ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ ئه‌وى په‌سه‌ند کردبا، ده‌یتوانى به‌یه‌كجارى له‌ میوانخانه‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.


هاوسه‌رگیری تاقه‌ ئاسۆی به‌رده‌م كچانى موهاجیرى سه‌ڵت بوو، بۆ ده‌رچوون له‌ میوانخانه‌كان، چیرۆكگه‌لی جۆراوجۆر له‌ ڕاكردنى هه‌ندێك له‌ كچه‌كان له‌م میوانخانانه‌، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌توانرێت ناوى (به‌ندینخانه‌یه‌كى نه‌رم)ی لێ بنێیت، ده‌گێڕدرانه‌وه‌. له‌ ماوه‌ى چاوه‌ڕوانیكردن له‌ میوانخانه‌ و به‌پێى هه‌لومه‌رجى سه‌ختى ژیانى ئه‌وان، كچانى موهاجیر به‌و لایه‌نه‌وه‌ په‌لكێش ده‌كران، كه‌ به‌ یه‌كه‌مین داواكاریى هاوسه‌رگیری وه‌ڵامى (به‌ڵێ) بده‌نه‌وه‌.


خودى منیش چه‌ند جارێك سه‌رم له‌م میوانخانه‌ى كچانه‌ له‌ ڕه‌قه‌دا دا، تا هاوسه‌رێك بدۆزمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو جارێك وه‌ڵامى ئه‌میری میوانخانه‌كه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ى نه‌رێنى بوو و ده‌یانگوت: “كچه‌ موهاجیری تازه‌، به‌و وه‌سف و سیفاتانه‌ى كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت، لامان نییه‌”.


پڕۆسه‌ى ئیداریى كاره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو: كه‌سێك كه‌ به‌دواى هاوسه‌ردا ده‌گه‌ڕا، ده‌بێت فۆرمێكى پڕ بكردایه‌ته‌وه‌ و له‌ودا سیفات و بنه‌ڕه‌تى ئه‌و كچه‌ موهاجیره‌ى كه‌ حه‌زى لێ ده‌كرد له‌گه‌ڵیدا هاوسه‌رگیری بكات، ده‌نووسی. ئه‌گه‌ر کەسێك به‌ ئاوا هه‌لومه‌رج و سیفاتێك ده‌دۆزرایه‌وه‌، دانیشتنى (ناساندنى شه‌رعییانه‌) له‌نێوان ئه‌و پیاوه‌ و ئه‌و كچه‌یەدا، به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌میری میوانخانه‌كه‌ و هاوسه‌رى ئه‌و به‌ڕێوه‌ دەکرا و ئه‌گه‌ر هه‌ر دوولا ڕازى ده‌بوون، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ سه‌رى ده‌گرت و ئه‌نجام ده‌درا.
جگه‌ له‌ میوانخانه‌ى كچانى موهاجیر، ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت میوانخانه‌یه‌كى تریشی هه‌بوو، یه‌كێكیان بۆ هاوسه‌رانى (شه‌هید) و یه‌كێكی تریش بۆ (ژنانى موتەڵه‌قه‌)، هه‌موو ئه‌م میوانخانانه‌ش هه‌لومه‌رجێك بۆ شه‌ڕكه‌ران و سه‌ربازان و موهاجیرینى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بوون.


له‌ ماوه‌ى ئه‌و هه‌فته‌یه‌ى كه‌ له‌ مووسڵ بووم، به‌رده‌وام سه‌رم له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌دا. ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ مكوڕ بوو ئه‌م شه‌قامانه‌ ڕێك و پێك بێت و سه‌یاره‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌سه‌ر چوار ڕێیانه‌كانى ئه‌ودا وه‌ستابوون و هه‌وڵ درابوو هه‌موو نموونەیەكى جوانى، له‌واندا به‌دى بێت، چونكه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین شه‌قامه‌كانى سه‌ره‌كیى شار دادەنرا.


دوای هه‌فته‌یه‌ك مانەوە له‌ مووسڵ، دیسانه‌وه‌ بۆ ڕه‌قه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌م كێشه‌ى چوونه‌ نێو هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) دیسانه‌وه‌ ده‌ستى پێ كرد. بۆم ڕوون بووبووه‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسی من ئه‌وه‌یه‌ بچمه‌ نێو ئه‌و هێزه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا له‌ هاوڕێكانم (كه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا خۆش بوو) دوور بكه‌ومه‌وه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ من جۆره‌ شكست و ده‌ستپێكى هاتنه‌وه‌ى هه‌ستى وه‌ڕزى و كه‌وتنه‌ نێو ته‌نگه‌به‌ری بوو.


باره‌گاى هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) له‌ شاری ڕه‌قه‌ بوو. زۆر له‌ بیناكانى شار بووبوونه‌ باره‌گاكانى تایبه‌ت به‌و هێزه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا خاڵى ناردنى ئه‌م هێزه‌ بۆ ئۆپه‌ڕاسیۆن، شارى ڕه‌قه‌ بوو. فه‌رمانده‌كانى (ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت) ئه‌ویان هێزێك بۆ شه‌ڕى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له‌ ڕوانگه‌دا دانابوو. واته‌ بەرەى شه‌ڕكردنى ئه‌و به‌گشتى له‌ عێراق بوو، ئه‌مه‌ بۆ من واته‌: ده‌رچوون له‌ شام و ڕۆیشتن به‌ره‌و عێراق.


له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گوشارانه‌ى كه‌ هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانم ده‌یانكرد. له‌ سه‌ره‌تادا حه‌زم بە چوونه‌ نێو ئه‌م هێزه‌ نه‌ده‌كرد. هاوڕێكانم ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرتم و به‌رده‌وام ده‌یانگوت: “هه‌ر كه‌سێك دێته‌ نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌، ده‌بێ بۆ مه‌رگ له‌ ڕێگاى خوادا ئاماده‌ بێت”.


منیش وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه‌، به‌ڵێ، منیش ده‌مه‌وێت له‌ ڕێى خوادا بكوژرێم، به‌ڵام ئه‌وه‌شم ده‌وێت له‌ ڕێگاى خوادا زێندوو بمێنمه‌وه‌! (من نه‌هاتووم له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا به‌س بمرم).


دوای مانگێك دوودڵى و ئه‌ملا و ئەولا كردن، له‌ ئه‌نجامدا چوومه‌ نێو ئه‌و هێزه‌وه‌، چونکە هیچ بژاره‌یه‌كى ترم نه‌بوو. بۆ خۆم ئه‌م گوته‌ پیرۆزه‌ى خودام دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌: (عسی ان تكرهوا شیئا وهو خیر لكم) پێده‌چێت هاوڕێكانیشم له‌وێنده‌ر به‌ من بگه‌ن، پێده‌چێت هاوڕێى تازه‌تر بدۆزمه‌وه‌ و خودا ڕێگایه‌كى تازه‌ بخاته‌ به‌ر پێمه‌وه‌.


چوونه‌ نێو ده‌سته‌ و تاقمه‌كانى موهاجیر، كه‌ هێزى (سیف الدوله‌) له‌وان پێك ده‌هات، بۆ من كارێكى سه‌خت بوو. ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت هه‌وڵی ده‌دا موهاجیران له‌ وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا تێكه‌ڵ بكات، له‌ كاتێكدا خودى ئه‌م موهاجیرانه‌ به‌پێى خزمایه‌تیى شوێن و ناوچه‌ی خۆیان حه‌زیان ده‌كرد كه‌ ده‌سته‌ و تاقمى تایبه‌تیان هه‌بێت (وه‌كوو غه‌یره‌ عه‌ره‌به‌كان كه‌ هێزه‌كانى یه‌رمووك به‌وان ده‌ناسرایه‌وه‌).


له‌ئه‌نجامدا فەرمانى یه‌كه‌م ناردنمان پێ گه‌یشت. ڕایان گه‌یاند كه‌ به‌ره‌و عێراق ده‌ڕۆین. گواستنه‌وه‌ى ده‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ى شه‌ڕكه‌رانیان به‌ره‌و ڕوژهه‌ڵاتى ڕه‌قه‌ ده‌ست پێ كرد. گوتیان شه‌ڕێكى گه‌وره‌مان له‌ عێراقدا ده‌بێت، به‌ڵام نه‌ شوێنه‌كه‌یان دیاری كرد و نه‌ كاته‌كه‌یشی. سه‌فه‌ركردن بۆ عێراق ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى به‌ من دا، كه‌ له‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى تر نزیك ببمه‌وه‌. ڕوحیه‌ و عاده‌تى جۆراوجۆریان هه‌بوو.


له‌ ڕه‌قه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌و شاری قائیم به‌ڕێ كه‌وتین. شاره‌كانى -دیره‌زوور، بو كه‌مال- له‌ ڕێڕه‌وى ڕۆیشتماندا بوون. له‌ قائیمدا، ئێمه‌یان له‌ چه‌ندین میوانخانه‌دا بڵاو كرده‌وه‌. من له‌ میوانخانه‌یه‌كدا بووم كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئه‌میرى ده‌سته‌كان و فه‌رمانده‌ باڵاكان له‌وێدا بوون. تا ڕاده‌یه‌ك خه‌سڵه‌تى زۆربه‌یان له‌خۆباییبوون و شه‌ڕه‌نگێزى بوو. له‌ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانى میوانخانه‌دا، له‌ناكاو له‌ یه‌كێكیانم پرسی: ته‌مه‌نت چه‌نده‌؟ به‌تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نى گه‌وره‌ ده‌هاته‌ به‌رچاو. به‌ خۆهه‌ڵكێشانه‌وه‌ وه‌ڵامى دایه‌وه‌: (ابن القیم) ده‌ڵێت: له‌ خاڵه‌ پێشێلكردنه‌كانى جوامێریی كه‌سێك، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك بپرسی ته‌مه‌نت چه‌نده‌؟ ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك جنێودان بوو به‌ من! بێده‌نگ بووم و به‌ته‌نیا چوومه‌ سووچێكه‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ توند و بێ ئه‌ده‌بانه‌، خه‌سڵه‌تى زۆرینه‌ و تایبه‌تى ئه‌میره‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بوو.


ماوه‌یه‌كى كه‌مى تر له‌م میوانخانه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌و میوانخانه‌یه‌ك ڕۆیشتین كه‌ زۆربه‌یان گه‌نج بوون، كه‌ش و دۆخ له‌ میوانخانه‌كه‌ى تر باشتر بوو. چه‌ند ڕۆژێك كه‌ له‌وێنده‌ر مامه‌وه‌، فەرمانى جووڵه‌پێكردنمان به‌ره‌و شاری (هیت) گه‌یشت و له‌وێشه‌وه‌ ده‌بوایه‌ به‌ره‌و شاری (حه‌دیسه‌) بچین و هێرش بۆ ئه‌وێ بكه‌ین. جاده‌ى قائیم-هیت، دوورودرێژ و وشكانى و مه‌ترسیدار بوو، چونكه‌ فڕۆكه‌كان له‌م ناوچانه‌ زۆر بوون.


جێگۆڕكێى نێوان قائیم و هیت به‌ ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ ڕووی ده‌دا و له‌به‌ر ترسان له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان، هه‌ر ئۆتۆمبێلێک به‌ مه‌ودایه‌ك له‌ویتر له‌ شار ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌نێو هه‌ر كام له‌ ئۆتۆمبێله‌كاندا نزیكه‌ى دوازده‌ شه‌ڕكه‌رێک سوار بووبوون. هه‌ڵبه‌ت ڕێگاكه‌یان به‌ جێگیركردنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ده‌ستفرۆش و مێگه‌لدارانى كه‌ناری جاده‌ و شه‌قامه‌كان، ئه‌من و ئه‌مان كردبوو. ئه‌مانه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هێزه‌كانى ئاسایشی ده‌وڵه‌ت بوون، ئه‌ركى سه‌ره‌كیى ئه‌وان هه‌واڵ گه‌یاندن و هه‌روه‌ها پاراستنی ئاسایشی ڕێگاكه‌ بوو.


كاتێك گه‌یشتینه‌ هیت، له‌ چه‌ند میوانخانه‌یه‌كدا جێگایان كردینه‌وه‌. هه‌ستێكى دژانه‌ منى داگرت، هه‌م ترس بوو و هه‌میش هیوا! ده‌مویست شه‌ڕ بكه‌م، به‌ڵام شتێك له‌ ده‌روونمدا ده‌بووه‌ به‌ربه‌ست. ڕێگەچاره‌یه‌كم دۆزییه‌وه‌. له‌و برایانه‌ى كه‌ پێشتر له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شدارییان كردبوو پرسیم، شه‌ڕه‌كان چۆنن و داوام لێ كرد هه‌ندێك له‌ ورده‌كاریه‌كانیم بۆ باس بكه‌ن. هه‌ر شتێك له‌باره‌ى شه‌ڕه‌كان و چۆنیه‌تیى چوونه‌ ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌و، بۆ من گرنگ بوو. چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار بوو كه‌ له‌ شه‌ڕێكى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا به‌شداریم ده‌كرد.


شه‌ڕى شاری حه‌دیسه‌ له‌و قۆناغه‌دا گرنگترین شه‌ڕ بوو بۆ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، چونكه‌ ته‌واوى هه‌وڵه‌كانى هێزه‌ جۆراوجۆره‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بۆ چوونه‌ ناو ئه‌م شاره‌، شكستى هێنابوو. شاری حه‌دیسه‌، بووبووه‌ گرێیه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌بو موحه‌مه‌د عه‌دنانى، وته‌بێژى فه‌رمیى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، په‌یامێكى ده‌نگى بڵاو بكاته‌وه‌ و له‌ودا له‌باره‌ى شاری حه‌دیسه‌وه‌ هه‌ندێك قسه‌ بكات و بڵێت و هۆزى (الجغایفه‌= گرنگترین هۆز كه‌ به‌رگرییان لە شاره‌كه‌یان دەکرد و له‌ داگیركردنى ڕێگرییان كردبوو) پێ هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ترساند. له‌ هه‌مان ئه‌و په‌یامه‌ ده‌نگییه‌دا بوو كه‌ ئه‌بو محمد عه‌دنانى، ئه‌و وته‌بێژه‌ به‌ناوبانگه‌، قسه‌ى به‌ناوبانگەکەى خۆی هێنایه‌ سه‌ر زمانه‌وه‌ و له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌م هۆزه‌ گوتى: “شارى حه‌دیسه‌ به‌ بێ گومان ده‌كه‌وێت و ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ و ئاوا تۆڵه‌یه‌كتان لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ كاتێك خه‌ڵك به‌وێدا تێپه‌ڕن، بڵێن ڕۆژگارێك هۆزى جه‌غایفه‌ لێره‌دا ده‌ژیان!”.


چه‌ند سەعاتێک مابوو بۆ به‌ڕێكه‌وتن، له‌ ئه‌میری هێزى (سیف الدوله‌)ەوە هه‌واڵێك گه‌یشت، كه‌ ئه‌م شه‌ڕ و غه‌زوه‌یه‌ ڕه‌فز كراوه‌ و به‌خێرایی ده‌بێت بۆ كارێكى گرنگتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شام! گوتیان شه‌ڕێكى گه‌وره‌ له‌ شام ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌ر كام له‌ ئه‌ندامانى هێزه‌كه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌و جێگایه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ لێوه‌ى هاتوون. به‌ته‌واوى ئاسووده‌ و خاترجەم بووم. له‌ ئه‌نجامدا ده‌متوانى به‌ره‌و شام و لای هاوڕێكانم بگه‌ڕێمه‌وه‌.


له ‌ماوه‌ى دوو ڕۆژدا و له‌ چه‌ند ده‌سته‌ و تاقمێكدا، هه‌موومانیان به‌خێرایی به‌ره‌و شام گه‌ڕانده‌وه‌. سه‌ره‌تا به‌ره‌و قائیم و له‌وێوه‌ به‌ره‌و بوكه‌مال و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و (دیرالزور) و پاشان له‌وێنده‌ریشه‌وه‌ به‌ره‌و ڕه‌قه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌.