به‌خته‌وه‌ری له ژیانی ((شێت)ه‌کانی کوردستاندا

 

لهمیانه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا دیارده‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش له‌لایه‌ن گه‌نجانی سلێمانییه‌وه به‌دی ده‌که‌م، دیارده‌‌یه‌ک، که وێڕای ئه‌وه‌ی گه‌نجان خۆشیی خۆیانی تێدا پراکتیزه ده‌که‌ن، لە هه‌مان کاتیش ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی (شێت)ێکیشدا زیاد ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌موو (شێت)ێک به‌خته‌وه‌ر نییه، که ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌یدا زیاد بکرێت. زۆر جار ده‌بینین و ده‌بیستین، که خه‌ڵکانی تری هاندیکاپ (که‌مئه‌ندام)، ئه‌وانه‌ی زیان بە مێشکیان گه‌یشتووه و (شێت)ه‌کان له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه سووکایه‌تییان پێ ده‌کرێت، یاخود لێیان ده‌ده‌ن. ئه‌م دیارده‌یه زیاتر له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه پراکتیزه ده‌کرێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی گه‌نجان به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ لەگەڵ ئه‌م مرۆڤانه ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت هاندیکاپه‌کان (که‌مئه‌ندامان) و (شێت)ه‌کان؟ وه‌ڵامی من بریتییه له، به‌هۆی نه‌بوونی زانیارییانه‌وه له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی هاندیکاپبوونی ئه‌م مرۆڤانه، نه‌بوونی زانیاری له‌سه‌ر (شێت). ده‌گمه‌نن ئه‌و که‌سانه‌ی، که له کۆمه‌ڵگای کوردییدا ده‌زانن (شێت) چییه، ئه‌مه‌ش هۆکاره بۆ خراپ مامه‌ڵه‌کردنی مرۆڤی (شێت).


(شێت) چه‌مکێکی بازاڕییه، به‌ڵام له ده‌روونناسییدا ناو ده‌نرێت بە شیزۆفرێن. شیزۆفرێن چه‌مکێکی یۆنانیی کۆنه و به واتای که‌رتبوونی ڕۆح دێت. واته لێکترازان له‌نێوان ئه‌قڵ و هه‌ستدا. ئه‌وانه‌ی شیزۆفرێنیان هه‌یه، سه‌خته بۆیان کۆنسێنتراسیۆنیان هه‌‌بێت، سه‌خته بۆیان دان به خۆیاندا بگرن، سه‌خته بۆیان شتیان له‌بیر بمێنێت، سه‌خته بۆیان پلانی ژیانی ڕۆژانه‌یان هه‌بێت، یاخود چاره‌سه‌ری کێشه بکه‌ن. کارکردنی کۆگنیتیڤانه (ئه‌قڵانه) گه‌وره‌تریین کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی تاکی شیزۆفرێن هه‌یه، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی کار هه‌یه، که تاکی شیزۆفرێن گیرۆده‌یه به ده‌ستیه‌وه. سیمپتۆمه‌کانی (نیشانه‌کانی) نه‌خۆشیی شیزۆفرێن بریتیین له:


1. سیمپتۆمی سه‌ره‌تایی وه‌ک هالوسیناسیۆن (بینین و بیستنین شتێک، که بوونی نییه) له‌گه‌ڵ تێداژیانی هه‌سته‌کان وه‌ک بۆنکردن، چێژ، هه‌ستکردن، گوێ لێبوون و بینین. بۆ نموونه، تاک بۆنی ئاگر ده‌کات و هه‌ست به گه‌رمیی ئاگر ده‌کات، له‌کاتێکدا هیچ ئاگر نه‌که‌وتووەته‌وه، بۆنی شتێک ده‌کات، که بۆنی بۆ که‌سێکی تر نایه‌ت. خواردنێک بۆ نموونه تامی ناخۆشه، بۆ نموونه شه‌کر ده‌توانێت تاڵ بێت. گوێی له شتێکه، که بوونی نییه، شتێک ده‌بینێت، که بوونی نییه.


2. هێنانه پێش چاوێکی خه‌وشییانه. بۆ نموونه که‌سی شیزۆفرێن هه‌ست ده‌کات، که خه‌ڵکانێک به‌دوایه‌وه‌ن بیکوژن.


3. تێکچوونی په‌یڤ.


4. مامه‌ڵه‌ی کاتاتۆن (وه‌‌ستان و دانیشتنێکی بێ جووڵه له ته‌ماشاکردندا، ته‌ماشاکردنی هیچ).


ئه‌گه‌ر له زانستی ده‌روونناسییه‌وه قسه‌ له‌سه‌ر سیمپتۆمه‌کانی شیزۆفرێن بکه‌ین، ئه‌وا شیزۆفرێن خاوه‌نی سێ جۆر سیمپتۆمی سه‌ره‌کییه، که هه‌ر سیمپتۆمه و خاوه‌نی چه‌ند سیمپتۆمێکی تره، وه‌ک:


1. سیمپتۆمی (نیشانه‌) پۆزه‌تیڤ وه‌ک (هالوسیناسیۆن، هێنانه‌ پێش چاوێکی خه‌وشییانه، سیمپتۆمی کاتاتۆنیانه). لێرە‌دا ئه‌م سیمپتۆمانه ناو ده‌نرێن پۆزه‌تیڤ، چونکه ئه‌و سێ سیمپتۆمانه بوونیان هه‌یه.


2. سیمپتۆمی نێگه‌تیڤ وه‌ک (تێکچوونی ئه‌فێکت، واته نه‌خۆش گۆڕان له هه‌سته‌کانی ژیانیدا دروست ده‌بێت، جیاوازتر وه‌ک له هه‌سته‌کانی پێشووی بۆ ژیان. تاکی نه‌خۆش حه‌ز و ئه‌نه‌رگیی ژیان له‌کیس ده‌دات. بۆ نموونه تاکی نه‌خۆش ده‌توانێت به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی له خه‌ودا به‌رێته سه‌ر، یاخود بۆ نموونه، نه‌خۆش هه‌ست ناکات، که میز و گووی به خۆیدا کردووه، یان هه‌ست ده‌کات و به‌لایه‌وه گرنگ نییه. دووره‌په‌رێزی له چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. پاشان ئه‌مبیڤالێنس، واته نه‌خۆش له‌ یه‌ک کاتدا خاوه‌نی دوو جۆر هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌یه، بۆ نموونه، چ سه‌رمایه‌تی و چ گه‌رمایه‌تی، یاخود خه‌مباره و دڵخۆشیشه، ئه‌یه‌وێت و ناشیه‌وێت، خۆشی ئه‌وێیت و ڕقیشی لێته).


هه‌مان شێوه، سیمپتۆمی نێگه‌تیڤ واتای ئه‌وه نییه، که بوونیان نییه، نه‌خێر، به‌ڵکوو سیمپتۆمه‌کانی یاخود نیشانه‌کانی وه‌ک تێکچوونی ئه‌فێکت و دووره‌په‌رێزیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌مبیڤالێنس بوونیان هه‌یه. ئه‌م سیمپتۆمانه مه‌ترسی نین بۆ سه‌ر ژیانی نه‌خۆشه‌که، یاخود بۆ خه‌ڵکی، به‌ڵام سیمپتۆمه پۆزه‌تیڤه‌کان ده‌توانن مه‌ترسی بن بۆ سه‌ر ژیانی نه‌خۆش خۆی و بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵکییش بە هه‌مان شێوه.


3. سیمپتۆمی تر. وه‌ک (تێکچوونی بیرکردنه‌وه و قسه‌کردن، تێکچوونی کۆگنیتیڤانه، یاخود ئه‌قڵانه، پاشان هه‌ندێک سیمپتۆمی تری ده‌روونی).


ئه‌م سیمپتۆمانه مه‌رج نییه تاکی شیزۆفرێن هه‌مووی پێکه‌وه هه‌بێت، هیچ تاکێکی شیزۆفرێن هه‌موو سیمپتۆمه‌کانی به‌سه‌ریه‌که‌وه نییه، به‌ڵکوو هه‌ر یه‌که و چه‌ند جۆرێکی هه‌یه. پاشان نه‌خۆشیی شێزۆفرێنی چه‌ندین جۆری هه‌یە، مه‌ترسید‌ارتریینیان پارانۆید شیزۆفرێنییه، که ده‌توانێت هه‌تا ئاستی کوشتنی که‌سێک ده‌ست بوه‌شێنێت. له‌م جۆره شیزۆفرێنییه‌دا چه‌ندین جار ڕووی داوه، که تاکی نه‌خۆش دایکی خۆی کوشتووه، باوکی خۆی کوشتووه، برا یاخود خوشک یاخود هه‌ر که‌سێکی تری کوشتووه. تاکی نه‌خۆش خه‌ڵک ده‌کوژێت، چونکه که‌سێک له مێشکیدا پێی ده‌ڵێت، که ئه‌و که‌سه بکوژێت، بۆ نموونه، چونکه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌م. یه‌کێک له کێشه‌کان له کوردستاندا ئه‌وه‌یه، که هاووڵاتییان هه‌موو (شێت)ێک وه‌ک یه‌ک ته‌ماشا ده‌که‌ن، که ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.


سیمپتۆمه‌کانی نه‌خۆشیی شیزۆفرێن له سه‌روو بیست ساڵییه‌وه ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام تاکه یه‌ک جۆری شێزۆفرێنی هه‌یه، که ناوی (هێبه‌فرێنه) که سیمپتۆمه‌کانی له ته‌مه‌نی سه‌روو پازده ساڵییه‌وه ده‌رده‌که‌ون، ئه‌وانی تر هه‌موو له‌سه‌رووی بیست ساڵییه‌وه ده‌رده‌که‌ون.


هۆکاره‌کانی نه‌خۆشیی شیزۆفرێنی هه‌تاوه‌کوو ئێستا نادیاره، ئه‌وه‌ی به دیار قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت، بریتییه له نه‌خۆشییه‌کی گێنێتیی (بۆماوه‌یی)، واته نه‌خۆشییه‌که له گێنه‌دا‌یه و له نه‌وه‌یه‌که‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی تر. ئه‌گه‌ر مرۆڤ دایکێک یاخود باوکێکی شیزۆفرێنی هه‌بێت، ئه‌وا له 15% مه‌ترسیی وه‌رگرتنی نه‌خۆشییه‌که‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر دایک و باوک هه‌ردووکیان شیزۆفرێن بن، ئه‌وا مرۆڤ له 50% مه‌ترسیی وه‌رگرتنی نه‌خۆشییه‌که‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له گێنه‌یدا خاوه‌نی هه‌ستێک بێت بۆ زوو برینداربوون (هه‌ست برینداربوون، دڵشکان) ئه‌وا مه‌ترسیی گه‌وره‌ی له گه‌شه‌یه‌کی نه‌خۆشیی ده‌روونییدا له‌سه‌ر ده‌بێت، شیزۆفرێنییش له‌ناویاندا.


شیزۆفرێنێک بۆ شیزۆفرێنێکی تر جیاوازن له تێدا ژیانی سیمپتۆمه‌کانیاندا. چه‌ندین سیمپتۆمی جیاواز هه‌ن، که تاکی شیزۆفرێن هه‌یه‌تی، بۆ نموونه ئه‌وه‌ی من له گه‌نجانی سلێمانییدا ده‌یبینم ئه‌وه‌یه، که زۆر دڵخۆشن به‌وه‌ی، که بۆ نموونه ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی وشه‌یه‌ک به هه‌ڵه ده‌ڵێ، بۆ گه‌نجان دیارده‌یه‌کی کۆمێدییه، به‌ڵام بۆ ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی خۆی سیمپتۆمه، بۆ نموونه، وه‌ک نیۆلۆگیزم. نیۆلۆگیزم چه‌مکێکی یۆنانیی کۆنه به واتای وشه‌ی نوێ. تاکی شیزۆفرێن وشه‌یه‌ک ده‌ڵێ: که ته‌نیا خۆی تێی ده‌گات. یاخود لۆگیکی ئاوتیزم. واته تاک خاوه‌نی بۆچوونێکه، که ته‌نیا له بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا خاوه‌نی واتایه. بۆ نموونه، ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی ده‌ڵێ، من به منداڵیی شیری ئه‌و ژنه‌م خواردووەته‌وه، تازه ئه‌و بوو به ژنی من.


چه‌نده‌ها زانای گه‌وره هه‌ن و هه‌بوون، که شیزۆفرێنیان هه‌بووه، به‌خته‌وه‌ریی ئه‌وان له‌وه‌دا بووه، که ئه‌وان له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ژیاون، که سیستێمه‌کان یارمه‌تیی داون، که ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا زیاد بکه‌‌ن، که بتوانن ژیانێکی نۆرماڵ بژین. دیاره هه‌موو شیزۆفرێنێک ئه‌و به‌خته‌ی نییه که بتوانێت ژیانێکی باش بژی و درێژه به حه‌ز و ویست و تواناکانی خۆی بدات، بۆ نموونه، وه‌ک زانای ماتماتیک جۆن ناش، که خاوه‌نی پارانۆید شیزۆفرێنی بوو.


به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی نه‌خۆش یه‌کێکه له کاره هه‌ره گرنگه‌کانی سیستێمی ته‌ندروستی له وڵاتێکی پێشکه‌وتوودا. حکوومه‌ت زۆرترین پاره له به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی نه‌خۆشدا خه‌رج ده‌کات، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی، که نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌یه، شیزۆفرێن به‌تایبه‌ت. به‌ڵام له کوردستاندا سیستێمی ته‌ندروستی گرنگیی به‌و بواره نه‌داوه، ئه‌وه‌شی بیری لێ نه‌کراوه‌ته‌وه هاووڵاتییانن، که خاوه‌نی شیزۆفرێنین. چه‌نده‌ها جۆر خه‌ڵکمان بینی، که له لیستی هه‌ڵبژاردندا بوون، هه‌‌ر یه‌ک لەمانه ئامانجێکی هه‌بوو، بۆ نموونه پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ندان، پاراستنی مافی نووسه‌ران، پاراستنی مافی کرێکاران، مامۆستایان...هتد، به‌ڵام که‌س بیری له مافی نه‌خۆشه‌ ده‌روونییه‌کان نه‌کرده‌وه، به‌تایبه‌ت شیزۆفرێنه‌کان. شه‌قامه‌کانی کوردستان پڕن له‌م نه‌خۆشانه، هه‌ندێکیان شانسی ژیانیان باشه و هه‌ندێکیش ژیانی ڕۆژانه‌یان پڕ ناخۆشییه.


له یاساکانی پسیشیاترییدا مرۆڤ له چه‌قی سیستێم و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنه‌وه ده‌وه‌ستێت، واته نه‌خۆشێکی ده‌روونی هه‌ر نه‌خۆشییه‌کی هه‌بێت، پێویسته وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، نه‌ک وه‌ک نه‌خۆش. له کورستاندا مرۆڤ به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌کرێت، که له‌لایه‌ن خه‌ڵکییه‌وه هه‌قی پێ دراوه، نه‌ک مافێکی مرۆڤانه. هه‌ر بۆیه مافی مرۆڤ له کورستاندا هه‌میشه ده‌چێته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه.


پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، کێ ژیان له ژیانی (شێت)ه‌کاندا زیاد ده‌کات؟ ئاخۆ هه‌رێم بیری له کردنه‌‌وه‌ی پسیشیاتری له کوردستاندا کردووەته‌وه؟ که له ڕێگایه‌وه ده‌توانرێت چه‌ندین هه‌لی کار له که‌رتی ته‌ندروستیدا دروست بکرێت و هه‌مان کاتیش یارمه‌تییه‌کی گه‌وره بێت بۆ ئه‌وانه‌ی به ده‌ردی نه‌خۆشیی ده‌روونییه‌وه ده‌ناڵێنن، شیزۆفرێنه‌کان به‌تایبه‌ت.


گه‌نجانی سلێمانی وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ خۆشیی خۆیان گرنگییان به ژیانی تاکێکی شیزۆفرێن داوه به ناوی ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م نه‌خۆشه‌دا پڕ خۆشییه. چه‌ندین ساڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤی ده‌روون نه‌خۆش کار ده‌که‌م، شیزۆفرێن له‌ناویاندا زۆرترینه، به‌ڵام هه‌رگیز شیزۆفرێنێکم نه‌دیوه وه‌ک ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی، ئه‌م هه‌موو باوه‌شی خۆشه‌ویستییه وه‌ربگرێت. چه‌ندین جار بیرم له‌وه کردووەته‌وه، که ڤیدیۆکانی ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی له بواره‌کانی به‌ته‌نگه‌وه‌چووندا بۆ کۆرس و وانه گوتنه‌وه به‌کار بهێنم، ئاخر ئه‌حمه‌د کوڕه‌داوێی نه مێدیسین وه‌رده‌گرێت، نه هیچ یارمه‌تییه‌کی که‌رتی ته‌ندروستییش وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ژیانی ڕۆژانه‌ی پڕ چالاکییه. ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نجانه ده‌یکه‌ن، له ئه‌وروپادا چه‌نده‌ها کارمه‌ند پێی هه‌ڵده‌ستن. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ریه‌تی، که سوپاسی ئه‌و هاووڵاتییانه بکات، که ژیان له ژیانی شیزۆفرێنه‌کاندا زیاد ده‌که‌ن، چونکه هه‌رێم هێشتا که‌رتی ده‌روونیی نییه، ئه‌و هه‌موو ئینستیتووته پێویستانه‌ی نییه، که تێیدا به‌ته‌نگ ژیانی نه‌خۆشه‌کانه‌وه بێت، به‌تایبه‌ت شیزۆفرێنه‌کان، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک گه‌نج هه‌ڵده‌ستن به‌وه‌ی، که ژیانی نه‌خۆشه‌کان پڕ بکه‌ن له چالاکی و خۆشی، که جێگای پێزانینه.