من لە رەقە بووم - 10

حەوانەوە لەنێو کۆشکی دەوڵەمەندانی مووسڵدا

دوو مانگ بەسەر‌ گه‌یشتنم به‌ ڕه‌قه‌ تێپه‌ڕیبوو، كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانم منیان بۆ ئه‌وێ كه‌ پێشتر لێى بووم، به‌ره‌و نابیل، بۆ لای دایكم گه‌ڕانده‌وه‌. هه‌ر جاره‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا له‌ خه‌ڵوه‌تێكدا داده‌نیشتم، دڵته‌نگیى دووركه‌وتنه‌وه‌ و ناڕه‌حه‌تییه‌كى قووڵ منى داگیر ده‌كرد. پاش هه‌ر نۆره‌یه‌كى ڕاهێنانی سەربازی، ده‌ڕۆیشتم و له‌ گۆشه‌یه‌كدا دوور له‌وانی تر، له‌نێو دره‌ختەکان كه‌ له‌ولای كارگه‌كه‌وه‌ بوون، داده‌نیشتم و به‌ شێوازێكى گه‌رم و گوڕ ده‌گریام، كه‌ تا ئه‌وكاته‌ هه‌رگیز وا نه‌گریابووم! من بۆچی لێره‌م؟ چ كه‌سێك منى له‌ دایكم دوور كرده‌وه‌؟ بۆچی له‌و جیا بوومه‌وه‌؟ ڕۆژانێكى سه‌خت بوون بۆ من.


به‌ڵێ گه‌یشتمه‌ ڕه‌قه‌، به‌ڕاستى به‌وەى كه‌ هیوام بۆ ده‌خواست، پێی گه‌یشتبووم؛ هیوام گه‌یشتن بوو به‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، به‌ڵام ئێستاكه‌ شتێكى گه‌وره‌ترم له‌ ده‌ست دابوو: دایكم، هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ دوای خوداى مه‌زن، هیچ كه‌سێكى تر جێگاى ئه‌و بۆ من پڕ ناكاته‌وه‌، هزر و بیرم به‌ره‌و لای ئه‌و ده‌فڕی. له‌و كاتانه‌دا وا هەستم ده‌كرد، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌نرخترین سه‌روه‌ت و سامانى دونیایە بۆ من‌، چیتر نابینمه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌ستم كرد دایكمم له‌ده‌ست داوه‌. هه‌ستم ده‌كرد من به‌بێ ئه‌و هیچم.


به‌م دۆخه‌، له‌و ساتانه‌ى كه‌ بیری دایكم ده‌كه‌وته‌وه‌، خۆشحاڵیی گه‌یشتن به‌ ڕه‌قه‌ ده‌بووه‌ خه‌م و خه‌فه‌ت بۆم. ئیدی ڕه‌قه‌ ده‌بووه‌ شوێنێكى تر بۆم، به‌ شارێكى سووتاو و ڕووخاو و له‌نێوچوو. ده‌بوو به‌ غوربه‌تێك كه‌ هیچ غوربه‌تێكى ترت نه‌یده‌توانى له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌راورد بكرێت، غوربه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تێك، كه‌ ئه‌و هه‌موو هیواى گه‌یشتن به‌وم ده‌خواست.


خولی سه‌ربازى نزیكه‌ى مانگ و نیوێكى خایاند. دوای ته‌واوبوونى خوله‌كه‌، به‌ هه‌ر كام له‌ ئێمه‌ نزیكه‌ى 200 دۆلارێكیان دا. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ جیا له‌ مووچه‌ى مانگانه‌، كه‌ بۆ ئێمه‌یان ده‌ژمارد. هه‌روه‌ها جگە له‌ تێچووى پۆشاك و خۆراك بوو، كه‌ نزیكەی مووچه‌ى مانگانه‌كه‌مانی ده‌كرد.


سستبوونم له‌ هه‌ندێك ته‌كلیفه‌ شه‌رعییه‌كان و ئاوا كه‌ هه‌ندێك جار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ بنكه‌ ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانى ئیداره‌دانى، كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تى ده‌رچوونى ئێمه‌ له‌ بنكه‌ دژ بوون، ئه‌وانى به‌ ئێمه‌ هه‌ستیار كرد. هه‌موو ئه‌مانه‌ پێكه‌وه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆم بمه‌وێت من وه‌كوو شه‌ڕكه‌ر له‌ هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) ناونووس بكه‌م. هێزه‌كانى (سیف الدوله)‌ یه‌كێك له‌ هێزەکانى (سوپای خه‌لافه‌ت) بوو، كه‌ هێزگه‌لی ترى وه‌كوو (الخضراء) و هێزى (یرموك) و هێزى (قادسیه‌) و...هتد، به‌شێك له‌و بوون. ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ موهاجیره‌كان به‌شێك له‌ شه‌ڕكه‌رانیانی پێك ده‌هێنا. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (سوپای ویلایه‌ته‌كان) له‌ نموونه‌ى ڕه‌قه‌، حه‌له‌ب و مووسڵ، كه‌ زۆربه‌یان له‌ دانیشتوانى هه‌ر ئه‌م ویلایه‌تانه‌ بوون.


له‌ هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) كه‌ له‌ قۆناغێكدا فه‌رمانده‌یى ئه‌و له‌ ئه‌ستۆی (ابو یحیی العراقی) و پاش ئه‌ویش له‌ ئه‌ستۆی (ابو عمر الشامى) بوو، دووسه‌د شه‌ڕكه‌ر له‌ باشترین شه‌ڕكه‌رانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت هه‌بوون. ئه‌م هێزه‌، له‌ هه‌ناوى هه‌موو دوژمندا ترسی دروست ده‌كرد و ئه‌نجومه‌نى ڕاوێژى خه‌لافه‌تیش سه‌رنجێكى زیاترى لەسەریان بوو، هه‌رچیی چه‌ك و جبه‌خانه‌یەکیش كه‌ ده‌یانویست، پێی دەدان.


كه‌سانێك كه‌ هێزه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ده‌ناسن، ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ ئه‌م هێزانه‌ له‌ ڕه‌وتى جه‌نگدا دابه‌شی چه‌ند ده‌سته‌ و تاقمێك ده‌بوون كه‌ هه‌ركامیان نزیكه‌ى 12 شەڕکەر دەبوون. خودى ئه‌م تاقمانه‌ش به‌ ده‌سته‌ و تاقمى هێزى پیاده‌ى هێڵشكێن و سه‌ربازانى به‌رپرسی چه‌كى قورس و ده‌سته‌ و تاقمى پشتیوانى دابه‌ش ده‌بوون. شه‌ڕكه‌رێك كه‌ له‌نێو هێزه‌كانى (سیف الدوله‌)دا بوو، ده‌یتوانى به‌ شێوازێكى ساده‌ و به‌بێ كێشه‌ له‌نێوان هه‌موو ئه‌م ده‌سته‌ و تاقمانه‌دا جێگۆڕكێ بكات.


من هیچ كێشه‌یه‌كم نه‌بوو له‌گه‌ڵ چوونه‌ نێو هێزه‌كانى (سیف الدوله‌)، كه‌ یه‌كێك له‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بوو، به‌ڵام حه‌زم به‌گشتى به‌وه‌ بوو، لای هاوڕێكانم له‌ ڕه‌قه‌ بمێنمه‌وه‌، یان لانی كه‌م له‌ ڕه‌قه‌دا جێگیر ببم و هه‌ر له‌وێوه‌ بۆ شه‌ڕكردن ڕاسپارده‌م بكه‌ن. چوونه‌ ناوه‌وه‌م بۆ نێو هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) به‌ ماناى جیابوونه‌وه‌ بوو له‌ هاوڕێكانم.


سه‌ره‌تا بۆ چوونه‌ نێو هێزه‌كانى (سیف الدوله‌) حه‌زم پیشان نه‌ده‌دا. هێشتاكه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم بووم. ئه‌مه‌ش هه‌لێك بوو تا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا زۆر له‌ شاره‌كانی تر كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت کۆنترۆڵى كردبوون، ببینم. له‌ یه‌كێك له‌م گەشته‌ جۆراوجۆرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌ره‌و شاری مووسڵی عێراق چووم.


زۆر حه‌زم ده‌كرد مووسڵ ببینم، مووسڵ یه‌كێك له‌ گرنگترین شاره‌كان بوو كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت له‌ عێراقدا کۆنترۆڵی كردبوو و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادییش تاقه‌ وتار و خوتبه‌ى له‌ مزگه‌وتى گه‌وره‌ى هه‌مان شاردا دابوو.


دوای نوێژى به‌یانى، سوارى قه‌ڵابێك بووین كه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كانى به‌شی باركردنیدا، وێنه‌یه‌كى ئیشتیهاهێنه‌ر له‌ جۆره‌ شیرینییه‌ك هەبوو، له‌ ڕه‌قه‌وه‌ به‌ره‌و مووسڵ كه‌وتینه‌ ڕێ. له‌سه‌ر كورسییه‌كانى به‌رده‌م قه‌ڵابه‌كه‌ باشترین ڕاهێنه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت دانیشتبوون. گەشتێكى ته‌واو پیشه‌ییانه‌ بوو. بڕیار بوو هاوڕێكانم له‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كدا جێگیر ببن و له‌وێدا خولی راهینانی سەربازی بكه‌نه‌وه‌.


له‌ جاده‌ى شنگاله‌وه‌ به‌ مووسڵ گه‌یشتین. له‌ ده‌روازه‌ى مووسڵدا، تابلۆیه‌كى گه‌وره‌ پێشوازیى له‌ ئێمه‌ ده‌كرد: (به‌خێر بێن بۆ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت.. ویلایه‌تى نه‌ینه‌وا)
له‌ مووسڵ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا باشترین و خۆشترین ڕۆژه‌كانم ده‌گوزه‌راند، له‌ میوانخانه‌ى نه‌ینه‌وا نیشته‌جێ بووبووم، هه‌ر ئه‌و جێگایه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌ت ناوى (خانووه‌كانى وارسین) لێ نابوو. چووینه‌ نێو هه‌ندێك ماڵه‌وه‌، كه‌ دیمه‌نى ده‌ره‌وه‌ى خانووه‌كان نیشانه‌یه‌ك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ئه‌وانى ده‌رنه‌ده‌خست، به‌ڵام كاتێك ده‌چوویته‌ ژووره‌وه‌، له‌ بڕی سه‌روه‌ت و سامانى فراوانى ئه‌وان، سه‌رسوڕماو و خافڵگیر ده‌بوویت. ئه‌م خانووانه‌ كه‌ بووبوونه‌ موڵكى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و به‌ موهاجیرین و شه‌ڕكه‌ره‌كانیان درابوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و ماڵانه‌ى كه‌ به‌ ئیداره‌ى میوانخانه‌كان درابوو، هی ئه‌فسه‌ر و پارێزه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى مووسڵ بوون. كه‌ پێش داگیركردنى شار به‌ هۆی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا هه‌بوو.


دوای داگیركردنى مووسڵ به‌ هۆی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ته‌وه‌ له‌ ڕۆژى 10 جۆنى 2014 بوو، كه‌ (ئیداره‌ى موڵكه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت) چالاك بوو و ده‌ستى به‌سه‌ر خانووى شیعه‌ و مه‌سیحییه‌كاندا گرت و له‌سه‌ر دیواری ماڵه‌كانیان پیتى به‌ناوبانگى (ن)ى نووسی. هه‌ر ئه‌م كاره‌ ده‌رچوونى ناچاریی ئه‌وانى له‌ شار (كه‌ پاش ئه‌وه‌ بە کردەوە كرا)ى فه‌راهه‌م كرد.


سه‌فه‌ركردن بۆ مووسڵ بۆ من، به‌ شێوازێك قۆناغی (چاكبوونه‌وه‌)ى دوای خولی شه‌رعی و سه‌ربازى بوو. شتێك كه‌ سه‌رنجى ڕاكێشام، ژماره‌ی زۆری ڕیكلامه‌كان بوو له‌ شاردا. كۆمه‌ڵێك ڕیكلامى ڕاگه‌یاندن له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى نوێژه‌كان و كۆمه‌ڵێكى تر بۆ خانمان بوو، كه‌ داواى لێ ده‌كردن جلوبه‌رگى قورس له‌به‌ر بكه‌ن و په‌چه‌ بۆ ده‌موچاویان به‌كار بێنن و كۆمه‌ڵێك ڕیكلامى تر كه‌ هه‌وڵی ده‌دا له‌باره‌ى خراپ پیشاندانى جگه‌ره‌كێشان، وەک كرده‌وه‌یه‌كى حه‌رام ڕابگه‌یه‌نێت. له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چوارڕییانیشدا ویستگه‌ى ڕیكلامكردنیان دانابوو، كه‌ فلیمه‌ دروستکراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و فیلمى شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامه‌كانى نمایش ده‌كرد.